یەکێتی: بێ منەتین لە لێکۆڵینەوە لە ئەنجامەکان
2018-05-13 11:26:33
ئەنجامە نافەرمییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دۆخی سلێمانی ئاڵۆزكرد، بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شویعی كوردستان بە ئەنجامەكان قایل نین و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان دەكەن.
ئەو لایەنانە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تۆمەتبارددەكەن بەوەی كە ساختەكاری كردووە و لە رێگەی هاككردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی دەنگدانەوە دەستكاری دەنگەكانی كردووە لە بەرژەوەندی خۆی.
گوشاری ئەو لایەنانە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقی ناچاركرد سێ لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تۆمەتباركراوە بە هاككردنی سیستمی ئەلیكترۆنیی دەنگدان، ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە و بڕوای وایە كە ئەو ئەنجامانەی بڵاوكراونەتەو دەنگی فەرمیی حزبەكەیەتی.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند حزبەكەی بێ منەتە لە لێكۆڵینەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن و پابەندی هەر بڕیارێكیش دەبن كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەریبكات.
پیرە وتیشی ئەوانیش لە ئەنجامی دەنگەكانیان لە دهۆك و موسڵ و هەولێر ناڕازین و سكاڵا تۆماردەكەین.
دەربارەی هاككردنی ئامێرەكانی دەنگدانیش سەعدی پیرە وتی: “سهرجهم پڕوپاگهندهكان ڕهتدهكهینهوه و ناكرێت له شارێك جیهازی دهنگدان هاككرابێت و له شارێكی تر هاكنهكرابێت ئهو سیستمه، سیستمێكی سهرتاسهرییه و ئهگهر هاككرابێت دهبێت لهسهرتاسهری عیراق هاككرابێت، خۆ ئهو سیستمه فهیسبوكی كهسێك نیه كه هاككرابێت. ئهو لایهنانهی كه ناڕازین، چونكه ئهنجامهكهیان به دڵی ئهوان نهبووه دهڵێن هاككراوه و ساختهكاری كراوه، ئهوه كۆمیسیۆنه بڕیار دهدات نهك ئهو لایهنانه ئهوانه دهیانەوێت له گهڵ گورگ گۆشت بخۆن و لهگهڵ مهڕیش شیر بخۆنهوه”.
ئاڵۆزبوونی دۆخی شاری سلێمانی بەهۆی راگەیاندنی ئەو ئەنجامە نافەرمیانەوە پارێزگاری سلێمانی هێنایە سەرخەت، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ پاراستنی بێلایەنی هیچ بەشدارییەكی نەكرد، لە پەیامێكدا داوا لە كۆمسیۆن دەكات گومانەكانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان برەوێنێتەوە، ئاماژە بەوەش دەكات ئەنجامە بەراییەكان گومانی لای هەمو قەوارە سیاسییەكان دروستكردووە.
هەڤاڵ ئەبوبەكر لەپەیامەكەیدا دەڵێت “ئەنجامە بەراییە ڕانەگەیەنراوەكانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، گومان و ناڕاستی لای ھەموو قەوارە سیاسییەكان دروستكردوە و لەبری ئەوەی ھەڵبژاردنەكان ئارامیی وئاسایش بێنێتە كایەوە، بونەتە مایەی تێكدانی ئاسایش و ئارامیی خەڵك و قەوارە سیاسییەكان لە پارێزگاكەماندا”.
پارێزگاری سلێمانی داواش لە كۆمسیۆن دەكات پەلە بكات لە یەكلایكردنەوەی بابەتەكە و گومانەكان بڕەوێنێتەوە.