ورده‌كاری بڕیاره‌كه‌ی دادگا له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌وه
2024-03-06 17:46:41
راپۆرت: دره‌و
دوای زیاتر له 8 مانگ تاوتوێكردن و دادبینی، دواجار دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، به‌پێی ده‌قی بڕیاره‌كه، بریكاری سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم هه‌وڵیداوه دادگا سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی ره‌تبكاته‌وه، له قۆناغێكی تردا دوو كه‌س وه‌كو نوێنه‌ری پێكهاته‌كان هه‌وڵیانداوه دادگا داخڵی ناو دۆسیه‌كه‌یان بكات، بریكاری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش داوای ئه‌وه‌ی كردووه سكاڵاكه دوابخرێت تا ئه‌وكاته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت، به‌ڵام دادگا هه‌موو گه‌ڵاڵه‌نامه‌و داواكارییه دژه‌كانی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌و بڕیاری خۆی ده‌ركردووه، بڕیارێك كه تێیدا جگه له گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردنی كوردستان بۆ فره‌بازنه‌یی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی 11 كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، سه‌یركردنی تانه‌كانی هه‌ڵبژاردنیشی له ده‌سته دادوه‌رییه‌كه‌ی هه‌رێم سه‌ندوه‌ته‌وه‌و به‌خشیویه‌تی به ده‌سته‌ی دادوه‌ریی له عێراق. ورده‌كاری دۆسیه‌كه له‌م راپۆرته‌دا.
یه‌كێتیی له سكاڵاكه‌یدا چی ده‌ڵێ ؟
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌قی بڕیاری رۆژی 21ی شوباتی خۆی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان بڵاوكرده‌وه.
سكاڵاكاری سه‌ره‌كی ئه‌م دۆسیه‌یه (زیاد جه‌بار) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستانه (ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكه‌ی تۆماركرد سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی بوو له په‌رله‌مانی كوردستان)، سه‌رباری ئه‌وه‌ی (ئامانج نه‌جیب شه‌معون) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌هه‌مان شێوه له‌سه‌ر مادده‌یه‌كی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان سكاڵای تۆماركردووه‌و دادگا سكاڵاكه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زیاد جه‌بار یه‌كخستوه، به‌ڵام زیاتر سكاڵاكه وه‌كو سكاڵای یه‌كێتیی ده‌ناسرێت.
زیاد جه‌بارو ئامانج نه‌جیب شه‌معون سكاڵاكانیان له‌سه‌ر (سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- سه‌رۆكی هه‌رێم- سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم) تۆماركردووه.
زیاد جه‌بار له سكاڵاكه‌یدا له‌ڕێگه‌ی بریكاره‌كه‌یه‌وه باسی له‌وه‌كردووه، به‌ره‌ی كوردستانی وه‌كو نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مری واقع، له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیدا بۆ ئاڵوگۆڕی دیموكراتی له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه، یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان- عێراق ژماره (1)ی ساڵی 1992ی ده‌ركردووه، كه په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ندجارێك هه‌مواری كردوه‌ته‌وه، له هه‌ندێك له مادده‌كانی یاساكه‌دا پێشێلكاری ده‌ستوریی هه‌یه، پێشێلكارییه‌كانیش ئه‌مانه‌ن:
• مادده‌ی (یه‌كه‌م) له به‌شی یه‌كه‌می یاساكه ده‌ڵێ:" په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق له 111 كورسی پێكدێت"، لێره‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت یاسادانه‌ر پشتی به هیچ پێوه‌رێكی یاسایی نه‌به‌ستووه له دیاریكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كاندا، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌ستوری عێراقدا له مادده‌ی (49/یه‌كه‌م)دا هاتووه، به‌وه‌ی كه (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام پێكدێت به‌رێژه‌ی یه‌ك كورسی بۆ هه‌ر سه‌د هه‌زار كه‌سێك له ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق، كه له‌رێگه‌ی ده‌نگدانی گشتی راسته‌وخۆی نهێنییه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن و نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رجه‌م پیكهاته‌كانی گه‌لی تێدا له‌به‌رچاوده‌گیرێت)، ده‌ستوری عێراق پشتی به پێوه‌ری دانیشتوان به‌ستووه له دیاریكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌ماندا، به‌جۆرێك گونجاو بێت له‌گه‌ڵ پێوه‌ره كارپێكراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان پشتبه‌ستنی به‌م بنه‌مایه پشتگوێ خستوه. ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی مادده‌ی (49/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوری عێراق ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌ژماربكرێت، ئه‌وا به تێكڕا ده‌بێت به (44) كورسی به‌مشێوه‌یه: 18 كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 15 كورسی بۆ پارێزگای هه‌ولێر، 11 كورسی بۆ پارێزگای دهۆك، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مادده‌ی (یه‌كه‌م)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت ژماره‌ی كورسییه‌كان ده‌بێت به (111) كورسی به‌مشێوه‌یه: 45 كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی، 39 كورسی بۆ پارێزگای هه‌ولێر، 11 كورسی بۆ پارێزگای دهۆك، لێره‌دا تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه هیچ پێوه‌رێكی بابه‌تی نییه بۆ ئه‌م نایه‌كسانی و زیادبوونه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كان و، سه‌رپێچییه‌كی روونی مادده‌ی (49/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوره، ده‌بوو یاسادانه‌ر له په‌رله‌مانی كوردستان پشت به‌و پێوه‌رانه ببه‌ستێت كه له ده‌ستوری ساڵی 2005ی كۆماری عێراقدا هاتووه یان له ده‌ركردن و هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پشت به پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ببه‌ستێت بۆ دیاریكردنی ژماره‌ی كورسییه‌كان، به‌تایبه‌تیش كه هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوری نییه.
• مادده‌ی (9) له به‌شی دووه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێ (هه‌رێمی كوردستانی عێراق به یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت...)، به‌وپێیه‌ش ده‌ره‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2018دا ئه‌نجامی نادادپه‌روه‌رانه‌ی بۆ پشكی پارێزگاكانی هه‌رێم لێكه‌وته‌وه، پارێزگای سلێمانی له بری (45) كورسی پشكی خۆی (37) كورسی به‌ركه‌وت به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی فیدراڵ، پارێزگای هه‌ولێر (44) كورسی برد له‌بری پشكی خۆی كه (39) كورسی بوو، پارێزگای دهۆكیش (30) كورسی برد له‌بری پشكی خۆی كه (27) كورسی بوو، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی مادده‌كانی (16و 20)ی ده‌ستوره كه جه‌خت له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان و مافی به‌شداریكردنیان له كاروباری گشتیی و مافه سیاسییه‌كانیان ده‌كات له‌وانه مافی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و خۆكاندیدكردن.
• له مادده‌ی (15)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه (بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات)، یاسادانه‌ر لێره‌دا پشتی به‌و تۆماره فه‌رمییانه نه‌به‌ستووه كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی یاخود پلاندانانه‌وه ده‌رچوون، به‌وپێیه‌ی تاكه لایه‌نن كه تۆماری وردی هه‌موو دانیشوانی عێراقیان هه‌یه له سه‌رجه‌م پارێزگاكان، به‌مه‌ش تۆماری ده‌نگده‌ران ورد نییه‌و تۆماری فه‌رمی پشتپێبه‌ستراوی نییه، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ده‌قی مادده‌ی (20)ی ده‌ستوره، چونكه ئه‌و هاوڵاتییه‌ی كه ناوی له تۆماری ده‌نگده‌راندا نه‌هاتووه بێبه‌ش ده‌كات له مافی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری ئه‌وه‌یه كه تۆماری ده‌نگده‌ران ورد نییه.
• له مادده‌ی (36)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه (یه‌كه‌م: پێنج كورسی بۆ كلدان و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن، دووه‌م پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن، سێیه‌م: یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن)، ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (16)ی ده‌ستوره كه جه‌خت له‌سه‌ر ده‌رفه‌تی یه‌كسان ده‌كاته‌وه بۆ سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆماری فه‌رمی ورد له‌به‌رده‌ستدا نییه كه پشتی پێببه‌سترێت، یاسادانه‌ر له دیاریكردنی كۆتای پێكهاته‌كاندا ورد نه‌بووه، یه‌كێك له لێكه‌وته‌كانی كه له‌گه‌ڵ بنه‌مای ده‌رفه‌تی یه‌كساندا نایه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه، پێكهاته‌ی مه‌سیحی و توركمان له پارێزگای سلیمانی له هه‌موو خوله‌كانی هه‌ڵبژاردندا له كوردستان نوێنه‌رایه‌تییان نه‌بووه، ده‌بوو یاسادانه‌ر له دابه‌شكردنی كۆتا به‌سه‌ر پارێزگاكاندا، هه‌مان ئه‌و بنه‌مایانه په‌یڕه‌و بكات كه ئه‌وانه په‌یڕه‌ویان كردووه كه ده‌ستوریان نوسیوه‌ته‌وه .
