كێ بوون هێرشیانكردە سەر گردی زەرگەتە؟
2018-05-13 07:58:58
( درەو میدیا)
(هێرشی سەر گردی زەرگەتە دوای چەندین تەلەفۆن و شەڕە قسەی نێوان سەركردەكانی گۆڕان و یەكێتی بووە ) لە دوای كاتژمێر 8ی شەو دوای بڵاوكردنەوەی بەشێك لە ئەنجامی بەرایی دەنگەكان و راگەیەنراوی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئامێری دەنگدانەكە هاكکراوە لەلایەن یەكێتیەوە، بافڵ تاڵەبانی تەلەفۆن بۆ سەركردەكانی گۆڕان دەكات و پێیان دەڵێت: پێویست ناكات بەو شێوەیە كاردانەوەتان هەبێت ئەوە ئەنجامەكەیە و پێویستە قبوڵی بكەن، بەرپرسانی گۆڕان پێی رادەگەیەنن ئەو ئەنجامە بە كێ قبوڵ دەكرێت، ساختەكاریش دەكەن بەو شێوەیە، بافڵ دەڵێت ئێمە پێمان باشە قبوڵی بكەن و ئیتر ئەوە ئەنجامەكەیە و تەواو، سەركردەكانی گۆڕانیش دەڵێن هەرگیز ئەو ئەنجامە قبوڵناكەین، پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە كۆتایی دێت.( بەپێی وتەی سەركردەیەكی باڵای گۆڕان )
دوای نیو كاتژمێر شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە تەلەفۆن بۆ سەركردەكانی گۆڕان دەكات و پێیان دەڵێت ئەو هەڵایەتان لە چیە ئەوە ئەنجامەكەیە و دەبێت قبوڵی بكەن، سەركردەكانی گۆڕانیش زۆر بە توندی وەڵامی دەدەنەوە و ماوەی زیاتر لە 20 خولەك شەڕە قسە و هەڕەشە لە نێوانیاندا روودەدات، لە كۆتاییدا شێخ جەعفەر بە سەركردەكانی گۆڕان دەڵێت: ئەگەر قبوڵی نەكەن دێینە سەرتان، سەركردەكانی گۆڕانیش دەڵێن بفەرموون وەرن چێتان لەدەست دێت بیكەن، دواتر شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە هێزێكەوە دێتە سەر گردی زەرگەتەوە بە دۆشكە و ئاربیجی تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و بەتایبەتیش قاتی دووەمی بینای مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كە شوێنی دانیشتن و كۆبوونەوەكانی نەوشیروان مستەفا بووە چەندین گولەی بەردەكەوێت و لە قاتی سێیەمی بیناكە كە ژووری سایتی سبەیە چەندین گولەی بەردەكەوێت، قاتی سەرەوەی بیناكە كە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانە ئەویش ژمارەیەك گولەی بەردەكەوێت، واتە هێرشەكە بە رێكخراوی بووە و تەقەكردنەكەش ئامانجدار بووە، چونكە لەو كاتەدا لە قاتی دووەمی بیناكە لە شوێنی دانیشتنی نەوشیروان مستەفا وەفدی ( كۆمەڵ ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی ، گۆڕان ) لە كۆبونەوەدابوون.
لە بەرامبەر ئەو تەقانەی هێزەكەی شێخ جەعفەر پاسەوانانی مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕانیش وەڵامیان دەدەنەوە و بۆ ماوەیەك شەڕە تەقە دروست دەبێت و ژمارەیەك كەس برینداردەبن .
ساتی تەقەكردن لە گردی زەرگەتە
دواتر بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە لایەنگرانی دەكات بۆ پارێزگاری لە گردی زەر گەتە بێنە گردەكە و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆری لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەچنە گردەكە بۆ پارێزگاری لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای شەڕە تەقەكەش سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەمان بینا دەبن كۆبونەوەكانیان چڕدەكەنەوە و بۆ پەیوەنیدكردن بە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، سەرەنجام رازی دەبن لیژنەیەكی باڵای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بێتە سلێمانی لێكۆڵینەوە لە دەنگەكان بكات و جارێكی تر دەنگەكان بە دەست ببژێردرێنەوە .
...............
تەواوی زانیارییەكان لە سەركردەیەكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕانەوە وەرگیراوە ...