قەیرانی دارایی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا تێدەپەڕێت ؟
2018-11-15 18:06:43
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت
ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی تێپەراندنی بەشێك لە قەیرانە داراییو ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، لانی كەمی هەرێم بەشێك لە قەیرانە داراییەكانی تێدەپەڕێنێتو داهاتەكانیشی زیاتر دەبن.
چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغداد
بەپێی پێشبینییەكان، كابینەی نوێی حكومەتی عێراقو هەرێم كێشەكانی نێوانیان كە دیارترینیان بریتییە لە كێشەی (نەوتو بودجە) تاڕادەیەك چارەسەردەكەن، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدادو كۆتایهاتنی پرسی ریفراندۆمو سەربەخۆیی.
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: “ لەگەڵ هەرێم پەیوەندییەكی باشمان هەیە بۆ چارەسەكردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی رابردوو، لەگەڵ هەرێم پرسی هەناردەی نەوت تاوتوێدەكەینو سەرجەم كێشەكانی نێوانمان چارەسەردەكەین".
بە چارەسەركردنی كێشەی نەوتو بودجە لەگەڵ بەغداد، بەشێك لە كێشە ئابوریو داراییەكانی هەرێم كۆتاییان دێت، بەتایبەتیش كێشەی موچەی موچەخۆرانو دابینكردنی بودجە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.
زیادبونی داهاتی نەوت
بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئێستا " حكومەتی هەرێم زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەڕۆژێكدا هەناردە دەكات بۆ بەندەری جەیهان، پێدانی مافە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوتیش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەبەردەوامیو لەكاتی خۆیدا، بووەتەهۆی پەرەپێدانو بەردەوامبوونی وەبەرهێنان لە كێڵگە نەوتییەكاندا، هەروەها بووەتەهۆی جێگربوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو پلاندانان بەئاڕاستەی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان نەوت بۆ ساڵی 2019. ئامانج لە زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانو بەدەستخستنی داهاتی زیاتر، یارمەتی حكومەتی هەرێم دەدات قەرزە گشتییەكانی كەمبكاتەوەو یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئابوورییەكی سەقامگیر".
هاوكات بەپێی خشتەی سۆمۆوە (كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق)، تێكڕای هەناردەكردنی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئۆكتۆبەر 10 تشرینی یەكەم (433 هەزارو 782) بەرمیل بووە، تەنانەت لە رۆژی 1/10/2018دا هەناردەی نەوتی هەرێم گەیشتوەتە (534 هەزارو 914) بەرمیل.
راگەیەنراوێكی (گۆشەی ئابوری ژوری توێژینەوەی بزوتنەوەی گۆڕان) ئاماژە بەوەدەكات، لە مانگی ئۆكتۆبەردا هەرێمی كوردستان لەڕێگای بۆرییەوە (12 ملیۆنو 950 هەزار) بەرمیلی نەوتی بۆ بەندەری جەیهانی توركی ناردووە، نرخی بەرمیلێك نەوت لەمانگی ئۆكتۆبەردا (76) دۆلار بووە، هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە جیهان فرۆشتویەتی، بۆیە بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە (66) دۆلار فرۆشراوە، بەوپێیەش داهاتی مانگی ئۆكتۆبەری هەرێم (854 ملیۆنو 700 هەزار) دۆلار بووە، كە نزیكەی (200) ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجیو كۆمپانیاو گواستنەوەو قەرزەكانە، واتا مانگانە (654 ملیۆنو 700 هەزار) دۆلار، كە دەكاتە (785 ملیارو 640 ملیۆن) دینار، ئەمەش داهاتێكی زۆرە بەبەراورد بەوەی پێشتر راگەیەندرا كە " وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تەنها (380 ملیار) دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بۆ مووچە".
چارەسەری كێشەی بودجە
چاوەڕەوان دەكرێت كێشەی بودجە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی چارەسەر بكرێت، بەو پێودانگەی بەرپرسانی بەغداد ئامادەییان بۆ چارەسەری راگەیاندووەو لە پرۆژە بودجەی 2019ی عێراقیشدا رۆژانە بڕی (205 هەزار) بەرمیل نەوت دیاریكراوە بۆ هەرێم لەبەرامبەر ناردنی بودجەدا، كە رەنگە ناردنی ئەو برە لەڕێگەی سۆمۆوە بۆ هەرێم ئاسان بێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاندووە "ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بەرزدەكاتەوە".
لە راگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە" بە دامەزراندنی وێستگەیەكی نوێی هەناردەكردنی نەوت (وێستگەی پمپكردن) لە شێخان كە دەبێتەهۆی زیادكردنی توانای هەناردەكردنی نەوت لەڕیگای هەرێمی كوردستانەوە لە (700 هەزار) بەرمیل بۆ (یەك ملیۆن) بەرمیل لەڕۆژێكدا. ئەم كارە دەبێتەهۆی بەرزكردنی توانای هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە داهاتوودا، هەروەها دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی حكومەتی فیدراڵی عێراقو نەوتی كەركوكو دەورووبەری".
وادەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەسازی كردووە، ئەگەر هەناردەی نەوت بگەیەنێتە (یەك ملیۆن) بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەوا دەتوانێت رۆژانە (250 هەزار) بەرمیل نەوت بداتە حكومەتی عێراقو ئەوەی دیكەش بۆخۆی دەمێنێتەوەو لەپاڵ ئەو بودجەیەی لە عێراقەوە بۆی دێت، داهاتی حكومەت زۆر زیاد دەكات.
بودجەی عێراق
چاوەڕەوان دەكرێت بڕی ئەو بودجەیەی كە لە بەغداد دێتە هەرێم زیاد بكات، كە لە ئێستادا تەنها (317 ملیار) دینارە، بەوپێیەی پشكی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر- دهۆك- سلیمانی) لە بودجەی 2019ی عێراق، بەرێژەی 12.67% خەمڵینراوە، كە دەكاتە (8 ترلیۆنو 741 ملیارو 60 ملیۆن) دینار، خۆ ئەگەر هەرێم مانگانە بەو رێژەیە نەوت بنێرێت، ئەوا دەبێت بەغداد مانگانە (728ملیار) دینار بودجە بە هەرێم بدات، كە لە ئێستادا تەنها (317 ملیار) دینار دەنێرێت، ئەمەش رێژەیەكی زۆرەو بەئاسانی حكومەتی هەرێم دەتوانێت پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە.
داهاتەكانی تر
بەپێی وتەی وەزیری دارایی هەرێم، داهاتی ناوخۆ زیاتر لە (120 ملیار) دینارە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگانە بڕی (25 ملیۆن) دۆلاری ئەمریكی كە دەكاتە (30 ملیار) دینار دەدرێتە حكومەتو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان دەكرێت.
بەكۆی داهاتی نەوت كە مانگانە نزیكەی (650 ملیار) دینارە، لانی كەم چاوەڕەوان ناكرێت لەدوای پەسەندكردنی پرۆژە بودجەی عێراق لە بەغداوە كەمتر لە (500 ملیار) دینار بێت بۆ هەرێم، داهاتی ناوخۆش مانگانە (120 ملیار) دینارە، پارەكەی ئەمریكاش بۆ 2019 كە لەلایەن كۆنگرێسەوە پەسەندكراوەو گرنتییە، مانگانە (30 ملیار) دینار كۆی گشتی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019 زیاد دەكات، كۆی گشتی داهاتی هەرێم دەبێت بە (یەك ترلیۆنو 300 ملیار) دینار، بەمە ئاستی ئابوری هەرێم دەگاتەوە ئاستەكەی ساڵی 2013، واتە ئەوكاتانەی كە حكومەتی هەرێم پشتی دەبەست بە بەشە بودجەكەی بەغدادو مانگانە بڕی (یەك ترلیۆنو 200 ملیار) دیناری وەردەگرت.
ئەگەر هەرێم ئاستی هەناردەكردنی نەوتیش بەرزبكاتەوە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت دەیگەیەنێتە (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەوكات داهاتی حكومەتی هەرێم زۆر زیاتر دەبێت، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر حكومەتی هەرێم رایگەیاند دەتوانن مانگانە تەنها (745 ملیار) دینار بۆ موچە تەرخان بكەن.
بەپێی ئەو داهاتانەی كە ساڵی 2019 دەست حكومەتی هەرێم دەكەون، كابینەی نوێی حكومەت دەتوانێت بەئاسانی كۆی موچەی فەەرمانبەرانو موچەخۆران بداتو زیاتر لە (400 ملیار) دیناریشی بۆ دەمێنێتەوە بۆ خەرجییەكانی دیكەو وەبەرهێنانو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.