• له‌مادده‌ی (22)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا له (بڕگه‌ی یه‌كه‌م)دا هاتووه: ((هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق پێشكه‌ش بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی پاڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن))، ئه‌مه رێگری له خۆكاندیدكردنی تاكه‌كه‌سیی (فردی) ده‌كات له‌وانه خۆكاندیدكردنی سه‌ربه‌خۆكان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (20)ی ده‌ستورو بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدراڵییه به ژماره (12/ فیدراڵی/2010)و (36/ فیدراڵی/ 2013)و (18/ فیدراڵی 2021).
• هه‌موو ئه‌و هه‌موارانه‌ی كه له یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا كراون له‌و كاتانه‌دا بووه كه ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان درێژكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش سیفه‌تێكی ناده‌ستوریبوون به هه‌مواره‌كان ده‌دات، له‌به‌ر رۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2022دا.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م روونكردنه‌وانه، نوێنه‌ره‌كه‌ی یه‌كێتیی داوای له دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كردووه مادده‌كانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
بریكاری سه‌رۆكی هه‌رێم چی ده‌ڵێ ؟
له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی (زیاد جه‌بار)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌رگای دادبینی كردوه‌ته‌وه‌و هه‌ریه‌كه له سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی له سكاڵاكه ئاگاداركردووه، به‌ڵام ته‌نیا سه‌رۆكی هه‌رێم پارێزه‌ره‌كه‌ی خۆی (ئه‌یاد ئیسماعیل) ناردووه بۆ دادگا، پارێزه‌ره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم داوای له دادگا كردووه سكاڵاكه‌ی زیاد جه‌بار ره‌تبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش له گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كدا خستوه‌ته‌ڕوو كه رۆژی 11/6/2023 پێشكه‌شی كردووه‌و تێیدا ده‌ڵێ (سكاڵاكار به‌شێوه‌یه‌كی كه‌سیی سكاڵاكه‌ی به‌رزكردوه‌ته‌وه‌و نوێنه‌رایه‌تی هیچ لایه‌نێكی فه‌رمی ناكات و مه‌رج و پێوه‌ره یاساییه‌كانی تێدا نییه- كه له‌مادده‌ی چواری یاسای دادگا‌و مادده‌ی 20ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگا‌و مادده‌ی 6ی یاسای دادبینییه مه‌ده‌نییه‌كاندا هاتووه سه‌باره‌ت به‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی كه وا ده‌كات ببێت به سكاڵاكار له‌به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م سكاڵالێكراوه‌كاندا- به سه‌رۆكی هه‌رێمیشه‌وه كه من بریكاری ئه‌وم).
بریكاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم پشتبه‌ست به مادده‌ی (20/ سێیه‌م)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدراڵی كه ده‌ڵێ (نابێت سكاڵاكار سودی له‌و ده‌قه وه‌رگرتبێت كه سكاڵای لێكردووه)، باسله‌وه ده‌كات سكاڵاكار (زیاد جه‌بار) سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتییه له په‌رله‌مانی كوردستان و خۆی به‌شێوه‌ی كه‌سیی سودمه‌ند بووه له‌و ده‌قه یاساییانه‌ی كه سكاڵای له‌سه‌ر كردوون، چونكه كورسی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ستهێناوه‌و لیستی حزبه‌كه‌شی (یه‌كێتیی) سودمه‌ند بووه‌و (21) كورسی ئه‌و خوله‌ی بردووه.
پارێزه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم په‌نای بۆ به‌ڵگه‌یه‌كی تر بردووه بۆ رێگریكردن له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ماددانه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن كه زیاد جه‌بار سكاڵای له‌سه‌ر تۆماركردون، ئاماژه به‌وه ده‌كات به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی مادده‌ی (141)ی ده‌ستور (كاركردن به‌و یاسایانه به‌رده‌وام ده‌بێت كه له ساڵی 1992وه له هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوون، هه‌روه‌ها ئه‌و بڕیارانه به‌ركارن كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ریكردون به بڕیاره‌كانی دادگا‌و گرێبه‌سته‌كانیشه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی یاساكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌موار نه‌كرابن یاخود هه‌ڵنه‌وه‌شێندرابنه‌وه‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور نه‌بن)، زیادكردنی ئه‌و مادده‌یه بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان كه تانه‌ی لێدراوه، به‌ر له‌وه بووه ده‌ستوری عێراق بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، بۆیه له‌ڕووی ده‌ستورییه‌وه نابێت تانه‌ی لێبدرێت، هه‌روه‌ها له ده‌ستوری عێراقدا ده‌قێك نییه كه ژماره‌ی كورسییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاری بكات و ئه‌وه‌ی هه‌یه تایبه‌ته به حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌و بابه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كان به‌گوێره‌ی ژماره‌ی ده‌نگده‌راندا بابه‌تێكی رێگه‌پێدراوه به‌ڵام پابه‌ندكه‌ر نییه.
پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێ: بۆچوونی سكاڵاكار ئه‌وه‌یه ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان (54 بۆ 55) كورسی بێت، له‌كاتێكدا به‌گوێره‌ی مادده‌ی (یه‌كه‌م)ی یاسای هه‌ڵبژاردن (111) كورسییه‌و هه‌ر كاتێك ژماره‌ی كورسییه‌كان زیاتر بێت ئاستی نوێنه‌رایه‌تی گشتگیرترو وردتر‌و به‌رهه‌مدارتر ده‌بێت و نزیكتر ده‌بێت له ده‌نگده‌رانه‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی زیادبوونی كورسییه‌كان گونجاو بێت و زیاده‌ڕۆیی تێدا نه‌كرابێت، بۆیه لێره‌دا دژبه‌یه‌كی له بۆچونی سكاڵاكاردا ده‌رده‌كه‌وێت سه‌باره‌ت به مادده‌ی (یه‌كه‌م)ی یاسای هه‌ڵبژاردن و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به مادده‌ی (9) نییه كه سكاڵای له‌سه‌ر كراوه، هه‌روه‌ها بنه‌مای ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان هه‌رگیز په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نییه سیسته‌می هه‌ڵبژاردن یه‌ك بازنه یان فره بازنه بێت.
له‌باره‌ی مادده‌ی (15)ی یاسای هه‌ڵبژاردنیش، بریكاری سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، ئه‌و مادده‌یه كه په‌یوه‌ندی به ئاماده‌كردنی تۆماری ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌یه، به‌ده‌رچوونی یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان ژماره (4)ی ساڵی 2014 هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌و مادده‌ی شه‌شه‌م (یه‌كه‌م/ ا)ی ئه‌و یاسایه ده‌ڵێ: دروستكردن و نوێكردنه‌وه‌و پێداچوونه‌وه به تۆماری ده‌نگده‌ران له‌رێگه‌ی ئامرازه نوێیه‌كانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندایه.
پارێزه‌ره‌كه باسی له‌وه‌كردووه، مادده‌ی (15) كه تانه‌ی لێدراوه پشتبه‌ست به مادده‌ی (بیسته‌م)ی یاسای كۆمسیۆن به هه‌ڵوه‌شاوه ئه‌ژمارده‌كرێت، هه‌روه‌ها تانه‌دان له مادده‌ی (36)ی یاسای هه‌ڵبژاردن دروست نییه، به‌وپێیه‌ی ده‌ڵێ ده‌بێت گره‌نتی پشكی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت به (11) كورسی له‌كۆی (111) كورسی، كه رۆڵه‌كانی ئه‌و پێكهاتانه كێبركێی له‌سه‌ر بكه‌ن، مادده‌كه باسی له دابه‌شكردنی جوگرافی نه‌كردووه‌و وه‌كو ئه‌وه‌ی سكاڵاكار ده‌ڵێ مه‌سیحی و توركمانه‌كان له پارێزگای سلێمانی نوێنه‌رایه‌تییان نییه، ئه‌مه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بازنه‌یه و ده‌نگی كاندیدی هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ئه‌ژمارده‌كرێت و ئه‌و كه‌سه‌ی زۆرترینی هێنا ئه‌وه سه‌رده‌كه‌وێت بۆ په‌رله‌مان.
له‌باره‌ی مادده‌ی (22)ی یاسای هه‌ڵبژاردن كه یه‌كێتیی سكاڵای له‌سه‌ر كردووه، پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم وتویه‌تی: ئه‌م مادده‌یه رێگری له‌وه ناكات خه‌ڵك به‌شێوه‌ی فه‌ردی خۆیان كاندید بكه‌ن یاخود سه‌ربه‌خۆكان كاندید بن، به‌ڵكو یاساكه ئه‌وه‌ی چه‌سپاندووه هه‌موو كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆ كه ده‌یه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات ده‌بێت قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بێت و لانی كه‌م له سێ كه‌س كه‌متر نه‌بێت و یه‌كێكیان ژن بێت له‌پێناو گره‌نتیكردنی نوێنه‌رایه‌تی "كۆتا"ی ژنان، ئه‌مه‌ش جێبه‌جێكردنێكی دروستی ده‌ستوره.
نوێنه‌ری په‌رله‌مان داوای دواخستنی كردووه !
دوای وه‌رگرتنی بۆچوونی پارێزه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دادگای فیدراڵی هه‌ردوو سكاڵاكه‌ی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان (سكاڵاكه‌ی زیاد جه‌بارو سكاڵاكه‌ی ئامانج نه‌جیب شه‌معون)ی یه‌كخستووه، به‌ڵام سكاڵاكه‌ی زیاد جه‌باری كردووه به بنه‌ما.
دواتر فه‌رمانبه‌ری یاسایی (شه‌رمین خزر به‌هجه‌ت) به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری یاسایی له په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو بریكاری سه‌رۆكی په‌رله‌مان چوه‌ته به‌رده‌م دادگا‌و له‌سه‌ر داوای دادگا كۆپییه‌كی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانی خستوه‌ته‌ڕوو، دادگا په‌یڕه‌وه‌كه‌ی خستوه‌ته ناو په‌ڕاوی سكاڵاكه‌و هاوكات بریكاربوونی فه‌رمانبه‌ره یاساییه‌كه‌شی قبوڵكردووه، بریكاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای كردووه سكاڵاكه دوابخرێت بۆ ئه‌وكاته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت (چونكه له‌و كاته‌دا به بڕیاری دادگای فیدراڵی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێندرابووه‌و په‌رله‌مان له‌كاركه‌وتبوو)، دادگا ئه‌م داواكارییه‌ی بریكاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ره‌تكردوه‌ته‌وه، به‌وپێیه‌ی داواكارییه‌كه‌ی هیچ پاڵپشتییه‌كی یاسایی نه‌بووه‌و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان راناوه‌ستێت، سه‌رباری ئه‌مه بریكاره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له رۆژی 6/8/2023دا گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی پێشكه‌شكردووه‌و داوای ره‌تكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی كردووه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌ی خستوه‌ته‌ڕوو كه بریكاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم پێشكه‌شی كردووه، دادگا گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌ی ئه‌میشی هاوپێچی دۆسیه‌ی سكاڵاكه كردووه.
پاشان بریكاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم كه هه‌مان بریكاری نێچیرڤانی بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه، واتا پارێزه‌ر(ئه‌یاد ئیسماعیل)، گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌كی پێشكه‌ش كردووه، گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌ی هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ گه‌ڵاڵه‌نامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا نه‌بووه، بۆیه دادگای ئه‌م گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌شی له دۆسیه‌ی سكاڵاكه هاوپێچ كردووه.
هێنانه ناوه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن
دوای وه‌رگرتنی گه‌ڵاڵه‌نامه‌ی سكاڵالێكراوان (سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان- سه‌رۆكی هه‌رێم- سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم)، دادگا بڕیاریداوه كه‌سی سێیه‌م بهێنێته ناو دۆسیه‌كه‌وه كه كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه، ئه‌مه به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی روونكردنه‌وه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كۆمسیۆن له‌كاتی سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا پشت به كام تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌به‌ستێت ؟ ئایا پشت به تۆماری په‌رله‌مانی عێراق ده‌به‌ستێت یاخود پشت به رێوشوێنی تر ده‌به‌ستێت بۆ ئاماده‌كردنی تۆماری ده‌نگده‌ران؟ ئایا ئه‌و رێگایانه چین كه كۆمسیۆن پشتی پێده‌به‌ستێت بۆ دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر چه‌ند بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردندا ؟ ئایا كورسییه‌كانی په‌رله‌مان چۆن دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا ؟ ئه‌و میكانیزمانه چین كه ده‌یانگرێته‌به‌ر بۆ گره‌نتیكردنی كۆتای (30%)ی ژنان له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌گه‌ر هاتوو پشت به‌سترا به كاندیدی تاكه‌كه‌سی "فردی" ؟
كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رونكردنه‌وه‌ی به دادگای فیدراڵی داوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، بنه‌ڕه‌تی مادده‌ی (9)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان به‌وشێوه‌یه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌و مه‌رجه‌ی له چوار ناوچه كه‌متر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م مادده‌یه به‌گوێره‌ی مادده‌ی چواری هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن له 2004دا هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه‌و هه‌رێمی كوردستان كراوه به یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موار هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌و هه‌رێمی كوردستان له یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه كرا به چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن كۆمسیۆن چی ده‌كات؟ نوێنه‌ری كۆمسیۆن كه ناوی (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن عه‌بد) بووه به دادگای راگه‌یاندووه، كۆمسیۆن پشت به تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگده‌رانی فیدراڵ ده‌به‌ستێت (واتا تۆماره‌كه‌ی عێراق نه‌ك هه‌رێمی كوردستان)، سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كورسییه‌كانیش به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، نوێنه‌ره‌كه‌ی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه ئه‌گه‌ر په‌نا بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ژماره (12)ی ساڵی 2018ی هه‌مواركراو له 2018دا ببرێت، ئه‌وا تێكڕای كورسی پارێزگاكانی هه‌رێم (44) كورسی ده‌بێت كه 18 كورسی بۆ پارێزگای سلێمانی ده‌بێت و هه‌ولێر 15 كورسی و دهۆكیش 11 كورسی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاسای په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌رچاوبگیرێت، ئه‌وا تێكڕای ژماره‌ی كورسییه‌كان (111) كورسییه‌و سلێمانی (41) كورسی و هه‌ولێر (34) كورسی و دهۆك (25) كورسی به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه له‌حاڵێكدا ئه‌گه‌ر هه‌رێم بكرێت به سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن.
سه‌باره‌ت به مادده‌ی (36)ی یاسای هه‌ڵبژاردن، نوێنه‌ری كۆمسیۆن وتویه‌تی: ئه‌م مادده‌یه كورسی كۆتای پێكهاته‌كانی دابه‌ش نه‌كردووه به‌سه‌ر پارێزگاكانداو هه‌رێمی كوردستانی به یه‌ك بازنه داناوه، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان دابه‌شبكرێت به‌سه‌ر سێ بازنه‌دا، ئه‌وا (11) كورسی كۆتای پێكهاته‌كان به‌مشێوه‌یه به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شده‌بن، (4) كورسی بۆ سلێمانی، (4) كورسی بۆ هه‌ولێرو (3) كورسی بۆ دهۆك، واتا سلێمانی دوو كورسی مه‌سیحی و دوو كورسی توركمانی به‌رده‌كه‌وێت، هه‌ولێریش به هه‌مان شێوه، دهۆكیش یه‌ك كورسی مه‌سیحی و یه‌ك كورسی توركمان و یه‌ك كورسی ئه‌رمه‌ن.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی گره‌نتیكردنی رێژه‌ی 30%ی ژنان له په‌رله‌مانی كوردستان، نوێنه‌ری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن وا وه‌ڵامی دادگای داوه‌ته‌وه كه مادده‌ی 22ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان واجبی كردووه كه قه‌واره سیاسییه‌كان له‌ناو لیستی كاندیده‌كانیاندا 30%ی ژنان دابنێن و ناوی كاندیده‌كانیش به‌وشێوه‌یه رێزبه‌ند ده‌كرێن كه گره‌نتی نوێنه‌رایه‌تی ژنان له په‌رله‌مان بكات هه‌روه‌ها كۆمسیۆن كه رێنمایی بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان ده‌رده‌كات واده‌كات لایه‌نه‌كان پابه‌ند بن به‌وه‌ی له‌كۆی هه‌ر سێ كاندیدێك یه‌كێكیان ژن دابنێن، ره‌تیكردوه‌ته‌وه پرسی كاندیدی فه‌ردی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بابه‌تی كۆتای ژنانه‌وه هه‌بێت.
له كۆتایی رونكردنه‌وه‌كانیدا، نوێنه‌ری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پرسی به چوار بازنه‌كردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستانی وروژاندووه، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی باسكردن له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه وه‌كو پارێزگایه‌كی نوێ له هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌ره‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه له هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021ی په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌ڵه‌بجه بازنه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌و له‌چوارچێوه‌ی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سنوری پارێزگای سلێمانیدا بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌رێم بكرێت به چوار بازنه، ده‌كرێت هه‌ڵه‌بجه بكرێت به بازنه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و (3) كورسی پێبدرێت، ئه‌مه له‌پاڵ گره‌نتیكردنی كۆتای ژنان له‌و پارێزگایه.
داوای نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی وه‌رنه‌گرت !
دوای وه‌رگرتنی بۆچوونی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، دادگای فیدراڵی بڕیاریداوه نوێنه‌ری كۆمسیۆن له دۆسیه‌كه بكاته ده‌ره‌وه، به‌ڵام له رۆژانی 26-27ی كانونی یه‌كه‌می 2023دا دوو كه‌س وه‌كو نوێنه‌ری پێكهاته‌كان له كوردستان داوایان پێشكه‌شی دادگا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو لایه‌نی سێیه‌م داخڵی ناو دۆسیه‌كه‌یان بكات، ئه‌وانه‌ی داواكه‌یان پێشكه‌ش كردووه بریتی بوون له هه‌ریه‌كه له (یه‌عقوب گۆرگیس یاقو/ نوسینگه‌ی سكرتێری بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری)و (محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ئه‌نوه‌ر/ سه‌رۆكی حزبی گه‌شه‌پێدانی توركمانی)، دادگای فیدراڵی داوای ئه‌م دوو كه‌سه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه.
كۆمسیۆن هۆشداری داوه !
دواتر و له 14ی شوباتی ئه‌مساڵدا كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نوسراوێكی بۆ دادگا كردووه‌و تێیدا ئه‌وه‌ی به‌بیر هێناوه‌ته‌وه كه ته‌مه‌نی یاسایی كۆمسیۆن له 7ی ته‌موزی 2024دا كۆتایی دێت، بۆیه داوای له دادگا كردووه له ده‌ركردنی بڕیاردا سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرێت، دادگا ته‌ماشای ئه‌م نوسراوه‌شی كردووه‌و به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وانه‌ی پێشوو هاوپێچی دۆسیه‌كه‌ی كردووه.
دادگا چۆن بڕیاریدا ؟
دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی شێوازی یه‌ك بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن له كوردستان و یاساكه‌ی برده‌وه بۆسه‌ر ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه‌ی ساڵی 1992 كه هه‌رێمی كوردستانی دابه‌شكردووه به‌سه‌ر (4) ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردندا، بۆ ئه‌مه‌ش باسی له لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی شێوازی یه‌ك بازنه‌یی و فره بازنه‌یی كردووه.
دادگا ده‌ڵێ فره بازنه‌یی پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له بنیادنانی دیموكراتیه‌تدا هه‌یه، به‌وپێیه‌ی توانای ئه‌وه هه‌یه هه‌موار بكرێت یان گۆڕانكاری تێدا بكرێت به‌گوێره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه به‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ژماره‌ی دانیشتواندا دێن، به‌ڵام شێوازی یه‌ك بازنه‌یی واتا هه‌رێمێك له ناو ده‌وڵه‌تدا به تێكڕا یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌و ده‌نگده‌ران ده‌توانن ده‌نگ بۆ هه‌ر كاندیدێك بده‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ی خۆشیان بیت، هه‌ندێك كه‌س وای ده‌بینن یه‌ك بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن وه‌كو ئه‌نجامدانی راپرسییه له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی شێوازی یه‌ك بازنه‌یی ده‌بێته هۆی به‌هێزبوونی یه‌كڕیزی نیشتمانی، به‌وپێیه‌ی تێیدا كاندیده‌كان ده‌توانن پرۆژه‌و به‌رنامه بۆ سه‌رتاسه‌ری وڵات بخه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م شێوازه له‌ڕووی په‌یوه‌ندی نێوان كاندید‌و ده‌نگده‌ره‌وه لاوازه‌و تییدا لایه‌نداری كاندید بۆ ئه‌و حزبه ده‌بێت كه كاندیدی ده‌كات و له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا پشتیوانی لێده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات كاندیده‌كان ئیراده‌یان به‌سترابێته‌وه به بڕیاری حزبه‌كه‌یانه‌وه، له‌پێناو گره‌نتیكردنی ئه‌و پاره‌ی كه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پێویستیان پێیه‌تی..
دادگا ئاماژه به‌وه ده‌كات، شێوازی یه‌ك بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن وا ده‌كات سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێم نه‌توانن به‌گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتوانیان نوێنه‌رایه‌تی دادپه‌روه‌رانه‌یان له په‌رله‌ماندا هه‌بێت، ئه‌مه‌ش لێدانه له بنه‌مای ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌مووان.
دادگا له بڕیاره‌كه‌یدا كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی به لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند داناوه له دانانی سیسته‌م و رێنمایی هه‌ڵبژاردن و راپرسییه‌كان له عێراق و له هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌مه به‌وپێیه‌ی كۆمسیۆنه‌كه ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه له‌ڕووی دارایی و ئیدارییه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی به‌لاداخستنی ناكۆكییه‌كانی له‌باره‌ی ئاماده‌كردن و جێبه‌جێكردنی هه‌ڵبژاردن له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكان به‌خشیوه به ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا ئه‌و بڕگه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه كه باس له پێكهێنانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی له شوێنه‌كه‌ی داناوه، ئه‌مه‌ش به‌جۆرێك له جۆره‌كان وه‌كو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمسیۆنه‌كه‌ی كوردستانه، ئه‌و كۆمسیۆنه‌ی كه ساڵی 2017 پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی به‌ڕێوه‌برد.
