پەلاماردەران داوای 200ملیۆن دینار قەرەبوو لە دكتۆر شایان دەكەن
2018-05-20 21:16:19
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا
لە لایەن دوو لە دەستدرێژیكارانی سەر خۆپیشاندەران، لە رێگای تۆماركردنی دوو سكاڵای یاسایی داوای بڕی 200 ملیۆن دیناری عێراقی لە دكتۆر شایان عەسكەری بەشداربووی خۆپیشاندانەكانی مانگی ئازار لە هەولێر دەكرێت.
رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لە هێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە، كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەندەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، لەو بارەیەوە دكتۆر شایان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "دوو سكاڵا بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژ بە من تۆماركراوە گوایە من ناوی ئەوانم زڕاندووە لەبەرئەوەی لە هەژماری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی خۆم ڤیدیۆكەم بڵاوكردوەتەوە، هەر یەك لە سكاڵاكارەكانیش داوای بڕی 100 ملیۆن دیناری عێراقییان كردووه وەك قەرەبوو كە دەكاتە 200 ملیۆن دینار".
ئەو پزیشكە پسپۆرەی بواری نەخۆشی شێرپەنجه كە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی كاردەكات، لەگەڵ سەدان پزیشك و مامۆستا و هاوڵاتی تری هەولێر رۆژی 25ی ئازار بەشداری خۆپیشاندانەكانی كرد بۆ داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە كە نزیكەی دوو ساڵە حكومەتی هەرێم لە سیستمی پێدانی مووچەدا پەیڕەوی دەكات. بەڵام لە لایەن دوو كەس بە ناوەكانی "سەنگەر عەباس عەبدوڵڵا" ناسراو بە "سەنگەر باڵەكی" كە لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت دەمانچەی هەڵگرتووە لەگەڵ "ناسیح مەحمود" كە مۆبایلەكەی دەشكێنێت، هەمان دوو كەسە سكاڵاكارەكەن بە تۆمەتی ناوزڕاندن داوای قەرەبوو دەكەن.
سەبارەت بە ناڕەوایی سكاڵاكانی دژی، دكتۆر شایان وتی "نازانم بۆ دەبێ من تاوانباربم و من چیم كردووە؟ بۆچی دەبێ سزا بدرێم؟ لە كاتێكدا من مافی خۆمە بچمە خۆپیشاندان و ئەوەی ئاگاداربم 25ی مانگ خۆپیشاندانەكە مۆڵەتی هەبووه، ناشزانم بۆچی بەرەوڕووی من هاتن، چونكە من چووم داوای مافێكی رەوای خۆم بەكەم و دەڵێم و مووچەكەم بدەنێ".
لەبارەی تۆمەتباركردنی بەناوزڕاندنیش وتی "خۆپیشاندانی مەدەنیم كردووه، نەچەكی سووك یان قورسم پی نەبووە و هەتا جنێویشم نەداوە و هیچ سووكایەتییەكم بە كەس نەكردووە ئێستا لەسەرچی من سزا بدرێم، نازانم، ناشزانم ئەوان مەبەستیان شەخسی خۆمە یان دەیانەوێت خەڵكی تر لە رێگای منەوە بترسێنن". وتیشی "سبەی دەچمە بەردەم دادگا و تا دوا رێكاری یاسایی بەرگری لە مافی رەوای خۆم دەكەم".
ئەو پزیشكە ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە ئەوانەی "كە لە ڤیدیۆكە دەرچوون یەكیكیان بە من دەڵێت تۆ درۆ دەكەی، ئەوەی دووەمیش ئەوەیە كە مۆبایلەكە لەدەستم فڕێدەداتە خوارەوە و دەیشكێنێت".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەر یەك لە پارێزەران "غازی حەمید زەنگەنە" و "نزار غەنی عەبدوڵڵا" بەرگری لە هەردوو سكاڵاكارەكە دەكەن، لە بەرامبەریشدا دەیان پارێزەری خۆبەخش لە هەرێمی كوردستان ئامادەییان بۆ بەرگریكردنی یاسایی لە دكتۆر شایان راگەیاندووە.