Draw Media

شۆڕش حاجی: پارتی دەیەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بكات 

شۆڕش حاجی: پارتی دەیەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بكات 

2018-11-17 15:26:04


(درەو میدیا):
ئەمڕۆ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كرد‌و لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە.
شۆرش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان یەكێك لەو كەسانە بوو كە ئەمڕۆ لە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبونەوەی وەفدی پارتی‌و گۆڕانی كرد، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
درەو میدیا: وەفدی پارتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چ مەسجێكی بۆ ئێوە هەبوو؟
شۆڕش حاجی: ئەوەی من تێگەیشتم، پارتی هاتبوون زۆر بە راشكاوانە‌و راستەوخۆ نیەت‌و ویستی خۆیانیان بۆ دەربڕین، كە ئەوان دەیانەوێت ئێمە بەشداربین لە حكومەتی ئایندەی هەرێمی كوردستان، 
درەو میدیا: واتە ئەوان هاتنیان بۆ ئەوە بوو داوا لە ئێوە بكەن بەشداری كابینەی نوێ حكومەت بكەن ؟
شورش حاجی: بەڵێ
درەو میدیا: ئێوە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا تێگەیشتن پارتی دەیەوێت حكومەتی داهاتوو چ جۆرە حكومەتێك بێت ؟
شۆڕش حاجی: ئەوەی برایانی پارتی وتیان، ئەوەبوو كە ئەوان دەیانەوێت ئەگەر ئێمە بڕیاری چونە حكومەت بدەین، ئەوان خۆیان وتیان دەمانەوێت ئێوە كە هاتن بەشداری حكومەت بكەن، شەریكی راستەقینە بن لە دەسەڵات.
درەو میدیا: واتە سەردانی وەفدی پارتی بۆ ئەوەبوو تێڕوانینی ئێوە بزانێت ؟
شۆڕش حاجی: بەڵێ
درەو میدیا: ئێوە دەستانكردووە بە دانوستان لەبارەی بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت، ئەگەر بڕیاری بەشداریتان نەداوە، چۆن دەچنە ناو دانوستانەوە ؟
شۆڕش حاجی: نەخێر ئێمە دانوستانمان نەكردووە، ئێمە پێشوازیمان لە وەفدی پارتی كردووە‌و گوێمان لە بۆچونی پارتی گرتووە، ئێمەش باری سەرەنجی خۆمان لەسەر قسەكانی ئەوان بۆ باسكردوون‌و پێشمانوتوون‌و دەشیڵێین بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن، لای جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەوانیشمان وتووە كە ئێمە بەرنامەی سیاسی خۆمانمان هەیە، پرەنسیپمان هەیە كە بڕوامان پێیەتی‌و لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە‌و ئێمە پابەندین بەو پرەنسیپ‌و بەرنامانەی خۆمانەوە، چ لە حكومەت بین یان لە ئۆپۆزسیۆن ئێمە دەمانەوێت ئەو بەرنامانەمان جێبەجێ بكەین.
درەو میدیا: ئەگەر بڕیارتاندا بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت بكەن، میكانیزمی پڕكردنەوەی پۆستەكان لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبێت ؟
شۆڕش حاجی: جڤاتی نیشتمانی ئەو پرسە یەكلادەكاتەوە، هێشتا ئێمە بڕیارمان لەسەر ئەو وردەكارییانە نەداوە، بەڵام ئێمە ئەزموون لە رابردوو وەردەگرین‌و بەدڵنیاییەوە ئەو هەڵانەی كە لە رابردوو كردومانە لە دیاریكردنی كەسەكان بۆ پۆستەكان، بۆ ئایندە عیبرەتی لێوەردەگرین.
درەو میدیا: پێشتر میدیاكەتان باسی لەوەكرد كە یەكێتی دەیەوێت رێگری بكات لە بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت، وەفدی پارتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا هیچ پەیامێكی یەكێتییان بە ئێوە گەیاند ؟
شۆڕش حاجی: نەخێر، پارتی هاتبوو بۆچونی خۆی بڵێ‌و بۆچونی هیچ لایەنێكی تری بە ئێمە نەوتووە.
درەو میدیا: وەكو سەرەتایەك بۆ دانوستانەكان، بۆچونەكانی وەفدی پارتی بۆ ئێوە ئاسایی بوون، هیچ بابەتێك باسكراوە كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان هەستیار بێت ؟
شۆڕش حاجی: ئەوان هاتوون بۆچونی خۆیان بۆ ئێمە باسكردووە‌و ئێمەش بۆچونی خۆمان پێوون، كە چۆن چارەسەری كێشەكانی خەڵك‌و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان‌و سەروەری یاسا‌و بەنیشتمانكردنی دامەزراوەكان‌و شەراكەت بكەین لە ئایندەدا.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand