Draw Media

درەو میدیا:  رۆژنامەی شەرقل ئەوسەت لە راپۆرتێكدا بە پشت بەستن بە زانیاریەكانی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە، كە رۆژی پێنج شەممە شاندی باڵای هێزەكانی ئەمریكا سەردانی شاری مەنبەجیانكردووەو دڵنیاییان داوە لەوەی خۆیان حوكمی خۆیان دەكەن.  شاندی فەرماندە سەربازیەكانی  ئەمریكا پێكهاتبوون لە جەنەراڵ جۆزیف ڤۆتێل فەرماندەی گشتی سوپای ناوەندی ئەمەریكا ، و جیمی جیرارد فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە سوریا وعێراق، جۆن رۆد یەكێ لە یاریدەدەرەكانی وەزیری بەرگری ئەمەریكا ، رۆژی پێنجشەمە سەردانی شاری مەنبەجیانكردووەو چاویان بە ئەنجومەنی سەربازی ومەدەنی و بەرپرسانی ئیداری و مەدەنی و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكانی شاری مەنبەج كەوتووە.   روانگەی سوری ئەوەشی ئاشكراكردووە كە فەرماندە سەربازیەكانی ئەمریكا جەختیان كردۆتەوە كە  كێ شاری مەنبەجی لەدەستی داعش رزگاركردووە، شارەكە هەر لەژێر كۆنترۆڵی ئەو هێزەشدا دەمێنێتەوە، دڵنیاییان داوە لەوەی كە بەردەوام دەبن لەسەر هاوكاریكردنی شاری مەنبەج و ئەو هێزەی كە حوكمی شارەكە دەكات. لە لایەن خۆشیەوە محەمەد ئەبو عادل فەرماندەی گشتی ئەنجومەنی سەربازی مەنبەج بە ئاژانسی هاوار نیوز  راگەیاندووە: كە لە كۆبونەوەیان لەگەڵ وەفدی باڵای ئەمریكی، وەفدی ئەمریكی پێیان راگەیاندوون كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە مەنبەج دەمێنێتەوە، لە پێناو سەقامگیریكردنی ئەمنی لە ناوچەكەدا، جەختیشیانكردۆتەوە كە سوپای توركیا نایەتە ناو مەنبەجەوە.     


( درەو میدیا): توركیا رێگە بە ئەندریە هۆنكۆ پەرلەمانتاری چەپی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا نادات بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی و سەرۆكایەتی توركیا لەگەڵ تیمێكی رێكخراوی ئاسایش و هاوكاری ئەوروپا بچێتە توركیا. ئەندریە هۆنكۆ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی ئەڵمانیا رایگەیاند باڵیۆزی توركیا لە رێكخراوەكە لە ڤیەننا ئاگاداریكردوەتەوە كە ئەنكەرە قایل نەبووە بچێتە ناو ئەو وڵاتەوە، ئاشكراشیكرد هێشتا دەسەڵاتداراتی ئەڵمانیا بە رەسمی لەو بڕیارە ئاگادارنەكراونەتەوە. هۆنكۆ یەكێك بووە لە و چاودێرانەی لە راپرسییەكەی نیسانی ساڵی رابردوو بۆ هەمواری دەستوری توركیا بەشداریكردووە و ئەوكات رەخنەی لەو پرۆسەیە گرت و رایگەیاند مەرجەكانی دیموكراتیی و دادپەروەریی تێدانەبووە. حكومەتی توركیا ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانیا بە هاوسۆزی بۆ پەكەكە تۆمەتباردەكات و گومانی لە بێ لایەنی بوونی هەیە و وەزیری دەرەوەی توركیا لە ماوەی رابردوودا وێنەكەی ئەو پەرلەمانتارەی بڵاوكردەوە كە لە پشتییەوە ئاڵای پەكەكە هەبوو. لەو بارەیەوە هۆنكۆ تۆمەتەكانی حكومەتی توركیای رەتكردەوە وتی:" مایەی گاڵتەجارییە كە حكومەتی توركیا بە شێوەیەك رەفتاردەكات كە من وەك چاودێرێكی رێكخراوی ئاسایش و هاوكاری ئەوروپا دەچمە توركیا و بانگەشە بۆ پەكەكە دەكەن، ئەوە دەمارگیری حكومەتی توركیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان نیشاندەدات".  


(درەو میدیا): رەنگە وێنەی لیۆنێل میسی یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەرجەنتین، لە كاتێكدا كە بە غەمباری بەرەو ژووری خۆگۆڕین دەڕوات دوای ئەو شكستە گەورەیەی لەسەر دەستی كرواتیا دووچاری ئەرجەنتین بوو،  ببێتە یەكێك لە دیاترین وێنەكانی جامی جیهانی 2018 لە روسیا.. ئەوە دووەم یاریی بوو كە تێیدا " باشترین یاریزانی جیهان بۆ پێنج جار" نەیتوانی گۆڵێك تۆماربكات، یان هاوكاری تیپەكەی بكات بۆ تۆماركردنی گۆڵ یان بردنەوە، بەڵكو لە یاریی یەكەمی تیپەكەشدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئایسلەنداە كە بە یەكسانبوونی بێ‌ گۆڵ كۆتایی هات لێدانێكی سزای بە فیڕۆدا. ئێستا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای ئەو ئەنجامە خراپانەی لەبەردەم هەڕەشەی دووەم ماڵئاواییكردندایە لە مۆندیال لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا لە پاڵەوانێتی 2002 و یەكەم دەركەوتنی میسی لە جامی جیهانیدا. میسی تەمەن 30 ساڵ لەرووی عەمەلییەوە هەلێكی تری لەبەردەمدایە بۆئەوەی لە مۆندیالی داهاتوو 2022 بەشداری بكات، بەڵام بەرای ژمارەیەكی زۆر لە رەخنەگران، رەنگە مۆندیالی روسیا دوا هەلی میسی بێت بۆئەوەی جامی پاڵەوانێتییە بباتەوە و بگەڕێتەوە ئەرجەنتین، میسی تائێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی جگە لە مەدالیای ئاڵتونی ئۆڵۆمپیادی بەیجین  لە ساڵی 2008 هیچ دەستكەوتێكی نەبووە. هەروەها میسی ئەمساڵ  لەگەڵ تیپە ئیسپانیەكەشی بەرشەلۆنە، وەرزێكی قورسی بەڕێكردن سەرەڕای بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیا و جامی شا، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا شكستیهێنا و بۆ سێیەم وەرز لەسەریەك لە چارەكی كۆتاییدا پاڵەوانێتییەكەی بەجێهێشت و گۆڕەپانەكەی بۆ نەیارە كلاسیكییەكەی ریاڵ مەدرید بەجێهێشت تا بە سەركردایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ كۆنترۆڵی كیشوەری ئەوروپا بكات. چەندین هۆكار هەن كە دەكرێت نەهامەتیی میسی لەم وەرزدا پێ لێكبدرێتەوە، لەوانە: یەكەم:  ماندووبوونی جەستەیی: لە مانی وەرزی رابردوو 2017/ 2018 میسی 54 یاری كردووە كە لە وەرزی 2014/ 2015ەوە ئەو بەرزترین تێكڕایە و یەكێكە لە ژمارە باڵاكانی ئەم پێنج ساڵەی دوایی، بە گوێرەی سایتی  Transfermarket ی تایبەت بە ئامار، میسی 4468 خولەك یاریی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەرزەكەی بە تۆماركردنی 45 گۆڵ و 18 پاسی یەكلاكەرەوە كۆتایی پێهێنا. دووەم: پێكانێكی سوك: لە نیسانی 2018 رۆژنامەی كلارینی ئەرجەنتینی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند كە میسی بەدەست پێكانێكەوە لە ئێسكی رانی راستیدا دەناڵێنێت و ئەوەش كاریگەری دەبێت بۆسەر راكردن و گۆڕینی خێرایی، ئەو كێشەیەش بە زەقی ئاشكرابوو، كاتێك میسی لە لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەكەدا نەبوو بۆ یارییە دۆستانەكانی پێش مۆندیال بەرامبەر بە ئیتالیا و ئیسپانیا و تیپەكەی بینی كە 6-1 بەرامبەر بە ئیسپانیا دۆڕا. سێیەم: تیپی ئەرجەنتین لە باشترین دۆخیدا نییە: ئەرجەنتین زۆر بە زەحمەت بۆ مۆندیالی روسیا سەركەوت و دوای چەند ئەنجامێكی خراپ لەكاتی یارییەكانی پاڵەوتندا توانی لە رێگەی یاری پاشكۆوە دوا بلیتی سەركەوتن بۆ مۆندیال مسۆگەر بكات و میسیش وەك هەمیشە گۆڵكاری تیپەكە بوو حەوت گۆڵی تۆماركرد، بەڵام تیپەكەی لە رەخنەی هاندەران و میدیاكان لەسەر ئاستی لە رەخنە دەربازی نەبوو. هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی رابردوودا كە لەبەرازیل بەڕێوەچووە، گەیشتە یاری كۆتایی پاڵەوانێتییەكە و بە تاكە گۆڵێك لە كاتی زیادكراودا نازناوەكەی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لەدەستدا، و  لە ساڵی 1986یشەوە كە لە رێگەی مارادۆناوە جامی جیهانی بەدەستهێنا، ئەو هەڵبژاردەیە دەستكەوتێكی ئەوتۆی نەبووە. چوارەم: ئامادەیی هەمیشەیی وێنەی رۆناڵدۆ: ئەوەی كێشەكانی میسی زیاتركردووە، دەركەوتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ركابەرییەتی بە ئاستێكی بەرز لەگەڵ هەڵبژاردەی پرتوگالدا، كە ماوەی 10 ساڵە ركابەرییەكی توند و بەراوردكاریی لە نێوانیاندا هەیە، بەشداری رۆناڵدۆ لە مۆندیالدا تائێستا باشە و مایەی سەرنجە،  لەیەكەم یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا سێ‌ گۆڵی لە ئیسپانیا تۆماركردووە و پاشان بە گۆڵێكی تر تیپەكەی سەرخست و سێ‌ خاڵی گرنگی بەرامبەر بە مەغریب بەدەستهێنا و هەتا ئێستا وادەردەكەوێت كە رۆناڵدۆ راناگیرێت و پێش دوو ساڵیش ئەوەی رۆناڵدۆ كردی میسی نەیتوانیوە بیكات، رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی نازناوی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا" یۆرۆی 2016" ی بەدەستهێنا، لە كاتێكدا ئەرجەنتین لە ساڵی 1993 ەوە جامی ئەمریكای باشوور ( كوبا ئەمریكا)ی بەدەستنەهێناوە. سەرچاوە: بی بی سی  


(درەو میدیا):   "من لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوەو جوڵەی دانیشتوان و ئاوارەو دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان، پێشنیازی ئەوەم كرد هەركاتێك دەركەوت سندوق یان وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی ساختەكاری تێدا زۆرە، ئەو وێستگەیە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی نەهێنا" ئەمە وتەی ئەمین بەكر سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی عێراق كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاساییە. ئەمین بەكر وتى:" دانانی ئەو بڕگەیە لەژێر فشاری سوننەكان بوو، چونكە ئەگەر ئەو بڕگەیەی بۆ زیادنەكرایە، سوننەكان بەشداری كۆبونەوەكەیان نەدەكردو بەوەش نیساب تەواو نەدەبوو".  سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان، ئەمین بەكر باس لەوە دەكات " كاتێك گفتوگۆكرا لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، سەرەتا ئەوان ویستویانە ئەو هەنگاوە لەرێگەی بڕیارێكەوە  بگەیەنن بە كۆمسیۆن، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ملی نەداوە، بۆیە بڕیاريانداوە لە رێگەی هەمواری یاساكەوە هەنگاوەكە هەڵگرن، بەتایبەت دوای ئەوەی چاويان كەوتووە بە ئەنجومەنی دادوەری كە پێییان راگەیاندون  لەرێگەی یاساوە نەبێت ئێمە ناتوانین تەداخولی ئەو پرسە بكەین".  سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت" لە هەندێك شوێن، هەندێك ناوەندی دەنگدان ساختەكاری بە ئەندازەیەك كراوە كە مەجالی چارەسەری نیە، بەتایبەت دەنگدانی دەرەوەو ئاوارەكان و جوڵەی دانیشتوان و ئەوەی تریشیان دەنگدانی تایبەت بوو" تەنانەت " لە دەنگدانی تایبەتدا وێستگەی وەهمی تێدایە  كە ئەوەش لە كۆمسیۆن ئەو وێستگانە ژمارەی هەیە، بەڵام بەكردەكی نەكراوەتەوە، خەڵكی نازانن ئەو وێستگانە هەیە تا بچن لەوێ دەنگەكانيان بدەن، ئەمانە دانراون بۆ ئەو كارتانەی كە لای خۆیان دانراون، دوایی خۆیان دەچن ئەو وێستگانە پڕدەكەن". ئەمین بەكر ئاماژە بە چەندین جۆر ساختەكاری دەكات لە دەنگدانی تایبەتدا" سێ جۆر ساختەكاری كرابوو لە دەنگدانی تایبەتدا، یەكەمیان لە رێگەی پرۆگرامی ئامێری دەنگدانەوە كراوە، ساختەكاریەكی تر لە رێگەی فشارەوە، كە ئەوانەی دەنگ نەدەن بە لایەنێكی دیاریكراو توشی لێپرسینەوەو سزادان دەبن، جۆری سێیەم بەكارهێنانەوەی كارتی دەنگدانی بەدیلە واتا لەبری كەسێكی دیكە دەنگیانداوە، ئەوانەی لەدەنگدانی تایبەتدا دەنگیانداوە كارتە كۆنەكانیان تەسلیم نەكردۆتەوەو دووبارە دەنگیانپێداوەتەوە، ئەمەشیان لە رێگەی راگرتنی ئامێری بەسمەكەوە، بۆ ئەوەی كە بەروارد نەكرێت و لەیەك نەچێت". سەبارەت بە پێشنیازەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە ئەمین بەكر دەڵێت" ئێمە لە لیژنەی یاسایی دوو دەقمان داڕشت، بەم شێوەیە: دەقی یەكەم/ ئەو ناوەندانە رەتبكرێنەوە هەركات دەركەوت كە ساختەكاریان تێداكراوەو قابیلی چارەسەركردن نیە، بەم شێوەیە ( دەنگدانی دەرەوەو جوڵەی دانیشتوان و ئاوارەو تایبەت هەڵدەوەشێنەوە هەركات دەركەوت ساختەكاری گەورەی تێدا كراوە )، خۆمان پێش بینی ئەوەمان كردبوو كە ئەم خاڵە پێدەچێت  ئیشكالیەتی یاسایی بۆ درووست بێت بۆیە خاڵكی ترمان دانا.  دەقی دووەم/ ئەمەیان پێشنیاری من بوو ئەویش ئەوە بوو ( هەركاتێك دەسەڵاتی دادگای تایبەتمەندی سەیركردنی تانەكانی هەڵبژاردن، بۆی دەركەوت سندوق یان وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی ساختەكاری تێيدا زۆرە، ئەو وێستگەیە هەڵبوەشێتەوە )".  ئەمین بەكر جەخت دەكاتەوە كە لەژێر فشاری سوننەكاندا ئەو دەقە دانراوە" ئەگەر ئەو پێشنیازەمان تێنەكردایە، سوننەكان نەئەهاتنە دانیشتنەكەوەو بەوەش نیسابی یاسایی تەواو نەدەبوو، بەڵام پاشگرێكمان بۆ زیادكرد ئەوەیش بەم شێوەیە ( ئەگەر دەركەوت ساختەكاری تێدایە)، بەڵام كە چوینە هۆڵی كۆبونەوەكانەوە لە گفتوگۆكاندا پاشگرەكەیان لێ لابرد". سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر ئەو كات بە پێشنیازەكەی رازی بونایەو لە پەرلەمان دەنگی  پێویستی بهێنایە، ئێستا دادگای فیدراڵی رەتی نەدەكردووە، چونكە" بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی هاتۆتەوە سەر دەق و پێشنیازەكەی لیژنەی یاسایی كە دەڵێت ئەو كات دەنگەكان هەڵدەوەشێتەوە كە سەلمێنرا ساختەكاری تێدا كراوە، ئەمە ئەو دەقەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە كە لە ناو هۆڵی پەرلەمان دەنگی پێویستی نەهێنا".   


(درەو میدیا): حەنان فەتلاوی سەرۆكی لیستی گردبونەوەی ئیرادە رایگەیاند، بەپێچەوانەی ئەوەی هەموان وێنای دەكەن و دەزگاكانی راگەیاندن باسی دەكەن، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگی هەموو ناوەندەكانی دەنگدان ناگرێتەوە. لە پۆستێكدا كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە هەردوو كۆمەڵایەتی تویتەر و فەیسبوك بە ناونیشانی "سوپرایزێك بۆ هەموان" بڵاویكردەوە، فەتلاوی نوسیویەتی: دوای خوێندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە وردی بەتایبەتی لاپەڕەی پێش كۆتایی بڕیارەكە، دەركەوت" بڕیارەكە ئەژماركردنەوەی دەستیی هەموو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا ئەو بنكانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە یاخود دواتر تانەیان لێدەدرێت".  


( درەو میدیا): موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هاوپەیمانی " سائرون" كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێنا بە نۆ خاڵ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق و جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان ئاشكراكرد. سەدر لە راگەیەندراوێكدا كە نوسینگەكەی بڵاویكردەوە دەڵێت چەند ئامۆژگارییەك دەخەمە بەردەستدان كە بۆ دووبارە جیاكردنەوەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان سودیان دەبێت: یەكەم: پێویستە لەسەر هەموان خۆیان بگرن و گوێڕایەڵی یاسا بن، ئەگەر قەناعەتیشیان پێی نەبوو. دووەم: ئامۆژگاری دادوەریی عێراق دەكەین پابەندی بێ‌ لایەنی بێت لە پرسی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەنگەكان و پێویستە لەسەری ماوەیەكی زەمەنی دیاریبكات كە درێژ نەبێت. سێیەم: لە حاڵەتی دواكەوتنی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان تا یەكی مانگی حەوتی ئەمساڵ، ئەوا پێویستە لەسەر حكومەت پابەندی یاسا بێت و دەسەڵاتەكانی فراوان نەكات و بۆشایی دەستوری نەقۆزێتەوە كە بە مەترسییەك دادەنرێت دەبێتەوەی هۆی ئەوەی كە كۆتاییەكەی مەترسیداربێت و دڵخوازی هیچ كەسێك نەبێت. چوارەم: ئامۆژگاری كوتلە سیاسییەكان دەكەین بەردەوام بن لە بەدەمەوەچوونی بەدیهێنانی گفتوگۆی جدیی لە پێناوی بەدیهێنانی هاوپەیمانێتی گونجاو كە چاكسازیی راستەقینە رەچاوبكات. پێنجەم: مەترسی ئەوە هەیە كە جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكان، سەرەتایەك بێت بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژادنەكان و دەستدرێژیكردنە سەر دەنگی دەنگدەران، بەوەش پرۆسەی دیموكراتی زیندەبەچاڵ دەكرێت و رێژەی بەشداریی لە داهاتوودا كەمدەكاتەوە. شەشەم: ئامۆژگاری هێزە ئەمنییەكان دەكەین ئەم جۆرە بڕیارانە كاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست نەكات، ورەیان لاواز نەبێت و بەئاگابن ، هێشتا وڵات لە مەترسیدایە. حەوتەم: پێویستە لەسەر گەل هۆشیاربێت كە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن كەوتوەتە دەستی گەندەڵكاران و چاوچنۆكانی دەسەڵات و پێویستە لەسەری ئاگاداری كاری خۆی بێت وگەندەڵ و چاكەكار لە یەك جیابكاتەوە. هەشتەم: ئەگەر ئەم بڕیارانە بۆ زیندەبەچاڵكردنی بێت، ئەوا چاكسازیی سەردەكەوێت هەروەك چۆن یەكەمجار سەركەوت، لەبەرئەوە هیوادارین ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان سەرەتایەك نەبێت بۆ گەڕاندنەوەی گەندەڵكارە گەورەكان. نۆیەم: ئامۆژگاری دەكەین كە كاری وەزارەتەكان بەردەوام بێت، بە تایبەتی وەزارەتی خزمەتگوزارییەكان، بە جۆرێك كە گەلی عێراق زیانی پێ نەگات و پێویستە نەهامەتی گەل پشتگوێ نەخرێت بەهۆی ململانێ و ناكۆكی سیاسی و هەڵبژاردنی پەیوەست بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و ئەو شتانە. موقتەدا سەید محەمەد ئەلسەدر 7ی شەوالی مەزن 1439  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، ئەركی ئەم دادگایە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانە لەبارەی دەستورەوە، ئەم دادگایە بە یاسایەكی وزاری لە ساڵی 2005 پێكهێنرا. بەپێی ئەو یاسایەی كە دادگاكەی لەسەر پێكهێنرا، بارەگای دادگای فیدراڵی لە بەغدادی پایتەختە و دادگاكە لەڕووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە. ئەندامانی دادگای فیدراڵی چۆن هەڵدەبژێردرێن ؟ هەر بەپێی یاسای ژمارە (30) ساڵی 2005، دادگای فیدراڵی پێكدێت لە (سەرۆك و هەشت ئەندام) و ئەم كەسانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەكان كاندید دەكرێن. سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی لە بەردەم ئەنجومەنی سەرۆكایەتیدا سوێندی یاسایی دەخۆن. موچەی سەرۆك و ئەندامانی دادگا هەر بەپێی ئەو یاسایەی كە لەسەری پێكهێنراوە، موچەی سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی عێراق هاوتای موچە و دەرماڵەی وەزیرە.   پێگەی دادگای فیدراڵی لە دەستوری عێراقدا بەگوێرەی مادەی (89)ی دەستوری عێراق، دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵ لەم دادگایانە پێكدێت: 1-    ئەنجومەنی باڵای دادوەری 2-    دادگای باڵای فیدراڵی 3-    دادگای تێهەڵچونەوەی فیدراڵی 4-    دەزگای داواكاری گشتی 5-    دەستەی چاودێریی دادوەریی 6-    هەر دادگایەكی فیدراڵی تر كە بەپێی یاسا رێكبخرێت واتە بەپێی ئەم مادەیەی دەستور، دادگای فیدراڵی بەشێكە لە دەسەڵاتە فیدراڵییەكان لە عێراق. ئەركەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەپێی ماددەی (93)ی دەستوری عێراق، ئەركی دادگای باڵای فیدراڵی بریتییە لە: یەكەم: چاودێریكردنی دەستوریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەركارەكان. دووەم: لێكدانەوەی دەقەكانی دەستور. سێیەم: یەكلاكردنەوە لەو پرسیانەی كە لە جێبەجێكردنی یاسا فیدراڵییەكان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەكان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە كە دەسەڵاتی فیدراڵی دەریان دەكات، یاسا زامنی مافی تانەدانی راستەوخۆ دەكات لەبەردەم دادگادا بۆ هەریەكە لە ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانەی دۆسیەیان لە تاك و كەسانی تر. سێیەم:  یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكیانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێییەكان روودەدەن. پێنجەم: یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكاندا دێنە ئاراوە. شەشەم: یەكلاكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان دەكرێن. حەوتەم: پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەكان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران. هەشتەم:  ا- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی، و دەستەی دادوەری هەرێم و پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا. ب- یەكلاكردنەوەی ناكۆكی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری هەرێمەكان، یان پارێزگا رێكنەخراوەكان لە چوارچێوەی هەرێمدا. دەستوری عێراق بەپێی ماددەی (94) هەموو دەسەڵاتەكانی عێراق پابەند و ملكەچ دەكات بۆ بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی. ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی كێن ؟ دادگای فیدراڵی ئێستا لە (9) كەس پێكدێت، یەكێكیان سەرۆكە، (2) لە ئەندامانی دادگاكە كوردن و یەكیكیشیان مەسیحییە. 1-    دادوەر مدحەت مەحمود/ سەرۆكی دادگا 2-    دادوەر فارون محەمەد سامی/ ئەندام 3-    دادوەر جەعفەر ناسر حسێن/ ئەندام 4-    دادوەر ئەكرەم تەها محەمەد/ ئەندام 5-    دادوەر ئەكرەم ئەحمەد ئەمین بابان/ ئەندام- كورد 6-    دادوەر محەمەد سائیب نەقشبەندی/ ئەندام- كورد 7-    دادوەر عەبود ساڵح مەهدی تەمیمی/ ئەندام 8-    دادوەر میخائیل شەمشون قس گۆرگیس/ ئەندام- مەسیحی 9-    دادوەر حسێن عەباس ئەبو تمەن/ ئەندام چەند بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە لەدوای دروستبونییەوە دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە دەركردووە، زۆرجاریش خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كاتێك لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەكان كەوتونەتە كێشە و ناكۆكی هەڕەشەی ئەوەیان كردووە لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكەن. ساڵی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستان دەركرد. پاشەكەوتی موچە و بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پرسی پاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا كە (ناز نوری عارف) سەرۆكی پێشووی داواكاری گشتی سلێمانی لە دادگاكە سكاڵای لەسەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماریكردبوو، دادگا رایگەیاند، یەكلاكردنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچە لە تایبەتمەندی ئەو نییە. ریفراندۆم و بڕیاری دادگای فیدراڵی یەكێك لەو بڕیارانەی تر كە ساڵی 2017 دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمی كوردستان دەریكرد تایبەت بوو بەو ریفراندۆمەی كە 25ی ئەیلول بەڕێوەچوو. دادگای فیدراڵی عێراق ریفراندۆمەكەی هەرێمی بە نادەستوری وەسفكرد و پاشان بە بڕیارێكی تر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وتی " ئێمە رێز لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرین". دواین بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەرێمەوە ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیارەكە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، دادگا هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی دەنگدانی رەتكردەوە تا ئەو كاتەی دەسەلمێنرێت ساختەكاری كراوە.


ساڵی 2011 نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 23ی حوزەیرانی هەموو ساڵێكی وەكو رۆژی "بێوەژنان" دیاریكرد. بەپێی خەمڵاندنی بەرایی لە عێراق نزیكەی (2 ملیۆن) بێوەژن هەیە، ساڵی 2017 ژمارەی بێوەژن لە عێراق گەیشتوەتە (878 هەزارو 455). بەشێوەیەكی گشتی زیادبونی دیاردەی بێوەژنبون یاخود لەدەستدانی هاوسەر بەهۆی مردنەوە لە عێراق بۆ ئەم هۆكارانە دەگەڕێتەوە: •    ئەو جەنگانەی كە لە عێراق رویانداوە •    داڕمانی دۆخی ئەمنی وڵات دوای ساڵی 2003 •    كێشەی عەشائیرییەكان •    داڕمانی دۆخی تەندروستی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پابەندی كردووە لەسەر حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە كاربكەن بۆ دۆخی ئابوری ژنان و روبەڕوبونەوەی هەژاری. بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا ئەو ژنانەی كە هاوسەرەكانیان لەدەستداوە لە عێراق لەدۆخێكی خراپدان، كێشەی بێوەژنان لە عێراق خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە: •    بێبەشكردن لە میراتی و زەوی •    سەختی بەدەستخستنی كار •    نەبوونی چاودێری تەندروستی و فێركردن •    لاوازی پەیوەندی بێوەژنان لەگەڵ منداڵەكانیان بەهۆی هەژارییەوە دیارترین كێشەی ئەو منداڵانەی كە دایكیان بێوەژنە و باوكیان لەدەستداوە: •    بەدخۆراكی •    لاوازی چاودێری تەندروستی •    بوون بە قوربانی دیاردەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە •    بێبەشبوون لە فێربوون •    لادان لە ناو كۆمەڵگە •    بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لەپاڵ زیادبونی ژمارەی بێوەژنان، لە عێراق ژمارەی ئەو ژنانەش زیادیان كردووە كە لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە. بەپێی راپۆرتەكان ئێستا لە عێراقدا (983 هەزار) ژن هەن كە لە هاوسەرەكانیان جیابونەتەوە، رێژەی 80%ی ئەوانەی جیابونەتەوە تەمەنیان لەنێوان (14 ببۆ 49) ساڵدایە، لەناو ئەوانەی كە جیابونەتەوە (17 هەزارو 432) ژنیان تەمەنیان لەسەرو (50) ساڵییەوەیە.  


(درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێكی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران"ی بەدەستوریی لەقەڵەمدا كە سەرەتای ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پەسەندیكرد. "ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست" كە لە یاسای هەمواری سێیەمی هەڵبژاردن بڕیاری لەسەردراوە یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە دادگای فیدراڵی پەسەندی كرد و بە هەنگاوێكی دەستوریی ناوی برد، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق دێت كە پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند. بە گوێرەی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەبێت جارێكی تر دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار ئەژماربكرێنەوە، بەوەش هەموو ئەنجامە راگەیەندراوەكانی هەڵبژاردن و دەنگی كاندیدەكان هەڵدەوەشێتەوە و جارێكی تر دوای جیاكردنەوەی دەستیی، دەنگەكان بەپێی شێوازی "سانت لیگۆ" پێوانە دەكرێتەوە، ئەمەش رەنگە گۆڕانكاری گەورە لە ژمارەی كورسی و دەنگی كاندیدەكان دروست بكات. ئەژماركردنەوەی دەگەكان دەتوانرێت ئەم واتایانەی لێ بخوێندرێتەوە:  1-     بە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، ئەنجامی تەواوی هەڵبژاردنەكان هەڵدەوەشێتەوەو ئەنجامێكی دیكە رادەگەیەنرێت. 2-     دەنگی تەواوی كاندیدەكان هەڵدەوەشێتەوەو جارێكی تر ئەنجامەكان رادەگەیەنرێنەوە. 3-    بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە دەنگەكاندا، گۆڕانكاری لە كورسی لایەنەكان و دەنگی كاندیدەكان دروستدەكات، بەتایبەتیش گۆڕینی جێگەی كاندیدەكان و ئاڵوگۆڕ بەهۆی كۆتای ژنانەوە. 4-     بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەردەیەكی دا بەسەر تەواوی ئەو هەوڵانەی كە لایەنە سیاسییەكان دەیدەن بۆ هاوپەیمانێتی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەو پێیەی دەبێت هەموو لایەنەكان چاوەڕەوانی ئەنجامی دیكەی دەنگدان بكەن. 5-     خاڵی نەرێنی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە پرۆسەی سیاسی عێراق زیاتر ئاڵۆز دەكات و رەنگە ببێتەهۆی دروستبونی بۆشایی دەستوری و یاسایی، چونكە كۆتایی ئەم مانگە وادەی یاسایی تەمەنی پەرلەمانی عێراق كۆتایی دێت، ئەگەر پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی بەر لەو وادەیە تەواو نەبێت، بۆشایی دەستوری دروست دەبێت. 6-     دادگای فیدراڵی بەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەریكردن دانی نا بە كۆتایهاتنی دەسەڵاتی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كە خۆیان ئێستا بەهۆی گومانەكانی ساختەكاری لە هەڵبژاردن سڕكراون، ئەوەش لەرێگەی پەسەندكردنی دانان و كاری دادوەرەكان لە شوێنی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.  


(درەو میدیا): ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی جیاكردنەوەی و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا. دادوەر لەیس جەبر حەمزە، وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەنجومنی كۆمسیاران پێداویستییەكانی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستیی دەنگەكانی تاوتوێكردووە بۆئەوەی پلانێكی گشتگیر بۆ دەستكردن بە پرۆسەكە دابڕێژێت بە گوێرەی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكان. وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیاران وتیشی بۆئەوەی ئەو پرۆسەیە لە كاتێكی دیاریكراواد بەڕێوەبچێت، ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاریدا لە رۆژی شەممەوە دەوامی فەرمیی هەموو فەرمانبەرانی كۆمسیۆن دەستپێبكات ، هەروەها بڕیاریشدرا مۆڵەتی فەرمانبەرانی كۆمسیۆن لە نوسینگەی نیشتمانی و نوسینگەی پارێزگاكان رابگیرێت جگە لە چەند حاڵەتێكی نائاسایی و كتوپڕ.  


(درەو میدیا): ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێكی تایبەتدا سەبارەت بە حوكمی "یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران" چەند بڕیارێكی دەركرد، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كاردانەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا. زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان قایلبونی خۆیان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی راگەیاند، كە پوختەی بڕیارەكەكانی بریتی بوون لە: 1- هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەنگاوێكی دەستورییە.   2- هەڵوەشاندنەوەی رەهای دەنگدانی دەرەوە و ئاوارە و جوڵەی دانیشتوان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستانی تا ئەو كاتەی كە دەسەلمێنرێت ساختەكاریی تێدایە، نادەستورییە. 3- بڕیاری ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، بڕیارێكی دەستورییە.  4- دانانی دادوەرەكان لەبری ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بڕێكی دەستورییە. قسەی لایەنە كوردییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی ئەمین بەكر - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ (درەو میدیا): " بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی زۆر زۆر باشەو لە بەرژەوەندیماندایە.. هەموو بڕیارەكانی دادگا تەواوی گرنگن، دادگا هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەتی لە هەرێمی كوردستان رەتنەكردوەتەوە و دەڵێ دەبێت بسەلمێنرێت و دواتر هەڵبوەشێنرێتەوە". خەسرەو گۆران - بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان: " پارتی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق رازییەو ئەو بڕیارانە بە دڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە و پارتی هەر ئەوەی دەویست كە بڕیاری لەبارەوە دراوە.. پارتی سكاڵای لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دەەنگی پێشمەرگە و ئاوارەكان تۆماركردووە و دادگاش بڕیاریداوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە نادەستورییە". ئارێز عەبدوڵا- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق: "پشتیوانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەكەم، بڕیارێكی بێلایەنانەیە، رەتكردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بڕیارێكی یاسایی و جێی دڵخۆشییە". سەڵاحەدين محەمەد بەهائەدین- ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: " وەك یەكگرتوو پابەندین بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە، دەستخۆشیان لێدەكەین و رەتكردنەوەی دەنگی تایبەتیش تەنها پەیوەست نەبووە بە پێشمەرگەوە، بەڵكو هێزەكانی ناوخۆو زیندانییەكان و چەند توێژیكی تری دەگرتەوە".   بۆچونی لایەنە عێراقییەكان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی: حسێن عادلی- وتەبێژی ئیئتیلافی " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات: "ئیئتیلافی نەسر پابەندبونی تەواوەتی خۆی بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی رادەگەیەنێت، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین ملكەچی بڕیارەكانی دادگا بن". سەلیم جبوری- سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  " بڕیارەكە بەرزدەنرخێنین، پەرلەمان سەركەوتوو بوو لە چەسپاندنی پایەكانی دیموكراتیەتدا".   ئەیاد عەلاوی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی: " رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرێن، ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی گورزێكی كەمەرشكێن بوون بۆ ویستی ساختەكاریی و گەندەڵیی".     ئوسامە نوجێفی- جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی قەرار " پشتیوانی تەواو لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەم لەبارەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن، داوادەكەم وەكو ئامادەكاری بۆ پرۆسەی وردبینی، هەموو ئەو ناوچانە كۆنترۆڵبكرێن كە سندوقەكانی دەنگدانیان تێدا ئەمباركراوە".   حەسەن تۆران - ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبەرەی توركمانی: " پێشوازی لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین، بڕیارەكانی دادگا سەركەوتنی ئیرادەی گەلی عێراق بوو كە ساختەكاریان لە هەڵبژاردنەكان رەتكردەوە بەتایبەتیش لە پارێزگای كەركوك".    ئەرشەد ساڵحی- سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی پەرلەمانی عێراق: " پیرۆزبایی لە مانگرتووەكانی كەركوك دەكەین كە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق و ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەنجامی نارەزایی و  هەڵوێستەكانی ئەوانە ".        


دوای دانیشتنی دادگای فیدراڵی، دادوەر مدحەت مەحمود سەرۆكی دادگاكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا تانەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رەتبكاتەوە." سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتیشی:" رێوشوێنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەربارەی هەڵبژاردنەكان یاسایی و دەستوریین ". جەختیشیكردەوە كە ئەژماركردنی دەستی دەنگەكان بە رێوشوێنێكی دروست دادەنرێت. دادوەر مدحەت مەحمود راشیگەیاند دادگای باڵای فیدراڵی عێراق   پشتگیری لە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بۆ دانانی چەند دادوەرێكی ئەنجومەنی دادوەریی بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان. راشیگەیاند دادگا مادەی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و تایبەتی رەتكردەوە چونكە ئەوە بەبەفیڕۆدانی دەنگی دەنگدەران دادەنرێت.  


(درەو میدیا): دەقی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە تانەكانی یاسا هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان: یەكەم: نادەستوریی بوونی مادەی(3 ) لە یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان كە تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە وجوڵەی دانیشتوان و ئاوارەكان و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی كوردستان. دووەم: رەتكردنەوەی هەموو ئەو تانانەی لەسەر یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماركراون، لەبەرئەوەی ئەو تانانە پشتیان بە دەقێكی دەستوریی نەبەستووە. سێیەم: هەردوو لایەنی دۆسیەی ئەو سێ‌ تانەیە خەرجیی و مافی ماندووبونی پارێزەران كە 100 هەزار دینارە لە ئەستۆدەگرن بە رێژەی ئەوەی لەو سێ‌ تانەیەدا هەردوو لایەن چەندیان لەدەستداوە.  


سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی راگەیاندووە"حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگە بەهیچ گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری نادات كە خاكەكەی بەكار بهێنن دژ بە وڵاتانی ئێران و توركیا.   دزەیی ئاماژە بەوەش دەكات" جوڵەو چالاكی  گروپە چەكداریەكان دژ بە ئێران كە لەناو خاكی هەرێمی كوردستانن، واتای ئەوە نیە كە هەولێر هاوكاریان دەكات، جەختیشی كردەوە كە رێو شوێنی توند دەگرنە بەر دژ بەو چالاكیانە. دەشڵێت" ئەو گروپە چەكداریانە ئاگاداركراونەتەوە كە مافی ئەوەیان نیە خاكی هەرێمی كوردستان دژ بە دراوسێكانمان (ئێران و توركیا )بەكاربهێنن".   لەبارەی هەماهەنگی نێوان هەولێر و تاران دزەیی نایشارێتەوە كە " ئێران و حكومەتی هەرێم ژوورێكی عەمەلیاتی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ لەناوبردن و وەستاندنی جوڵە سەربازیەكانی پارتە كوردیە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران"  سەرچاوە/ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی     


(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوا لە كوتلە سیاسییەكان دەكات رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، داواش لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەریی دەكات فەرمانی دەستگیركردن بۆئەوانە دەربكەن كە ساختەكارییان لە هەڵبژاردندا كردووە. لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی هەفتانەیدا عەبادی وتیشی:" كوتلە سیاسییەكانمان بانگهێشت كردووە بۆئەوەی كۆببنەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك دەربارەی بەرنامەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ماوەی داهاتوودا، نەك حكومەت." عەبادی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو بانگهێشتەی ئاراستەی كوتلە سیاسییەكانیان كردووە پرۆژەیەكە بۆ دانانی بناغەی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ بونیادنانی بەرنامەی دەوڵەت." عەبادی لە وتەكانیدا داواشی لە كوتلە سیاسییەكان كرد لە یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەماندا رێز لە چوارچێوە دەستورییەكان بگرن و داواشی لە دەزگاكانی دەسەڵاتی دادوەری كرد بەدواداچوون بۆ ئەوانە بكەن كە ساختەكارییان كردووە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەربكەن. سەرۆك وەزیرانی عێراق رونیشیكردەوە كە حكومەت بەردەوام دەبێت لە كارەكانی، دوای كۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكات.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand