دەرهێنەری درامای " ماڵەكەی مەعروف" كۆچی دواییكرد
2018-12-07 20:46:17
( درەو میدیا):
سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری بانە ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەر و سینەماكاری كورد لەگەڵ كەیوان زەبیحی برای بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەكان، رووداوەكە لە نزیك ناوچەی نیزەڕۆی بانە، روویداوە و لە ئاكامیشدا ئۆتۆمبێلەكەیان وەرگەڕاوە و گڕی گرتووە، بەهۆیەوە هەردووكیان گیانییان لەدەستداوە.
سایتی “كوردستان و كورد” لەسەر زاری پەیامنێرەكەیەوە لە بانە ڕایگەیاند: تەرمی سووتاو و بێ گیانی هونەرمەند ڕەحیم زەبیحی و براكەی بە دەستبەستراوی لە ماشێنەكەدا دۆزراوەتەوە و بەوەش گومانی كوشتنی بە ئەنقەستی ئەو دوو برایە بەهێز دەبێ.
ڕەحیم زەبیحی ساڵی 1971لە شاری بانە لە دایك بووە و یەكێكە لە سینەماكارانی بەتواناكانی كوردە. كورتە فیلمەكانی: “هاوار”، “سەتەلایت”، “كۆتایی شەڕ”، “ئەو پیاوەی كە چوو بۆ سەیران”، “ساتە مەزادكراوەكان”، “تیرۆریستێك دادەبەزێ”، “رۆژی دوایی”، “ئیسترێس″، “سەمای ڕەنگەكان”، “ژانی دابڕانی ئەبەدی”، فیلمی “وڵاتی ئەفسانە” چەند بەرهەمێكی سینەمایی ناوبراون كە لە چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوچەیی و جیهانیی گرنگدا پیشان دراون و خەڵاتیان وەرگرتووە.