Draw Media

(درەو میدیا): ئەمرۆ لە شاری سلێمانی ژمارەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، خۆپیشاندانێكیان بۆبەردەم پارێزگای سلێمانی رێکخست، لە خۆپیشاندانەكەدا ئەو هێزانە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكەی پەرلەمانی عێراق دەكەن كە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە دەقی مادەی سێیەمی یاسای هەمواركراوی هەڵبژاردنەكاندا هاتووە" جگە لە دەنگی كەمینەكان كە سیستمی (كۆتا) دەیانگرێتەوە، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی دەرەوە بۆ هەموو پارێزگاكان و هەڵبژاردنی جوڵەی دانیشتوان لە پارێزگاكانی (ئەنبار- سەلاحەدین- نەینەوا- دیالە) و هەڵبژاردنی ئاوارەكان لە كەمپەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی مەرجدار و زیندانییەكان و هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان،  هەڵدەوەشێنەوە" هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت كە لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ( 118 هەزار ) كەس دەنگیدا، بە گومانی ساختەكاریی زۆر تیایدا لە بەرژەوەندی حزبە باڵا دەستەكانی كوردستان، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت خرایە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە یاسا هەمواركراوەكەدا چەسپێنرا. لە لێدوانێكی پێشتردا بۆ " درەو میدیا"  هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لە راستیدا لە دەنگدانی تایبەتدا ساختەكارییەكی گەورەی پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن و لە كاتی هەڵبژاردنەەدا كراوە، ئێمەبووین لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا داكۆكیمان لە دەنگی ئەو پێكهاتانە كردووە لە دەنگدانی تایبەتیان دا، جا چی پێشمەرگە بێت یان چی هێزەكانی ناوخۆ بێت چی فەرمانگە فیدراڵیەكان، ئەمانە بەشێكیان پێش هەڵبژاردن ترسێنراون بەوەی كە نانبڕاو دەكرێن هەندێكیان سوێندی تەڵاق دراون هەندێكیان بەسەریاندا سەپێنراوە كە دەبێت دەنگەكانیان بەرنەوە بۆ ئاساییش، بۆیە پێمان وایە ئەو ساختەكاریەی لە دەنگدانی تایبەت كراوە رێژەیەكی گەورەیە پێویستە هەڵبوەشێتەوە، بەڵێ ئێمە داوامانكردووە هەڵبوەشێتەوە و هەڵیشوەشاوەتەوە ئەمە هۆكاری ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی بەساختە و بەدەنگی تەزویر لە دەنگدانی تایبەتدا هەریەكەیان، دوو بۆ سێ كورسی بۆخۆی مسۆگەركردووە ئێستا ترسی لەدەستدانی ئەم كورسیانەیان هەیە" لە نوسینێكدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێم ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" دروستكردنی گەلەكۆمەكێ بۆ بێ بەشكردنی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر لەمافێكی دەستوری خۆیان لە پیلان لەدژی ئەو ھێزانە و بێ بایەخكردنی قوربانی و ئەرك و ماندوبوونیان بەولاوە ھیچی تر نییە. پوچەڵكردنەوەی دەنگی ئەو ھێزانە جیا لە سوپاو پۆلیسی فیدراڵی و گروپە جیاجیاكانی حشدی شعبی عێرق ئاماژەیەكی خراپ و كارێكی نادەستوری و مانایەكی قوڵ ھەڵدەگرێ. بەھەموو تواناكانمانەوە پشتیوانی لە مافی ڕەوای ئەو ھێزانە دەكەین و ھەوڵدەدەین ئەو كودەتایە بەسەریاندا كراوە پوچەڵ بكەینەوە نەك دەنگی ئەو ھێزە قارەمانانە" شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت" ئەوەی زۆر نیگەرانمی كرد لەو بابەتە دوای پەیوەندی كردن بە لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاسای پەرلەمان ئەوەیان رونكردوە كە بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن پرۆژەی رەشكردنەوەی دەنگەكانی پێشمەرگەیە و بەڵگەكانم بەدەست گەیشتوە، لێرەوە دەڵێم نازانم گۆڕان جارێك پێشمەرگە دەكەن بە میلیشیا جارێك دەیكەن بە ئەنفالچی جارێك رێگری دەكەن لەسەر ئەوەی بودجە بۆ 100 هەزاریان لە بەغدا دابین بكرێت وتان ئەوە هێزی حزبی یە هی كورد نییە ئەمجارەش بەتەزویر چی ناویان دەبەن ، پێم وایە دەبێت ئیتر سنورێكتان بۆدابنرێت لەوە زیاتر سوكایەتی بە پێشمەرگەو كورد نەكەن"  سەبارەت بە سوتانی دەنگی هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ لەتیف شێخ مستەفا شارەزای دەستوریی و پەرلەمانتاری پێشوی پەرلەمانی عێراق  لە وتارێكیدا بەناوی(پێشمەرگە نەك دەنگی ئەبێ خۆشی ھەڵبوەشێتەوە) رایگەیاندووە" پێشمەرگە بەحیساب سوپای بەرگری كوردستانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ھەڕەشە دەرەكیەكان و بەرگری لە كوردستان ، ناش بێت دەست وەرداتە كاروباری سیاسی یان لە ململانێ سیاسیە ناوخۆییەكان بەكار بھێنرێت، ئایا پێشمەرگە لە كوێی ئەم دوو ئەركەدایە ؟ یەكەم: سەبارەت بە بەرگری ھێرشە دەرەكییەكان  ١- عێراق ھێرشی كردوو ٥٠٪‏ ی خاكی كوردستانی گرتەوە پێشمەرگە نەك ھەر بەرگری نەكرد بەڵكو پاشەكشەیەكی شەرمەزاروو ئابڕوتكێنی پێكرا ٢- ئەوە توركیا بە قوڵایی ٣٠ كیلۆمەتر ھاتۆتە ناو خاكی كوردستان دەیەھا بارەگای داناوە و ھەڕەشەی ھاتنە ناوەوەی زیاتریش دەكات ، كەچی پێشمەرگە مێش میوانی نیە ، ئەڵێی سوپای توركیا چوەتە ناو خاكی حەبەشەوە. ٣- ئێرانیش خۆی كەی پێی خۆش بێت و تا كوێ پێی خۆش بێت ئەتوانێ بێت و وەڵامی پێشمەرگە لەوەی توركیا زیاتر نابێت  ٤- لە شەڕی داعشیش خۆتان بینیتان چیان وت ، تەیارەكانی تەحالوف قەسفیان دەكرد شوێنەكانیان ڕزگار دەكرد ، ئێمەش دەچووین سێڵفیمان دەگرت. دووەم : لەبەرامبەردا و لەسەر ئاستی ناوخۆ پێشمەرگە بەكاردەھێنرێت و بەكارھێنران :  ١-لە شەڕی ناوخۆ و ھەزارەھایان لێ بەكوشت دان. ٢- لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەكان بەكاریان دەھێنن و ھیچ مەرجەكانی سوپایەكی بێ لایەنی نیزامیان تێدا نیەو كراونەتە میلیشیایەكی حیزبی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارو تەنھا بۆ مانەوەی خۆیان بەكاریان دەھێنن ، چەندین جارە بینیومانە چۆن لە خۆپیشاندانە مەدەنیەكان بە چەك و دارەوە دادەبەزنە سەرجادەكان و خەڵك دەكوژن یان فەلاقەیان دەكەن دەوری بارەگای ھێزە ئۆپۆزسێۆنەكانیش دەدەن و تەنانەت تەقەشیان لێ دەكەن  ٣- لە ھەموو ھەڵبژاردنەكانی دەنگدانی تایبەت بەكار دەھێنرێن بۆ تەزویری ڕێكخراو بە قازانجی ھەردوو حیزبی دەسەڵات ٤- بەكارھێنانیان لە گەندەڵی بێ شوماردا ، ئامارەكان دەڵێن ٣٥٠ ھەزار كەس بەناوی پێشمەرگە موچەو دەرماڵەو خەرجی سەربازیان لە بودجەی گشتی بۆ سەرف دەكرێ ، بەڵام ژمارەی ئەوانەی بەڕاستی مووچە وەردگرن لە ٥٠ ھەزار كەس تێناپەڕن، ھەموو ئەو بودجە زیادەش دەڕوات بۆ ئەمیرەكانی جەنگی ھەردوو ھێزی ٧٠ و ٨٠ ، بۆیە لەدوای ناردنی پڕۆژە یاساكەی حوكمەت تایبەت بە ڕێكخستنەوەی مووچەو نەھێشتنی موچەی بن دیوار فەرماندەكای ئەو دوو ھێزە فشاری زۆر لەسەر پەرلەمان دەكەن بۆ ئەوەی یاساكە تێ نەپەڕێت تەنانەت ھەڕەشەشیان كردبوو  كەواتە پێشمەرگە بەم شێەوەیەی ئێستای گەورەترین بارگرانیە بەسەر میللەتەوە بێ ئەوەی ھیچ سودێكی ھەبێ ، بەپێچەوانەوە بۆتە ئامڕازێك بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ گەندەڵی و لێدانی خەڵك ، دبێ یان ڕزگار بكرێت و بكرێتەوە بە سوپای بەرگری كوردستان یان ھەڵبوەشێتەوە "  


( درەو میدیا): وەزارەتی دەرەوەی عێراق رادەستكردنەوەی تۆمەتبار عەلی بەشار بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە سەرپێچی یاسا لەقەڵەمدەدات. ئەحمەد مەحجوب، وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت:" وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختدەكاتەوە كە رادەستكردنەوەی تۆمەتبار عەلی بەشار بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لەلایەن هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بە پێشێلكاریی یاسایی دادەنرێت، چونكە هیچ رێككەوتنێكی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا بۆ رادەستكردنەوەی داواکراوان بە یەكتری نییە، لەبەرئەوە بەغداد ئەوە بە پێشێلكاری دادەنێت لەسەر ئەو لایەنەی كە تۆمەتبارەكەی رادەستكردووە و ئەو لایەنەشی وەریگرتووە، لەبەرئەوەی ئاڵوگۆڕكردنی داواكراوان لە دەسەڵاتە سیادییەكانە و تایبەتمەندیی وەزارەتی دادی فیدراڵییە." مەحجوب لە كۆتایی لێدوانە رۆژنامەوانییەكەشدا دەشڵێت:" لە هەمان كاتدا عێراق جەختدەكاتەوە لەسەر پەرۆشی بۆ سەرخستنی حەق و سزادانی تاوانبار، بەڵام لە چوارچێوەی یاسایی و دەستوریی كە سەروەری نیشتمانی پێشێلنەكات." عەلی بەشار كە هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری زاخۆی هەرێمی كوردستانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە، تۆمەتباركراوە بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی و كوشتنی كچێكی تەمەن 14 ساڵانی ئەڵمانیی و دوای دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێری پایتەختی هەرێمەوە بە فڕۆكەیەك رەوانەی ئەڵمانیا كراو لە شاری ڤیسبادنی ئەڵمانیا دادگایی دەكرێت.  


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازیی لە هاوپەیمانییەكەی فەتح و سائرون دەكەن كە ئێوارەی ئەمڕۆ راگەیەنرا و بە هەنگاوێكی ئەرێنی دادەنێن. پارتی و یەكێتی لە راگەیەنراوە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن:"ئەمشەو بەهیممەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات ، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمانوایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان یەكێتی و پارتی و هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، وەفدی هاوبەش، بۆ دانوستاندن، پێكدەهێنین." دەقی راگەیەنراوەكە: لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی عیراق و كوردستاندا، سیاسەتی نەخوازراو، پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی خستە ناو گێژاوێكی ترسناك. ی.ن.ك و پ.د.ك، خۆمان و گەلی كوردستانمان، لە مەترسی ئەو كێشانە، لە كوردستان و عیراق، دوورخستەوەو هەوڵێكی زۆریشماندا، بەردەوام بەشێك بین لە چارەسەر، بەپێی دەستور و رێساو یاساكانی هەڵبژاردن، لەم پێناوەشدا، وەفدی هاوبەشی هەردوو لا بە راوێژ لەگەڵ یەك، سەردانی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عیراقمان كردو هەڵوێستی خۆمانمان پێ‌ راگەیاندن. ئەمشەو بەهیمەتی دڵسۆزان بۆ دەربازكردنی وڵات، لە تەنگەژەی سیاسی، هەوڵێك بۆ هاوپەیمانی (سائیرون و فەتح) راگەیەندرا، مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك و پ.د.ك ئەو هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەكی سیاسی و هاوپەیمانی باشە، لەپێناوی دەربازبوون، لەم دۆخە بنبەستە سیاسییە، بێگومان ی.ن.ك و پ.د.ك، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەكەن و بەزووترین كات، وەفدی هاوبەش، بۆ دانوستان، پێكدێنین. لە هەمانكاتدا ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە كوردستانی و عیراقییەكان، خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەین  و پێكەوە، بەرپرسیارێتی حكومەتێكی سازاوی نیشتمانی بۆ راپەراندنی ئەركە هاوبەشەكان، پێك بهێنین و یەك ریزی نیشتمانی بپارێزین. یەكێتی نیشتمانی كوردستان                 ،          پارتی دیموكراتی كوردستان    مەكتەبی سیاسی                                                مەكتەبی سیاسی  


( درەو میدیا): موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر كە لیستەكەی پلەی یەكەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكی 12ی ئایاری بەدەستهێنا لە رووی ژمارەی كورسييەوە، ئەمرۆ لە شاری نەجەف گەورەترین هاوپەیمانی راگەیاند لە نێوان لیستی سائرون و فەتحدا. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا، لیستی سائرون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر 54 كورسی هەیە و لیستی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری 47 كورسی بەدەستهێنا. سەدر رایگەیاند، هاوپەیمانێتی نێوان فەتح و سائرون لە پێناو پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانیيە، كە بەپێی دەستور پەرلەمان لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گەورەترین هاوپەیمانی ناو پەرلەمان رادەستپێرێت بە پێكهێنانی حكومەت، بەو پێیەش چاوەڕوان دەكرێت فەتح و سائرون رابسپێردرین بە پێكهێنانی حكومەت.    موقتەدا سەدر وتى: بە هاوپەیمانی لەگەڵ فەتح هاوپەیمانییەكەمان لەگەڵ رەوتی حیكمە و هاوپەیمانی وەتەنییە دەپارێزین و ئەوە دژی ئەو هاوپەیمانییەی پێشووتر نییە.  


(درەو میدیا): سەرۆك دۆناڵد جەی ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سەرۆك كیم جۆن ئون سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەوڵەت لە كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی یەكەمین كۆبوونەوەیەكی لوتكەی مێژوویان لە سەنگاپوورە لە 12ی یۆنیۆ/ حوەزیرانی 2018 ئەنجامدا. لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك ترەمپ و سەرۆك كیم جۆن ئون بە شێوەیەكی قوڵ و راستگۆیانە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد دەربارەی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بونیادنانی پەیوەنیی نوێ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆرماری كۆریای میللیی دیموكراتیی و بونیادنانی سیستمێكی ئاشی هەمیشەیی و بەهێز لە نیمچە دوورگەی كۆریا، هەروەها سەرۆك ترەمپ پابەندی خۆی دەربڕی بۆئەوەی گەرەنتیی ئەمنیی پێكەشی كۆماری كۆریای میللی دیموكراتیی پێشكەش بكات و سەرۆك كیم جۆن ئونیش جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی یەكلاكەرەوە بە داماڵینی چەكی ئەتۆمی بە تەواوەتی لە نیمچە دوورگەی كۆریا. سەرۆك ترەمپ و سەرۆك كیم جۆن ئون باوەڕی تەواویان هەیە بەوەی كە  بونیادنانی پەیوەندیی نوێ‌ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی رۆڵی دەبێت لە بەدیهێنانتی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە نیمچە دوورگەی كۆریا و جیهان و هەردووكیشیان دانبەوەدا دەنێن كە بونیادنانی متمانەی نێوان هەردوو لا دەكرێت پاڵپشتی لە داماڵینی چەكی ئەتۆمیی بكات لە نیچمە دوورگەی كۆریان و هەردوو كیشیان جەخت لەمانەی خوارەوە دەكەنەوە: 1- ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی پابەند ئەوە دەبن كە پەیوەندییەكی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا بونیادبنێن كە لەهاوتا بێت لەگەڵ ویست و خواستی گەلی هەردوو وڵات بۆ ئاشتی و گەشەسەندن. 2- ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی، هەوڵەكانیان یەكدەخەن بۆ بونیادنان و چەسپاندنی سیستمی ئاشتی هەمیشەیی لە نیمچە دوورگەی كۆریا. 3- وەك جەختكردنەوەیەك لەسەر راگەیەنراوی پانمونجۆمی 27ی ئەپریل/ نیسانی 2018، كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی پابەنددەبێت كاربكات لە پێناوە داماڵینی چەكی ئەتۆمیی بە شێوەیەكی تەواوەتی لە نیمچە دوورگەی كۆریا. 4- ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتتی پابەندی گەڕاندەوە روفاتی دیلەكانی جەنگ و ونبوانی ئۆپەراسیۆنەكان دەبن،  دەستبەجێ‌ ئەو روفاتانەی ناسراونەتەوە رەوانەدەكرێنەوە. كۆبوونەوەی لوتكە كە ویلایەتە یەكگرتوەكان و كۆرماری كۆریای میللی دیموكراتی كۆكردەوە یەكەمین كۆبوونەوەی لەو شێوەیەیە لە مێژوودا، رووداێكی مێژووییە، بایەخی گەورەی هەیە سەردەكەوێت لەسەر چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی و دوژمنایەتی نێوان هەردوو وڵات لە پێناوی كردنەوەی داهاتوویەكی نوێ، سەرۆك ترەمپ و سەرۆك كیم جۆن ئون پابەندی جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەم بەیاننامەیە  هاوبەشە دەبن بە تواوەتی و بە شێوەیەكی خێرا. ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی، پابەندن بەوەی دانوستانی بەدوداچوون  بەڕێوەچێت بە سەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ و بەرپرسێكی بڵای گونجاو لە كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی لە نزیكترین كاتدا و ئەوەش بۆ جێبەجێكردنی ئەنجانەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی. سەرۆك دۆناڵد جەی ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سەرۆك كیم جۆن ئون سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەوڵەت لە كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی پابەندن بە كاركردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی نوێ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری كۆریای میللی دیموكراتی و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و خۆگوزەرانی لە نیمچە دوورگەی كۆریای باكور و جیهاندا. 12ی یۆنیۆ/ حوەزیرانی 2018 دوورگەی سانتۆسا سەنگاپوورە    


(درەو میدیا): هەوڵەكانی دەستنیشانكردنەوەی حەیدەر عەبادی  بۆ خولی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیران ڕوبەڕوی بەربەستی مەرجەعیەت دەبێتەوەو، كەسایەتیەكی شیعەی نزیك لە لایەنەكان، زۆرترین چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. سایتی (غەد پرێس) لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، ئەو سازانەی كە بەمدواییە لەنێوان نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح سەبارەت بەدووبارە كاندیدكردنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتوەتە ئاراوە، ڕوبەڕوی ڤیتۆی مەرجەعەیەتی باڵای شیعەكان بوەتەوە. سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە، كاندیدكردنەوەی عەبادی لەلایەن مالیكی و عامرییەوە بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی دوای ئەوە هاتوە كە عەبادی ڕەتیكردوەتەوە بچێتە ناو هاوپەیمانییەكەی موقتەدا سەدر و چوەتە پاڵ بەرەی دەوڵەتی یاسا و فەتح، دوابەدوای ئەو هەنگاوەش چەند لایەنێكی سیاسی و كەسایەتی ئاینی بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایان ڕاگەیاندووە، مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان لە نەجەف ڤیتۆی هەیە لەسەر دەستبەكاربونەوەی حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، چانسی عەبادی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران لاوازە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان لاری نیە لە گۆڕینی عەبادی بە كەسایەتییەكی شیعە، كە هاوڕێی و پەسەندكراوی لایەنەكانی ناوخۆی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ بێت. پێشترو لە مانگی ئابی ساڵی 2015دا، مەرجەعی باڵای شیعەكان داوای لە حەیدەر عەبادی كردبوو،  ئازایانەتر بەردەوام بێت لە هەنگاوەكانی چاكسازی.       


(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ئەو مانۆڕە سەربازییانە رادەگرێت كە ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باشوور ئەنجامیاندەدات و ئەوەش پارەی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە. دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور، ترەمپ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە سەنگاپورە رایگەیاند گفتوگۆكانی لەگەڵ كیم راستەوخۆ و پاك بووە واشنتۆن ئامادەیە مێژوویەكی نوێ لەگەڵ پیۆنگ یانگ دەستپێ بكات. ترەمپ سوپاسی سەرۆكی كۆریای باكوریشی كرد بۆ ئەو نانی هنگاوی یەكەمی بە ئاراستەی داهاتوویەكی پرشنگدار بۆ گەلەكەی و وتی :" گۆڕانكارییەكی راستەقینە دەكرێت بێتەدی." سەرۆكی ئەمریكا ئاشكراشیكرد لە كاتێكی گونجاودا كیم جۆن ئون بانگهێشتی كۆشكی سپی دەكات و خۆشی ئامادەیە سەردانی پیۆنگ یانگ بكات. سەرۆكی ئەمریكا لە بەشێكی تری كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیكردەوە كە سزاكانی سەر كۆریای باكور ئێستا وەك خۆیان دەمێننەوە، بەڵام وتیشی:" هەركاتێك دڵنیابووینەوە كە چەكە ئەتۆمییەكانی نەماون هەڵیاندەگرین."  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق جەخت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات بەشێوەیەكی پیشەییانە. فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەگەڵ ئەو دادوەرانە كۆبوەوە كە راسپێردراون لە شوێنی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری ئۆفێسەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان دانراون. عەبدولستار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ دادوەرەكاندا گفتوگۆی كردووە لەبارەی میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە45ی ساڵی 2013ی هەمواركراو. بەیرەقدار ئاماژەی بەوەدەكات، لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوە لەسەر ئەوەی دەبێت هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەكی پیشەییانە و شەفاف جێبەجێ بكرێت بەجۆرێك دادپەروەری و دڵنیایی بۆ هەموو عێراقییەكان بەدی بهێنێت. هاوكات دادوەر مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، كە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند داواكارییەكی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بەدەست گەیشتووە بۆ راگرتنی كاركردن بە یاسای هەڵبژاردنەكان كە بەمدواییە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكرا. مدحەت مەحمود لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتیشی:" كۆمسیۆن داوایكردووە بە پەلە فەرمانێك دەربكەین بۆ راگرتنی كاركردن لە هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان، واتە راگرتنی كاری ئەو نۆ دادوەرەی لە كۆمسیۆن دەستبەكاربوون، تا ئەو كاتەی دادگای فیدراڵی دەستوریی و نادەستوریی ئەو یاسایە یەكلادەكاتەوە." روونیشیكردەوە دادگای فیدراڵی بە گوێرەی یاسا ئەو رێوشوێنە یاساییانە دەگرێتەبەر بۆ یەكلایكردنەوەی خێرای ئەو تانەیە." بەپێی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن كە رۆژی 6ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد، دەبێت دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق جارێكی تر بەشێوەی دەستیی ئەژماربكرێنەوە، سەرباری ئەوەش ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە. ئامادەكارییەكانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە كاتێكدایە كۆمسیۆن لە دادگای فیدراڵی لەدژی پەسەندكردنی یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن سكاڵای لەسەر پەرلەمان تۆماركردووە و ئێستا چاوەڕوانی قسەی كۆتایی دادگای فیدراڵی دەكرێت لەوبارەیەوە.  


( درەو میدیا): سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند حكومەتی توركیا 100 پەنابەری دیپۆرتی هەرێمی كوردستان كردەوە كە بەنیازبوون بە قاچاغ بەرەو یۆنان بچن. ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی سۆمەریە نیوز وتیشی ژمارەیەك لەو پەنابەرانە ژن و منداڵن. سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد ئەو پەنابەرانەی هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە سنوری نێوان توركیا و یۆنان دەستگیركراون و ئاشكراشیكرد هێشتا سەدان پەنابەری تر لە گرتوخانەكانی توركیادان. لە ماوەی رابردووشدا فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەران رایگەیاند توركیا هەشت پەنابەری كوردی رادەستی بەرەی نوسرە كردووە لە سوریا. بە گوێرەی سەرچاوەكانی فیدراسیۆنی پەنابەران لە سێ‌ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 240 هەزار هاوڵاتی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە بۆ دەرەوە و لەو رێگەیەشدا زیاتر لە 300 كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و هێشتاش 48 پەنابەر چارەنوسیان نادیارە.  


(درەو میدیا): دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور لە سەنگاپورە لە هەنگاوێكی مێژوویدا كۆبوونەوە.. مێژوویی ئەم دیدارە بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەمجارە لە مێژوودا سەرۆكێكی ئەمریكا كە لە دەسەڵاتدا بێت لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باكور كۆدەبێتەوە. دوای كۆبوونەوەكە سەرۆكی كۆریای باكور وتی:" كۆبوونەوەیەكی مێژووییمان كرد و بڕیارماندا ئاوڕ بۆ دواوە نەدەینەوە". ترەمپ بۆچی كیمی بە كەسێكی زۆر بەهرەمەند ناوبرد؟ كاتێك لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا پرسیار لە ترەمپ كرا لەبارەی ئەوەی بۆچی كیم جۆن ئونی بە كەسێكی زۆر بەهرەدار ناوبردووە، ترەمپ وتی" ئەو بەڕاستی بەهرەمەندە. تەمەنی 26 ساڵ بووە كە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، ئەو پیاوێكی سەنگینە، بەڵام لەوباوەڕەدانیم ئەوە شتێكی باش بێت". "زۆر زۆر خێرا" كیلی ئو دۆنێل پەیامنێری كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی لە كۆشكی سپی وتی: كاتێك رۆژنامەنوسان پرسیاریان لە ترەمپ كرد لەبارەی پابەندبونی كۆریای باكور بە داماڵینی تەواوەتی چەكی ئەتۆمی لە نیمچە دورگەی كۆریا، ترەمپ وەڵامی داوەتەوە و وتویەتی" زۆر زۆر خێرا دەست بەو پرۆسەیە دەكەین". ترەمپ: رایەڵەیەكی تایبەت لەنێوان من و كیم گەشەیكردووە دوای ئیمزاكردنی بەیاننامە هاوبەشەكە لەگەڵ كیم جۆن ئون، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەدوای یەكەم دیداری نێوانیان "رایەڵەیەكی تایبەت" لەنێوان ئەو و كیم گەشەی كردووە. كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكوریش وتی: دیدارێكی مێژوییمان كرد و بڕیارماندا ئاوڕ بۆ دواوەوە نەدەینەوە. " گشتگیر و زۆر گرنگ" لە كۆبوونەوەكەیاندا كیم و ترەمپ راگەیەنراوێكی هاوبەشیان واژۆكرد كە ترەمپ بە " گشتگیر و زۆر گرنگ" وەسفیكرد و راگەیەنراوەكەش لە چوار خاڵی سەرەكی پێكدێت: •    هەردوو لایەن پابەند دەبن بە بونیادنیانی پەیوەندیی نوێ بە گوێرەی ویست و خواستی هەردوو گەل بۆ ئاشتی و گەشەسەندن. •    هەردوو لایەن كاردەكەن بۆ چەسپاندنی ئاشتی هەمیشەیی و سەقامگیری لە نیمچە دوورگەی كۆریا. •    كۆریای باكور پابەند دەبێت بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بۆ داماڵینی هەموو چەكە ئەتۆمییەكان لە نیمچە دوورگەی كۆریا. •    بونیادنانی پەیوەندیی نوێ لە نێوان هەردوو وڵاتدا.    


(درەو میدیا): سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەمڕۆ سێشەممە ئاشكرایكرد، چەند هەواڵێك لە ئارادان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی " 10/6" بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا. ئەو سەرچاوەیە بە رۆژنامەی " العربی الجدید" ی قەتەری راگەیاند:" ژمارەیەك هێزی سیاسی كورد و شیعە و سوننە لە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێدان كە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردمی 12ی ئایار دەكات و هاوپەیمانێتییەكش ناوی" 10/6" هەڵدەگرێت." ئاشكراشیكرد ناوی ئەو هاوپەیمانێتییە لەو رۆژەوە سەرچاوەی گرتووە كە تێیدا كۆگاكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سوتێنران.    


(درەو میدیا): قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند ئەو ئاگرەی كە لە كۆگاكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە بەغداد كەوتەوە بە دەستی ئەنقەست بووە. ئەعرەجی كە سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكانی ئەو رووداوە دەكات، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان لە ئاگركەوتنەوەكە ئاماژە بەوەدەدەن كە بێ‌ گومان ئاگرەكە بە دەستی ئەنقەست كراوەتەوە. وەزیری ناوخۆی عێراق وتیشی لەگەڵ تیمەكانی  بەڵگەی تاوان راستەوخۆ سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكان دەكات.  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف  ئاڕاستەیەك كە كورسی زۆری بەدەستهێناوە هەموو هەوڵێكی بۆ تێپەڕاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەدات، ئاڕاستەیەكی دیكەش هەموو هەوڵێكی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار خستوەتەگەڕ. بڕیارەكانی حكومەتی عێراق و هەمواری یاساكەی پەرلەمان و تانەو ناڕەزایی زۆرینەی لایەنەكان گومانی زۆری خستوەتە سەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، ئێستا هیچ كەس و لایەنێك لەسەر ئاستی عێراق ناڵێن ساختەكاری نەكراوە، باڵیۆزو نوێنەری وڵاتانی جیهانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی ساختەكاری رویداوە.  بەڵام هەموو لایەنەكان بەدوای دەرەچەیەكدا دەگەڕێن دۆخەكە تێپەڕێنن، چونكە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و هەرێمایەتی عێراق بەرگە ناگرێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنیش كارێكی قورسە، لەلایەك رەنگە پشوی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت، لەلایەكی ترەوە لەڕووی ئابورییەوە پرۆسەكە 500 ملیۆن دۆلاری تێچووەو ئەو بڕە پارەیەش لەم دۆخەدا زۆرە بۆ عێراق كە بە دۆخێكی ئابوری سەختدا تێدەپەڕێت. لەبەرامبەردا ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لایەنە ناڕازییەكان ئەستەمە بەم ئەنجامانە رازی بن و ئەگەری پشێوی زۆر هەیە، بۆیە ئێستا هەوڵدەدرێت چارەسەرێكی مامناوەند لەنێوان ئەو دوو ئاڕاستەیەدا بدۆزرێتەوە، بەڵام لە حاڵەتی نەبوونی ئەو چارەسەرەدا، داواكاری و ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبێت.  سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن هەڵبژاردن لە بەغداد نائومێدی لای لایەنە ناڕازییەكان زیاتر كرد، زۆرێكیان كە پێشتر زیاتر جەختیان لەسەر ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان دەكرد، ئێستا داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن.  لە كاردانەوەی سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆندا، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی داوای پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەر و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەكات. عەلاوی لە راگەیاندراوەكەیدا دەڵێت"دەبێت سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری و هێزە سیاسییەكان، خۆیان ئامادە بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كاربەڕێكەر، كە لەماوەی شەش بۆ هەشت مانگدا كاربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد". سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش كە سەركردایەتی هەوڵەكانی پەرلەمانی كرد بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان باسلەوەدەكات" سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆن بەئەنقەست و مەترسیدارە"، بۆیە داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان دەكەن، بەتایبەتیش دوای ساغبوونەوەی ساختەكاری و یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.  دەوڵەتی یاسای نوری مالیكیش لە ئێستادا داوای دووبارە هەڵبژاردن دەكات، فەرید ئیبراهیمی ئەندامی پارلەمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند" هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكانی ئێستای هەڵبژاردنە لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی".  لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش شەش لایەنی سیاسی لەیەكەم رۆژی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بەڵگەیان هەیە ساختەكاری زۆر كراوە لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەكان، بۆیە بە هەژماركردنەوەی دەنگەكان لەڕێگەی دەستیشەوە رازی نابن و داوای دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان دەكەن. لەبەرامبەردا هەریەك لە لیستەكەی موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و هادی عامری، لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی دژی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكانن.  لە نوێترین لێدواندا موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر دەڵێت: ئێستا كاتی بونیادانان و ئاوەدانكردنەوەیە، نەك هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە بۆ كورسییەك یان دوو كورسی. حەیدەر عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا هەفتەی پێشوو رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن كارێكی نادروستە. دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن  هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان، لە هیچ دەقێكی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عێراقدا باس نەكراوە، بەڵام یاساناسان ئاماژە بەوە دەكەن  لەئێستادا ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتكرایەوە، ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەكرێتەوە، یاخود بە یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانرێت هەڵبژاردن رەتبكرێتەوە. بەپێی بۆچوونی تارق حەرب شارەزای دیاری یاسای دەستوری و یاساكان لە عێراق لەبارەی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەڵێت" هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەكان پێویستی بە یاسایە، چونكە بەیاسا كراوەو بۆ هەڵوەشاندنەوەشی پێویستی بەیاسایە.. پەرلەمانی ئێستا بە دەنگی (201) پەرلەمانتار دەتوانێت یاسایەكی نوێ دەربكات، بۆ هەڵوشاندنەوەی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا و دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان". هاوكات د. لەتیف مستەفا شارەزای دەستور و یاساكان دەڵێت" دوای تاوانی سوتاندنی كۆگاكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پێموایە تاقە چارەسەر بتوانێ هەردولای ڕازی و ناڕازی قەناعەت پێ بكات و دڵیان پاك بكاتەوە، تەنها بریتییە لە رەتكردنەوەی تەواوەتی ئەم هەڵبژاردنە و پەسەندنەكردنی ئەنجامەكانی لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتایی ئەمساڵدا".                         سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار تەنها لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدایە بەپێی هەموو بۆچونەكان ئێستا دادگای فیدراڵی عێراق دەتوانێت هەڵبژاردن رەتبكاتەوە، ئەویش بە رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكی  كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند" تەنیا دادگای فیدراڵی دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە".  هاوكات سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە" بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئێستا لەدەست ئەنجومەنی كۆمسیاراندا نییە و بەڵكو بەدەست ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵییە".  هەندێك پێیان وایە لەدوای سوتانی كۆگاكانی كۆمسیۆنەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بوەتە ئەمری واقیع و  باسلەوەدەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت.  


ئارام مەحمود  دوای چەند كاتژمێرێك لە بڕیارەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەسەرپەرشتیكردنی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دیاریكردنی دادوەر بۆ دەستكردن بە پرۆسەی جیاكردنەوە و بژاردنەوەی دەنگەكان بەدەست لەسەرانسەری عێراق، هەواڵی سوتانی سندوقەكانی دەنگدان لە كۆگای ڕەسافەی شاری بەغداد بڵاوبوەوە، كە بە بۆچونی بەشێك لە چاودێران، قەیرانی سیاسی لە عێراق بردە قۆناغێكی نوێ‌ لە ململانێ و قوڵبوونەوەی زیاتری ناكۆكییەكان. بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدید بڵاویكردوەتەوە، لە ڕوداوی ئاگركەوتنەوەكەدا بەشێكی زۆری سندوقەكانی دەنگدان و كارتی دەنگدەرانی ناوچەی رەسافە و ناوچەكانی خۆرهەڵاتی بەغداد و دەنگدانی تایبەت و زیندانیان و نەخۆشخانەكان و ئاوارەكان سوتاون، وێڕایی ئامێرە ئەلەكترۆنییەكانی دەنگدان، كە ئەمەش ئەركی دادگای بۆ لێكۆڵینەوە لە ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن لە بەغداد ئەستەم كردوە.   بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، ژمارەیەكی زۆر لەسندوقەكانی دەنگدان سوتاون و لەم كاتەدا نازانرێت بەژمارە چەندن، لەهەمان كاتدا كەمنین ئەو سندوقانەی كە لەلایەن هێزەكانی بەرگری ناوخۆ و هاوڵاتیانەوە ڕێگە لە سوتانیان گیراوە، جگە لەوەی بەشێك لەو سندوقانەشی نەسوتاون بەهۆكاری تەڕبونیانەوە خراپ بوون و كەڵكیان كەماوە.  بە وتەی ئەو بەرپرسە، پاسەوانەكانی ئەو كۆگایانە دیارنەماون و ئێستا بەدوایاندا دەگەڕێن، ئەوەشی ئاشكراكردوە، بەكارهێنانی توندوتیژی بە دەرگاكانی دەرەوەی كۆگانەوە دیارە و بەڕوونی دەبینرێت كە بەچەكوشی ئاسن یان ئامێری تر شكێنراون و ئاگرەكەش بەدەستی ئەنقەست كراوەتەوە.  محەمەد ڕوبەیعی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد ڕایگەیاندوە، تەواوی سندوقەكانی بەرەی ڕسافە سوتاون، بەوتەی چەند سەرچاوەیەكیش ئەو كۆگایانەی سوتاون زیاتر لە 3 ملیۆن كارتی دەنگدانیان تێدابووە. هەر لەو بارەیەوە عادل نوری ئەندامی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەلێكۆڵینەوە لە یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕایگەیاندوە، ئاگرەكە بەدەستی ئەنقەست كراوەتەوە و بكەرەكەشی كەسانێكن لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، وتوشیەتی، تاوانباران و ساختەكاران ئاسەواری تانەوانەكەیان سوتاندوە، تاوانی تەزویركردن، لەبەر ئەوەی ئێمە ئەزانین و پێش ئێمەش خودا دەزانێت كە ئەنجامەكان ناواقیعین و ساختەكراون، بۆیە سندوقەكانی دەنگدانیان سوتاندوە. كازم شەممەری سەركردە لە ئیئتیلافی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی لەبارەی ئەو ڕوداوەوە دەڵێت، سندوقەكان نەسوتێنران تا ئەو كاتەی بڕیاردرا دەنگەكان بەدەست بژمێررێنەوە و دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕێوشوێنەكانی ئەنجومەنی دادوەریی، كە بەڕای ناوبراو، ئەوەش بەڵگەیە بۆئەوەی كە یاریەكی مەترسیدار بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كراوە و پێویستە سەرۆك وەزیران بەجدی مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشهاتە مەترسیدارە بكات. هەر لەچوارچێوەی كاردانەوەكان، زانا ڕۆستایی ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندوە، دادگا دەسەڵاتی ڕەتكردنەوەی ئەو سندوقانەی هەیە كە سوتان یان تەواوی ئەنجامەكانی ئەو پارێزگایە ڕەتبكاتەوە، ڕۆستایی لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوەدەكات، دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق لەبەردەم بژاردەیەكی نوێدایە، ئەویش دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی و ئەنجامدانەوەی لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاكاندا.  


(درەو میدیا): رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە ژمارەی ئەمڕۆ ناوی ئەو حزب و لایەنانەی بڵاوكردەوە كە دژی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانن لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی لێدەكەن. ئەم كوتلە و لایەنە سیاسییانە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی 12ی ئایاری عێراقیان لا پەسەندە و دژی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هێشتنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانن بە كراوەیی، لە زۆربەی دانیشتنەكانی پەرلەماندا ئەندامەكانیان ئامادە نەبوون: یەكەم: سائرون- موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەكات دووەم: رەوتی حیكمەی نیشتمانی- عەممار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات سێیەم: فەتح- بەتایبەتی (عصائب اهل الحق) كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات چوارەم: پارتى دیموكراتی كوردستان- مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات پێنجەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان شەشەم: هاوپەیمانی بەغداد- جەمال كەربولی سەرۆكایەتی دەكات لە بەرامبەردا ئەم كوتلە و لایەنە سیاسییانە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رەتدەكەنەوە و پشتیوانیان كرد لە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و داوادەكەن دەنگەكان بەشێوەی دەستیی ئەژماربكرێنەوە: یەكەم: ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات دووەم: ئیئتیلافی نیشتیمانی- ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات، سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە بەشێكە لەم ئیئتیلافە و بە جیاوازی 76 دەنگ دەرنەچوو بۆ ویلایەتی دووەمی پەرلەمان، سەلیم جبوری و كوتلەكەی رۆڵی سەرەكییان هەبوو لە تەواوكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان بۆ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن سێیەم: هاوپەیمانی بڕیار- ئوسامە نوجێفی سەرۆكایەتی دەكات چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی  هاوپەیمانی (سەركەوتن- النصر) كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات، لەنێوان هەردوو بەرەكەدا راوەستاوە و هەڵوێستی خۆی لە بارەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان یاخود پەسەندكردنی ئەنجامەكە وەكو خۆی یەكلانەكردوەتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand