Draw Media

عەبدولمەهدی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكات 

عەبدولمەهدی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكات 

2018-11-17 17:48:54


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود
چەند ڕۆژێكی تر حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) پێدەنێتە مانگی یەكەمی تەمەنی‌و، بەردەوامی ململانێی لایەنە سیاسییەكان ئاستەنگی گەورەی بۆ تەواوكردنی كابینەكەی‌و، متمانەدان بە (8) وەزیری حكومەتەكەی دروستكردووە.


پێداگری‌و ڤیتۆ ڕوبەڕوبوونەتەوە
بەهۆی پێداگری لایەنەكان، لەلایەك لەسەر ئەو كاندیدانەی دەستنیشانیانكردووە بۆ وەزارەتەكان‌و، لەلایەكی تریش ڕەتكردنەوەی هەندێك لە كاندیدەكانی یەكتر، گفتوگۆكانی (عەبدولمەهدی) تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە. 
بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هاوشێوەی چوار دانیشتنی ڕابردوو،  متمانەدان بە وەزارەتە پڕنەكراوەكان بەشێك نەبن لە خشتەی كار، لە سایەی ئەو دابەشبوون‌و ناكۆكییە قوڵەی لە نێوان لایەنەكان ئارادایە.
(عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (بونیاتنان) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت" سەرۆك وەزیران پەیامێكی ناڕاستەوخۆی گەیاندوەتە لایەنە سیاسییەكان‌و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی دەستبەجێی كردووە، لە حاڵەتی بەردەوامبونی ململانێ سیاسییەكان لە نێوان كوتلە‌و حزبەكان لە سەر پۆست.
كڕین‌و فرۆشتنی وەزارەت
 (عالیە نسەیف) ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" ناكۆكییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكان تا ئەم ساتە بەردەوامە، جەختیشیكردوەتەوە كە " عەبدولمەهدی دەیەوێت تەئكید لە دروستی ئەو زانیارییانە بكات كە بەر گوێی كەوتووە، سەبارەت بە كڕین‌و فرۆشتنی هەندێك لە وەزارەتەكان، لەوانە وەزارەتی بەرگری". 

زیاتر لە نیوەی وەزارەتەكان ململانێیان لەسەرە
وەزارەتی بەرگری یەكێكە لەو وەزارەتانەی ناكۆكی قوڵی لەسەرە، (ئیئتیلافی وەتەنیە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات، زیاد لە كاندیدێكی هەیە بۆ ئەو پۆستە، سوننەكانی ناو هاوپەیمانی (بونیاتنان)یش،كاندیدییان هەیە بۆ ئەو پۆستە.
ناكۆكییەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ كە (فالح فەیاز)ە، تائێستا لەنێوان (موقتەدا سەدرو هادی عامری) كە بە پێكهێنەری حكومەتی نوێ دادەنرێن بەردەوامە، (سەدر)ڤیتۆی لەسەر (فەیاز) هەیەو (عامری)ش پێداگری لەسەر دانانی دەكات. 
جگە لە وەزارەتی پەروەردە كە پشكی سوننەكانە‌و وەزارەتی ڕۆشنبیریش كە پشكی شیعەكانە ناكۆكیان لەسەرە، وەزارەتی پێنجەمیش كە پشكی كوردە، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكۆكی توندیان لەسەری هەیە. 
پەرلەمانتار (مەحاسن سەعدون) بە (سۆمەرییە نیوز)ی وتووە" تائێستا (3) لەو (8) وەزارەتەی ماوە یەكلانەكراونەتەوە" داواش لەسەرۆك وەزیران  كردوە بڕیاری "ئازایانەو ڕوون بدات" لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، لەڕێی پێشكەشكردنی ئەو ناوانەی قەناعەتی پێیەتی بە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری. 
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە: ناكۆكییەكان سەبارەت بە هەندێك لە وەزارەتە پڕنەكراوەكان‌و، بە تایبەتی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆو پەروەردە بەردەوامە‌و تا ئێستا یەكلانەكراوەتەوە. 

زۆرینە چارەسەرە
لە گەرمەی ئەم ململانێ سیاسییەدا، (نوری مالیكی) سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا جارێكی تر پرسی زۆرینەی سیاسی دەوروژێنێت‌و، داوای دەستپێكردنی بزوتنەوەی ڕاستكردنەوە دەكات بۆ چارەسەری لادانەكانی پرۆسەی سیاسی.
(مالیكی)، لە كۆنگرەی گشتی ساڵانەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، ڕاشیگەیاندووە" پێشترو ئێستاش هەوڵی بەدیهێنانی پڕۆژەی زۆرینەی سیاسیمان داوە" ئاماژەی بەوەشكردووە" ئێمە باوەڕمان وایە ئەكرێت لە ڕێی ئەم پرۆژەیەوە ئەو كێشانە تێپەڕێنین كە دێتە ڕێی كاری حكومەت".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand