ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ فەرەنسا نیازی خۆی بۆ نێوەندگیری لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكراتی و یەپەگە ئاشكراكرد، ئەم هەڵوێستەی پاریس توڕەیی و نیگەرانی بەرپرسانی ئەنكەرەی لێكەوتەوەو ئەوەش لە كاتێكدایە لێپرسراوانی ئەمریكا رەتیدەكەنەوە هیچ زانیارییەكان دەربارەی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە رۆژئاواەی كوردستان هەبێت. رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە شێوەیەكی كتوپڕ رایگەیاند كە زۆر بە زوویی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكشێننەوە و كێشەی سوریا بۆ لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵن. ئەمریكا نزیكەی 2000 هەزار سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان جێگیركردووە سەرەكیترین هاوپەیانی واشنتۆن لە سوریا كە هێزەكانی سوریای دیموكراتە تائێستا لەو پلانەی ترەمپ ئاگادارنین. كینۆ گابرێل وتەبێژ بەناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز وتی" هێشتا هەماهەنگی و كاری هاوبەشمان لە چوارچێوەی پرۆگرانی پاڵپشتی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە هەموو ناوچەكاندا بەردەوامە." وتیشی " لێدوانەكەی ترەمپ رون نییە و ئەو لێدوانی بەرپرسانی تری ئیدارەی ئەمریكاش نە رەتیانكردوەتەوە نە جەختیان لێكردو ەتەوە". لێپرسراوانی ئەمریكا ئاگاداری پلانەكەوی ترەمپ نین؟ كاتێك دەربارەی كشاندنەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان پرسیار لە هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرا لەوەڵامدا وتی كە هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانێكی لەو جۆرە نییە، هاوكات رۆژی هەینی رایان دیلۆن وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رێگەی ئیمیلەوە وەڵامی ئاژانسی رۆیتەرزی دایەوە رایگەیاند هیچ قسەیەك ناكات لەسەر پرۆسەكانی داهاتوو. دیلۆن وتیشی " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" هێشتا دوو ناوچەی لە سوریا بەدەستەوەماوە كە ئەوانیش ناوچەیەكی لە نزیك هەجینی سەر روباری فورات و ناوچەی دشیشەی نزیك سنوری عێراقە" وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش راشیگەیاند بەهۆی ئەوەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی یەپەگە سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی سوپای توركیا هیچرشی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی كەمكراوەتەوە و وتی " هاوپەیمانی و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەردەوام لەوەدەكۆڵنەوە كە چۆن هەلەكان بقۆزنەوە و گورز لە پاشماوەی داعش و تیرۆریستان بوەشێنن." نیگەرانی و توەڕیی توركیا لە فەرەنسا توركیا دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی فەرەنسای بۆ نێوندگیری لە نێوان ئەنكەرە و هێزەكانی سوریای دیموكرا رەتكردەوە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هیوایخواست " بەهاوكاری فەرەنسا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانوستان لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەڕێوەبچێت" بە گوێرەی بەیاننامەیەكی كۆشكی ئیلیزێ. توركیا بە رەهایی ئەو دەشتپێخەرییەی رەتكرەوە و بەكر بۆزداغ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند ئەو هەڵوێستەی فەرەنسا، پارس دەخاتە رێڕەوی بەریەككەوتن لەگەڵ توركیادا. بۆزداغ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وتیشی " هیوادارین فەرەنسا ئەو هەنگاوە نالۆژیكییە نەنێت و ئەوانەی هاوكاری گروپە تیرۆریستییەكان دەكەن و پشتگیرییان دەكەن لەدژی توركیا .. هاوشێوەی تیرۆریستان دەبنە ئامانجی توركیا." رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیاش رایگەیاند " زۆر دڵتەنگە" بەو هەڵوێستە " هەڵەیە" ی فەرەنسا، ئەردۆغان لە وتارێكی تونددا لە بەردەم ئەندامانی پارتەكە لە ئەنكەرە وتی " ئێوە كێن تا باسی نێوەندگیری لە نێوان توركیا و رێكخراوێكی تیرۆریستیدا بكەن؟". وتیشی " دەستوەرمەدەنە شتگەلێك كە سنوەركانی ئێوەی تێپەڕاندەوە، پێویستمان بە نێوەندگیر نییە." لایخۆشیەوە مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا هێرشی توندی كردە سەر فەرەنسا و وتی " ناكرێت بوترێت دەوڵەتێك كە پێشوازی لە یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد بكات لە ئیلیزێ، بێ لایەنە." لەدوای كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری خاكی سوریا لەلایەن داعشەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانێتییەكە نێودەوڵەتی پێكهێناو تاكە هێزیش كە لەسەر خاكی سوریا هاوپەیمانی ئەم هاوپەیمانێتییە هێزەكانی سوریای دیموكراتە كە یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە گ و یەكینەكانی پاراستنی ژنان " یەپەژە" بڕبڕەی پشتی ئەو هێزە پێكدەهێنن، ئەنكەرە ئەم هێزە بە درێژەپێدەری پەكەكە دادەنێت و لەماوەی رابردوودا زۆر نیگەران و توڕە بووە لە مامەڵەی ئەمریكا و وڵاتانی تری ئەوروپا لەگەڵیدا. لەماوەی رابردوودا توركیا و هاوپەیمانەكانی لە گروپە توندڕەوەكانی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانیان بۆ كانتۆنتی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و دوای نزیكەی دوو مانگ لە بۆردومانی چڕ و شەڕی سەخت ئەو كانتۆنەیان داگیركرد و كۆنترۆڵیانكرد و ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هیچ كاردانەوەكیان نەبوو، ئێستا توركیا دەیەوێت بەرەو مەنبج و كانتۆنەكانی تر هەنگاوبنێت كە هێزەكانی ئەمریكای تێدایە.
راپۆرتی/ محەمەد رەئوف بە تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانی بەیانی ئەمرۆ لە قەزای سۆران، تەنها لەم مانگەدا سێ سەركردەو كادری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە باشوری كوردستان تیرۆردەكرێن، هەرێمی كوردستان بەرەو جەنگەڵی تیرۆرستان وڵاتانی ناوچەكە دەڕوات، كە رۆژانە بە بەرچاوی هێزە ئەمنیەكانی هەرێمەوە كادری هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان تیرۆر دەكرێت، لە ماوەی تەنها یەك مانگدا سێ هەوڵی تیرۆركردن بەرامبەر بە كادران و سەركردەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەنجامدراون، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانیش، كۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەكات بەو كردەوە تیرۆرستیانە. تیرۆری كادرانی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان مێژویەكی درێژی هەیەو درێژكراوەی ئەو هەوڵانەیە كە بۆ تیرۆركردنی سەركردەو بەرپرسەكانی ئەو حیزبە لە وڵاتانی دونیادا هەبووە، هەروەك تیرۆركردنی ( عەبدولڕەحمان قاسملۆی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە 13ی تەموزی 1989 لە ڤیەنای پایتەختی نەمساو و تیرۆركردنی د.سادقی شەرەفكەندی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان لە 17ی ئەیلولی 1992 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا) ئەمە سەرەڕای تیرۆركردنی دەیان كادرو ئەندامی باڵای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە باشوری كوردستان، كە بەپێی زانیاریەكانی حیزبی دیموكرات تا ئێستا نزیكەی 400 سەركردەو ئەندامی ئەو حیزبە لەدەرەوەی ئێراتن تیرۆركراون. دوایین هەوڵی تیرۆركردن لە باشوری كوردستان تیرۆركردنی ئەحمەد ئێرانیە، كە لە كاتژمێر شەشی بەیانی رۆژی هەینی 30/3/2018 لە قەزای سۆران ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) ئەندامێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی و دەست بەجێ گیان لەدەست دەدا، ئەحمەد ئێرانی كە لە ساڵی 1964 لە شاری نەغەدەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و 40 ساڵە لەناو حیزبی دیموكراتدایەو ئێستا لە شارۆچكەی دارەتووی نزیك هەولێر دەژی هەر لەم مانگەداو لەرۆژی پێنجشەممە 1/3/2018 لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی سەڵاح عەباس فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقییەوە، بەهۆی ئەو هەوڵە تیرۆرستیەشەوە خۆی برینداربووەو كوڕەكەشی سەباح رەحمانی تەمەن 33 ساڵ لەدوای چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. هاوكات لە 7/3/2018 لە نزیك گوندی هەرتەلی دۆڵی بالیسان سەركردەیەكی حیزبی دیموكراتی كوردستان تیرۆركرا بەناوی ( قادر قادری) تەمەن 50 ساڵی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی كۆیە،بەپێی راپۆرتی توێكاریش 21 گوللەی پێوە بووە، لە راگەیەنراوێكیشدا حیزبی دیموكراتی كوردستان كوشتنی قادر قادری خستووەتە ئەستۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەماوەی تەنها ئەم مانگەدا ( مارسی 2018 ) سێ كادرو فەرماندەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە باشوری كوردستان تیرۆركراون هەرئەو كات ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كەپێكهاتوون لە(حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی دێموكراتی كوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران) لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا كە لە 7/3/2018 بڵاویانكردۆتەوە دەڵێن " دەزگای تێرۆری كۆماری ئیسلامی پێشینە و ڕابردوویەكی پڕ دیاری لە تێرۆری كادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمدا هەیە، هەر لە تێرۆرەكانی دەیەی ٩٠ی زایینی دژ بەهێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە سەدان تێكۆشەری كوردیان لێ ستاندین، هەم لە تێرۆری كەسایەتییە سیاسییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەت تێكۆشەرانی كورد كە كۆماری ئیسلامیی ئێران و كاربەدەستانی هەرە سەرووی ئەو ڕێژیمە لە پشتی ئەو تێرۆر و تاوان و جیناتانەن كە ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات كردوونی" ئەگەر ئەم هەوڵی تیرۆكردنانە بەشێكی كەمتەرخەمی بە هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا بەشێكی گومانی گەورە لەسەر هێزە باڵادەستەكانی كوردستان درووست دەكات، كە ئەگەر كارئاسانی یاخود رێگە خۆشكردن یان كەمتەرخەمی نەبێت، چۆن دەوڵەتێكی دراوسێ دەتوانێت بە ئاسانی دەزگاكانی خۆی بخزێنێتە ناو هەرێمی كوردستانەوەو تەسفیەی نەیارەكانی بكات، لەناو هەموو ئەو هێزە جۆراوجۆرە ئەمنی و هەواڵگریانەی هەرێمی كوردستان. مەترسی ئەو جۆرە تیرۆرانە تەنها بۆ حیزبی دیموكرات و حیزبەكانی رۆژهەڵات نیە هێندەی مەترسیەكە بۆسەر هەرێمی كوردستانە، بەو پێیەی ئێستا هەرێمی كوردستان سەروەری ئەمنی و هەواڵگری لەدەستداوە، چونكە جێگیركردنی حیزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی چالاكیەكانیان لە ناو خاكی ئێران بە رێكەوتن بووە، ئەمە تەنها هەر بۆ ئێران درووست نیە بەڵكو بۆ توركیاش درووستە كە توركیا سەرەرای لەشكركێشی بەردەوام و بوونی دەیان بنكەو بارەگای ئاشكرای سەربازی و هەواڵگری لە هەرێمی كوردستان، چەندین جار هەوڵی تیرۆركردن و رفاندنی داوە لە هەرێمی كوردستان هەر لە دەستگیركردنی دوو ئەندامی باڵای میت لە سلێمانی كە ویستبویان هەوڵی رفاندن ئەنجامبدەن و هاوكات هەوڵی رفاندنی ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەن لە هەولێر و سلێمانی. ئێستا هەرێمی كوردستان بۆتە تەراتێنی دەزگا هەواڵگری و سەربازیەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتیش كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیاو گۆمان دەكرێت كە دەزگای هەوڵگری زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش لە هەرێمی كوردستان كاری خۆیان بكەن.
یەكەمجار نیە كوردەكان لە عێراق و سوریا رووبەروی ئایندەیەكی نادیار دەبنەوە، ئێستا لە سوریا 150هەزار كەس ئاوارەبوون بەهۆی هێرشكردنە سەر عەفرین كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردە ، سوپای توركیا بەهاوكاری سوپای سوریای ئازاد چونە ناو شاری عەفرین، كوردەكان ماڵ و سەروەت و سامانیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون، هەندێك كەس وەك كۆڕەوەكەی كوردی عێراقی دەدەنە قەڵەم كە لەساڵی 1991 لەدەست چەوساندنەوە و دڕندەیی سەدام ئاوارەبوون، لە دەستدانی عەفرین ئاماژەیە بۆ كپكردنی هیوا و ئاواتی كوردەكات كە لەم دواییە بەتەواوی گەشەی سەندبوو ، بەتایبەتیش لەدوای جەنگی داعش و هاوكاری وڵاتان بۆ كوردەكانی عێراق. لە سوریا بارودۆخەكە جیاوازە بەڵام لەوێش بێهیوایە بۆ كورد، ئیستا سێ ساڵە لەدوای كۆبانی كورد بەرپەرچی هێرشی داعش دەداتەوە توركیا كوردەكانی سوریا یان یەپەگە وەك بەشێك لە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە سەیردەكات، لە كاتێكدا كوردەكانی سوریا لەگەڵ ئەمریكا دژ بە داعش جەنگاون و كاریان كردووە، دوای ئەوەی توركیا بڕیاریدا پەلەماری عەفرین بدات لە باكوری سوریا، بەڵام حكومەتی روسیا كە پشتگیری رژێمی سوریا دەكات، دەركەوت كەررازییە بە هاتنی فڕۆكەی توركیا بەسەر ئاسمانی سوریا، دەركەوت مۆسكۆ و دیمەشق رازین عەفرین بۆ توركیا و سوپای سوریای ئازاد بێت، لەبەرامبەردا رژێمی سوریا لە سەركەوتن لە غوتەی رۆژهەڵات نزیك دەبێتەوە، ئەو مامەڵەیەی نێوان دیمەشق و روسیا و توركیا بۆ ئەوەی بوو كە رێگری لە خەونی سەربەخۆیی كورد بكرێت لە باكوری سوریا، بۆیە كوردەكان لە خەونی سەربەخۆییەوە گەیشتنە ئاوارەبوونی زیاتر لە 100 هەزار كەس و كوژرانی سەدانی تر.؟ ئێستا كوردەكان لە سوریا و عێراق متمانە و هیوایەكیان بە خۆرئاوا نەماوە تا بیانپارێزێت لە هێرش و هەڕەشە و دەستدرێژییەكان و پشتیوانیان لە مافەكانیان. وەرگێران و ئامادەكردنی: سەفین ئازاد 18/03/the-west-has-shamefully-abandoned-its-kurdish-allies/
نوسینگەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند فەرەنسا پێشنیازیكردووە نێوەندگیری لە نێوان توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە رۆژئاوای كوردستان بكات و جەختیشیكردوەتەوە كە پاریس پشتیوانی لە سەقامگیری باكوری سوریا دەكات. خالید عیسا، نوێنەری خۆبهڕێوهبهریی دیموكراتیی باكوری سوریا له فهرهنسا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و یەكینەكانی پاراستی گەل لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا كۆبونەوە و لە كۆبونەوەكەدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەڵێنیداوە بۆ هێزی سەربازی رەوانەی مەنبج بكات بۆ پاڵپشتی شەڕی داعش لەكاتی هاتنەپێشەوەی سوپای توركیا بەرەو شارەكە. هەروەها رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی بڵاویكردوەتەوە كە فەرەنسا بڕیاریداوە بۆ پشتیوانی لە كوردەكان هێز رەوانەی كوردستانی سوریا بكات، رۆژنامەكە دەڵێت لە میانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان لە كۆشكی ئیلیزێ، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بڕیاریداوە پشتیوانی لە هاوپەیمانە كوردەكانی بكات لە سوریا ئەوەش لەدوای هێرشەكانی توركیا دژ بە رۆژئاوای كوردستان رۆژنامەكە ئاماژەیبەوەشداوە كە، لە كۆتاییدا فەرەنسا و ئەمریكا بڕیاریاندا كە بۆ رێگری لە هێرشەكانی توركیا هێز رەوانەی مەنبج بكەن. لۆفیگارۆ نوسیویەتی ئامانجی ناردنی هێزی فەرنسا بۆ مەنبج رێگریكردنە لە هێرش و پەلامارەكانی توركیا كە بەهۆی هێرشەكانیەوە توركیا هەوڵ ئەدا كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی یەپەگەدایە بەتایبەتیش لە دۆڵی فوراتی باكوری سوریا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند لە ماوەیەكی " زۆر نزیكدا" هێزەكانیان لە سوریا دەكشێننەوە. ترەمپ لە گردبونەوەیەكی جەماوەریدا لە وتەیەكیدا لە ویلایەتی ئۆهایۆ داواشی لە لایەنكانی تر كرد بایەخ بە سوریا بدەن بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایانانە و وادەی دیاریكراوی پرۆسەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا ئاشكرابكات. كەمێك دوای لێدوانەكەی ترەمپ، هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا نییە.
سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو" گەیشتووە، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان و لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی ئێستا شەرعییەتی نەماوە و دوژمنی گەلی كوردە. ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان " لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە سەختترین بارودۆخی ژیان و بژێویاندا تێپەڕدەبن بەهۆی ئەو مافیایانەی دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵات و داهاتی هەرێمدا. ماوەی چەند ڕۆژێكیشە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دەكەن و داوای موچە و مافەكانیان دەكەن كە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێیان زەوتكراوە. بەڵام حكومەتی هەرێم و سەرۆكەكەی بێ ئەوەی هەست بە شەرمەزاری بكات بەدوور لە گرنگییەوە باس لە مافی فەرمانبەران و مامۆستایان و داواكانیان دەكات و لەبری ئەوەی باس لە هێرش و هەڵمەتی دەستگیركردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان و ئافەرەتان و پیر و گەنجان دەكات و وەك كارێكی ئاسایی سەیریی دەكات. جەنابی برازاكەی بارزانی، ئەڵێی بیرتان چووەتەوە كە زەین ئەلعابدین سەرۆكی تونس یەكەم پریشكی شۆرشی ئیهمالكرد و بە سوكییەوە سەیریكرد كە بوعزێزی بوو، بەڵام دواتر ناچار بوو بە پەلە ڕابكات و وڵات بەجێبهێڵێت. ئەی قەزافیت بیرچووەوە كە بە میللەتەكەی دەوت زەنگە زەنگە دواتان دەكەوین بەڵام بە قۆندەرەی میللەتەكەی كوژرا و لەناوبرا. بەسە خۆبەزلزانینتان بەسەر میللەتەوە، ئەو میللەتەی كە لە كەرەج بوون لە ئێران خزمەتیدەكرن و كە گەڕانەوە لەدوای ڕاپەڕین خزمەتی دەكردن، بێڕێزی بەرامبەر كەرامەتی میللەت و تواناكانیان مەكەن بۆ قڵپكردنەوەی مێزەكە بەسەرتاندا. لێرەوە داوا لەسەرۆك وەزیرانی فیدراڵ دەكەم كە رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان، وە لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا شەرعییەتی نەماوەو دوژمنی گەلی كوردە". سروە عەبدولواحید- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ناوی پۆڵ بریمەر ئەو كاتە دەركەوت كە لە دوای 2003 و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ، وەك یەكەم حاكمی مەدەنی عێراق دەستبەكاربوو، بۆ ماوەی یەك ساڵ ئەركی دامەزراندنی عێراقی نوێی دوای سەدامی پێسپێدرا. ئێستا بریمەری تەمەن 76 ساڵ دوور لە كاری سیاسی و ئیداری لە سەیرانگای ئۆكیمۆ ماونتن لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی باكوری خۆرهەڵاتی ئەمریكا راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە، بە گوێرەی سایتی " Task & Purpose " ئەمریكی. بریمەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەو سایتە دەڵێت سەرەراِی ئەوەی كە زۆرێك وا لە رۆڵەكەی لە عێراق دەڕوانن كە ئەو وڵاتەی بەرەو پشێوی بردووە، بەڵام هەست بە پەشیمانی ناكات لەو رۆڵەی كە گێڕاوێتی دوای سەركردایەتیكردنی دەسەڵاتی ئیئیتلافی كاتی لەو وڵاتەدا". بریمەر دەشڵێت" گەلی عێراق بە بەراورد بە ماوەی حكومڕانی سەدام حسێن ئەمڕۆ زۆر باشترە، هەتا دوای هەموو كێشەكانی كە دەكرێت دانیان پێدا بنێین كە روویانداوە". بریمەر لەماوەی دەسەڵاتیدا لە عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترین بڕیاریشی هەڵوەشاندنەوەی چەند دامەزراوەیەكی سیادی دەوڵەتی عێراق بووە لەوانەش سوپای عێراق و هێزی پۆلیس و ئاسایش و وەزارەتی راگەیاندن. زۆر كەس بڕوایان وایە كە ئەو بڕیارانەی بریمەر دەرگایەكی فراوانی بۆ شەڕ لە دژی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای و هێزە ئەمنییەكانەوە سەدان هەزار عێراقی سەرچاوی بژێوییان بڕدرا. بریمەر بەرگری لەو بڕیارانەی ئەو كاتەی دەكات و دەڵێت " زانیم كە چۆن ئەو گەمەیە بكەم، دەمزانی كە روبەڕووی مەترسی دەبمەوە، بەڵام چاوم لەوە نەبوو پارێزگاری لە خۆم بكەم". دەشڵێت" كاتێك دەگەیتە پۆستێكی لەو شێوەیە، یان ئەو كارە دەكەی كە بڕوات وایە راستە، یان دەستلەكاردەكێشیتەوە و دەرئەنجامەكانی لە ئەستۆدەگریت." پۆڵ بریمەر ساڵی 1941 لە دایكبووە، شەشی ئایاری 2003 جۆرج بوش سەرۆكی ئەمریكا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی مەدەنی عێراق دەستنیشانیكرد بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و ماوەی یەكساڵ لەو ئەركەیدا بەردەوام بوو. بریمەر بە گەڕانەوەی لە عێراق كۆتایی بە 23 ساڵ كاری دیپلۆماتی هێنا و چووە كۆمپانیای كیسنجەر ئەسۆشیتس كە كۆمپانیایەكی راوێژكارییە و هێنری كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكا ساڵی 1989 دایمەزراندووە ەو ئێستاش راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە لە ویلایەتی ڤێرمۆنت. بریمەر بەكالۆریۆسی لە زانۆی ییل و بڕوانامەی پەیمانگای لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی لە زانكۆی پاریس و ماستەری لە كۆلێژی كارگێڕی كار لە زانكۆی هارڤارد بەدەستهێناوە دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەمریكا كتێبێكی بەناوی " My year in IRAQ" چاپ و بڵاوكردەوە. سەرچاوە: سایتی ئەلحوڕە
كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، رایگەیاند هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 14ی نیسانی داهاتوو دواخرا. تەمیمی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی غەد پرێس وتی " هۆكاری دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 14ی نیسان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێكی تەكنیکی كە پەیوەندییان بە كۆمسیۆنەوە هەیە پێشتر كۆمسیۆن 10ی نیسانی بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكردبوو كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و جگە لە 18 پارێزگاكەی عێراق بنكەی دەنگدان لە 19 وڵاتی دەرەوەش دەكرێتەوە
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و ناڕەزایی موچەخۆراندا، حكومەتی هەرێم بڕیاری دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاندو بڕی پاشەكەوت لە نێوان 10% بۆ 30% و پلە باڵاكانیشی وەك خۆی هێشتەوە، بەڵام هەروەك وەزیری دارایی رایگەیاند: گرنتی پێدانی موچە لەماوەی 30 رۆژ جارێك و بەم شێوەیەی كە راگەیەنراوە، وەستاوەتە سەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە دێت و كێشەدرووست نەبوون بۆ نەوت و ئەو سەرچاوە داراییانەی كە لەبەردەستدان، كە بریتین لە :. یەكەم/ مانگانە 375 ملیار دینار لەداهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دووەم/ مانگانە 317 ملیار دیناری بەغداد سێیەم/ مانگانە 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە چوارەم / مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ كە ئەمەیان ( بۆ خەرجی وەزارەتەكان دانراوە) كە كۆی گشتی دەكاتە ( 837 ملیار دینار) ئەگەر داهاتی ناوخۆی لێدەربكەین بەپێی وتەی وەزیری دارایی مانگانە داهاتەكەیان دەكاتە ( 720 ملیار دینار) و پێشتر پێویستیان بە 588 ملیار دینار بووە بۆ موچە بە پاشەكەوتووە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو داهاتانەی دێتە دەستیان سیستمی پاشەكەوتی موچەیان دەستكاریكردووە. بەڵام هەموو ئەو سەرچاوەی داهاتانەی كە دەستیان دەكەوێت، جێگیر نیەو گرنتی بەردەوامی نیە، بەو پێیەی . یەكەم/ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆیان دێت كە ( 317 ملیار دینار)ە گرنتی بەردەوامی نیە، بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، ناردنی پارە لە بەغداوە كاتیە تاوەكو بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە لە ڕۆژنامەی وەقائع و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە( ٢٥٠ هەزار )بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، نەك هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەغداش پارە بدات، پێشی وایە ئەم كارەی حەیدەر عەبادی لەپێناو ئەوەدایە پشتیوانی كورد بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەركاتیش كرایەوە سەرۆك وەزیران، یاسای بودجە جێبەجێدەكات. "ســەرچاوەكانی داهــاتی وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی موچە جێگیر نین لە ( پارەی بەغداد ، داهاتی نەوت ، پارەی ئەمریكا، داهاتی ناوخۆ ) بۆیە هیچ گرەنتیەك نیە بــــۆ جێبەجێكردنی سیستمی نــــوێی موچە" دووەم/ مانگانە بڕی ( 375 ملیار ) دینار لە داهاتی نەوت دەست دەكەوێت، چونكە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ( 370 هەزار بەرمیل ) نەوت بەرهەمدەهێت و نزیكەی ( 335 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەی بۆ ناوخۆیە، كە بەپێی راپۆرتی ( سۆمۆ) هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا ( مارس ) رۆژانە ( 344 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە. بەڵام ئەم پارەیە گرنتی نیە لەبەر ئەوەی:. ا- هەركات یاسای بودجە لە بەغداد جێبەجێبكرێت پێویستە هەرێم رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیل نەوت بداتە بەغداد، ئینجا بەغداد پارە دەنێرێت. ب- زۆرجار فرۆشتنی نەوت هەرێم كێشەی تێ دەكەوێت لە ( رەوانەكردن ، فرۆشتن، هێنانەوەی داهاتەكەی، كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت ). بۆیە پارەی نەوتەكەی هەرێمیش كە مانگانە ( 375 ملیار) دینارە گرەنتی نیە لە كاتی خۆیدا مانگانە بگاتە دوەستی وەزارەتی دارایی و ئەویش دابەشی بكات. سێیەم/ ئەو پارەیەی ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بڕەكەی ( 25 ملیار دینار)ە كۆمەڵێك مەرج و پێوەری توندیان دیاری كردووە لەبەرامبەر پێدانیان بە پێشمەرگە ئەویش پشتی پێنابەسترێت. چوارەم/ داهاتی ناوخۆ كە بڕكەی مانگانە ( 120 ملیار دینار)ە كەم و زیاد دەكات و ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێبكرێت ئەبێت ئەو داهاتانە بەتایبەتیش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان بگەڕێنەوە بەغداد، كەواتا ئەو داهاتەش گرەنتی نیە. بۆیە بە هەموو پێوەرێك ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران هیچ گرەنتیەكی نیە بەردەوام بێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیڤد شۆڵكن وەزیری جەنگاوەرە دێرینەكانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و رۆنی جاكسۆن پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی لە شوێنەكەی دانا. ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت" خۆشحاڵم كە رایدەگەیەنم ئەدمیراڵ رۆنی ئیل جاكسۆن كە رێزێكی زۆری هەیە بە وەزیری نوێی كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكانی دادەمەزرێنم." ترەمپ دەشڵێت" زۆر مەمنونی ئەو خزمەتەم كە شۆڵكن پێشكەشی وڵاتەكەمان و جەنگاوەرە گەورەكانمانی كردووە." ترەمپ رونیشیكردەوە تا یەكلاكردنەوەی دانانی جاكسۆن ، رۆبەرت ویلكی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات. وەزارەتی كاروباری جەنگاوەر دێرینەكان گەورەترین وەزارەتە دوای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و 310 هەزار كەس كاری تێدا دەكەن و رۆبی جاكسۆن كە ترەمپ وەك وەزیری نوێی ئەو وەزارەتە دەستنیشانیكردووە تەمەنی 58 ساڵە و لە ویلایەتی تەكساس لە دایكبووە و ساڵی 2005 لە عێراق كاری كردووە لەسەردەمی جۆرج بوشی كوڕ و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی بووە. لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ چەند وەزیر و بەرپرسێكی ئیدارەكەی دوورخستوەتەوە كە دواهەمینیان ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە و ژەنەراڵی هێربەرت ماكمستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوون.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ پارتێكی نوێ لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكانی شاری رەققەی سوریاوە دامەزرێنرا كە ماوەیەكە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە دەست رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" رزگاركراوە. پارتە نوێكە ناوی " پارتی سوریای دوارۆژ" ە و هەموو پێكهاتەكانی شاری رەققە لەخۆدەگرێت و كۆنگرەی دامەزراندنیشی لە شاری رەققە بەڕێوەچوو رۆژی سێشەممە " ئیبراهیم قەفتان" بە سەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا. ئیبراهیم قەفتان 51 ساڵ لە نەتەوەی عەرەب و خەڵكی شاری مەنبجە و كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی بەیروت تەواوكردووە و بەهۆی بیروبۆچونە سیاسییەكانیەوە لەلایەن حكومەتی سوریاوە دەستگیركراوە و ساڵی 2014 ماوەی مانگ و نیوێكیش لە شاری باب لەلایەن داعشەوە دەستگیركراوە و شوباتی ساڵی رابردووش بە هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی دەسەڵاتی خۆسەری دیموكراتی مەنبج هەڵبژێدرا. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی " هاوارنیوز" لینا بەرەكات ئەندامی پارتی سوریای دواڕۆژ دەڵێت " دۆخی سوریا و ململانێكانی ئێستای سوریا و دەستوەردانی دەرەكی و ئیقلیمی و ئامادەنەبوونی هێزێكی سیاسی بۆ ئاراستەكردنی گەلی سوریا و بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوریا بووە هۆی خستنەڕووی بیرۆكەی دامەزراندنی پارتێك كە نەتەوەكان تێپەڕێنێت." بەوتەی لینا بەرەكات پارتی سوریای دواڕۆژ جیاوازە لە هەموو پارتەكانی تری سوریا و بڕوای بە یەكسانی نێوان ژن و پیاو هەیە و هەوڵدەدات بۆ یەكگرتوویی خاكی سوریا و هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی رەتدەكاتەوە.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ دواجار سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی 2018ی عێراقی رەوانەكرد بۆ وەزارەتی داد بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی فەرمیدا بڵاوبكرێتەوە یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەناڵی عێراقیە لە هەواڵێكی بەپەلەدا رایگەیاند دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە، بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی رەسمیدا بڵاوبكرێتەوە. سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای مشتومڕێكی زۆر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2018 پەسەندكرد و یاساكەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماركرد بۆئەوەی پەسەندی بكات. رۆژی 13ی ئازار ئەمیر كینانی راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم یاسای بودجەی رەتكردەوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە بەهۆی ئەوەی پێشێلكاری یاسایی و دەستوری تێدایە. بە گوێرەی مادەی 73 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق " سەرۆك كۆمار یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكات، دوای 15 ڕۆژ لە بەدەستگەیشتنی یاساكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە"، واتە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ڤیتۆكردنی یاسا پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی نییە و خودی حەیدەر عەبادیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە بودجەی وڵات ڕابگرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دا، هیوادارین كۆپی یاساكە كە لە سەرۆكایەتی كۆمارە بگاتەدەستمان، بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. یاسای بودجە گەڕێنرایەوە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەنجومەنەكە بەبێ دەستكاریكردنی گەڕاندییەوە سەرۆكایەتی كۆمار. بۆئەوەی یاسای بودجە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوبكرێتەوە، ئێستاش وەزارەتی داد كە ئەو ئەركەی پێ سپێدراوە كەوتوەتە نێوان بەرداشی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران. رۆژی 25ی ئەم مانگە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێكی فەرمی و دەقی یاسای بودجەی 2018ی ئاراستەی نوسینگەی وەزیری داد كردووە و داوادەكات بە گوێرەی مادەی 73 بڕگەی سێیەمی دەستوری عێراق و بەرچاوكردنەوەی ئەوەی ماوەی یاسایی سەرۆك كۆمار بۆ پەسەندكردنی یاساكان، یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبكرێتەوە و ژمارەی رۆیشتوو" صادرە"ی دواهەمین یاسای پێ بدرێت كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە رەوانەی وەزارەتی داد كراوە. لەكاردانەوەی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەی كۆماری عێراق رۆژی 27ی مانگ نوسراوێكی ئاراستی وەزارەتی داد كردووە و دەڵێت " پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان و دەركردنیان بە گوێرەی دەستور لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە دەكرێت، لەبەرئەوە فەرمانگەی وەقایعی سەر بە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران مافی ئەوەی نیە رێگە بە بڵاوكردنەوەی هیچ یاسایەك بدات." سەرۆكایەتی كۆمار دەشڵێت" داواكاری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی 2018 پێشێلكارییەكی رون و ئاشكرای مادەكانی دەستور و یاسای بڵاوكردنەوەیە لە رۆژنامەی رەسمیدا." سەرۆكایەتی كۆمار هۆشداریشیداوە لەوەی كە هەر لایەنكێك بەبێ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبكاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.
راپۆرتی : محەمەد رەئوف ئێستا گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی خۆپیشاندانەكان لەبری میدیای بینراو لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاودەبێتەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە سەرچاوەی گواستنەوەی خۆپیشاندانەكان، رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە رێگریكردن و گرتنی پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و رێگە نەدانیان بە روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری هەولێر و دهۆك. لەماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا دەیان رۆژنامەنوس دەستگیركران و ژمارەیەكی زۆری پەیامنێر و رۆژنامەنوسی دیكە لێیان دراوە و كەلوپەلەكانیان لێسەندراوە، ئەو چەند رۆژەی خۆپیشاندانەكان سەرەرای گرتن و لێدان و سوكایەتیكردن بە خۆپیشاندەران رۆژانێكی رەش بوون بۆ رۆژنامەنووسان و مێدیاكاران، لەو چەند رۆژەدا پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی ( NRT . KNN . PAYAM . SPEDA . XENDAN ) و چەندین دەزگاو میدیای دیكە، لە هەولێر و دهۆك دەستگیردەكرێن و لێیان دەدرێت و كەل و پەلەكانیان لێدەستێنرێت و سوكایەتیان پێدەكرێت. ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە گەیشتوەتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لە راپۆرتێكدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International " رایگەیاندووە" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لەلایەن خۆشیانەوە لیژنەی داكۆكی لەرۆژنامەنوسان داوادەكات حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر ڕۆژنامەنوسان بكات ئەوانەشی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە بدرێنە دادگا.ڕۆبەرت ماهون بەڕێوەبەری لیژنەكە دەڵێ بەرپرسانی هەرێم بەردەوام دەڵێن كە پشتگیری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەكەن، دواین نمونەی ڕەفتاری بەڵتەجیانە لەلایەن چەند هێزێكی ئەمنیی هەرێمەوە پێچەوانەی ئەو قسەیە دەڵێن، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات ئەو كەسانەی هێرشەكانیان ئەنجام داوە ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و تەواوی ئەو كەلوپەلانەشی كە براون ڕادەستی ڕۆژنامەنووسانی بكاتەوە. بەشێك لەو رۆژنامەنووسانی دەستگیركراون و ئازاردراون و رێگریان لێكراوە:. - دلبرین غازی پەیامنێری كوردسات لە ئاكرێ دوای هێرشكردنەسەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێت و كەل و پەلەكانی دەشكێنرێت - ڕادیۆی ئاكرێی یەكگرتوو دەستی بەسەرداگیرا - سیروان زێباری بەڕێوەبەری ڕادیۆی پەیامی یەكگرتوو لە شاری ئاكرێ دەستگیركرا - لەزاخۆ ئاسایشی دەستیگرتووە بەسەر كەلوپەلی كەناڵی خاپیر كە كەناڵێكی ناوخۆیی خاوەن جەماوەری یەكگرتووە لە شاری زاخۆ - دڵشاد هیمۆ، پەیامنێری خەندان لە شاری دهۆك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە - یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایانی دهۆك لەگەڵ ستافەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرشكرایە سەریان و خۆی دەستگیر كرا و دەستبەسەر تەواوی كەلوپەلی رۆژنامەوانی ستافەكەی سپێدەشدا گیرا. - ئاكار فارس ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدە، لەدوای ئەوەی دوێنێ سێ شەممە لە ناوخۆپیشاندانەكان لەهەولێر - ئاراس عەزیز و موتەلیب خۆشەوی پەیامنێرو كامێرەمانی كەناڵی ئاسمانیی پەیام لەهەولێر دەستگیركران - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی NRT لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی KNN لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی پەیام لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی سپێدە لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران و شێلادزێ پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە - دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنوس و پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی لە هەولێر - پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە هەولێر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان و روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری ( JFO ) لە راگەیەنراوێكدا چەندین چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆماركردووە لە ( لێدان ، گرتن، سوكایەتیكردن، رێگریكردن) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆماركراوە، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بە گرتنی هوما ئاراس و عەزیز موتەلیب پەیامنێر و كامێرامانی كەناڵی پەیام كردووە لەگەڵ ئاكار فارسی پەیامنێری سپێدە لە هەولێر دەستگیركراون، هاوكات یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە دهۆك و دڵشاد هیمو پەیامنێری خەندان لەدهۆك روبەرووی گرتن و لێدان بوونەتەوە هاوكات پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی روبەرووی لێدان و گرتن بۆتەوە لە شاری هەولێر. هاوكات دڵبرین شێروانی پەیامنێری كوردستات و وریا حەمەنوری پەیامنێری NRT و بەشدار عوسمان و سیروان زێباری روبەرووی لێدان و گرتن بونەتەوە، لەگەڵ گرتنی عەمار رەجەب كامێرامانی NRT . راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە هەموو ئەو كارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراون. لقی هەولێری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای ئازادكردنی رۆژنامەنووسان دەكات و رایگەیاندووە، لە هەولێر ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە ئەنجامی رۆماڵكردنی خۆپیشاندانەكاندا دووچاری پێكان و رێگریی لێكردن و دەستگیركردن بونەتەوە. هەر جۆرە توندو تیژییەك و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بە پێشێڵكاری راستەوخۆ دەزانین بۆسەر رۆژنامەنوسان و ئازادی كاری راگەیاندن و ئازادییەكان، ئەو پێشێلكاریانە هیچ خزمەتێك بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ناكات، بەڵكو سەرەنجام ئەم جۆرە كارانە دەبنە هۆی زیاتر لەكەداركردنی ئەزمونی سیاسی كوردستان. هاوكات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوكردەوە، لە هەندێ ناوچە پێشیلكاری زەق بەرامبەر چەند رۆژنامەنوس و پەیامنێر و وێنەگری هەندێ كەناڵ كراوە دەست گیراوە بەسەر كامیراو كەلوپەلەكانیان، دوپاتی دەكەینەوە دەبێت ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی بگیرێت و نابێت رۆژنامەنوسان چ خۆیان چ لەلایەنی بەرامبەرەوە بە ئامانج بكرێن و ببنە بەشێك لە خۆپیشاندەر و شیكەرەوەی ڕووداوەكان. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە ( 35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنووسی، رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی هەیە لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا، لە بڕگەی پێنجی مادەی حەوتدا هاتووە: هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنوو بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە). بەڵام لە خۆپیشاندانەكاندا ئەوەی سوكایەتی بە رۆژنامەنووسان دەكات و دەستگیریان دەكات و كەل وپەلەكانیان لێدەستێنێ و رێگریان لێدەكات هێزە ئەمنیەكانی سەربەحكومەت خۆیەتی، تا ئێستاش لێپێچینەوە بەرامبەر كەس نەكراوە و كەسیش لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانە نەكراوە.
بەپێی نوسراوێك كە لەلایەن سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی ماقی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە كە ژمارە( 7 ، 50)ی لەسەرەو بەرواری 13/8/2013ی لەسەرە، پلەو موچەی نوێنەر و كارمەندانی نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە، بەم شێوەیە موچەكانیان رێكخراوە، بەپێی نوسەراوەكە بێت، نوێنەری حكومەتی هەرێم (8500$ هەشت هەزار و پێنج سەد دۆلار) وەردەگرێت كە دەكاتە( 85 گەڵا) و بە دیناری عێراقیش دەكاتە ( 10 ملیۆن و 200 هەزار دینار) كە لە ئێستادا زۆرینەی مامۆستا و فەرمانبەرانی موردستان بە نزیكەی ( 400 هەزار دینار) مانگانە وەردەگرێت بەو پێیەش موچەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەدەرەوە ( 26 ) ئەوەندەی موچەی مامۆستایەك یان كارمەندێكی حكومیە، هاوكات موچەی جێگری نوێنە بە (7000$ حەوت هەزار دۆلار ) دانراوەو كارمەندی ژمارەیەك موچەكەی (6500$ شەش هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە دوو (5500$ پێنج هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە سێ (4500$ چوار هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە چوار(3500$ سێ هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە پێنج(2500$ دوو هەزار و پێنج سەد دۆلار) موچەكەیەتی.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International " كە رێكخراوێكی قازانج نەویستی نێودەوڵەتییە و بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە سەر هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان هاتە دەنگ و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" بە وتەی ئەو شایەدحاڵانەی چاوپێكەوتنمان لەگەڵدا کردوون هێزەكانی ئاسایشی هەرێم ئەو چەكدارانەی كە جلی مەدەنیان لەبەردابووە، توندوتیژیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان." هەروەها دەشڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لە كۆتایی بەیننامەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوە دەڵێت " پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ سنورێك دابنێن بۆ لێدان و تەنگپێهەڵچنین و ترساندن و تۆقاندنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و لەسەریان پێویستە دۆخێك بێنە ئاراوە كە هەمووان بەبێ هیچ دەستێوەردانێك ناڕەزایەتی ئاشتیانەی خۆیان دەرببڕن".