له‌لایه‌كی تره‌وه، دادگا له بڕیاره‌كه‌یدا بڕگه‌ی (چواره‌م)ی له مادده‌ی (شه‌شه‌م)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه، ئه‌م بڕگه‌یه ده‌ڵێ ((ده‌سته‌یه‌كی دادوه‌ریی له دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان- عێراق له سێ دادوه‌ریی ناته‌رخان پێكده‌هێنرێت بۆ سه‌یركردنی ئه‌و تانانه‌ی كه كه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان یان له‌لایه‌ن تاكه تاكه‌ی خه‌ڵك یان كیانه زه‌ره‌رمه‌نده‌كانه‌وه بۆی ده‌نێردرێت و تانه‌یان له بڕیاره‌كانی كۆمسیۆن داوه، بڕیاره‌كانیش بنبڕ ده‌بن))، به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕگه‌یه، دادگای فیدراڵی بڕیاردانی له‌باره‌ی تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن له ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان سه‌ندوه‌ته‌وه‌و راده‌ستی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی عێراقی كردووه، به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، به‌مدواییانه‌و به‌ر له ده‌رچوونی بڕیاری دادگا له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌وڵێكی له‌رێگه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاردان له تانه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لای ده‌سته دادوه‌رییه‌كه‌ی هه‌رێم بمێنێته‌وه، به‌ڵام دادگا ئه‌و هه‌وڵه‌ی بێ ئاكام كرد.
كورته‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مشێوه‌یه:
• ده‌سته‌واژه‌ی 11 كه له مادده‌ی یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا ژماره (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراودا هاتووه ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه به‌مشێوه‌ی لێ دێت:"په‌رله‌مانی كوردستان له 100 ئه‌ندام پێكدیت". به‌مشێوه‌یه دادگای فیدراڵی (11) كورسی "كۆتا"ی پیكهاته‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
• ده‌سته‌واژه‌ی "به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی 4 له مادده‌ی 2ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره 11ی ساڵی 2007 تا كاتی پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستانی عێراق" كه له مادده‌ی شه‌شه‌می دووباره‌كراوه‌ی یه‌كه‌م له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ژماره 1ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراودا هاتووه، ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه به‌مشێوه‌ی لێ دێت" له‌م یاسایه‌دا كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان شوێنی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ده‌گرێته‌وه بۆ سه‌رپه‌ره‌شتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌بردنی. بڕگه‌ی چواره‌م له مادده‌ی شه‌شه‌می یاساكه ناده‌ستورییه". به‌پێی ئه‌م بڕیاره دادگای فیدراڵی عێراق كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستانی به‌یه‌كجاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كۆمسیۆنێك كه ساڵی 2014 په‌رله‌مانی كوردستان دروستیكردو له‌ماوه‌ی 10 ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا ته‌نیا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25ی ئه‌یلولی 2017و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی له 30ی ئه‌یلولی 2018دا كردووه.
• مادده‌ی 9ی یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستورییه هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ده‌قی پێشوو كه به‌گوێره‌ی مادده‌ی چواره‌می هه‌مواری سێیه‌می ساڵی 2004 هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه، به‌جۆرێك ده‌قی جێبه‌جێكراو به‌مشێوه‌یه بێت" هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردندا كه له چوار ناوچه كه‌متر نه‌بێت".
• مادده‌ی سێیه‌م له یاسای ژماره 15ی ساڵی 2013ی یاسای هه‌مواری حه‌وته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستورییه، كه به‌پێی ئه‌م مادده‌یه مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می یاسای ناوبراو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، ده‌بێت كار به مادده‌ی ناوبراو بكرێته‌وه كه ده‌ڵێ: هه‌موو هاوڵاتییه‌ك كه ته‌مه‌نی 18 ساڵی ته‌واو كردبێت فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی كارتی ده‌نگدانی پێده‌دات به‌پێی چوارچێوه‌یه‌ك كه دیاریده‌كرێت، به‌مه‌رجێك ده‌نگده‌ر له‌كاتی ده‌نگداندا ناسنامه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت".
• هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی " له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی عێراق" هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌ی "به‌مه‌رجێك ژماره‌ی كاندیدی هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن له سێ كاندید كه‌متر نه‌بێت" كه له مادده‌ی بیست و دووی له یاسای هه‌ڵبژاردندا هاتووه ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه به‌مشێوه‌ی لێدێت" هه‌موو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له كوردستانی عێراق بۆی هه‌یه لیستی تایبه‌ت پێشكه‌ش بكات كه ناوی كاندیده‌كانی له‌خۆبگرێت و رێژه‌ی ژنان له‌ناو لیسته‌كه‌دا له 30% كه‌متر نه‌بێت، ریزبه‌ندی ناوی كاندیده‌كان به‌وشێوه‌یه ده‌بێت كه گره‌نتی رێژه‌ی ناوبراوی ژنان بكات له په‌رله‌ماندا". به‌گوێره‌ی ئه‌م ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئیتر هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌توانێت له ده‌ره‌وه‌ی لیستی حزبه‌كان، وه‌كو كاندیدی تاكه‌كه‌سیی "فردی" خۆی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كاندید بكات.
بۆ بینینی ده‌قی بڕیاره‌كه كلیك له‌سه‌ر (PDF) بكه