كۆمسیۆن لە بەغداوە سێ لیژنە دەنێرێتە هەرێمی كوردستان
2018-05-13 07:09:40
د.دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردوەتەوە، ئەمڕۆ 13-5-2018، بەغدا سێ لیژنە دەنێرێتە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، دەشڵێت : ئەو لیژنانە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیە لە سكاڵاكانی تایبەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن.
ئەنجامی بەرایی دەنگەدانی گشتی بۆ بەشێك لە هێزەكان جێگای شۆك بوو، هەرزوو بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند ئامێری ئەلیكترۆنی دەنگدان هاككراوە، دواتر هەریەك لە ( هاوپەیمانی، گۆڕان ، كۆمەڵ، یەكگرتوو) كۆبونەوە و ئەنجامی دەنگدانیان رەتكردەوە لە راگەیەندراوەكەدا، كە دوو خاڵی سەرەكی لەخۆگرتوە، تێیدا هاتووە: "كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە".
لە خاڵی دووەمیشدا هاتووە: "داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین".
دەقی راگەیەندراوی هاوبەش
1- كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی رەتدەكەینەوەو پابەند نابین بە ئەنجامەكانەوە.
2- داوای دوبارەكردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین.
سەركەوتن بۆ ئیرادەی حەقخوازانەی گەلەكەمان
بزوتنەوەی گۆڕان – هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری – كۆمەڵی ئیسلامی – یەكگرتووی ئیسلامی
12ی ئایاری 2018