”بژی دادگای فیدراڵی، دز و جەردەی راماڵی“

Draw Media

2024-03-03 13:05:30



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

ئەو ناونیشانەی سەرەوە دروشمی ئەو خۆپیشاندانە بوو کە لەم چەند رۆژەی دواییدا لە شاری سلێمانی خۆپیشاندەرەکان بەرزیانکردبووە و بە کۆمەڵ دەیانگوتەوە. لە رێگای ئەو دروشمەوە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لاینەگریی بێچەندوچونی خۆیان، بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەربارەت بە موچەی موچەخۆرانی ھەرێم، رادەگەیاند. خاڵی سەرەکیی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا ناچارکردنی حکومەتی فیدراڵی عێراقە بەوەی لە ھەموو دۆخێکدا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانەبکات، تەنانەت ئەگەر ھەرێمی کوردستان پابەندیش نەبێت بە یاسای بودجە، یان بە ھەر خواستێکی تری حکومەتی فیدراڵییەوە. دادگای فیدراڵیی مەسەلەی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم لە سیاسەتەکانی حکومەتی ھەرێم  و لە جۆری پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، جیادەکاتەوە و مەسەلەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم وەک مافێکی مەدەنیی موچەخۆرانی ھەرێم سەیردەکات. لەم چەند ساڵەی دواییدا دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵیی ھۆکارەکانی نەناردنی موچەی ھەرێمیان، لەسەرێکەوە، بە ئاشکرانەکردن وردەکارییەکانی سیاسەتی نەوتی ھەرێم و پابەندنەبوون بە رێکەوتنەکانی ھەرێم لەم بوارەدا لەگەڵ بەغداوە، گرێداوە. لەسەرێکی دیکەوە نە ناردنی موچەیان بە ناڕوونیی لە ژمارەی موچەخۆران و ڕادەستنەکردنی داھاتی نانەوتی ناوخۆی ھەرێمەوە.

ڕاستیی ئەوەی کە گەندەڵیی و دزیی و جەردەییەکی گەورە و سیستماتیک لە ورد و درشتی سیستمی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ئامادەیە، یان ئەوەی کە سیاسییە گەورەکانی ھەرێم بازرگان و بزنسمانی گەندەڵ و بێویژدان و داشۆراون لە ھەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی و یاسایی، یاخود راستیی ئەوەی ھەرێمەکەیان کردوە بەژێر قەرزێکی گەورە و نابەرپرسەوە، کە ژیانی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانی ھەرێمەکەی خستۆتە ژێر فشارێکی ئابوریی گەورەوە، مەسەلەیەک نییە قابیلی گومانلێکردن و بەرگریلێکردن بێت. ئەوەیش کە سەدان ھەزار موچەخۆری ھەرێم لە دۆخی ھەژارییەکی گەورە، یان نزیک لە ھەژارییەکی گەورەوە، دەژین بەھۆی دابیننەکردنی موچەکانیانەوە، دیسانەوە راستییەکی سادەی ناو ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمەیە و فشارێکی گەورەیشی لەسەر ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دروستکردوە. ھاوکات نوخبە حوکمڕانە سوڵتانییەکە و ماڵ و منداڵ و بنەماڵە و دۆستەکانیان، ژیانی شێخە ملیاردلێرە نەوتاوییەکانی خەلیج دەژین و ھەر ڕۆژە و بەشێکی ئەم ژیانە نھێنیی و شاردراوەیەیان بۆ خەڵکی ھەرێمەکە ئاشکرادەبێت. ھەموو ئەم شتانە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی وێرانبوونی ھەرێمەکە و نزیکبوونەوەیەتی لە لەناوچون.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەم ئاستەدا بڕیارێکی یاسایی و ئینسانیی گرنگە، بەدەمەوەچوونی خواستی سەدان ھەزار مرۆڤی غەدرلێکراو و ئیھانەکراوە و پاراستنی ژیانی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی ھەرێمە. بەم مانایەش ھەنگاوێکە لەسەر رێگای دروستکردنی ھاوڵاتییەکی خاوەن ماف، کە نەکرێت دەست بۆ مافە ھەرە بنەرەتیی و سەرەکییەکەی ببرێت: مافی ھەبوونی بژێوێک کە بتوانێت ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵەکەی دابینبکات و بپارێزێت.

بەڵام ئەمە ھەموو دیوەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی نییە، دۆخ و رەوتی مێژوویی و سیاسیی بڕیارەکە، ئەگەری کردنەوەی دەرگای ناشیرین و ترسناکی ھەڵگرتوە، ھەم بۆ ھەرێم و ھەم بۆ خودی عێراق خۆیشی. بەر لە ھەمووشتێک ئەم بڕیارە لە ڕەوتی دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیاری تردا ھاتۆتەکایەوە کە دەسەڵاتێکی گەورە بە سێنتەر، مەرکەز، واتە بەغدا، دەبەخشێت و ھەرێم رووتدەکاتەوە لە توانای بڕیاردانی سەربەخۆ. ھەبوونی ئەم دەسەڵاتە مەرکەزیەش ھەڕەشەیەکی ئایندەیی گەورەدەبەێت، ھەم لەسەر ھەرێم و ھەم لەسەر ئەزموونی فیدراڵیەت لە عێراق خۆیشیدا. بەر لەم بڕیارە، دادگای فیدراڵیی، بڕیاری سەندنەوەی ماف و توانای فرۆشتنی نەوتی لە ھەرێم سەندەوە، بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد، یاسای ھەڵبژاردنی لە ھەرێمدا گۆڕی و ئەنجومەنی پارێزگاکانیشی ھەڵوەشاندنەوە. بێگومان کۆی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵیی پاساوی خۆیان ھەیە و داوەشاویی و نابەرپرسیارێتی و نابەرپرسیارێتی حوکمڕانانی ھەرێم ھۆکارە  بەھێز و سەرەکییەکەی ئەم بەدەنگھاتنەی دادگای فیدراڵین، بەڵام ھاوکات ئەم بەمەرکەزیکردنەی بڕیارە گەورەکان، ھەڕەشەیەکی گەورەیە لە مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەسەر ھەرێم و ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا و ڕێگرتن لەوەی ھەموویان لە پایتەختی وەڵاتەکە و لە دەستی دەزگایەک، یان چەند دەزگایەکی کەمدا، کۆببێتەوە.
ئەم جۆرە بڕیارانە دەتوانن کۆتایی بەو سەربەخۆییە ڕێژەییە بھێنن کە ھەرێم و ناوچە و شوێنە جیاوازەکانی وڵاتەکە، پێویستیان پێیەتیی بۆئەوەی ھەست بە ھاوڵاتیبوونی خۆیان بکەن و نرخی تایبەتی خۆیان وەک بەشێکی یەکسانی وڵاتەکە، ئەزموون بکەن.

یەکێک لە کێشە گەورە و سەرەکییەکانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، بە تایبەتی لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزم لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە، بریتیی بووە لە دروستبوونی دەسەڵاتێکی مەرکەزیی قۆرخکار لەناو پایتەختی وڵاتەکان و پەراوێزخستنی بەش و پارچەکانی تری ئەو وڵاتانە. بە مانایەک لە ماناکان ”پایتەختپەرستیی“، روویەکی تری ئەو ”دەسەڵاتپەرستییە“ ترسناک و وێرانکەرە بووە، کە مێژووی دوای قۆناغی کۆلۆنیالیزم، لەم ناوچەیەدا بەخۆیەوە بینیویەتی.
بە زۆر مانا میسر مانای قاھیرە و سوریا مانای دیمەشق و تونس مانای شاری تونس و عێراق مانای بەغداد بووە، ھتد.. لەناو ئەو پایتەختانەشدا حیزبێک و گروپێک و سوڵتانێک، ژەنەراڵێک یان ئایەتوڵایەک، وەک دیکتاتۆر، حوکمی سەرجەمی وڵاتەکەیان کردوە. ئەوەی لەو دۆخانەدا ئیشی کردوە لۆژیکی باوڕبوون بووە بە بوونی حکومەتێکی ناوندیی بەھێز و دەسەڵاتگەر، کە کۆی ناوچە و ھەرێمە جیاوازەکانی وڵاتەکە و سەرجەمی چالاکیی و خواست و مەسەلە سەرەکییەکانی ناویان، لە ناوەند و مەرکەزی وڵاتەکەوە، کە زۆربەیجار یەکسانبووە بە پایتەختی وڵاتەکە، ئاراستەبکرێت. شتێک بەناوی دابەشکردنێکی یاسایی و ئیداریی و دەستوریی دەسەڵات، یان بوونی ھاوکێشەیەکی ھاوسەنگ لەنێوان پایتەخت و ناوچەکانی تری وڵاتەکەدا، بوونی نەبووە. ئەمەش وایکردوە گرنگیدان بە ناوچە جیاوازەکان وەک ناوچەی تایبەت و خاوەن سەربەخۆییەکی رێژەیی، لە چوارچێوەی سیستمێکی ناناوەندیی کراوەدا، بوونی نەبێت.

زۆربەی وڵاتانی جیھان وڵاتانی پڕ جیاوازیی ھەمەرەنگ و گەورەن. زۆرجار لەناو وڵاتێکدا چەندان دیدگای سیاسیی ھەرێمی و شوناسی ئەتنیی و دینیی و کولتوریی جیاواز ھەیە، کە ھەریەکێکیان پێویستیان بەوەیە بە کۆمەڵێک مافی تایبەتەوە گرێبدرێن و رێز بۆ بوون و ئەگەری گەشەکردنیان دابینبکرێت. دەشێت ھەر ھەرێمێکیش خاوەنی پێداویستیی و خواست و قازانجی ھەرێمایەتی جیاواز و تایبەت بەخۆی بێت. ھاوکات دەشێت ئینتیما بۆ ھەرێمەکەش بەھێزتربێت لە ئینتیما بۆ خودی وڵاتەکە خۆی. بۆ نموونە دەشێت ھاوڵاتییەکی ئیسپانیی زیاتر فەخر بەوەوەبکات کە کاتالۆنییە تا ئیسپانی، بەرشلۆنە بە شاری خۆی بزانێت نەک مەدرید، خواستی سەربەخۆبوونی ڕێژەیی کاتالۆنیا بەشێک لە دیدگا سیاسییەکەی بێت، نەک بوونی حکومەتێکی مەرکەزی بەھێز لە مەدریدی پایتەختی وەڵاتەکەدا. بە کورتییەکەی، لە ھەندێک وڵاتدا دەشێت شوناسی ھەرێمی لە شوناسی نیشتیمانی وڵاتەکە بەھێزتربێت. بەھەرێمبوونیش تا ئەو شوێنە بروات ھەرێمەکان شوناسی تایبەتی خۆیان ھەبێت، پلانی سەربەخۆیان ھەبێت و خاوەنی برێکی گەورەش لەسەربەخۆیی سیاسیی و ئیداریی بن. ئیسپانیا نموونەی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە چەندان ھەرێمی گەورە و جیاواز و تەواو سەربەخۆ پێکھاتوە.

ھەرێمی کوردستانیش لە دوای ڕاپەڕینەوە خاوەنی سەربەخۆییەکی سیاسیی و ئیداریی گەورەبوو. زۆرجار شێوازی دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەناو دەوڵەتی عێراقدا ھەبووە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان باڵادەستی ئەو عەقڵیەتە سیاسیی حوکمڕانە بوو، کە ھەمان مۆدێلی مەرکەزیبونی دەسەڵاتیان لە کوردستاندا پیادەکرد. کۆی دەسەڵاتە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانیان بردە ھەولێری پایتەخت و ھەولێری پایتەختیش کەوتە ژێر چنگی پارتێکی سیاسیی و بنەماڵە حوکمڕانەکەی ناو ئەو پارتە. ئەمەش بە کردەوە ئەزموونی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا گۆڕی بۆ حوکمڕانییەکی سوڵتانی تیایدا کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسیی بوونە خاوەنی ھەمووشتێکی ھەرێمەکە.
ئەوەی لە ئێستادا بەغداد ڕووئەدات، لەزۆر ڕووەوە، بۆنی گەڕانەوەیەکی ترسناکی بۆ ئەو مۆدێلە مەرکەزییەی لێدێت کە بەرپرسی ژمارە یەکی بەشێکی گەورەی کارەساتەکانی مێژووی زیاد لە پەنجا ساڵی ئەم ناوچەیەیە. ئەوەی لە ھەرێمی کوردستانیشدا ڕووئەدات بەھێزبوون و دەوڵەمەندبوونی زیاتر و زیاتری بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان و لاوازبوونی ھەرێمەکەیە وەک ھەرێمێکی فیدراڵیی خاوەن ماف و خاوەن سەربەخۆییەکی رێژەیی. لە بەغدا بەرگری لە دروستبوونی حکومەتێکی ناوەندی بەھێز و لە لاوازبوونێکی ھەمەلایەنەی ھەرێم، دەکرێت. حوکمڕانانی ھەرێم خۆیشیان تا بینەقاقایان لەناو ئەم ستراتیژە ترسناکە تازیەدا نوقمن و ھەلومەرجی پیادەبوونی تەواوەتی بۆ مەیسەردەکەن.

 ھەمووان دەزانن بەغدا نە بێرنی پایتەختی سویسرایە، نە ئەمستردامی پایتەختی ھۆڵەندا، نە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و نە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا. بەغدا پایتەختی کۆمەڵێک ھێزی سیاسیی تائیفیی دینیی داخراو و ترسناک و شاری ئامادەگیی چەندان میلیشای بەھێزە.

یەکێک لە مەترسییە نەبینراوەکانی پشتی ئەو دروشمەی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی لە سلێمانی ھەڵیناگرتوە، نەبینینی ئەم ئەگەرە ترسناکانەیە کە باسمکردن. ھەڵاتن لە ئامێزی پارتی و یەکێتییەوە بۆ ئامێزی ھێزە میلیشیاییەکانی بەغدا، ھەڵەیەکی ستراتیژیی گەورەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand