وەزارەتی نەوت گرێبەستەكانی مەسرور بارزانی رەتدەكاتەوە

2025-05-20 11:14:31
(درەو):
وەزارەتی نەوتی عێراق رونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو گرێبەستانە بڵاوكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا لە بواری وزەدا ئیمزای كردو گریبەستەكان بە "پوچەڵ" ناودەبات.
دەقی راگەیەندراوەكە:
هەندێک لە ماڵپەڕەکان هەواڵێکیان بڵاوکردەوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووەو (رێککەوتنی نوێی وزە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار) لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەیەوێت ڕوونکردنەوەی خۆی لەبارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرێبەستکردن بۆ وەبەرهێنانی کێڵگەی (میران)و کێڵگەی (تۆپخانە-کوردمیر) لە پارێزگای سلێمانی ڕوون بکاتەوە، بەو پێیەی ئەم ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی 2012و یەكخراوەكەی 110/ فیدراڵی 2019) ئیمزا كراون.
وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت.
بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپاتدەکاتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا بەسەردانێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، لە نوسینێكدا لە سەكۆی " ئێكس" رایگەیاند، قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمریکا دەستپێدەکات کە دوو گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای HKN Energy و Western Zagros Resources واژۆ دەکەین، ئەم گرێبەستانە دەبێتە هۆی دابینكردنی وزە ملیۆنان کەس و هەلی کار دەڕەخسێنێت و بناغەی ئابوری کوردستان بەهێزتر دەکەن.
