سزا لەبری خەڵاتكردن
2018-05-21 11:33:18
( درەو میدیا):
دكتۆر شایان كە لەلایەن دوو هێرشبەری خۆپیشاندانەكانەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، لە ساڵانی كاركردنیدا چەندین كاری خۆبەخشی بۆ هوشیاری هاووڵاتییان لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كردووە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ژنان لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك.بۆیە ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەڵمەتی پشتیوانی بۆ دكتۆر شایان دەستی پێكردووە بەوەی لەبری خەڵاتكردن دادگایی دەكرێت.
ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دژ بە تۆماركردنی سكاڵاكان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنەكە رایانگەیاند "لەبری ئەوەی داوای لێبوردن لە دكتۆرە شایان بكەن كە رۆژانە تیماری نەخۆشانی شێرپەنجە دەكات لە نەخۆشخانەی نانەكەلی شاری هەولێر هەستاون سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە"
رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لەهێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەدەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، كە لە سكاڵاكاندا بە تۆمەتی ناوزڕاندن هەر یەك لە سەنگەر باڵەكی و ناسح مەحمود داوای قەرەبووی ماددی بە بڕی 100 ملیۆن دینار واتا 200 ملیۆن دینار بۆ هەردووكیان دەكەن.