Draw Media

(درەو میدیا): سبەی پەرلەمانی نوێی عێراق یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و بە گوێرەی خشتەی كاری راگەیەنراو دوای خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئان، هەریەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی خولی سێیەمی پەرلەمان وتار پێكەش دەكەن و پاشان بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان كە " محەمەد ساڵح زەینی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی مەدەنی سەرۆكایەتی دانیشتنەكە وەردەگرێت و ناوی پەرلەمانتارە نوێكان دەخوێنرێتەوە و سوێندی دەستوریی دەخۆن. ئەركە قورسەكە گرنترین ئەركی پەرلەمانی نوێی عێراق سبەینێ بریتیە لە هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكەی كە لە رابردوودا سەرۆك بۆ پێكهاتەی سوننە بووە و جێگری یەكەم بۆ شیعە و جێگری دووەم بۆ كورد، بەڵام تائێستا كوتلە براوەكان رێككەوتنیان لەسەر نەكردووە، چونكە رێككەوتنەكە پەیوەستە بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، و هەتا ئەو دوو پۆستە رێككەوتنی لەسەر نەكرێت ئەستەمە پەرلەمان سبەی دووشەمە بتوانێت سەرۆك و دوو جێگرەكەی سەرۆك هەڵبژێرێت. دواخستنی كۆبوونەوەكە بە گوێرەی مەرسومی سەرۆك كۆماری عێراق سبەی دەبێت پەرلەمانی عێراق یەكەمین كۆبوونەوە بكات، بەڵام زۆر باس لە دواخستنی ئەم كۆبوونەوەیە دەكرێت و شارەزایانی یاساییش رای جیاوازیان لەسەری هەیە. بە بڕوای تارق حەرب شارەزایی یاسایی پەرلەمانی عێراق سبەی دووشەممە دوای خواردنی سوێندی دەستوری پەرلەمانتاران دەتوانن بە زۆرینەی دەنگ كۆبوونەوەكە بۆ ماوەی 15 رۆژ درێژبكەنەوە. حەرب لە نوسینێكیدا لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە دانیشتنی یەكەمی بۆ 115 رۆژ درێژبكاتەوە، دوای سوێندخواردنی دەستوریی و سەرۆكایەتی كۆمار دەسەڵاتی نیە دانیشتنەكە درێژبكاتەوە، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بانگەواز بۆ دانیشتنەكە بكات". حەرب دەشڵێت هەتا ئەگەر سەرۆكی نوێی پەرلەمانیش هەڵنەبژێردرێت، سەرۆكی پەرلەمان كە بەتەمەنترین پەرلەمانتارە دەرگا دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی دانیشتنەكە دەكات بۆ 15 رۆژ بە گوێرەی حوكمەكانی هەردوو مادەی 54 و 55ی دەستور. بەڵام عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی بە پێچەوانەی حەربەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنێت كە " دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان حەتمییە و پێویستە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرن و نابێت راگەیاندنی گەورەترین كوتلە یان هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلمان دوو جێگرەكەی دوابخرێت". دەشڵێت:" لە حاڵەتێكدا ئەگەر دانیشتنەكەی سبەینێ‌ بەبێ‌ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرەلمان دوابخرێت بۆ رۆژێكی تر، ئەوا دانیشتنە نوێكە نا شەرعیی و نادەستورییە و مایەی ئەوەیە لە دادگای فیدراڵی تانەی لێبدرێت". كێ‌ گەورەترین كوتلە رادەگەیەنێت؟ بە گوێرەی دەستوری عێراق كاندیدی گەورەترین كوتلە كە لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا رادەگەیەنرێت لەلایەن سەرۆك كۆماری نوێی عێراقەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت رادەستپێدرێت و لە سێ‌ خولی رابردوودا كوتلە شیعییەكان گەورەترین كوتلەیان راگەیاندووە و پۆستی  سەرۆك وەزیرانیش لە نێویاندا بە دیاریكراوی بۆ حزبی دەعوە بووە، بەڵام بۆ ئەم خولی چوارەمە شیعەكان بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون و هیچكامیان ناتوانن بە تەنها گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رابگەیەنن و بۆ ئەوەش كێبركێیانە لەسەر رێككەوتن لەگەڵ كوتلەكانی كورد و سوننەدا.


(درەو میدیا): نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدناكاتەوە. مالیكی لە نامەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانتارانی كوتلەی دەوڵەتی یاسای كردووە دەڵێت:" كاتێك چەند ساڵێك لەمەوبەر رامگەیاند كە خۆم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندیدناكەم، جدی بووم و لە دیدێكەوە سەرچاوەی گرتبوو كە ئێستاش پابەندم پێوەی و باوەڕەم وایە كە قازانجە و ئێستاش بڕیارەكەم دووبارەدەكەمەوە كە لەبەرهەمان هۆكار و تێڕوانین خۆم كاندید ناكەن بۆ ئەو پۆستە". مالیكی لە نامەكەیدا سوپاسی ئەوانەشی كردووە كە پەرۆش بوون بۆئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە وەرگبرێت و راشیدەگەیەنێت كە هاوكار و پشتیوانی هەركەسێك دەبێت كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێتن بۆئەوەی بەشداریبكات لە راستكردنەوەی دۆخەكە و جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانییەكان. نوری كامیل مالیكی دوو خولی لەسەریەك 2006 – 2014 سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە و لە دوای ئەوەشەوە تا 30 حوەزیرانی 2018 جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بووە، هاوكات ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە كە چەند كوتلەیەك لەخۆدەگرێت.


راپۆرتی( درەو میدیا)  "دڵی كۆمسیۆن لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە هەر تەزویرێك بكرێت دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان تەحەمولی بەرپرسیارێتیەكەی بكات" ئەمە قسەی (خەسرەو گۆران) بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەدەر لە شرۆڤەی مۆتەكەی تەزویر و یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان، كە بە بڕوای هەندێك، بوەتە (خوی شیریی) حزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان و ئالیەتێكی گرنگی  مانەوە لە دەسەڵات، شیكارییەكی بەڵگەیی بۆ ئەو دڵە زیندەوەی كۆمسیۆن و بایەخی ئەو پۆستە دەكەین كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە، كە ئەو بەرپرسەی پارتی بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانێت لە هەر ساختەكارییەك ڕوبدات. بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان  2 كۆمسیار و 3 بەڕێوەبەری گشتیی و 8 بەڕێوەبەری بەش و 12 بەرپرسی هۆبەی هەیە، سەرۆكی فەرمانگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، یەكێكە لە كۆمسیارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كە شارەزایانی بواری هەڵبژاردن گرنگی پێگە و هەستیاری ئەم پۆستە لەناو كۆمسیۆندا  بەپۆست  و پێگەی سەرۆكی حكومەت وەسفدەكەن لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا، ئەمەش بەو مانایەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو كۆمسیۆندا. بەگوێرەی دەسەڵاتە یاساییەكان، هیچ بڕیارێك لەباب و بواری تەنفیزیدا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ ڕەزامەندی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن تێناپەڕێت، تەنانەت لەلایەن سەرۆكی كۆمسیۆنیشەوە بێت، بەرپرسیاری سەرەكی تۆماری دەنگدەرانیشە، كە بەشێكی زۆری لایەنەكان بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە بەتۆمارێكی پیس و سیخناخ لەناوی مردوو و دووبارە و هۆكارێكی سەرەكی داواكانیان دەزانن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. ئەو تۆمارەی دەكرێتە بنەمای پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە ، لە فەرمانگەیەكە بەناوی فەرمانگەی (داتاكان)، ئەم فەرمانگەیەش ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە، دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە تانە لە ناپاكی تۆمارەكە بدات  و ڕێگری بۆ دروستبكات و نەینێرێت بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران تادەنگی لەسەر بدەن، دابەشكردنی بنكەكانی دەنگدان و گواستنەوەی فەرمانبەر و تۆماری فەرمانبەران بەشێكی ترن لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەم فەرمانگەیە كە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندایە و بەرپرسێكی پارتی بەدڵ و شارەزایانی هەڵبژاردن بەسەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن وەسفیدەكەن، یان ئەوەی بەزمانی شەقام پێدەوێرێت"بەبێ‌ پرسی ئەو كەس ناتوانێت دەستبكات بە ئاودا". لە پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانیشدا، بزوتنەوەی گۆڕان (بەڕێوەبەری گشتی كردارەكان و دیوان و دارایی) لەدەستدایە، كە بەڕێوەبەری كردارەكان (عملیات) یەكێكە لە پۆستە گرنگەكان و هەرچی جوڵەی كۆمسیۆنە لەژێر فەرمانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدایە، وێڕایی ئەوەی خاوەنی چوار بەڕێوەبەری هونەرییە كە دوای بەڕێوەبەری فەرمانگەمان هەرچی كاری هونەری كۆمسیۆن هەیە لەڕێی ئەمانەوە ئەنجامدەدرێت. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (4) پێكهێنراوە، لە ڕۆژی 23/7/2014 یاساكەی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، لە 9 ئەندام پێكدێت، لەگەڵ ئەوەی لە ماددەی سێیەمی بەشی دووەمی یاساكەدا هاتووە" كۆمسیۆن دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ و بێلایەن و خاوەن كەسایەتیی مەعنەویی خۆیەتی و ملكەچە بۆ چاودێری پەرلەمان  و بەرپرسیاریشە لەبەردەمیدا"، بەڵام پێنج هێزە سەرەكییەكەی كوردستان (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی پشكێنەی حزبیدا و بەپێی سەنگ و قورسایی هێزەكان لە پەرلەمان لەناوخۆیاندا بەشیانكرد (پارتی سەرۆكی كۆمسیۆن و  و دوو كۆمسیار، یەكێتی جێگری سەرۆك و كۆمسیارێك، بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن و كۆمسیارێك، یەكگرتوی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە بڕیاردەری كۆمسیۆنە ، كۆمەڵی ئیسلامی یەك كۆمسیار كە وتەبێژی كۆمسیۆنە).    بڕیارەكان چۆن دەدرێن ؟ دەنگدان لەسەر هەر پرسێك لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بەزۆرینەی ڕەها یەكلادەكرێتەوە، واتە لە كۆی 9 دەنگ بە پێنج دەنگ یەكلادەكرێتەوە، سەبارەت بەڕێژەیی یاسایی بۆ گرێدانی كۆبوونەوەكانیش لە یاساكەی كۆمسیۆندا هاتووە"كۆبوونەوەی ئەنجومەن دروستە بەئامادەبونی زۆرینەی ڕەهای ژمارەی ئەندامەكانی و بڕیارەكانی بەزۆرینەی ئامادەبوان وەردەگیرێت و لەكاتێكدا ئەگەر دەنگەكان یەكسانبوون ئەو لایەنە براوە دەبێت كە سەرۆك دەنگی لەگەڵی داوە. بەم پێودانگە لایەنەكانی دەرەوەی پارتی، كە لەكۆی 9 دەنگ (كۆمسیار) خاوەنی 6 دەنگن لە ئەنجومەنی كۆمسیاران، دەتوانن ڕێگری لە تێپەڕاندنی هەر بڕیارێك بكەن كە پارتی بیەوێت لەڕێی كۆمسیۆن و لەدەرەوەی خواستی ئەم حزبانە تێپەڕێنێت، لەسەرو هەمووشیانەوە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەو مانایەی هەروەك چۆن نوێكردنەوە و بژاركردنی تۆماری دەنگدەران بەشێكە لە دەسەڵاتە یاساییەكانی كۆمسیۆن، پەسەندكردنی ئەنجامەكانیش بەشێكە لە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و تا لەڕێی ئەوانەوە پەسەندنەكرێت ئەنجامەكان هیچ شەرعیەتێكی یاساییان نابێت. بەڕای زۆرێك لە چاودێران، چاوەڕوانیكردنی زۆر لە ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەنگە جۆرێك بێت لە زیادەڕۆیی، بۆ نمونە لە حاڵەتی بوونی پێشێلكارییەكی زۆر لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی ساختەكاری لە بەرژەوەندی هێزێك یان دوان و زیاتر، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندنەكەن و ڕەتیبكەنەوە، بەڕێوەچونی پرۆسەی ڕیفراندۆمیش بەنمونەیەكی زیندووی بۆ ئەو بۆچونە دێننەوە كە وێڕای ئەوەی ساختەكارییەكی زۆری تێدا كراو لەچەندین شوێن ڕێژەی دەنگدان لە ژمارەی دەنگدەران زیاتر بوو، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم كۆمسیاران واژۆیان لەسەر ئەنجامی كۆتایی ڕیفراندۆمەكرد،  كە بەڕای زۆرێك، لە دوای ئاشكرابونی پێشێلكارییەكان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی بواری چاودێریكردنی هەڵبژاردن، پرسیاری گەورەی لەسەر بێلایەنی و پیشەیبوون و متمانە ئەو دامەزراوە هەستیارە گرنگە و دروستكرد.      


(درەو میدیا): وەزارەتی نەوتی عێراق ئاستی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئابی رابردووی راگەیاند و بە بەراورد بە مانگەكانی رابردوو هەناردە و داهاتی نەوت زیادیكردووە. بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، مانگی ئابی رابردوو عێراق (111 ملیۆن و 61 هەزارو 618) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە". تێكڕای هەناردەی نەوتی مانگی رابردوو لە رۆژێكدا گەیشتوەتە (3 ملیۆن و 583 هەزار) بەرمیل و تێكڕای نرخی نەوت بۆ هەر بەرمیلێكی لەو مانگەدا بە (69.593) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتوەتە (7 ملیار و 729 ملیۆن و 57 هەزار) دۆلار بووە، بەراورد بە مانگی تەمموز داهاتی نەوتی ئاب  ( 200 ملیۆن دینار ) زیادیكردووە كە (7 ملیار و 532 ملیۆن و 500 هەزار) دۆلار بووە.  


( درەو میدیا): ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ دانوستان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق گەیشتنە بەغدا و لە یەكەم كۆبوونەوەشیاندا لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایی نوری مالیكی و فەتحی هادی عامری كۆدەبنەوە. وەفدەكە هاوبەشەكە پێكهاتووە لە  مەلابەختیار و سەعدی پیرە و خالید شوانی و فریاد رەواندوزی لە یەكێتی و فازل میرانی و  جەعفەر ئیمنكی و فوئاد حسێن و بەنگین عەلی لە پارتی. سەعد مەتڵەبی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند وەفدەكەی یەكێتی و پارتی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فەتح كۆدەبنەوە و ئەگەر رێككەوتن لەسەر هەموو خاڵەكان بكرێت، ئەوا لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رادەگەیەنن.  


( درەو میدیا): جینین هێنیس پلاسخارت, وەزیری پێشووی بەرگری هۆڵەندا دەبێتە  نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق " یونامی" و جێگەی یان كۆبیچ دەگرێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی  راگەیەندراوێکی نوسینگەی رۆژنامەوانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان. لە راگەیەندراوەکەداهاتووە:" سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس نوێنەری هۆڵەندا جینین هێنیس پلاسخارت، وەك نوێنەری تایبەتی لە عێراق و سەرۆكی نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ هاوكاری عێراق دیاریكرد". ئاماژەی بەوەشداوە كە پلاسخارت 20 ساڵ شارەزایی لە چالاكی سیاسیی و دیپلۆماتی هەبووە و ساڵی 2012 بۆ 2017 وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە و بەوەش دەبێتە یەكەمین ژن كە ئەو پۆستەی پێدەسپێردرێت. جگە لەوەش جینین هێنیس پلاسخارت  ساڵی 2010 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا بووە و ساڵی 2004 بۆ 2010ش ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە و لە تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە كۆمسیۆنی ئەوروپا لە برۆكسل و ریگا و ئەمستردامیش كاریكردووە. نوێنەرەكانی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق: 1-    سێرجیو ڤێیرا دی میلۆ: 14ی ئابی 2003  تا 19ی ئابی 2003 و لە تەقینەوەیەكدا لە بەغدا كوژرا 2-    ئەشرەف قازی : 14ی تەمموزی 2004 تا 18ی ئەیلولی 2007 3-    ئاد میلكەرت   :  7ی تەموزی 2009  تا یەكی تشریی 2011 4-    مارتن كۆپلەر : یەكی تشرینی یەكەمی 2011  تا ئابی 2013 5-    نیكۆلای میلادنیۆڤ : دووی ئابی 2013   تا 5ی شوباتی 2015 6-    یان كۆبیچ  : 5ی شوباتی 2010 تا ئێستا...


وەرگێڕان و ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی و عێراقی و خۆرئاوایی رایدەگەیەننئێران موشەكی بالیستی پێشكەشی ئەو میلیشیا شیعانە كردووە كە هاوپەیمانی ئێرانن لە عێراقدا و تاران پەرە بە تواناكانی دەدات بۆ دروستكردنی موشەكی زیاتر بۆ دوورخستنەوەی هەر هێرشێكی چاوەڕوانكراو بۆسەر بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها وەك رێگاچارەیەكیش بۆ لێدان لە دوژمنەكانی لە ناوچەكەدا. هەر ئاماژەیەك كە نیشانی بدات ئێران سیاسەتی گەڕاندنەوەی موشەكە بەهێزەكانی بۆ عێراق پەیڕەودەكات، لەوانەیە ببێتە زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا دوای كشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كە ساڵی 2015 وڵاتانی پێنج كۆ یەك لەگەڵ ئێراندا ئیمزایان كرد. هەروەها دەشبێتە مایەی ئیحراجكردنی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەو سێ‌ دەوڵەتە ئەوروپییەی كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیان ئیمزاكردووە و هەوڵدەدەن بۆ رزگاركردنی رێككەوتنەكە سەرەڕای گەڕاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر تاران. سێ‌ لێپرسراوی ئێرانیی و دوو سەرچاوە لە هەواڵگری عێراق و دوو سەرچاوە لە هەواڵگری خۆرئاوا بە ئاژانسی " رۆیتەرزیان" راگەیاندووە لەم چەند مانگەی دواییدا ئێران موشەكی بالیستی كورت مەودای بۆ هاوپەیمانەكانی لە عێراق رەوانەكردووە و پێنج لە لێپرسراوانەش رایانگەیاندوووە كە ئێران هاوكاری ئەو میلیشیایانە دەكات بۆ ئەوەی دەست بە دورستكردنی موشەك بكەن. لێپرسراوێك بۆ رۆیتەرز وتی:" لۆژیك ئەوەیە كە ئێران پلانێكی جێگرەوەی هەیە ئەگەر هێرشی بكرێتەسەر". وتیشی:" ژمارەی موشەكەكان زۆر نین، تەنها دەیان موشەكن، بەڵام ئەگەر پێویست بكات دەتوانرێت زیادبكرێت". لەماوەی رابردوودا چەندینجار ئێران رایگەیاندووە كە چالاكییە موشەكییە بالیستییەكانی سروشتێكی بەرگریی تەواوەتیان هەیە و لێپرسراوای ئێران ئامادەنەبوون هیچ قسەیەك لەسەر ئەم هەنگاوە نوێیە بكەن. هاوكات حكومەت و سوپاش لە عێراق ئامادەنەبوون هیچ قسەیەك لەو بارەیەوە بۆ رۆیتەرز بكەن. ئەو موشەكانەی كە رەوانەی عێراق كراون لە جۆری " زلزال و فاتح 110 و زولفیقار" ن و مەوادەكەیان لە نێوان 200 بۆ 700 كیلۆمەتردایە، ئبەوەش شاری ریازی پایتەختی سعودیە و تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل لە مەودایەكدا كە دەتوانرێت لێبانبدرێت ئەگەر ئەو موشەكان لە باشوور یان خۆرئاوای عێراق جێگیربكرێن. فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش كە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی وڵات لەو دوو ناوچەیەدا بنكەی هەیە و سێ‌ سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاند قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەرپەرشتی ئەو پرۆگرامە دەكات. لە ماوەی رابردووشدا وڵاتانی خۆرئاوا  بە كردەوە ئێرانیان تۆمەتباركردووە بەگواستنەوەی موشەك و تەكنۆلۆژیا بۆ سوریا و هاوپەیمانەكانی تری وەك حوسییەكان لە یەمەن و حزبوڵا لە لوبنان و وڵاتانی سوننەی دراوسێش لە كەنداو و هەروەها ئیسرائیل دوودڵی خۆیان بەرامبەر بە چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكەدا دەربڕیوە و وەك هەڕەشەیەك بۆسەر ئاسایشیان لێكیانداوەتەوە و بەرپرسانی ئیسرائیل ئامادەنەبوون لە پرسی گواستنەوەی موشەكەكان هیچ قسەیەك بۆ رۆیتەرز بكەن، و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە وتی:" ئەوانەی بە سڕینەوەمان هەڕەشەمان لێدەكەن، خۆیان دەخەنە بەر مەترسییەكی لەو شێوەیە و بەهیچ جۆرێك لە جۆرەكان ئامانجەكەیان بەدی ناهێنن". هێڵی بەرهەمهێنانی موشەكەكان بەوەی ئەو سەرچاوە خۆرئاواییەی كە قسەی بۆ رۆیتەرز كردووە ژمارەی ئەو موشەكانەی كە ئێران رەوانەی عێراق كردووە لە دەیان موشەك تێناپەڕێت و ئامانج لێی گەیاندنی پەیامێكە بە ئەمریكا و ئیسرائیل بە تایبەتی دوای هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر هێزە ئێرانییەكان لە سوریا و ئەمریكا ئامادەگییەكی سەربازیی ئاشكرای لە عێراقدا هەیە. سەرچاوە خۆرئاواییەكە دەڵێت:" وادەردەكەوێت كە ئێران عێراقی كردووە بە بنكەی موشەكی بەرەی پێشەوە". سەرچاوە ئێرانییەكان و سەرچاوەیەكیش لە هەواڵگری عێراق رایانگەیاند كە 18 مانگ لەمەوبەر بڕیارێك دراوە بۆ پشتبەستن بە گروپە چەكدارەكان بۆ بەرهەمهێنانی موشەك لە عێراق، بەڵام چالاكییەكە لەم چەند مانگەەی دواییدا زیادیكردووە و موشەكەكانیش گەیشتوون. فەرماندەیەكی باڵای سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لەمیانی شەڕی عێراق- ئێراندا لە هەشتاكاندا خزمەتیكردووە لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز دەڵێت:" بنكەی لەو شێوەیەمان لە زۆر شوێن هەیە لە نێویشیاندا عێراقن ئەگەر ئەمریكا هێرشمان بكاتە سەر، ئەوا دۆستەكانمان هێرشدەكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا". سەرچاوە خۆرئاواییەكە و عێراقییە بۆ رۆیتەرزیان ئاشكراكردووە كە ئەو كارگانەی بۆ پەرەپێدانی موشەك لە عێراق بەكاردەهێنرێت لە ناوچەی زەعفەرانیەی خۆرهەڵاتی بەغدا و ناوچەی جرف ئەلسەخری باكوری كەربەلان و سەرچاوە ئێرانییەكەش دەڵێت كارگەیەكیش لە هەرێمی كوردستان هەیە. ئەو ناوچانەش لەلایەن گروپە شیعەكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵا كە نزیكترین گروپن لە ئێرانەوە كۆنترۆڵكراون و سێ‌ سەرچاوەش ئاشكرایانكردووە كە چەند عێراقییەك لە ئێران مەشقیان لەسەر چۆنێتی بەكارهێنانی موشەكەكان كردووە. سەرچاوەكەی هەواڵگری عێراق رایگەیاندووە كە كارگەی زەعفەرانییە لەسەردەكی سەددام حسێندا كڵاوەی جەنگی و مادەی سیرامیكی بەرهەمهێناوە كە بۆ دروستكردنی قاڵبی موشەكە بەكارهێنراوە و راشیگەیاندووە چەند گروپێكی شیعە بەهاوكاری ئێران لە ساڵی 2016ەوە كارگەیان نۆژەنەكردوەتەوە چالاكیان دەستپێكردوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردووە پشت بە چەند ئەندازیارێكی شیعە بەستراوە كە لە سەردەمی سەددام حسێندا لەو كارگەیە كاریان كردووە و دوای پشكنینی تۆمارەكانیان دەستیانكردووە بە بەگەڕخستنەوەی كارگەكە و چەند موشەكییش لە نزیك " جورف ئەلسەخر" تاقیكراونەتەوە. لایخۆشیانەوە ئاژانسی هەواڵی ئەمریكا" سی ئای ئەی " و وەزارەتی بەرگری " پێنتاگۆن" ئامادەنەبوون لەسەر ئەو پرسە هیچ قسەیەك بۆ رۆیتەرز بكەنن بەڵام لێپرسراوێكی ئەمریكا كە بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناسنامەكەی قسەی بۆ ئاژانسەكە كردوووە جەختیكردوەتەوە كە تاران لەم چەند مانگەی دواییدا موچەكی بۆ گروپە عێراقییەكان رەوانەكردووە، بەڵام نەیتوانی جەختلەوەبكاتەوە كە ئایا هیچ توانایەك هەیە بۆ تەقاندنی ئەو موشەكانە لەو شوێنانەی ئێستایان. سەرچاوە : رۆیتەرز  


( درەو میدیا): سەركردە "دیارەكانی" لیستەكەی عەبادی، فالح فەیاز بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كاندید دەكەن. لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەك سەركردەی ئیئتیلافی (نەسر)كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات، بڵاویانكردوەتەوە و وێنەیەكی دەست "درەو میدیا" كەوتوە، ڕایدەگەیەنن: ئەوان وەك سەركردە ئەساسییەكانی ئیئتیلافی نەسر (فالح فەیاز) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید دەكەن، ئەو بڕوایەشیان لە تواناكانیەوە بۆ بەجێگەیاندنی پرۆگرامێكی حكومی سەرچاوەی گرتوە، كە خواستەكانی هاوڵاتیان بەدیدەهێنێت و زۆرینەی لایەكانیش پەسەندیدەکەن. لە بەشێكی تری بەیاننامەكەی ئەو سەركردانەی نەسردا هاتووە، بە پێویستی دەزانن حكومەتی داهاتوو گوزارشت بكات لە خواستەكانی خەڵكی بێبەشكراو لە ژیانێكی شەرەفمەندانە و ژینگەیەكی خاڵیی لە گەندەڵێ و جەختكردنەوە لەسەر پڕۆژەی "سەركەوتن"كە لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنییەوە بەشداریكردوە لە خولقاندنی ژینگەیەك كە پشت بە پێوەرە تائیفی و میكانیزمەكانی پشكێنە نابەستێت، بەڵكو پشدەبەستێت بە بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە كە بەرپرسیارێتی نیشتمانی دەخاتە سەرشانی هەموان بەشێوەیەكی هەماهەنگ. ئەو ڕاگەیەندراوەی ژمارەیەك لەسەركردەكانی ئیئتیلافی نەسر دوای ئەوەدێت دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فەرمانێك فالح فەیازی لە ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە.


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ بەدەستهێنانی سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لایەنەكانی شیعەی لە عێراق پەرتەوازەكرد و بەسەر دووبەرەی ( مالیكی – عامری ) و ( سەدر_ عەبادی- حەكیم) دابەشیكردن، ململانێی ئەو دووبەرەیەش بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران چووە قۆناغێكی نوێیە و هەردوولا هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ لاوازكردنی یەكتری و كێشكردنی پەرلەمانتارانی یەكتر. یەكەم هەنگاوی لێدان لە عەبادی كاتێك حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و ساڵح موتڵەگ دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار لە هۆتێل " بابل"ی شاری بەغدا كۆبوونەوە بۆ پێكهێنان و راگەیاندنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، بەرەی " مالیكی- عامری" توانیان یەكەم گورزیان بوەشێنن و ناكۆكی بخەنە نێو هاوپەیمانی " نەسر"ی حەیدەر عەبادییەوە لە رێگەی جیاكردنەوەی لیستەكەی " فالح فەیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشمانییەوە كە بە لیستی حزبی " العگا‌و" لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسردا بەشداری هەڵبژاردنەكانی كردووە چەند  كورسییەكی پەرلەمای بەدەستهێناوە. ئەو هەنگاوەی بەرەی " مالیكی- عامری" ریسەكەی بەری " سەدر- عەبادی" یان كردەوە بەخوری و كۆبوونەوەكەی هۆتیڵ بابلیان شكستپێهێنا و جگە لە دەركردنی بەیاننامەیەك بۆ پێكهێنانی " نواە" بنچینەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە هیچی تری لێنەكەوتەوە. كاردانەوەی عەبادی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەداو لە یەكەمین كاردانەوەیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران، هەموو پۆستە ئەمنییەكانی لەفالح فەیازی هاوپەیمانی دوێنێ و نەیاری ئەمڕۆی سەندەوە. عەبادی بە فەرمانێكی دیوانی بڕیارییدا فالح فەیاز لە راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دووربخاتەوە بە پاساوی ئەوەی فەیاز خۆی بۆ كاری سیاسی تەرخانكردووە و نابێت بەرپرسی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان تێكەڵاوی كاری سیاسی بن. دەقی فەرمانەكەی حەیدەر عەبادی: فەرمانی دیوانی ژمارە ( 286) بۆ ساڵی 2018 بە رەچاوكردنی ئەوەی كە بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز چوەتە ناو كاری سیاسی و حزبیی و ئارەزووی ئەوەدەكات رەوبەڕووی كاروباری سیاسی ببێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی ئەركە ئەمنییە هەستیارەكان كە بەرپرسیانە و بە پشت بەستن بە دەستوری عێراق تایبەت بە بێلایەنی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكان و یاسای دەستەی حەشدی شەعبیی و سیستم و رێنماییەكانی تایبەت بەو پرسە و رێنماییەكانمان كە رێگەدەگرن لە بەكارهێنانی پۆستە ئەمنییە هەستیارەكان بۆ چالاكیی حزبی و بە پشتن بەستن بەو دەسەڵاتانەی پێمانبەخشراوە بڕیارماندا: 1- بەخشینی بەڕێز فالح فەیسەڵ فەهد فەیاز لە ئەركەكەی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی. 2- بەم بڕیارە لە مێژووی دەرچوونییەوە جێبەجێدەكرێت. دكتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران 30 – ئاب- 2018   فەتح هەڕەشە دەكات ئەم بڕیارەی حەیدەر عەبادی بەبێ كاردانەوەی توندی بەرەی " مالیكی- عامری" تێنەپەڕی و لە یەكەمین كاردانەوەیدا هاوپەیمانی " فەتح" بەیاننامەیەكی توندی لە دژی حەیدەر عەبادی دەركرد و تێیدا عەبادی تۆمەتباردەكات بە تێوەگلاندنی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و بە دەستپێكێكی مەترسیداریش وەسفیدەكات. ئیئتیلافی" فەتح" عەبادی بە سەرۆك وەزیران ماوە كۆتایی هاتوو وەسفدەكات و تۆمەتباریشیدەكات بەوەی كە فەیاز پشتیوانی لە عەبادی نەكردووە بۆ دووبارە بەدەستهێناوەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆیە ئەو بڕیارەی لەدژ دەكراوە. لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا "فەتح "هەڕەشەدەكات و هۆشداریدەدات لەتێكچوونی دۆخی ئەمنیی و سەقامگیری عێراق بەهۆی ئەو بڕیارەوە. دەقی بەیاننامەمەی ئیئتیلافی فەتح: " دەركردنی بڕیاری بەخشینی بەڕێز فالح فەیاز لە  سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و راوێژكارێتی ئاسایشی نیشتمانی، دەستپێكێكی مەترسیدارە بۆ تێوەگلانی حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەكان لە ململانێی و ناكۆكییە سیاسییەكان و تەسفیەی حساباتی كەسیی و بەهیچ شێوەیەك مایەی قبوڵكردن نییە كە سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر ( سەرۆك وەزیرانی ماوەی كۆتایی هاتوو) بڕیارێك دەربكات بۆ لەسەركارلابردنی بەرزترین بەرپرس كە سەرپەرشتی گرنگترین دەزگای ئەمنیی دەكات، لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسە باوەڕی وەهایە كە هیچ بەرژەوەندییەك نییە لە نوێكردنەوەی و بەدەستهێنانەوەی ویلایەتی دووەمی سەرۆك وەزیران و ئەوەش ئاماژەیەكی نوێیە كە سەرۆك وەزیرانی ماوە كۆتایی هاتوو بە پێی بەرژەوەنی كەسی خۆی مامەڵە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و دامودەزگاكانی تری حكومەتدا دەكات و قبوڵكردنی سەپاندنی ویلایەتی دووەمی كردوەتە مەرجێك بۆ مانەوەی بەرپرسەكان لە پێگەكانیاندا، لەبەرئەوە ئەو بڕیارانە نایاسایین بە گوێرەی دەستور، چونكە بەڕێز فالح فەیاز ئەو بەرپرسیارێتیانەی لەسەر شانیەتی و بە پلەی وەزیر دادەنرێت كە ئەوەش هاوشێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پێگەی سیاسیین، هەروەها ئەو رێوشوێنانە بڕیاری كەسین و دۆخی ئەمنیی تێكدەدەن و سەرچڵیكردنە بە سەقامگیری وڵات و كردنەوەی بەرەیەكی نێوخۆی بەرووی تیرۆردا لە پێناوی بەدیهێنانی ویستی تاكڕەویی لە دەسەڵاتدا". هاوپەیمانی فەتح 30/8/2018 هاوكات هیشام ركابی بەرپرسی نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند ئەو هەنگاوەی عەبادی كاردانەوەی پێچەوانەی بۆسەر هاوپەیمانی نەسر دەبێت.  ركابی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە، بڕیاری دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە سەرۆكایەتی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كارتی هاوپەیمانی نەسر لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لاوازدەكات. سەدر بە دۆسیەی موسڵ و سپایكەر وەڵامدەداتەوە هاوپەیمانی " سائیرون" كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، بەرامبەر بە هەنگاوەكانی بەرەی " مالیكی- عامری" دەستەوەستان نەوەستاوە، خودی سەدر لە یەكەم هەنگاویدا هەوڵی جوڵاندنی شەقام دەدات كە لە چەند ساڵی رابردوودا كردبوویە دێوەزمە بەسەر حكومەتی عێراق و بەردەوام نمایشی هێزی جەماوەریی تێدادەكرد. جگە لە جوڵاندنی شەقام  هاوپەیمانێتییەكەی سەدر كارتێكی تر لە دژی مالیكی رادەكێشێت كە ئەویش كارتی كەوتنی موسڵە لەلایەن داعشەوە كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتە تێیدا تۆمەتبارە. مەناهل حمێداوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " سائیرون" ئەمڕۆ هەینی وتی:" سائیرون هەوڵدەدات بۆ چاككردنی دۆخی خراپی حكومەتی عێراق بەهۆی كارە سیاسییە نادروستەكانی حكومەتەكانی پێشووە و ئامانجیشی لە قۆناغی داهاتوودا هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵیی و لێپرسینەوە لایەنە كەمتەرخەمەكانە". حمێداوی ئاماژەی بەوەشداوە وەك پەرلەمانتار داوادەكەن دۆسیەی گەندەڵی دارایی و ئیداریی و ئەمنیی هەڵبدرێنەوە و لێپرسینەوەش لە هەموو ئەوانە بكرێت كە بەشداربوون لەكەوتنی موسڵ و چەند پارێزگاریەكی عێراق و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن داعشەوە. ئەو پەرلەمانتارەی " سائیرون" جەختیشدەكاتەوە كە پێویستە هەموو ئەوانەی هۆكاربوون بۆ روودانی تاوانی سەربازگەی سپایكەر رەوانەی دادگابكرێن". هەڵدانەوەی دۆسیەی موسڵ و سپایكەر و گەندەڵی دارایی حكومەتەكانی پێشوو بە دیاریكراوی لەدژی نوری مالیكی دەگیرێتەبەر چونكە لەو كاتەدا وەك سەرۆك وەزیران بەرپرسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە.   عێراق بەرەو كوێ؟ سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی سێی ئەیلولی بۆ یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق دیاریكردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان پێكهاتەكان " شیعە و كورد و سوننە" و ململانێ و ناكۆكی لایەنەكانی نێو خودی ئەو پێكهاتانەش چاوەڕوان ناكرێت ئەو كۆبوونەوەیە سەركەوتوو بێت لە یەكەمین هەنگاوی قۆناغی نوێ و پێكهێنانی حكومەت، كە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانییەتی و پاشان هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی گەورەترین كوتلە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. .  


(درەو میدیا): بەهۆی ناڕەزایەتی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە نەیانتوانی بگەنە رێككەوتنێك بۆ ئەوە پێكەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. چوار لایەنە ناڕازییەكە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) جارێكی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم كۆبونەوە. كۆبونەوەی ئەمجارە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە قسەكردن بووە لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەریەكە لە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوڕابوون لەسەر ئەوەی چوار لایەنەكە پێكەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دژی دواخستنی هەڵبژاردن بووە، ئەمەش گرفتی بۆ گەڵاڵەبوونی بیرۆكەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرچوار لایەنەكەی دروستكردووە. ئەگەر ناڕەزایەتی كۆمەڵی ئیسلامی نەبوایە، سێ لایەنەكەی تر هاوڕابوون بە فەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بخرێتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی لەدوای نزیكبونەوەی گۆڕان لە پارتی بەتایبەتی لە پرسى یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم و یاسای تیرۆر، ئێستا ئەویش دەیەوێت سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی رێكبخاتەوە و كۆتایی بەو گرژییانە بهێنێت كە بەمدواییە دروستبووە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەیە كە كۆمەڵ لە پرسی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا هاوڕای پارتییە. چوار لایەنە ناڕازییەكە كە لەدوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقەوە ئەم ناوەیان بەسەردا بڕواوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتییان لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، دوای تەواوبونی كۆبونەوەكەیان راگەیەندراوێكی (3) خاڵییان بڵاوكردەوە. لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە، چوار لایەنە ناڕازییەكە لە راگەیەندراوەكەیاندا بەهیچ شێوەیەك داوای داخستنی هەڵبژاردنیان نەكرد وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا، تەنیا لە خاڵی (2)ی راگەیەندراوەكەدا دەڵێن" لە كۆبونەوەكەدا پێداگری كرا لەسەر هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵك". سەرباری ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ بەڕێوچوونی هەڵبژاردنە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا نەكات و بایكۆتی پرۆسەكە بكات، واتە ئێستا لەناو چوار لایەنەكەدا تەنیا دوو لایەن ماونەتەوە كە دەیانەوێت هەڵبژاردن دواخرێت و ئەگەر دواشنەخرێت ئامادەن بەشداری تێدا بكەن، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەكگرتووی ئیسلامی). بەهانەی ئەم لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن خراپی تۆماری دەنگدەرانە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو لایەنانە هەموویان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمدا نوێنەریان هەیە و نوێنەرەكانیان پێشتر لەبەردەم پەرلەماندا دانیان بەوەدا ناوە تۆمارەكە خاوێن و كۆمسیۆن ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن. ئەمە وایكردووە پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەو لایەنانەی تر كە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دەكەن، گومانیان لە راستی نیگەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی هەبێت لەبارەی تۆماری دەنگدەران، هەندێك كەسیش خواستی گۆڕان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەگەڕێننەوە بۆ تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە بەمدواییانە. چوار لایەنەكە بایكۆت ناكەن دەستەواژەی "چوار لایەنە ناڕازییەكە" لەفەرهەنگی سیاسی هەرێمی كوردستاندا دەستەواژەیەكی نوێیە و سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ئەوكات چوار لایەن كە بریتین بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) پێكەوە ناڕەزایەتییان لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەربڕی و رایانگەیاند، یەكێتی و پارتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان ساختە كردووە. تۆڕەیی ئەم چوار لایەنە لە ئەنجامەكان، ئەوكات گەیشتە ئاستێك كە باسیان لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكرد، بەڵام ئێستا و دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئەنجامەكان روینەدا، ئەو چوار لایەنە لە بیرۆكەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق پاشگەزبونەتەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، سەركردەی چوارلایەنەكە بڕیاریاندا بچنە بەغداد و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی نەكەن، لە خاڵی (1)ی راگەیەندراوەكەیاندا نوسیویانە" سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، جەختدەكەینەوە لەسەر پرۆژەیەكی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەركردنی كێشەی بژێوی خەڵك و پاراستنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان و هاوڵاتیانی عێراق".   دوو هەوڵ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن  هەوڵی دواخستی هەڵبژاردن تەنیا لەلای چوار لایەنە ناڕازییەكە قەتیس نەبووە، یەكێتی نشتیمانیش بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە، بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ ئەم پرسەی لەگەڵ هەریەكە لە حزبی شۆسیال دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تاوتوێ كردووە. بەپێی زانیارییەكان دوێنێ یەكێتی و گۆڕان دوو هەوڵی جیاوازیان لەگەڵ پارتیدا داوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەردوو هەوڵەكە شكستی هێناوە: هەوڵی یەكەم: ئەندامێكی ماڵباتی تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. هەوڵی دووەم: بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان كە پێشتر وەزیر بووە، بەتەلەفۆن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردووە و داوای كردووە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەهەمان شێوەی نێچیرڤان بارزانی داواكەی رەتكردوەتەوە. كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ حزبی شیوعی لایەنە ناڕازییەكان پەنا بۆ كۆمسیۆن دەبەن لەدواین هەوڵدا دوای رەتكردنەوەی پێشنیازەكانیان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە، ئەو لایەنانەی كە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن پەنایان بۆ نوێنەرەكانی خۆیان برد لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی. بەگوێرەی زانیارییەكان، دوێنێ نوێنەری چوار لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە بریتین لە (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە ژێر فشاری سەركردایەتی حزبەكانیاندا كۆبونەتەوە بۆ ئەوەی بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوەی جێگەی سەرەنجە نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی بەشداربووە لەو كۆبونەوەیەدا، ئەمە لەكاتێكدایە كۆمەڵ بەفەرمی پشتیوانی ئەەوە دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.


