سودانی دوو هه‌فته مۆڵه‌تی بۆ كه‌ركوك داناوه
2024-03-04 08:20:35
(دره‌و):
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشنیازی لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی له كه‌ركوك سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی وه‌رگرت، ماوه‌ی (دوو هه‌فته)ی بۆ رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان دیاریكردووه، له یه‌كه‌م هه‌نگاودا وه‌فدێكی پارتی له كه‌ركوك سه‌ردانی یه‌كێتیی ده‌كات، تا ئه‌وكاته‌ی پۆسته‌كان دابه‌شده‌كرێت، سودانی خۆی سه‌رۆكایه‌تی ئیئتیلافی سیاسی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركوك ده‌كات.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی كرد.
بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم وه‌كو نوێنه‌ری پارتی به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌یان كرد، له پێكهاته‌ی توركمان (حه‌سه‌ن تۆران) سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی و له‌پێكهاته‌ی عه‌ره‌بیش خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده‌و محه‌مه‌د ته‌میم سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی قیاده به‌شداربوون.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا رێككه‌وتن كراوه له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به دیالۆگی دووقۆڵی له‌نێوان هێزه سیاسییه براوه‌كان له‌پێناو گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و كارنامانه‌ی كه لایه‌نه‌كان له كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێشكه‌شیان كردووه، ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی (دوو هه‌فته‌دا) له‌سه‌ر یه‌ك كارنامه رێككه‌وتن بكرێت.
مه‌به‌ست له كارنامه، ئه‌و پێشنیارانه‌یه كه لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی له كه‌ركوك پێشكه‌شیان كردووه، پێشنیازه‌كانیش تائێستا به‌مشێوه‌یه‌ن:
• پێكهاته‌ی توركمان، كه (به‌ره‌ی توركمانی)ی به (2) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه داوا ده‌كات پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ چوار ساڵی داهاتوو (به‌نۆره) به‌ده‌ست سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌وه بێت، واتا (16) مانگ لای كورد‌و (16) مانگ بۆ توركمان و (16) مانگ لای عه‌ره‌ب.
• پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب به (6) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه هه‌مان پێشنیازی به‌ره‌ی توركمانی هه‌یه، به‌ڵام به هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه، عه‌ره‌ب داوا ده‌كه‌ن پۆستی پارێزگا به (نۆره) بێت، دوو ساڵ لای كورد به‌دیاریكراوی لای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بێت كه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه له كه‌ركوك، دوو ساڵه‌كه‌ی تر پۆسته‌كه به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه بێت، پۆستی جێگرانی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش له‌نێوان توركمان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ش بكرێت.
• پێشنیازی كورد (به‌دیاریكراوی یه‌كێتیی) ئه‌وه‌یه پۆستی پارێزگار بۆ یه‌كێتیی بێت، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب بێت، پۆستی جێگرانی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش بدرێت به پارتی و پێكهاته‌ی توركمان، پارتی و یه‌كێتیی وه‌كو دوو لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن، پارتی به فه‌رمی له كۆبونه‌وه‌دا به یه‌كێتیی راگه‌یاندووه، ده‌بێت پارێزگار له پشكی كورد بێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كاندیدی پۆسته‌كه كه‌سێكی بێلایه‌ن بێت.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023دا به‌ڕێوه‌چوو، زیاتر له دوو مانگ و نیو دوای هه‌ڵبژاردن هێشتا ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دانیشتنی یه‌كه‌می خۆی نه‌كردووه، ئه‌مه به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی پێكهێنانی ئیداره‌ی خۆجێیی، له‌سه‌ر ئاستی عێراق ته‌نیا سێ پارێزگا پۆستی پارێزگاریان تێدا یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه كه بریتین له (كه‌ركوك و دیاله‌و سه‌لاحه‌دین).
به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كانه‌وه، رۆژی 21ی مانگی رابردوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق خۆی ده‌ستوه‌ردانی كرد‌و لایه‌نه براوه‌كانی كه‌ركوكی كۆكرده‌وه، ماوه‌ی (7) رۆژ مۆڵه‌تی پێدان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان پێشنیازی خۆی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان گه‌ڵاڵه بكات، له كۆبونه‌وه‌كه‌ی 21ی مانگدا رێككه‌وتن كرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیئتیلافێكی سیاسی بۆ به‌رێوه‌بردنی كه‌ركوك له سه‌رجه‌م هێزه براوه‌كان دروستبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ئیئتیلافه ببێت به چه‌تری سیاسی ئیداره‌ی خۆجێی كه‌ركوك و محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران خۆی سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كانی ئیئتیلافه‌كه بكات تا ئه‌وكاته‌ی رێككه‌وتنی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له یه‌كه‌م هه‌نگاودا دوای كۆبونه‌كه‌ی دوێنێ به‌غداد له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، وه‌فدێكی لقی پارتی له كه‌ركوك ئه‌مڕۆ گه‌یشته مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن.
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له (16) كورسی پێكدێت، یه‌كێك له كورسییه‌كان "كۆتا"یه تایبه‌ت كراوه به پێكهاته‌ی مه‌سیحی.
ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 18ی كانونی یه‌كه‌م، كۆرسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی به‌مشێوه‌یه به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی كه‌ركوكدا دابه‌شكرد:
• یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان: 5 كورسی (براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه)
• هاوپەیمانی عەرەبی: 3 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، هەریەكە لە پرۆژەی عەرەبی خەمیس خەنجەرو كەرامە‌و یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان لەخۆدەگرێت)
• بەرەی توركمانی: 2 كورسی
• پارتی دیموكراتی كوردستان: 2 كورسی
• هاوپه‌یمانی قیادە: 2 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات‌و هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ر لەخۆدەگرێت)
• هاوپه‌یمانی عروبە: 1 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه وه‌سفی عاسی سه‌رۆك هۆزی عوبێد سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی و به‌ره‌ی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له‌خۆده‌گرێت)
• بابلیۆن: 1 كوسی "كۆتا"ی مه‌سیحی (ره‌یان كلدانی له‌چوارچێوه‌ی ریككه‌وتنێكداو به پشتیوانی یه‌كێتیی ئه‌م كورسییه‌ی برده‌وه)