Draw Media

بژاردەی بەهێز بایكۆتی بەغدادە

بژاردەی بەهێز بایكۆتی بەغدادە

2018-05-13 13:25:38


(درەو میدیا)

بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی و لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، فشارەكانیان چڕكردووەتەوە بۆسەر كۆمسیۆن تا بڕیارێك لەسەر ئەو ساختەكارییانە بدات كە لە ئەنجامی دەنگداندا كراوە، ئەگەر كۆمسیۆن و حكومەتی عێراق چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە نەدۆزنەوە ئەوا ئەو لایەنانە بیر لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و كشانەوە لە بەغداد دەكەنەوە بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە.

یەكێك لە بژاردەکان كە لایەنە ناڕەزاییەكان بە پارتیشەوە لەبەردەمیاندایە بایكۆتی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، ئەمە بژاردەیەكی بەهێزی بەردەم ئەو لایەنانەیە كە رەخنەی توندیان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكان هەیە و پێیان وایە ساختەكاری بەجۆرێك بووە هەموو سنورێكی تێپەڕاندووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی " درەو میدیا" ئێستا ژمارەیەك لایەنی ناڕازی لە هەڵبژاردنەكان كۆبونەوە و گفتوگۆكانیان چڕكردوەتەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردن، یەكێك لە بژاردەكانی ئەو لایەنانە بژاردەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، كە لەو پرسەدا پارتی دیموكراتی كوردستانیش هاوڕایە لەگەڵیاندا، بەو پێیەی هەرلەسەرەتاوە پارتی لەگەڵ بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی بووە لە بەغداد، هەریەك لە گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هاوپەیمانیش كە بەهۆی ساختەكارییەوە ،دەنگ و كورسییەكانیان زۆر كەمیكردووە،  ئەگەر بەغداد كێشەكەیان بۆ چارەسەر نەكات، ئەوا بژاردەی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكەن.    

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand