Draw Media

یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنی دكتۆر شایان دواخرا

یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنی دكتۆر شایان دواخرا

2018-05-21 10:09:59


نیاز عه‌بدوڵڵا

له‌ دادگای به‌رایی هه‌ولێر یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنی سكاڵا له‌سه‌رتۆماركراو دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به‌ئاماده‌بوونی پارێزه‌ری سكاڵاكار سه‌نگه‌ر باڵه‌كی به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای سكاڵالێكراو دانیشتنه‌كه‌ بۆ 35 رۆژی تر دواخرا و دادگاییكردنه‌كه‌ش ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌.
به‌هۆی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژ به‌ دكتۆر شایان له‌ لایه‌ن دوو له‌ هێرشكاره‌كانی سه‌ر خۆپیشانده‌رانی مانگی ئازار له‌ هه‌ولێر و داواكردنی بڕی 200 ملیۆن دیناری عێراقی، ئه‌مڕۆ 21ی ئایار یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنه‌كه به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ سكاڵای سه‌نگه‌ر باڵه‌كی یه‌كیك له‌ ده‌ستدرێژیكاره‌كانی سه‌ر دكتۆر شایان له‌ خۆپیشاندانه‌كان، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی دانیشتنه‌كدا له‌سه‌ر داوای سكاڵالێكراو دانیشتنه‌كه‌ بۆ 25ی حوزه‌یران واتا 35 رۆژی تر دواخرا.  دكتۆر شایان به‌ (دره‌و میدیا)ی وت "داوای دواخستنی دانیشتنه‌كه‌م كرد چونكه‌ وه‌كاله‌تم بۆ هیچ پارێزه‌رێك نه‌كردبۆوه‌ و پارێزه‌رم نه‌بوو، بۆیه‌ به‌ بڕیاری دادوه‌ر دانیشتنه‌كه‌‌ بۆ 25ی حوزه‌یران دواخرا". 
له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی یه‌كه‌می سكاڵای دووه‌م كه‌ له‌لایه‌ن هێرشكار ناسح مه‌حمود تۆماركراوه‌، وتی "بڕیاره‌ 1ی ته‌ممووز دانیشتنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت". 
رۆژی 25ی ئازاری 2018 به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌وه‌ له‌ژماره‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به‌ڵگه‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتن و ده‌ستدریژی دوو له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌ جل مه‌ده‌نییه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستدرێژی و رێگرییان كردبووه‌ سه‌ر ناوبراو، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆكه‌ به‌دوای خۆیدا كاردانه‌وه‌ی میدیایی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی دژ به‌و دوو كه‌سه‌ جل مه‌ده‌نییه‌ دروستكرد. به‌ڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگه‌یاندنی ئاماده‌بوون له‌به‌رده‌م دادگای به‌رایی به‌هۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ شوینی كاری دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی هه‌ولێر، كه‌ له‌ سكاڵاكاندا به‌ تۆمه‌تی ناوزڕاندن هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌نگه‌ر باڵه‌كی و ناسح مه‌حمود داوای قه‌ره‌بووی ماددی به‌ بڕی 100 ملیۆن دینار واتا 200 ملیۆن دینار بۆ هه‌ردووكیان ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دژ به‌ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنی دكتۆر شایان له‌ شاری هه‌ولێر، ئه‌نجوومه‌نی مامۆستایانی ناڕازی دژ به‌ تۆماركردنی سكاڵاكان و به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ رایانگه‌یاند "له‌بری ئه‌وه‌ی داوای لێبوردن له‌ دكتۆره‌ شایان بكه‌ن كه‌ رۆژانه‌ تیماری نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ ده‌كات له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی شاری هه‌ولێر هه‌ستاون سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردووه‌". ئه‌نجوومه‌نی مامۆستایان پێیان وایه‌ "ئه‌م دادگاییه‌ نادادگه‌رانه‌یه‌ و جۆرێكه‌ له‌ سزای كه‌سانی ئازادیخواز و به‌توندی ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین و داوا له‌ دادوه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌ین سه‌ربه‌خۆیی خۆیان و دادگا بپارێزن".
له‌ كاردانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سكاڵاكانی دژ به‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نانه‌كه‌لی هه‌ولێر، 639 پزیشكی ژن له‌ گرووپی خانمه‌ پزیشكه‌كانی كوردستان ئه‌مڕۆ 21ی ئایار به‌یاننامه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان بڵاوكرده‌وه‌ و پشتیوانی ته‌واوی خۆیان بۆ ناوبراو راگه‌یاند و وتیان "به‌ تووندی ریسوای ئه‌م كاره‌ دزێوه‌ ده‌كه‌ین و داوا نه‌ك له‌ داموده‌زگا یاسایی و شه‌رعییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، به‌ڵكو داوا له‌ هه‌موو ده‌نگێكی ئازادیخواز و له‌ناو هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین دژی ئه‌م كاره‌ ناشرینه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و له‌ رێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر دادگا بۆ ده‌ستبه‌جێ راگرتنی ئه‌م سكاڵا نابه‌جێیه‌".
گرووپی خانمه‌ پزیشكه‌كان ئومێدیان به‌ دادگا هه‌یه‌ و وتوویانه‌ "ئێمه‌ ئومێدی گه‌وره‌مان به‌ دادگا و داموده‌زگا یاساییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ كه‌ نه‌چێته‌ ژێرباری ئه‌م گه‌مه‌ ناشرینه‌وه‌".
پێشتر دكتۆر شایان عه‌سكه‌ری به‌ (دره‌و میدیا)ی راگه‌یاند "خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیم كردووه،‌ نه‌چه‌كی سووك یان قورسم پی نه‌بووه‌ و هه‌تا جنێویشم نه‌داوه‌ و هیچ سووكایه‌تییه‌كم به‌ كه‌س نه‌كردووه‌ ئێستا له‌سه‌رچی من سزا بدرێم نازانم، ناشزانم ئه‌وان مه‌به‌ستیان شه‌خسی خۆمه‌ یان ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی تر له‌ رێگای منه‌وه‌ بترسێنن". وتیشی "ده‌چمه‌ به‌رده‌م دادگا و تا دوا رێكاری یاسایی به‌رگری له‌ مافی ره‌وای خۆم ده‌كه‌م".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand