مێركڵ بە وتارێكی كاریگەر دەستبەرداری سەرۆكایەتی حزبەكەی بوو
2018-12-07 14:15:12
( درەو میدیا):
ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكی پارتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا لە كۆنگرەی گشتی حزبەكەیدا بە وتارێكی كاریگەر ماڵئاوایی لە حزبەكەی كرد و داوا لە سەركردەكانی حزبەكەی كرد یەكڕیزی بپارێزن و بەرگری لە بەهاكانی حزبەكەیان بكەن.
مێركڵ لەوتارەكەیدا لە كۆنگرەی گشتی حزبەكەیدا كە ئەمڕۆ هەینی دەستیپێكرد، جەختیكردەوە كە كۆنگرەی گشتی سەركردایەتییەكی نوێ هەڵدەبژێرن بۆئەوەی جێگەی بگرنەوە.
هەروەها مێركڵ جەختیكردەوەل ەسەر ئەو دروشمەی كە كۆنگرە بەرزیكردووەتەوە " ئاوێتەبوون و سەركردایەتییەكی هاوبەش" و رایگەیاند حزبەكەی شایستەی ئەوەیە سەركردایەتی ئەڵمانیا بكات وەك حزبێكی جەماوەری كە نوێنەرایەتی رەوتێكی سیاسیی میانڕەو دەكات.
مێركڵ ماوەی 18 ساڵە سەرۆكایەتی پارتی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا دەكات و چوار خولیشە راوێژكاری ئەڵمانیایە و دوای دەستبەرداربوونی لە سەرۆكایەتی حزبەكەی ئێستا چەند كەسێك ركابەری دەكەن لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پۆستە كە ئەمانەن:
• ئەنگرێت كرامپ كارنپاوەر: ئەمینداری گشتی پارتی دیموكرات مەسیحی
• فریدریچ میرتس: سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی پارتی دیموكرات مەسیحی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا
• یانز شبان: وەزیری تەندروستی فیدراڵی
بۆ هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێی حزبی دیموكرات مەسیحی ئەڵمانیا 1001 نوێنەر بەشداری دەنگدان دەكەن و مێركڵ تشرینی یەكەمی رابردووو رایگەیاندبوو كە بەنیازە دەستبەرداری سەرۆكایەتی حزبەكەی بێت و لە پۆستی راوێژكاری ئەڵمانیادا بەردەوام بێت، هەروەها راشیگەیاندبوو كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا خۆی كاندید ناكاتەوە دوای كۆتایی هاتنی ئەم خولەشی لە 2021دا خۆی بۆ پۆستی راوێژكاری كاندید ناكاتەوە.