Draw Media

قەیرانی پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی عێراق لە چارەسەر نزیكبوەتەوە

قەیرانی پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی عێراق لە چارەسەر نزیكبوەتەوە

2018-11-19 09:56:51


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
پێدەچێت كوتلە سیاسییەكان پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بەجدی وەرگرتبێت، كە ناڕاستەخۆ پێی ڕاگەیاندون، كاركردن لە كەشێكی سیاسی ناتەندروستدا مانای شكستهێنانی حەتمی حكومەتە، بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك وڵات بەڕێوەبەرێت.
بەپێی زانیارییەكان، (عەبدولمەهدی) لەگەڵ ژمارەیەك لە كوتلە سیاسییەكان گەیشتوەتە ڕێككەوتن سەبارەت بەكاندیدی (5) وەزارەت لە كۆی (8) وەزارەت كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە. 
لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێك لە ئەمیندارێتی گشی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە وەزارەتەكانی:
•      پەروەردە
•      خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانسی
•      ڕۆشنبیری
•      كۆچ‌و كۆچبەران
•      پلاندانان

 یەكلاكراونەتەوەو "سازان" لەسەر ئەو ناوانە كراوە كە كاندیدن بۆ ئەو وەزارەتانە، بەڵام وەزارەتەكانی:
•      ناوخۆ
•     بەرگری
•     داد

هێشتا گرێن لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەر و، تا ئێستا هاوپەیمانی (فەتح)پێداگرە لەسەر دانانی (فالح فەیاز) بە وەزیری ناوخۆ ‌و، هاوپەیمانی (سائیرون)یش بەتوندی ڕەتیدەكاتەوە.

عەبدولمەهدی ئەیەوێت بەیەك پاكێج بێت    
"(عادل عەبدولمەهدی)سەرۆك وەزیران دەیەوێت ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ناوی كاندیدی هەر هەشت وەزارەتەكە بەیەك سەبەتە بەرێت بۆ پەرلەمان، نەك بەشێكی پێشكەش بكات‌و بەشێكی بهێڵێتەوە، گفتوگۆكانیش بەردەوامن لەپێناو كۆتایهێنان بەكێشەی ئەو(3) وەزارەتە لەڕێی چارەسەرێكی گشتگیر كە ڕەنگە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران‌و پۆستەكانی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ‌و دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان‌و دەستەی نەزاهە بگرێتەوە"، ئەمە قسەی ئەو بەر پرسەیە.  
(حەسن شاكر) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" لێكگەیشتنەكان سەبارەت بەوەزارەتە پڕنەكراوەكان گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو" ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو وەزارەتانەی ماون تەنها (3) وەزارەتە" پێشبینیشی كردووە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا دوان لەو سێ‌ وەزارەتەش ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت.

سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكانیش شەڕێكی ترە
شانبەشانی ململانێی لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمانی عێراقیش ململانێیەكی توند هەیە لەسەر سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكان لە نمونەی (ئاسایش‌وبەرگری‌و نەزاهەو دارایی‌و دەرەوە).
بەپێی یاسا، نابێت سەرۆكایەتی لیژنەكان پێش یەكلاكردنەوەی وەزارەتەكان یەكلابكرێنەوە، پەرلەمانتار (حەسەن زوبەیدی)لە هاوپەیمانی (چاكسازی‌و بونیاتنان) بەهەمان سەرچاوەی وتووە بەپێی ئەو عورفە باوەی هەیە، پێویستە سەرۆكایەتی لیژنەكان دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتەكانبێت، چونكە ناكرێت لایەنێكی سیاسی كە وەزارەتێكی وەرگرتووە، سەرۆكایەتی هەمان ئەو لیژنە پەرلەمانیەش وەربگرێت كە هەمان بوارە، بۆ نمونە ئەو لایەنەی وەزارەتێكی ئەمنیی وەرگرتوە ناكرێ سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایش وەربگرێت. 
(ڕیاز دەهش) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (سائیرون) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: "زۆرینەی هێزە سیاسیەكان هەوڵی بەدەستهێنانی لیژنەی نەزاهە دەدەن‌و ململانێكی توندە لەسەری".
ئاماژەی بەوەشكردووە: هۆكاری ململانێی لایەنەكان لەسەر ئەو لیژنانە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی ئەو لایەنە دەیگێڕێت لە بەدواداچونی دۆسیەكانی گەندەڵی، تەئكیدیشی كردووە، حزبی (دعوە) دەستیگرتووە بە بەدەستهێنانی ئەو لیژنەیەو ئامادەنیە بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی سازشی لەسەر بكات، بەوپێیەی ماوەی چەندین ساڵ حكومی عێراق كردووەو ترسی هەیە سەركردەكانی بكرێنە ئامانج لەڕێی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەو، هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand