Draw Media

ئایا خەباتی سیاسیی و مەدەنی ئاسانە؟

ئایا خەباتی سیاسیی و مەدەنی ئاسانە؟

2025-05-18 09:24:03


 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


(بەشی سێهەم)

ئەوەی گرنگە لەم بەشەدا جارێکی دیکە دووبارەی بکەمەوە ئەم راستییە سادەیەیە: پەنابردن بۆ خەباتی چەکداریی لە کوردستاندا کۆمەڵێک ھۆکاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویی و ئایدیۆلۆژیی لەپشت بووە، کە مۆدێلێکی زۆر ترسناکی دەوڵەتی ھۆبزی لەناوچەکەدا دروست و ئاراستەی کردووە. لە پێش هەمووشیانەوە مەسەلەی بەکەمینەبوونە لەناو ئەو دەوڵەتە هۆبزیانەدا، نەک حەز و ویست و ئیرادەی موغامەرەچێتی ئەم یان ئەو گروپ و ئەم یان ئەو دەستە و پارتی سیاسیی ناسیۆنالیستیی و ناناسیۆنالیستی. پەیوەندیشی بە «بێمێشکیی» و «کەلەڕەقیی» گریمانکراوی میلەتی ئێمەشەوە نەبووە و نییە.

 ئەوەیش کە وایکردوە سەردەمانێکی درێژ  خەباتی مەدەنیی نەتوانێت ببێت بە شێوازی سەرەکیی خەباتکردن لەم ناوچەیەدا، دیسانەوە پەیوەندییەکی ئۆرگانی بەو مۆدێلە ترسناکەی دەوڵەتەوە ھەیە کە باسمکرد. دەوڵەتێک ڕووبەرێکی گونجاو و ماقوڵی بۆ فۆرمە مەدەنییەکانی خەباتکردن نەهێشتۆتەوە و ئامادەش نەبووە دان بە هیچ کولتور و شوناس و گروپێکی ئەتنی و کۆمەڵایەتیدا بنێت لە دەرەوەی دیدگا و چاوەڕوانییە داخراوەکانی خۆیدا. ئەوەی پێمانوابێت کورد خۆی حەزی لە چەک و لە کردەی توندوتیژ بووە، یان بەکارھێنانی توندوتیژیی بەشێکە لە کولتور و عەقڵیەتی کورد، یان کورد بە پارە و بەخۆفرۆشتن شەڕی بۆ هێێزی دەرەکیی کردوە، خۆبەهەڵەدابردن و تێنەگەیشتنێکی ھێجگار خراپە لەو سەردەم و رۆژگارەی خەباتی چەکداریی دەکات بە شێوازی باڵادەستی خەباتکردن لە کوردستاندا.

ئەگەر یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی «مەسەلەی کورد» بریتیبێت لە هەوڵدان بۆ رێگرتن لە ئەگەری لەناوبردنی فیزیکییانە و تواندنەوەی کولتورییانەی کورد وەک میلەت، دەرکەوتێکی سەرەکییشی ویستی ڕێگرتن بێت لە سەرکەوتنی پرۆژەی تواندنەوەی کورد لە ڕێگای بە تورک و بە عەرەب و بە فارس کردنەوە، ئەوا ئەم پرۆژەی تواندنەوەیە لەمڕۆدا فەشەلێکی تەواو و هەمەلایەنی هێناوە و هیچ ئەگەرێکی سەپاندن و پیادەکردنی لەئارادا نییە و نەماوە. نەک تەنها کورد خۆی وەک کورد دەبینێت و مامەڵەدەکات، بەڵکو دونیای دەرەوەش، بە خودی ئەو دەوڵەتانەوە کە کورد لەناویاندا دەژی، بەهەمانشێوە دەیبینن.
ئەوەی دوای مردنی ئەم پرۆژەی تواندنەوەیەش دێت، مەسەلەی دانپیانە. خاڵی سەرەکیی تەنها ئەوە نییە کورد بتوانێت وەک کورد بمێنێتەوە و نەبێت بە تورک و عەرەب و فارس، بەڵام ئەوەی کە پەویستە رووبدات مەسەلەی داننانی ئەو دەوڵەت و زۆرینە ئتەنییەی ناو ئەو دەوڵەتانەیە بە کوردبوونی کورددا. واتە مەسەلەکە تەنها مەسەلەی جەختکردن لەسەر خۆپاراستن نییە، بەڵکو پێداگرتنە لەسەر دامەزراندنی پەیوەندییەک لەناویدا دانپێدانان بە کوردبووندا وەک کردەیەکی سیاسیی ئامادەبێت.

راستە خەباتی رزگاریخوازیی میلەتی ئێمە لەوەدا سەرنەکەوتوە «دەوەڵەتی نەتەوە» بۆ کورد، یان لەناو کوردستاندا وەک جۆرێک لە دانپیانانی جیهانی بە بوونی کورددا دروستبکات، راستیشە بەشی گەورەی هێزە سیاسییە دەسەڵتادارە کوردییەکان هێزی نابەرپرس و تاپۆکراون لەسەر کەسایەتی و خێزان و بنەماڵەی دیاریکراو، بەڵام هاوکات خەباتی درێژخایەنی میلەتی ئێمە ئەو دۆخەی دروستکردوە تیایدا سڕینەوەی کوردبوون و گۆڕینی بۆ شتی دیکەی جیاواز لە کوردبوون خۆی، لەمڕۆدا کردەیەکی مەحاڵ بێت. دۆخی ئێستا بەجۆرێکە کوردبوون تەنها هێما بۆ بوون و شوناسێکی ئەتنیی تایبەت ناکات، بەڵکو هێما بۆ کۆمەڵێک مافی سیاسیی و ئینسانیی  و کولتوریی و ئەتنیش دەکات، کە ئەو مافانە پێویستیان بە دانپیانان و قبووڵکردن هەیە. لە قۆناغی یەکەمدا کوردبوون لەوە رزگاری بووە بەزۆر بیگۆڕن بۆ شتێک یان جەوهەرێک، ناکۆک و نەگونجاو لەگەڵ دەرکەوتنەکانی خۆیدا. ئەوەی لە ئێستادا دەبێت رووبدات دانان و رێزگرتنە لەو شێواز و شوناسانەی `ئەم کوردبوونە دەیەوێت بە هۆیانەوە دەربکەوێت و بناسرێت. واتە ئەو پەیوەندییەی ئەمرۆکە کوردبوون بە خۆیەوە هەیەتی و بە بەردەوامیش دروستیدەکات، تەنها پەیوەندی بیرکردنەوە لە خۆپاراستن و مانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی دانپیانان و دروستکردنی پەیوەندییەکی کردەییە هەم بە خودی خۆیەوە و هەم بەوانیتریشەوە، کە تیایدا خۆی وەک پێگەیەکی دیاریکراو وەک بەشداربوویەکی خاوەن نرخ و بەرپرسیار، ببینێت و ئەزموون بکات. کوردبوون دەخوازێت وەک بوونێکی خاوەن ماف و دانپیانراو خۆی بناسێت و کەسانیتریش بە هەمان ئەو شێوەیە بیناسنەوە.

 

کۆتایهاتنی جەنگی سارد و لاوازبوون و دواتر کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، گۆڕانەکانی ناو تورکیا لە دوای ساڵانی نەوەدەوە و هاتنەکایەی توانای خۆرێکخستنی سیاسیی فەرمی لەو وڵاتەدا، دۆخی سوریا لە پانزە ساڵی رابردوودا، سەرەتاکانی ھاتنە کایەی دۆخێکی سیاسیی نوێ لە ناوچەکەدا نیشانئەدات. پاراستن و گەورەکردنی ئەم دۆخە تازەیە یەکێک لە ئەرکە سیاسییە ھەرە سەرەکییەکانی میللەتی ئێمەیە. ئەم  دۆخە سیاسییە تازەیە لەمڕۆدا مەودای ئەوەی بە کورد بەخشیوە سەرۆکی عێراق کوردبێت، وەزیری دەرەوەی عێراق کوردبێت، هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی خۆی بێت. لە تورکیاشدا کورد لە پەرلەمانی تورکیادا ئامادەبێت، مەسەلەکەی لەناو ژیانی گشتیی دەولەتی تورکیادا ئامادەبێت، تەنانەت لە پەرلەمانی ئێرانیشدا بلۆکێکی کوردی بوونی ھەبێت و خەڵکی کوردستان خەبات بۆ پاراستن و مافی بەکارهێنانی زمان و مافی هەبوونی شوناسێکی سەربەخۆی کوردییان هەبێت. لە سوریاشدا مەسەلەی کورد لە هەموو کاتێک زیندووتر و چالاکتر و رێکخراوترە. ھەموو ئەم گۆڕانانە، ھەرچەندە ھەندێکیان بچووک و پەراوێزیی و لاوازیش بن، دەشێت لە زیاد لە روویەکیشەوە گۆڕانی کاتیی و ناجێگیرش بن، بەڵام پێویستە کاریان لەسەربکرێت و ئەگەر و سنوورەکانیان گەورەتر و فراوانتر بکرێتەوە.
کوردانی هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستانیش، بە بڕ و رادەی جیاواز، خاوەنی چەندەها دەزگا و ئۆرگان و ناوەندی سیاسیی و کولتوریی و دیپلۆماسی تایبەتن بۆ نمایشکردن و پاراستنی شێوە تایبەتەکانی کوردبوونیان لە جیهاندا.

دوای زیاد لە سەدەیەک لە خەباتکردن، کورد نە وەک فەلەستینییەکانی لێهاتوە بڕێکی گەورەی خاکەکەیان دۆراندبێت و لەناو خێمە و لە دۆخی پەناهەندەییدا بژین. نەک وەک ئەرمەنییەکانیش جیۆساید لەناویبردبن. بەپێچوانەوە کورد هەم لەسەر خاکەکەی خۆی دەژیی و هەم سەرەڕای هەموو ئەو تاوانە گەورانەی بەرامبەری کراوە، بە تاوانی جینۆسایدیشەوە، هەم ماوەتەوە و هەم گەشەیەکی بەرچاویشی کردوە، چ وەک ژمارە و چ وەک پەرەدان بە زمان و کولتور و نووسین و ئەدەبیات، چ وەک خاوەندارێتیکردنی بۆ دەیان و سەدان دەزگای کولتوریی و سیاسیی، هەم لەناو کوردستان خۆیدا و هەم لەناو ئەو ژمارە گەورەیەدا لە کۆچبەری کورد کە بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.  

ئەم گۆڕانکاریییانە وایکردوە کورد لە جیهانی ئەمڕۆدا خاوەنی ژێرخانێکی بەهێز و تایبەت بۆ پاراستنی فۆرمە جیاوازەکانی کوردبوونیش، بێت. بیر لەو ژمارە گەورەیە لە دەزگای چاپ و بڵوکردنەوە، کەناڵی تەلەفیزیۆنی ناوەکیی و دەرەکیی، رێکخراو و ئۆرگان و کۆر و کۆمەڵی ئەدەبیی و فەرهەنگیی، زانکۆ و پەیمانگا و گروپی ناو دونیای دیگیتالیی و هتد.. بکەرەوە، کە لە سێ دەیەی رابردوودا دروستکراون. زۆر بە دەگمەن نەبێت هیچ یەکەێک لەمانە تا ناوەراستی ساڵانی نەوەد بوونیان نەبووە.

بێگومان کە ئەمە دەڵێم نامەوێت خوێنەر ئەو هەستەی لا درستببێت کوردبوون مەترسیی لەسەر نەماوە و فشار و پەلاماری لەسەر نییە. بە پێچەوانەوە مەترسیی و فشاری هەمووجۆر هەن و لەئارادان، دۆخی بەگژاچوونەوە و دوژمنایەتیکردنیش هەیە و لەئارادایە. خەونی کۆنترۆڵ و دیسپلین و سنووردارکردن هەن. ئەو خاڵەی دەمەّوێت بەرگریی لێبکەم ئەوەیە کە خەباتی چەکداریی ئامرازیی پاراستنی ئەم ژێڕخانە تایبەتە ناوەکیی و ناوچەیی و جیهانەییەی کوردبوون نییە. نەک هەر ئەمە بەڵکو خەباتی چەکدار دەتوانێت هەڕەشەبێت لەو ژێرخانە و هۆکارێک بێت بۆ پوکاندنەوە و وێرانکردنی.

 بە بۆچوونی من خەباتی چەکداریی لەمڕۆدا لەعنەتێکی سیاسییە و لە کوردانی ھەموو پارچەکانی کوردستان دەکرێت. ئەگەر ئەم خەباتە لە قۆناغێکدا شەرعیەتی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەبووبێت و ئامرازێک بووبێت نەک بۆ سەرکەوتن و بەلاداخستنی کێشەی کورد لە ڕووە سەربازییەکەیەوە، چونکە ئەمە بەردەوام لە مەحاڵ نزیکتربووە تا ئەگەرێکی سەربازیی ڕاستەقینە، بەڵکو شەرعیەتەکەی لەوەدابووە کە ئامرازێکی گرنگی دروستکردن و ناساندنی خودی مەسەلەی کورد بووە وەک مەسەلەیەکی سیاسیی لە ھەر پارچەیەک لە پارچەکاندا. ئێستا مەسەلەی کورد پێویستی بەو ناسین و بینینە نەماوە، چونکە بووە بە یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکانی ناوچەکە.

بەڵام ئایا دوای وازهێنان لە خەباتی چەکداریی خەباتی سیاسیی و مەدەنی ئاسانە؟
 بە بۆچوونی گرتنەبەری ڕێگا خەباتی سیاسیی و مەدەنیی ناچەکدارییانە کارێکی ئاسان نییە. لە دۆخی مەسەلەی کورددا بەدەستھێنانی مافەکان لەڕێگای سیاسیی و مەدەنییەوە لە خەباتی چەکدار قورستر و زەحمەتتر نەبێت، ئاسانتر نییە. ناشکرێت چاوەڕوانی ئەوە بین کێشەی سیاسی میلەتی ئێمە لە ماوەیەکی کورت و لە مەدوای یەک حکومەت یان تەنانەت چەند حکومەت و کابینیەکی کەمدا چارەسەربکرێت. میللەتی ئێمە لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدەھەمەوە میلەتێکە بێ دەسەڵاتێکی سیاسی سەربەخۆ. لەدوای جەنگی جیھانی یەکەم و ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیشەوە، پێگەکەی گۆڕاوە بۆ پێگەی کەمایەتییەکی ئەتنی. تەمەنی کێشەی سیاسیی میللەتی ئێمەش لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەشدا کە لەناویاندا دەژیی، بەقەد تەمەنی ئەو دەوڵەتانە خۆیانە. دامەزراندنی ئەو دەوڵەتانە بەو سنوورە جوگرافیی و سیاسییانەی ئەمڕۆیانەوە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەناو وێرانکردنی ماف و خەون و چاوەڕوانییە سیاسییەکانی میلەتی ئێمەدا تێپەڕیوە. چارەسەری ئەم کێشانە پێویستی بەکات و توانا و حەوسەڵەی مێژوویی هەوڵدان و نەسرەوتن و دانبەخۆداگرتن و کۆڵنەدان و عەقڵانیبوونێکی بەردەوام هەیە.

کێشەی میلەتی ئێمە لە سەدساڵی ساڵی ڕابردوودا بەجۆرێک ڕێکخراوە و مامەڵەکراوە تێیدا جەنگ و وێرانکاریی و کوشتن زۆر ئاساییتربووە لە کارکردن بۆ ئاشتیی و پێکەوەژیان و ھێمنیی. کۆمەڵگای ئێمە لەزۆر رووەوە لە دۆخێکی سروشتیی ھۆبزیانەدا ژیاوە کە دۆخی شەڕ و ململانێ و پێکدادانێکی بەردەوام و خوێناویی بووە. تراژیدیای سەرەکیی ئەم دۆخەش لەوەدایە میلەتی ئێمە لایەنی لاوازی ناو ئەو ھاوکێشە ھۆبزییە خوێناوییە بووە کە دروستبووە و تا ئێستاش لایەنی لاوازی ناو ئەو ھاوکێشەیەیە. ئەوەی ئێمە لە ئێستادا و لەو ناوچەیەدا و لەناو ئەو دەوڵەتانەدا چاوەڕوانی ئەوەبین لە دۆخی ھارمۆنی و هێمنیدا بژین و پەیوەندیمان لەگەڵ میللەتە دراوسێکانمان و نوێنەر سیاسیی و سەربازییەکانیاندا پەیوەندییەکی ئاسایی بێناکۆکیی و بێ کێشە و بێ ململانێ بێت، جگە لە وەھمێکی سیاسیی و  ئایدیۆلۆژیی زیاتر نییە. رێگایەکی دوور لە پێش میلەتی ئێمەیەوەیە، بەڵام پێویستە رێگایەک بێت بە بێ چەک.

ھونەری سیاسەتکردن لە کوردستاندا لەوەدایە نەھێڵیت ناکۆکییەکان بگەنە ئاستی پەنابردنەوە بۆ چەک و چوونەوە شاخ و دروستبوونەوەی دونیایەک پڕ لە شەڕ و خوێن و وێرانکردن. ھۆشیاریی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیدابێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە و زەحمەتی و ململانێیانەی کە لە ئایندەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام بێ بیرکردنەوە لە ھەڵگرتنەوەی چەک و چوونەوە شاخ. یەکێک لە ئەرکە سیاسیی و ئەخلاقییەکانی میللەتی ئێمە لەم ناوچەیەدا ئەوەیە ناوچەکە لە کولتوریی شەڕ و جەنگ و تفەنگ و خوێن پاکبکاتەوە. ئەمەش ئەرکێکە چەندان لە خەباتی چەکداریی قورستر و سەختترنەبێت، ئاسانتر نییە.
جگە لەمە خەباتی سیاسیی و مەدەنی پێویستییەکی بنیچینەیشی بەدەسکاریکردن و سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داهێنانی خود خۆیشیەوە هەیە. خەباتی مەدەنی چەندە رووی لە دونیای دەرەوەیە و هەوڵی گۆڕینی ئەدات هێندە و بگرە زیاتریش رووی لە دونیای ناوەوەیە و دەبێت ئەو بکەرە سیاسییەش بگۆڕێت کە هەڵگری ئەم پرۆژەیەیە. چەندە پێویستی بە گڕێبەستێکی ئەخلاقیی هەیە لەگەڵ ئەوانیتردا، بەهەمان ئەندازەش پێویستی بە گرێبەستێکی ئەخلااقییش لەگەڵ خود خۆیییدا هەیە. دروستکردن و پیاودەکردنی هەردوو دیوەکەی ئەم گرێبەستە هێجگار گران و زەحمەتە، بەڵام مەحاڵ نییە.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand