پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم و حكومەت دیاریكرد
2018-12-03 09:51:47
( درەو میدیا):
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بەیانی ئەمڕۆ بەرێوە چوو تیایدا كاندیدی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دیاریكران.
مەحمود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی، پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كاندیدكردووە"
بەو پێیەش پارتی دیموكراتی كوردستان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجیكردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی بۆ خۆی یەكلاكردەوە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كۆتایی بە حکومڕانی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی هات، كە لە ساڵی 1999 ەوە سەرۆكی حكومەتە ( جگە لە دوو ساڵەكەی بەرهەم ساڵح) هەروەها پارتی كارەكتەرێكی ئەمنی كاندیدیكرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت كە مەسرور بارزانیە و سەرۆكی دەزگای پاراستن بووە هەروەها ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.
ئەو بڕیارەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە دەخاتە روو كە مەسعود بارزانی چی دیكە خۆی بۆ هیچ پۆستی دەوڵەت كاندید ناكات و وازی لە كاری دەوڵەتداری هێناوەو خۆی بۆ كاری حزبی یەكلایی دەكاتەوە .