ڕاپۆرت: ئارام مەحمود پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان گوێنەدات بەخواست و بۆڵەبۆڵی ژێر لێو و شەرمنانەی ڕكابەرەكانی و هاوشێوەی ڕیفراندۆم هەمویان ڕاپێچی بەردەم سندوقەكانی دەنگدان بكات، وەك دەوترێت، ڕەنگە ئەمە تراژیدیترین و خەمناكترین ئەو نوكتە سیاسیانە بێت كە بەدرێژایی چەندساڵی ڕابردوو خەڵكی كوردستان بەرگوێیان كەتووەو ڕوتبونەوەی تەواوەتی زەیفی ئەو خۆشەویستییەش بێت كە هەندێك لایەن بۆ دیموكراسی دەریان بڕیوە. چاودێرانی دۆخی كوردستان دەڵێن، لەدوای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی جدی لە هەرێمی كوردستان، ئەو خیتابە بەخەستی باڵادەست بوو كە  هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان (پارتی و یەكێتی) حەزیان لە هەڵبژاردن نیەو، ئەگەر وازیانلێبهێنن هەر نایكەن، یان كاتێك دەیكەن دڵنیابن لە ئەنجامەكانی، ئەمە وەك عەیبە و پەڵەیەكی گەورە بەتەوێڵیانەوە وێنەدەكرا، وەك هێزی دژە دیموكراسی و ناشرین و خۆسەپێن ناویان دەهات، بەڵام لەئێستاوە بەدواوە دواخستنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی لەبازنەی حەزی هێزەكانی دەسەڵاتدا نەماوەتەوەو، بووە بەجۆرێك لەحەزی گشتیی هێزەكان و جۆرێك لە مۆدیلی سیاسیش، لەبری گەورەكردنی ڕوبەری جیاوازییەكان، تادێت لەیەكچونەكان بەرتەسكتردەبنەوە، ئەم واقیعی حاڵە بەبۆچونی هەندێكی تر.   شینی پارتی بۆ هەریسەكەیە پێداگرییەی پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی 30 ئەیلولدا، لەڕێزگرتن و بەپیرۆز بینینی وادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی پرۆسەی دیموكراسیەوە سەرچاوەی نەگرتووە، هەروەك چۆن لە خۆشەویستیشی نیە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن وەك میكانیزمێكی ئاشتنیانەی دەستاودەستی دەسەڵات، بەو پێیەی "ئەو حزبە خۆی پایەكی سەرەكی بێبەهاكردنی دیموكراسییە لە هەرێمی كوردستان"، لانی كەم ئەمە قەناعەتی زۆرێك لەو خەڵكانەیە كە خۆیان بەڕكابەری سەرسەخستی پارتی و پارتیش بەهێزێكی نادیموكراسی و ڕێزنەگر لەدەنگی خەڵك و ڕكابەرە سیاسییەكانی دەزانن. زۆرێك هۆكاری یەكەم و كۆتایی ئەم پێداگرییەی پارتی بۆ خوێندنەوەی وردی ئەو حزبە دەگێڕنەوە كە بۆ حاڵی شڕو و شێواو و ناوماڵی پەرتوبڵاوی حزبەكانی ڕكابەری كردویەتی و پێیانوایە" پارتی گەیشتوەتە قەناعەتێك دەرفەت و هەلی وەك ئەوەی ئێستای دەستناكەوێتەوە، بۆیە بەهەر نرخێكبێت هەڵبژاردن ئەنجامدەدات و بەجیاوازییەكی گەورە پێش ڕكابەرەكانی دەداتەوە".  ڕكابەرەكانی پارتی لەهەڵبژاردن تۆقیون لەبەرامبەردا، ڕایەكی تر هەیە دەڵێت، خوێندنەوەی دۆخی سیاسی كوردستان بەمشێوەیە و تانەدان لە پارتی لەسەر پێداگرتنی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بۆچونێكە "پڕە لە دووڕویی سیاسی و پاشگەزبونەوە لەهەموو ئەو بانگەشانەی كە هەندێك هێز لە ڕابردوودا دەیانكرد و دەیانوت لەبارەی زرورەتی ڕێزگرتن لەوادەی هەڵبژاردن و دوانەخستنی دیموكراسی ئەگەر بۆ ڕۆژێكیش بێت". لەبارەی ڕەواتیشەوە باسلەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر پارتی ئەوەشی لاڕوون بێت سەركەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێت و لەپێناوەشدا پێداگری دەكات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا چی ناڕاوایەتییەكی تێدایە؟ لەكاتێكدا هێزەكانی ڕكابەری ترس لە شكست و دۆڕانی هەڵبژاردن وایلێكردوون پێداگری لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بكەن و ئەومافە بەخۆیان بدەن كە مافی ئەوان نییە.  دواخستنی هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پرسیارە جەوهەرییەكان بەلای هەندێكی ترەوە ئەوەیە، ئەگەر پێداگری پارتی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بچێتە خانەی بەرژوەندی حزبیی ڕوتەوە، ئەی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن لەبەرژوەندی كێیە؟ پاشان دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ساڵێك و دوان جگە لە زیانگەیاندن بە پرۆسەی دیموكراسی، چی لە دۆخەكە دەگۆڕێت و ئەو حزبانەی داوای دواخستن دەكەن دەتوانن چی ئیزافەیەكی نوێ بۆ دۆخی خۆیان و خەڵك و پرۆسەی دیموكراسیش بكەن لەو ماوەیەدا؟.  بەم مەعنایە بێت، هەڵبژاردن بكرێت یان دوابخرێت، خواستێكی جدیی قوڵكردنەوەی زیاتری پایەكانی دیموكراسی لەپشتیەوە نیە، بەڵكو بەدیوێكدا لە بەرژەوەندی ئەم هێزەو بەدیوەكەی تریشدا دەچێتە بەرژەوەندی كۆمەڵێك هێزی تر، هەر لایە و خوازیاریشە دیوەكەی خۆی نەخش بهێنێت، ئەمەش وەك دەوترێت دەلالەتێكی ڕوونە لەسەر ئەوەی ئەم هێزانە ئەوەندە حەزیان لە هەڵبژاردنە كە براوەبن تێیدا یان گۆڕانێك دروستبكات لەبەرژوەندی خۆیانە، لەكاتێكدا هەڵبژاردن وەك پایەكی گرنگی دیموكراسی پەیوەستە بەكۆمەڵێك وادە و كاتی دیاریكراو كە لەوڵاتە دیموكراسییەكاندا بە پیرۆز تەماشدەكرێت و بۆ ڕۆژێكیش لێی لانادەن.          


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، ئامادەكاریی بكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا و دەڵێت:" ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و تەكنیكیی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی لە ئارادانییە". ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە لە وادەی خۆیدا كە 30 ئەیلولی داهاتووە. دەقەی راگەیەنراوەكە: راگەیاندراوی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی ئەندامانی، رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 30ی 8ی 2018، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و، چەند بابەتێكی گرینگ و هەنوكەیی خستە بەر باس و گفتوگۆكردن. یەكەم/ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: بەگوێرەی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان دەبوایە لە بەهاری رابردوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرابایە، بەڵام ئەوكات لەسەر داوای چەند لایەنێك، سەرەڕای ئەوەی پارتی كاتەكەی بە گونجاو دەزانی، لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆی كوردستان، تەمەنی خولی چوارەمی پەرلەمان درێژكرایەوە بۆ دوو دەورەی تەشریعی، كە لە خیلالی ئەو ماوەیەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی كە یاسا پێیداوە، رۆژی هەڵبژاردن دیاریبكات. بۆیە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دوای راوێژكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی رای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، رۆژی 30ی ئەیلولی 2018ی دیاریكرد و هەموو ئامادەكارییەكی پێویستیش بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆن و دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە كراون، ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەبارە و هیچ پاساوێكی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەكنیكی بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی  لە ئارادانییە، بۆیە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان جیالەوەی كە سورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین كە ئامادەكاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ هەڵبژاردن، لە پێناو رەواندنەوەی رەخنە و نارەزایەتیەكان و دامەزراندنی كابینەیەكی نوێی پاڵپشتكراوی زیاتری سیاسی و كۆمەڵاتی.  ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان 30/8/2018   


( درەو میدیا):   لەدوای كۆبوونەوەیان چوار لایەنەكە (گۆڕان، هاوپەیمانی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) جەخت لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەن کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک. دوای کۆبوونەوەی سەركردەی یەكەمی چوار لایەنە سیاسییەکە لە بارەگای هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە سلێمانی،  لە  راگەیەندراوێكی سێ خاڵیان خستەڕوو:  1-  سەبارەت بە پرسی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، جەختدەکەینەوە لەسەر پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێوی خەڵک و پاراستنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیانی عێراق. 2- لە کۆبوونەوەکە ێداگری کرا لەسەر هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی راستەقینەی خەڵک. 3- هەرچوار لایەن بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و هەماهەنگی و هاوکاری کاری هاوبەش.   


(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بەنیازە سكاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆماربكات، كە تۆمەتباریانكردون بەئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان. كەریم تمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند: بەئەنقەست هەوڵی شێواندنی پرۆسەی دیموكراسی دەدرێت لە عێراق. ئاشكراشیكرد، ژمارەیەك سەركردەی سیاسی سەردانی كۆمسیۆنیان كردوە و پشتیوانی خۆیان بۆ دامەزراوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەربڕیوە بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان.  وتەبێژی كۆمسیۆن ڕاشیگەیاند: بەنیازن سكاڵا لەسەر ئەوانە تۆماربكەن كە تۆمەتباریان كردن بەساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان. ئاماژەی بەوەشدا، دەستوەردان ناكەن لە پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، بەڵام گرنگە هاوپەیمانێتییەكان لە كۆمسیۆن تۆماربكرێن. جەختیشیكردەوە، هاوپەیمانییە سیاسییەكان هیچ نرخێكیان نابێت ئەگەر خۆیان لە كۆمسیۆن تۆمارنەكەن. قسەكانی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دوای ئەوەدێت، ڕۆژی 28 ی، ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا بڕیاریدا بەردەوامیی بڕیاری هەڵپەساردنی كارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، پاڵپشت بە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن كە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بەر لە تەواوبونی وادەكەی پەسەندیكرد.   


راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم  كۆبوونەوەو گفتووگۆ نهێنییەكان لەبارەی پرسی دواخستنی هەڵبژاردن زیادیكردوەو، هەندێ لایەنی سیاسی دەیانەوێ تاوەكو چوارشەممەی داهاتوو ئەو پرسە یەكلابكەنەوە. دوێنێ چوارشەممە یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردوە، بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دووبارە مەسعود بارزانی وەڵامەكەی نەرێنی بووەو رەتی كردۆتەوە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی دوابخرێت.   ئەمە لە كاتێكدایە  پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردوە لە بڕی داوای دواخستنی هەڵبژاردن، لە حكومەتی داهاتوودا پارتی ئامادەیە بەشێوەیەكی هاوبەش و یەكسان جارێكی دیكە پۆستەكان لە نێوخۆیان دابەشبكەن، رێككەوتنەكەشیان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی، یاخود هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی واژووبكرێت، تاوەكو ئێستا یەكێتی وەڵامی ئەو داوایەی نەداوەتەوە. پارتی داواشی لە یەكێتی كردووە ڕێككەوتنێك ئەنجامبدەن، كە دوای هەڵبژاردن بەیەكەوە لە پەرلەمانی كوردستان ببنە یەك فراكسیۆن، هەر بەیەكیشەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕێكبكەون لەگەڵ كردنەوەی دەرگا بۆ چەند لایەنێكی دیكە. هەر سەبارەت بە پرسی دواخستنی هەڵبژاردن كە بڕیارە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەڕیوە بچێت، دوێنێ شەو نوێنەری چوار لایەنی سیاسی ( یەكێتی ، گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو ) لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، دوای فشارخستنەسەریان لەلایەن حزبەكانیان كۆبوونەتەوە، تاوەكو دەرەچەیەكی یاسایی بدۆزنەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.   به‌پێى زانیارییه‌كان به‌رپرسێكى باڵاى گۆڕان كه‌ پێشووتر وه‌زیر بوو، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 29ى ئاب، ته‌له‌فۆنێكى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى ئه‌نجامداوه‌، داواى كردوه‌ هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ دوابخرێت و به‌ بارزانیشى ڕاگه‌یاندوه‌، ئه‌مه‌ پێشنیازى یه‌كێتی و هاوپه‌یمانیشه‌، دووباره‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌م داوایه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌. بەپێی زانیاریەكان ڕێزان حەمەڕەشید، كە سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە لە كۆمسیۆن و سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە بە حزبەكەی ڕاگەیاندوە، ناتوانێت بڵێ تۆماری دەنگدەران پاك نییەو چونكە خودی خۆی هەستاوە بە پاكسازی لە تۆماری دەنگدەراندا. بڕیاریشە ئەمرۆ سەركردەی سەركردەی چوارلایەنە ناڕازیەكە كۆببنەوە، یەكێك لە تەوەرەكانی تایبەتە بە دواخستنی هەڵبژاردن و دواین كارتەكانیان لەوبارەیەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand