Draw Media

سامانە سروشتییەكان لە وەڵامی وەزارەتی نەوتدا: گرێبەستەكانمان نوێ نییە

سامانە سروشتییەكان لە وەڵامی وەزارەتی نەوتدا: گرێبەستەكانمان نوێ نییە

2025-05-20 15:08:34


(درەو):
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە سەبارەت بە گرێبەستەكانی مەسرور بارزانی لە ئەمریكا لەبواری وزەدا، سامانە سروشتییەكان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دان بە كرۆكی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتدا دەنێت سەبارەت بەوەی "ئەو گرێبەستانەی لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە ئیمزا كراون نایاسایین"، بۆیە سامانە سروشتییەكان دەڵێ" ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایەدا كراوە گرێبەستی نوێ نین و هی چەندین ساڵ لەمەوپێشن".

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosکردوویەتی، ڕێککەوتننامەو گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوەو هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. 
ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق . 
 
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی 
حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2025/5/20

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ رونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو گرێبەستانە بڵاوكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا لە بواری وزەدا ئیمزای كردو گریبەستەكان بە "پوچەڵ" ناودەبات. 

دەقی راگەیەندراوەكە: 
هەندێک لە ماڵپەڕەکان هەواڵێکیان بڵاوکردەوە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووەو (رێککەوتنی نوێی وزە بە بەهای دەیان ملیار دۆلار) لەخۆدەگرێت.
وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەیەوێت ڕوونکردنەوەی خۆی لەبارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرێبەستکردن بۆ وەبەرهێنانی کێڵگەی (میران)و کێڵگەی (تۆپخانە-کوردمیر) لە پارێزگای سلێمانی ڕوون بکاتەوە، بەو پێیەی ئەم ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی 2012و یەكخراوەكەی 110/ فیدراڵی 2019) ئیمزا كراون. 
وەزارەت ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت.
بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپاتدەکاتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستا بەسەردانێك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، لە نوسینێكدا لە سەكۆی " ئێكس" رایگەیاند، قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەمریکا دەستپێدەکات کە دوو گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای HKN Energy و Western Zagros Resources واژۆ دەکەین، ئەم گرێبەستانە دەبێتە هۆی دابینكردنی وزە ملیۆنان کەس و هەلی کار دەڕەخسێنێت و بناغەی ئابوری کوردستان بەهێزتر دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand