وەرگێڕان و ئامادەکردنی: نامیق رەسول هەموو كەسێك چەند خولیا و ئارەزوویەكی تایبەت بەخۆی هەیە و لەكاتی دەستبەتاڵیدا خۆی پێوە سەرقاڵدەكات، ئەوەش و ئەوەش بەسەر هەمووماندا بەبێ جیاوازی جێبەجێدەبێت هەتا دیكتاتۆرەكانیش. دوور لە سیاسەت و جەنگ سیاسەتمەداران و سەركردەكان هاوشێوەی هەموو مرۆڤێك خاوەنی چەند خولیا و ئارەزوویەك بوون و لە لایەن رۆژنامەنوسان و نوسەران و مێژوونوسانەوە تۆماركراون. لێرەدا خولیا و ئارەزووی پێنج دیكتاتۆری جیهان دەخەینەڕوو: ئەدۆڵف هیتلەر لە چلەكانی سەدەی رابردوودا كۆمپانیای دیزنی تەمەنی نزیكەی 20 ساڵانێك دەبوو، بەڵام هیتلەر هەر لەسەرەتاوە عاشقی بوو، هیتلەر زۆر حەزی لە فیلمەكانی بوو بە تایبەتی فیلمی " سپی بەفر" كە ساڵی 1938 بەرهەمهێنرا، هەروەها هیتلەر خولیای خوێندنەوەی كتێب و بە تایبەتی كتێبی سەركێشی بوو.. سەدام حسێن لە كتێبێكدا كە دەربارەی ژیانی سەدام حسێن ئاشكراكرا كە سەدامی دیكتاتۆر زۆر حەزی لە پەتاتەی " چیتۆس" و " دۆریتۆس" بووە و بەردەوام خواردوویەتی جگە لەوەش سەدام زۆر ئارەزووی لە خوێندنەوە بووە خۆشی چوار رۆمان و چەند هۆنراوەیەكی نوسیوە و زۆرینەشیان دەربارەی پاڵەوانێتی گەلی عێراق بووە بەرامبەر هێزەكانی خۆرئاوا. عیدی ئەمین دادا سێیەم سەرۆکی ئۆگەندا لە ساڵی 1971 بۆ 1979 ، بە ستەمكردن و سەركوتكردن تۆمەتباردەكرا و لەلایەن گەلی ئۆگەنداوە نازناوی سەربڕی ئەفریقای پێبەخشرا، عیدی ئەمین زۆر سكۆتلەندای زۆر خۆشەویست و بەردەوام سەرسوڕمانی خۆی بەو وڵاتە دەربڕیوە و خولیای ئەوەشی هەبووە كە بەردەوام نازناوی بۆ خۆی هەڵبژاردووە لەوانەش " سەرۆكی هەمیشەیی ئۆگەندا"، " مارشاڵ" ، "حاجی" ، " توێنەری ئیمپراتۆریەتی بەریتانی" ، دواهەمین پادشای سكۆتلەندا". موعەمەر قەزافی لە ساڵی 1987دا تیمی ئەڵمانی هەڵخلیسكانی سەر سەهۆڵ " " iserlohn roosters مایەپووچ بوو داوای هاوكاریان لە قەزافی كرد هەرچەندە ئەڵمانیا رەتیكردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قەزافی زۆر خولیای یاری هۆكی و هەڵخلیسكانی سەر سەهۆڵ بوو. جۆزێف ستالین لە ساڵی 2009 دا نزیكەی تابلۆ خرانەڕوو كە ئیمزای ستالینیان لەسەر بوو، زۆرینەی ئەو كەسایەتییەكانی ناو ئەو كارە هونەرییانە كەسانێك بوون كە پۆشاكیان لەبەردا نەبوو رووت بوون، هەروەها ستالین هەندێك تێبینی دژی چەند كەسێك دەنوسی وەك " قژ سوری شەڕانگێز " خولیایەكی نامۆی هەبوو .
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەرێمی كوردستان ( ٤٤) كورسی بەردەكەوێت بە جۆرێك هەولێر ( ١٥ ) كورسی ، سلێمانی ( ١٨ ) كورسی و دهۆك ( ١١ ) كورسی، هەروەها ( 3073485 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە بەجۆرێك پارێزگای هەولێر( 1041837 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە پارێزگای سلێمانی( 1343521 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە پارێزگای دهۆك( 668127 ) كەس مافی دەنگدانی هەیە. لە هەڵبژاردنی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەكی زۆری لیست و قەوارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد لە هەرێمی كوردستان بەڵام تەنها تەنها (٥) لیست دەنگی كورسیان بۆخۆیان مسۆگەر كرد، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێنا و ( ١٧ ) كورسی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (٤٩٦٥٣٦) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١١ ) كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان (٤٧٢٥٠٣) بەدەستهێناوەو ( ٩ ) كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش (١٩٢١٧٩) دەنگ و ( ٤ ) كورسی و و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانیش (١٤٠٧٧١) دەنگ و ( ٣ ) كورسی بەدەستهێناوە، كە رێژەی دەنگ و كورسی لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان بو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جینا هاسپێڵی كردە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ناوەندی (CIA)، جینا یەكەمین ژنە لە مێژووی ئەمریكادا ئەم پۆستە وەردەگرێت. ترەمپ بەرلەوەی جینا هاسپێل بكاتە سەرۆكی (CIA)، سەرەتا لە پۆستی جێگری سەرۆكی دەزگاكە داینا، هەر ئەوكاتەی كە وەك جێگر دەستبەكاربوو، لەناوەندی سیاسی ئەمریكادا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، زۆربەی خەڵك وەكو هەنگاوێكی گرنگ تەماشای دانانی ژنێكیان كرد لە پۆستی جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگریدا، یەكێك لەوانەی كە پێشوازی لە هەنگاوەكەی ترەمپ كرد بۆ دانانی جینا هاسپێل، جیمس كلابەر بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوو لەسەردەمی باراك ئۆبامادا. ئەو ژنە كێییە كە سەرۆكایەتی مەترسیدارترین دەزگای ئەمریكا دەكات ؟ لەگەڵ دانانی لە پۆستی سەرۆكایەتی (CIA)، میدیاكانی جیهان هەر زوو كەوتنە بڵاوكردنەوەی چیرۆكی ژیانی جینا هاسپێل. بەپێی زانیارییەكان ئەم ژنە پێشتر سەرۆكایەتی دۆسیەی زیندانە نهێنییەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای كردووە لەسەرتاسەری جیهاندا، ئەو زیندانانەی كە تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆریان تێدا بەندكراوە و دەوترێت ئەشكەنجەی جۆراوجۆر دراون، میدیاكانی جیهان ئەو زیندانە نهێنیانەی ئەمریكایان لەسەر ئاستی جیهان ناوناوە "چاڵە رەشەكان". جینا هاسپێل ئەفسەرێكی پیشەگەری هەواڵگری ناوەندی ئەمریكایە، وەك باسدەكرێت لەناو هاوڕێكانی كاریدا رێزێكی تایبەتی هەیە، ئەو لەو بەرپرسە ئەمنییانەی ئەمریكایە كە پشتیوانی لە هەماهەنگی و تەواوكاری لە كاری نێوان دەزگا هەواڵگرییەكان دەكات. "جینا لەوپەڕی زیرەكی و نیشتیمانپەروەریدایە و دڵسۆزە و شارەزاییەكی هەیە لە هەواڵگری ناوەندیدا كە ماوەكەی 30 ساڵە، سەلماندویەتی سەركردە و بە توانایە و سەرچاوەی سروشتە بۆ كەسانی دەوروبەری" ئەمە قسەی مایك پۆمپیۆ بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریكایە سەبارەت بە جینا. هاسپێل ساڵی 1985 چوەتە ناو دەزگای هەواڵگرییەوە، هەموو ژیانی پیشەیی خۆی بە دوور لە دەركەوتن و روناكی بەسەربردووە، ئەمە وایكرد ساڵی رابردوو كاتێك ترەمپ كردی بە جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، میدیاكان نەیانتوانی بە ئاسانی وێنەی ئەم ژنە دەستبخەن. هاسپێل سەرپەرشتی زیندانێكی نهێنی دەزگای هەواڵگری ئەمریكای كردووە لە تایلەند كە پرۆسەیەكی توندی لێپرسینەوەی تێدا بەڕێوەچووە لەگەڵ هەریەكە لە عەبدولڕەحمان نشێری و ئەبو زوبەیدەدا. پێنج زانیاری لەبارەی هاسپێل: • هەندێك كەس تۆمەتباری دەكەن بە بەڕێوەبردنی پرۆگرامی لێپرسینەوەی "چڕ"ی تۆمەتبارانی كەیسی تیرۆر كە ئەو پرۆسانە زۆرجار تا ئاستی ئەشكەنجەدان رۆشتوون، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتەكانی لیژنەی هەواڵگری ئەمریكا لە ئەنجومەنی پیران. • ساڵی 2002 بەرپرس بووە لە زیندانی هەواڵكری ناوەندی ئەمریكا لە تایلەند، ئەو كەسانەی كە لەو زیندانەدا دەستبەسەربوون ئەشكەنجەی "وەهمی نوقومبون لە ئاودا"و چەندین جۆری تری ئەشكەنجەدا دراون. • سەرپەرشتی پرۆسەی لێپرسینەوەی توندی كردووە لەگەڵ ئەبو زوبەیدە و عەبدولڕەحمان نشێری لە زیندانەكانی دەزگای هەواڵگری لە تایلەند. • ناوی جینا هاسپێل لە بروسكەیەكدا هاتووە، تێیدا دەزگای هەواڵگری داوای لێدەكات هەموو ئەو تۆمارە وێنەییانە لەناوببات كە تایبەتن بە پرۆسەكانی لێپرسینەوە لە تایلەند. • جێگری بەرپرس بووە لە پرۆسەی روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ئاژانسی خوسیە رۆدریگیزدا. هاسپێل كە تەمەنی (61 ساڵ)ە، جێگای مایك پۆمپیۆی گرتەوە كە دوای دوورخستنەوەی ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە سەرۆكایەتی دەزگای هەواڵگرییەوە گواسترایەوە بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە. هاسپێل لە ژمارەیەكی زۆر دۆسییەی نهێنی هەواڵگری ئەمریكا لە دەرەوەی وڵات كاریكردووە، لە كۆتایی ساڵی 2000دا لە لەندەن كاریكردووە. ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت
رۆژی 19ی ئازار شەهیدبوونی (ئانا كامبڵ) كچە شەڕڤانی بەریتانیی تەمەن (26 ساڵ) لە عەفرین راگەیەنرا، بەوەش ژمارەی ئەو شەڕڤانە بەریتانیانەی لە شەڕی دژ بە داعش و سوپای توركیا شەهیدبوون، گەیشتە (8) شەڕڤان. تەنها بەریتانییەكان نین پەیوەندییان بە ریزەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل "یەپەگە" و یەكینەكانی پاراستنی ژنان " یەپەژە" كردبێت ، بەڵكو دەیان شەڕڤان لە سەرتاسەری جیهانەوە گەیشتونەتە رۆژئاوای كوردستان و لە ریزی شەڕڤانە كوردەكاندا دەجەنگن، پرسیاری سەرەكی ئەوەیە چ هۆكارێك ئەو شەڕڤانانە هاندەدات بێنە رۆژئاوای كوردستان؟ میسەر گیفۆرد شەڕڤانێكی بەریتانییە، ئەو یەكێكە لەو شەڕڤانانەی زۆر زوو پەیوەندی بە ریزەكانی یەپەگەوە كردووە، گیفۆرد لە چاوپێكەوتنێكدا كە ساڵی 2017 لەگەڵیدا كراوە باس لەوەدەكات كە چۆن كارەكەی لە لەندەن بەجێهێشتووە و خۆی گەیاندوەتە بەرەكانی جەنگ و دەڵێت" بەهۆی كارەكەمەوە كە لە بواری بانكدا بوو، رۆژانە رۆژنامەكانم دەخوێندەوە، چونكە كارەكەم پەیوەندی هەبوو بە دۆخی سیاسییەوە لە جیهاندا، من دەمزانی چی دەگوزرێت لە جیهاندا، بەڵام ساتی راستەقینەوە ئەوەبوو كاتێك ئاوارەبوونی نزیكەی 20 هەزار ئێزدیم بینی بەرەو چیای شەنگال لە عێراق". كاتێك جیهان بۆ وەستاندنی تاوانەكان بەرامبەر ئێزدییەكان جوڵەی نەكرد، گیفۆرد كارەكەی بەجێهێشت و پرۆسەی كڕینی خانویەكیشی هەڵوەشاندەوە كە لە كۆتاییدا بوو، هاوسەرەكەی بەجێهێشت بۆئەوەی بچێتە ریزی " یەپەگە" لە سوریا. گیفۆرد كە لە تەمەتی (17 ساڵی)یەوە ئەندامی پارتی پارێزگاران بووە لە بەریتانیا دەڵێت ئەزمونەكەی لە سوریا، رێبازی ژیانی لە رووی فیكرییەوە دەگۆڕێت" هەڵوێستی كوردەكان لە پرسەكانی وەك دیموكراتی و یەكسانی و ژیان بە شێوەیەكی گشتی مایەی خۆشحاڵییە، لەوێ یەكسانی هەیە هەتا لە بەرەكانی جەنگیش، ئەو فەرماندەیەی كە شەڕڤانەكان بڕوایان وابێت كە شایانی فەرماندەیی نییە، لە رێگەی دەنگدانەوە لادەبرێت". ئەزمونی رۆژئاوای كوردستان گیفۆرد لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا باس لە ئەزمونی كورد دەكات لە سوریا لە حكومڕانیكردنی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستیاندایە لەگەڵ هەلی سەركەوتن و گشتاندنی، لەوبارەیەوە دەڵێت" ئیمپریالیزم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستای بونیادناوە بەبێ رەچاوكردنی جیاوازییە ئاینی و نەتەوەییەكان لە ناوچەكەدا، ئێمە لە خۆرئاوا نەزانانە و بەزۆر بیروبۆچونی خۆمان بەسەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاندووە و ئەزمونی داگیركردنی عێراقمان لە ساڵی 2003 لەبەردەستدایە كە شكستهێنانی ئەو سیاسەتە دەسەلمێنێت. ئەركێكی نێونەتەوەیی زۆرینەی ئەو شەڕڤانە بیانیانەی لە رۆژئاوی كوردستانن بڕوایان وایە كە ئەركێكی نێونەتەوەیی جێبەجێدەكەن و بەرگری لە كوردەكانی سوریا و كەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەكانی دەكەن كە چەندین دەیەیە بوونەتە قوربانی پەراوێزخستن، بێ ئەوەی رایگشتی جیهان هیچ بایەخێكیان پێبدات، یەكێك لە ئەنجامەكانی شەڕ و ناكۆكی سوریاش ئەوەبوو كە تیشكی خستە سەر دۆخ و واقعیی ئەو كەمایەتییانە، ئەمەش سەرنجی چەندین چالاكی سیاسیی لە سەرتاسەری جیهاندا لە چەپ و ترۆتسكی و نێونەتەوەیی و بەرگریكارانی مافەكانی ژنان راكێشا، هەروەها ژمارەیەك لەو خۆرئاواییانەی كە دژی توندڕەوی ئیسلامی و رێكخراوەكانی وەك داعش و قاعیدە و گروپە جیهادییەكانن. ژنە شەڕڤانێكی بەریتانیی لە عەفرین شەهید دەبێت چالاكانی كورد و یەكینەكانی پاراستنی گەل و یەكینەكانی پاراستنی ژنان سەركەوتوو بوون لەوەی وێنەیەكی سەرنجڕاكێشیان پێشكەشی جیهان كرد لە شەڕیان دژ بە گروپە توندڕەوەكان و " ئازادكردنی ژنان و منداڵان" لە دەست چەكدارانی " دەوڵەتی ئیسلامی" و پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیەتی لەو ناوچانەی لە ژێر دەستیاندایە، كە پشت بە سیستمی كۆمۆنەی بچوك و كۆتاییهێنان بە ئەنجومەنە خۆجێییەكان دەبەستێت و نیوەی پۆست و كورسییەكانی ئەو كۆمۆنانەش بۆ ژنان تەرخانكراوەو هەموو پۆستێكیش بە هاوسەرۆكایەتی ژن و پێاوێك بەڕێوەدەبرێت. هەروەها تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە هەموو زمانە جیاوازەكانی جیهان باشترین چەك بوون بۆ ئەزمونی كورد لە سوریا و بۆ راكێشانی چەندین خۆبەخش و هەوادار لە دەرەوە، بروسك حەسەكە وتەبێژ بەناوی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" دەڵێت: دەیان شەڕڤانی بیانی بۆ شەڕكردن دژی گروپە توندڕەوەكان پەیوەندییان بە بەرەكانی شەڕەوە كردووە و ژمارەیەكیشیان بۆ بەرگریكردن لە كانتۆنی عەفرین لەدژی لەشكركێشی سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی سوریای سەر بە توركیا چونەتە عەفرین، سەرەڕای مەترسییەكانی گەشتكردنیان بۆ سوریا كە لەوانەیە روبەڕوویان ببێتەوە و هەتا مەترسی ئەوەش هەیە كە كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان روبەڕوی دەستگیركردن ببنەوە. بروسك حەسەكە وتی: ئێستا نزیكەی 150 شەڕڤانی بیانی لە ریزەكانی یەپەگە و یەپەژەدان. دەربارەی مەشق و راهێنانی شەڕڤانە بیانییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و سوریا، نوری مەحمود وتەبێژی یەكینەكانی پاراتی گەل " یەپەگە" دەڵێت: خۆبەخشە بیانییەكان مەشق و راهێنانی سەربازییان پێدەكرێت و خولی رۆشنبیریشیان بۆدەكرێتەوە بۆئەوەی نەریت و رۆشنبیری ناوچەكە و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا فێرببن و و خۆیان بگونجێنن. هەرچەندە یەكینەكانی پاراستی گەل لە شەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكان، بەڵام هەڵگری بیروڕای چەپن، لەو بارەیەوە رۆن كوبی پارێزەر هاوڕێكی رۆبەرت گروت كە ساڵی 2017 لە شەڕی رزگاركردننی رەققەدا كوژرا دەڵێت: گروت بەهۆی كاریگەربوونی بە بیری چەپی كورد پەیوەندی بە یەپەگەوە كرد. كوبی ئاماژە بەوەدەكات" رۆبەرت هەستی بەوەكرد كە ئەركێكی ئەخلاقی لەسەرشانە بەرگری لە دادپەروەری بكات و ژایەتی ستەم بكات بۆ خولقاندینی جیهانێكی دادپەروەرتر". ئامادەکردنی: نامیق رەسول
ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە، چەند ژنێكن كە لە ژمارەیەك بازنەی هەڵبژاردن، كاندیدی ژمارە یەكن و سەرۆكایەتی لیستەكانیان پێسپێردراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەر 18 پارێزگاكەی عێراق سەرۆكایەتی لیستێكی دیاریكراو دەكەن گەیشتوەتە حەوت ژن. ئەمە هەوڵێكە بۆ شكاندنی هەژمونی پیاوان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردن و ركابەری كردن لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەكەدا. هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیان بە رەگەزی مێ بەستووە، لەم هەڵبژاردنەدا بەو هیوایەی بتوانن سود لە (كۆتا)ی دیاریكراو بۆ ژنان وەربگرن و زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن. لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار: • لە بەغدادی پایتەخت كە زۆرترین كورسی لە پەرلەماندا هەیە، ژنێك سەرۆكایەتی لیستێك دەكات، ئەوەش پەرلەمانتار (ماجدە تەمیمی)یە كە سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " سائرون" دەكات و هاوپەیمانێتییەكە پێكهاتووە لە (رەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق و چەند حزبێكی مەدەنی تر). • لە پارێزگای بابل (حەنان فەتلاوی)ی كە لە دوو خولی پێشوودا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو، سەرۆكایەتی لیستی " ئیرادە" دەكات. • لە پارێزگای دیوانیە پەرلەمانتار (هودا سەجاد) سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " نەسر" دەكات كە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی سەرۆكایەتی دەكات و پێشبینی دەكرێت ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. كاندیدكردنی ژنان وەك سەرۆكی لیست لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان (چوار) ژن سەرۆكی لیستن: • لە پارێزگای سلێمانی (شلێر عەبدولمەجید) كاندیدی ژمارە یەكی لیستی حزبی شیوعی كوردستانە. • لە پارێزگای دهۆك (ڤیان سەبری) سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە. • لە كەركوك (جوان حەسەن) سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە. • لە هەولێر (تانیا تاهیر) سەرۆكی لیستی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستانە. دانان و دیاریكردنی كاندیدی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا ناكۆكی گەورەی لە نێو قەوارە و هاوپەیمانێتییەكاندا لێكەوتەوە، چونكە كاندیدەكان بڕوایان وایە بەدەستهێنانی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا سەركەوتنیان لە هەڵبژاردندا مسۆگەر دەكات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەندە بە هەڵوێستی دەنگدەران و ئارەزویان لە دەنگداندا.. بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق: • (6 هەزارو 904) پاڵێوراو هەن • پاڵێوراوەكان لەلایەن (25) هاوپەیمانێتی و (63) قەوارەی سیاسییەوە كاندیدكراون • كاندیدكراوەكان كێبركێی دەكەن لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، لەو هەڵبژاردنەدا ( 24.033.494 ) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە كۆی ( 38.354.563 ) كەس لە ژمارەی دانیشتوانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنە ( 3.266.092 ) دەنگدەر زیادی كردووە، كە لە دایكبوانی ( 1997 ، 1998 ، 1999، 2000 )ە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ( 329 ) ئەندام پێكهاتووە ، ( 320 ) ئەندامی گشتی و ( 9 ) ئەندامی كۆتا كە ( 5 ئەندامی مەسیحی ) و ( 1 ئەندامی ئێزدیی ) و ( 1 ئەندامی شەبەك ) و ( 1 ئەندامی سابیئە) و ( 1 ئەندامی كوردی فەیلی) . كورسیەكان بەم شێوەیە دابەش بوون بەغداد 69 كورسی و 2 كورسی مەسیحی + سائیبی نەینەوا 31 كورسی و 3 كورسی مەسیحی + ئێزدی+ شەبەك بەسرە 25 كورسی زیفار 19 كورسی سلێمانی 18 كورسی بابل 17 كورسی ئەنبار 15 كورسی هەولێر 15 كورسی و 1 كورسی مەسیحی دیالە 14 كورسی سەڵاحەدین 12 كورسی كەركوك 12 كورسی و 1 كورسی مەسیحی نەجەف 12 كورسی واست 11 كورسی و 1 كورسی فەیلی كەربەلا 11 كورسی دیوانیە 10كورسی دهۆك 11 كورسی و 1 كورسی مەسیحی میسان 11 كورسی موسەنا 7 كورسی
رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێك لە كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بەبۆنەی جەژنی (نەورۆز)ەوە خەڵك ئاهەنگ دەگێڕن، زۆرێك لەوانەی بەشداری ئەو ئاهەنگانە دەكەن بەتەواوەتی لە چیرۆكی جەژنەكە تێنەگەیشتوون، نەك هەر ئەوان مێژوونوسەكانیش لەبارەی چیرۆكی جەژنی نەورۆزەوە قسەی جیاوازیان هەیە. كورد و ئێرانییەكان و خەڵكی ئەفغانستان و چەند وڵاتێك و نەتەوەیەكی تری ناوچەكە نەورۆز بە جەژنی خۆیان دادەنێن. لەبارەی نەورۆزە بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بنچینەی وشەی نەورۆز لە وشەیەكی پەهلەوی كۆنەوە هاتوە و مێژووەكەی بۆ 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وشەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە: نەو: نوێ روز: رۆژ وشەی نەورۆز بەواتای (رۆژێكی نوێ) دێت. لەبارەی مێژوی نەورۆزەوە وەكو جەژنێكی میللی قسەوباسی جیاواز هەن: هەندێك لە مێژوونوسان چیرۆكی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە چاخی سۆمەرییەكانەوە و دەڵێن سۆمەرییەكان یەكەم گەل بوون كە ئەم جەژنەیان كردووە. مێژوونوسانی كورد زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی شارستانی سۆمەری پێكدەهێنێت و هەر لەو سەردەمەوە كورد لە چیاو ئەشكەوتنەكاندا لەسەرەتای وەرزی بەهاردا بە ئاگركردنەوە و ئاهەنگگێڕان جەژنیان كردوە. مێژووی نەورۆز لای كورد مێژونوسانی كورد لەبارەی چیرۆك و مێژووی نەورۆزەوە دوو بۆچونی سەرەكییان هەیە: بۆچونی یەكەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە دروستبونی دەوڵەتی ماد بەر لە 700 ساڵ وەكو یەكەمین دەوڵەتی كوردی بۆچونی دووەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە. ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دەوڵەتی مادەوە دەڵێن لە پێش زایندا هیچ روداوێك نییە كە كورد وەكو نەتەوەیەك شانازی پێوە بكات جگە لە دروستبونی دەوڵەتی ماد، بۆیە نەورۆز بەبۆچونی ئەوان جەژنی سەرەتای دروستبونی یەكەمین دەوڵەتی كوردییە. لە بەرامبەردا ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە دابەشبون بەسەر دوو بەشدا: بۆچونی یەكەم: ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دروستبونی دەوڵەتی مادەوە، ناتەبان لەگەڵ چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەردا و دەڵێن زوحاك دواین پادشای دەوڵەتی ماد بووەو پادشایەكی ستەمكار نەبووە، فارسەكان مێژوویان شێواندوە. ئەوانەی خاوەنی ئەم بۆچونەن زیاتریش دەڕۆن و لەبارەی كاوەی ئاسنگەرەوە دەڵێن كاوە تەنانەت كورد نەبووە، ئەگەر كوردیش بوبێت بەو كارەی كە كۆتایی بە حوكمڕانی دەوڵەتی ماد هێناوە وەكو دەوڵەتێكی كوردی ناپاكی كردوەو بۆ ئەوە نابێت كورد شانازی پێوە بكات. بۆچونی دووەم: ئەمە بۆچونە باوەكەیە لەناو خەڵكدا، ئەم بۆچونە نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی پادشایەكی ستەمكار كە زوحاكە، ئەفسانەكان باس لەوە دەكەن ئەم پادشایە كە دەوترێت دواین پادشای حوكمڕانی دەوڵەتی ماد بوو پادشایەكی ستەمكار بووە، كەسێك بەناوی كاوەی ئاسنگەر شۆڕشی لەدژ بەرپا كردووە و زوحاكی كوشتووە، ئیتر ئەو رۆژە ناوی لێنراوە نەورۆز و ساڵانە وەكو هەڵاتنی رۆژێكی نوێ بەبۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە. سەرەتای ساڵی كوردی و روخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە مێژوونوسە هاوچەرخەكانی كورد لە كتێبی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین" لەبارەی نەورۆزەوە دەڵێ: لە كوردستانی عێراق، لە بەرامبەر سەری ساڵی زاینی دا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێك ئەنوسن لە ساڵی هیچ میللەتێكی ئەم دنیایە ناچێ، گوایە ئەو ساڵی كوردییە، لە كاتێكدا ئەگەر یەكێ بە وردی بچێتە بنج وبناوانی مێژووی ئەو ساڵە نەك ناهێنی بكرێتە ساڵی لەدایكبونی كورد، بگرە ئەبو مێژونوسانی كورد خۆیان نەكردبایە بە خاوەنی، چونكە ئەوە ساڵێكە وەكو مێژووی ناوچەكە ئەیگێڕێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرە و هۆزی دڕەندە و داكەوتوی ناوچە شاخاوییەكان هێرشیان كردوەتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشوری و یەكێ لە پێشكەوتوترین شارستانێتییەكانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێ وێران كردووە كە ئیتر هەڵنەساوەتەوە.. سەیر ئەوەیە كورد خۆی بكا بە خاوەنی كارەساتێكی لەو بابەتە و بیكا بە ساڵی لەدایكبونی خۆی كەچی خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتیە گەورەكانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران، خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و خوری و گوتی و لۆلۆیی، لە كاتێكدا، تەنیا لە كوردستانی عێراقدا، هەزاران خشتی نوسراو دۆزراونەتەوە و سەدان شوێنەواری گرنگ شوێنەواری گرنگ لە هەولێر و كەركوك و دهۆك و سلێمانی، لە هەورامان و شمشارە و بێتوانە و دەربەندی گاور و بەمۆ و پەیكوڵی و پیرەمەگرون و حەوزی حەمرین و كیلەشین و زاخۆ .... دۆزراونەتەوە و هەزارانیش لە ژێر خاك دا ماون هێشتا كنە و پشكنینی زانستی یان تێدا نەكراوە. ئەگەر دەستكردی خەڵكی ناوچەكە نەبوبێ، داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە تاشەبەردی ئەو شاخانە هەڵكۆڵێ، پەیكەری لە سەر بنەخشێنێ و نوسینی لەسەر تۆماربكا". بۆچونێكی تر: هەندێك لێكدانەوەی تر هەن بۆ ریشەی وشە و مێژووی نەورۆز وەكو جەژنێكی میللی خەڵكی كورد، هێمنی موكریانی مێژووی نەورۆز دەبەستێتەوە بە ریشەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردەوە لە چاخە دێرینەكاندا و دەڵێ لە كۆندا كورد ئاژەڵدارییان كردووە، سەرەتای وەرزی بەهاری كاتی زاینی ئاژەڵی مەڕدارەكانی كورد بووە، لەو رۆژەدا كە رۆژی مەڕزاینە مەڕدارانی كورد ئاهەنگیان گێڕاوە و ئەمە بوەتە نەریت و جەژنی نەورۆز لەم ریشەیەوە دروستبووە. زەردەشت و نەورۆز هەندێكی تر ریشەی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە ئاینی زەردەشتیییەوە وەكو ئاینێكی كۆنی كورد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئاگركردنەوە دەهێننەوە كە سیمبوڵێكی هاوبەشی نەورۆز و ئاینی زەردەشتیییە. فارسەكان چی دەڵێن ؟ بەشێوەیەكی گشتی مێژونوسانی فارس ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە پادشایەكی خۆیانەوە كە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی سەختدا یارمەتی خەڵكی داوە، هەندێكی تر ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە كەسایەتییەكەوە بەناوی (حاجی فەیروز)، ئەم كەسە بە جلە سورەكانی و رەشكردنی روخساری دەناسرێتەوە، حاجی فەیروز بەو روخسارەوە بە شەقامەكاندا گەڕاوە و بانگەوازی بۆ هاتنی وەرزی بەهار كردووە و گۆرانی میللی وتوە، ئێرانییەكان ئەم حاجی فەیروزە دەبەستنەوە بە سیاوەشەوە كە یەكێك لە پادشا كۆنەكانی ئێرانە. یەكێك لە نەریتە دیارەكانی جەژنی نەورۆز لە ئێران ئامادەكردنی خوانێكە كە حەوت جۆری خواردنی تێدابێت بەمەرجێك هەر حەوت خواردنەكە ناوەكانیان بە پیتی (سین) دەستپبێبكات، ئەم نەریتە ناوی لێنراوە (حەوت سینەكە). نەورۆز لە جیهاندا نزیكەی 300 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان ساڵانە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، بەوهۆیەوە نەورۆز ئێستا تاڕادەیەك بوەتە جەژنێكی جیهانی، بەهۆی ئەوەی لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە ئەم جەژنە بەرز رادەگیرێت ساڵانە سەرۆكی وڵاتانی جیهان بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی دەكەن. ئێستا جگە لە كوردستان، لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستان و ئۆزبەكستان و ناوەڕاستی ئاسیا و تەنانەت باكوری چین خەڵك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێوە ئاهەنگ دەگێڕن. بەهۆی ئەو ناوبانگە جیهانییەی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2000ەوە پەیدای كرد، ساڵی 2009 رێكخراوی یونسكۆی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان جەژنی نەورۆزی وەكو یەكێك لە كۆنترین جەژنەكان خستە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە. هەروەها كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 2010 لەسەر داوای چەند وڵاتێك لەوانە" ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئەلبانیا، ئێران، توركیا، مەكەدۆنیا، تاجیكستان، قیرغیزستان، كازاخستان و هندستان بە بڕیاری 64/253 رۆژی 21ی ئاداری بە رۆژی جیهانی نەورۆز دیاریكرد. ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت
لەسەرەتای مانگی یەكی 2016 ەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستمی پاشەكەوتی موچەی بەسەر موچەخۆرانی هەرێمدا سەپاندووە، كە بەرزترین موچە 75% و نزمترینیش 10%ی لە موچەی موچەخۆران بڕیوە كە پێشتر موچەی مانگانەی موچەخۆران 850 ملیار دیناربوو بەڵام بەهۆی پاشەكەوتووە بوو بە 495 ملیار دینار، كە حكومەتی هەرێم پاشەكەوتەكەشی بۆ دابین نەدەكرا و بەردەوامیش نەوتی فرۆشتووە، ئێستاش وەك سولفە بڕی 317 ملیار دیناری لە بەغداوە پێگەیشتووە، سەرەرای بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش هێشتا ئامادە نیە پاشەكەوت هەڵوەشێنێتەوە. ئێستا هەرێمی كوردستان بەداهاتی نەوت و ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغدادەوە بۆی دێت (1 ترلیۆن و 53 ملیار) دیناری دەستدەكەوێت كە ئەو پارەیە بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و بڕی ( 63 ملیار ) دیناریشی زیادە لە موچەی تەواوەتی موچەخۆران. بەپێی زانیارییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق " سۆمۆ"، لە مانگی یەكی 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی ( 9631845 ) نەوتی فرۆشتووە رۆژانە دەكاتە( 344584 ) بەرمیل نەوت، نرخی بەرمیلێك نەوت ئێستا لە بازاڕەكانی جیهان 65 دۆلارە و ئەگەر لە بەرمیلێك 55 دۆلاریشی بمێنێتەوە ئەوا دەكاتە (529751475 ) دۆلار واتا نزیكەی ( 530 ملیۆن دۆلار) كە دەكاتە ( 636 ملیار ) دیناری عێراقی. هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی سۆمۆ لە مانگی دوو، شوباتی 2018 حكومەتی هەرێم ( 8479095 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە رۆژانە دەكاتە ( 302369 ) بەرمیل نەوت نرخی بەرمیل بە 55 دۆلار دابنرێت ئەوا دەكاتە 466350225 دۆلار، واتا ( 466 ملیۆن دۆلار) كە دەكاتە ( 559 ملیار دینار) . ئەمە تەنها داهاتی نەوت جگە لە داهاتی بەرهەمی نەوتی ناخۆ، هاوكات داهاتی ناوخۆش مانگانە زیاتر لە ( 100 ملیار ) دینارە. بەو پێیەش ئەگەر داهاتی نەوت و ناوخۆی هەرێم ئەژمار بكەین بۆ نمونە ئەگەر داهاتی مانگی یەكی 2018 ئەژمار بكەین دەكاتە ( 636 ملیار ) دیناری داهاتی فرۆشی نەوت لەگەڵ ( 100 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ كۆی گشتی دەكاتە ( 736 ملیار) دینار. واتا هەرێمی كوردستان ئێستا مانگانە ( 736 ملیار) دینار داهاتی دەست دەكەوێت كە نزیكە لە موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێم، لەگەڵ بڕی ئەو ( 317 ملیار) دینارەی كە لەلایەن بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە كە دەكاتە (1 ترلیۆن و 53 ملیار) دینار كە وەك ئەوەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ دەكەن مانگانە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بەبێ پاشەكەوت ( 900 ملیار) دیناری پێویستە ئەوا ئەو داهاتە بەشی موچەی تەواوەتی موچەخۆران دەكات و بڕی ( 63 ملیار ) دیناریشی زیادە لە موچەی تەواوەتی موچەخۆران. فرۆشی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو خشتەیەی لای سۆمۆیە ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف