شەرقولئەوسەت: نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانی حوكمی كوردستان دەكەن
2018-12-04 12:08:27
سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕانی: ئارام مەحمود
دواجار، "سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان" كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات پێشبینییەكانی تایبەت بەو كەسایەتییە یەكلایكردەوە، كە حكومەتی زۆرینە لە هەرێمی كوردستانی عێراق پێكدەهێنێت، دوێنێ بەشێوەیەكی فەرمی لەزاری وتەبێژی حزبەكەوە ڕایگەیاند، مەسرور كوڕە گەورەی بارزانیو بەڕێوبەری ئاژانسی پاراستن كە بە لێهاتوویو شارەزایی ناوی دەهێنرێت، دەبێتە سەرۆكی حكومەتی هەڵبژێردراو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەرو جێگری سەرۆكی حزبو كوڕی برای كۆچكردووی (ئیدریس)و زاوای، كاندیدی حزبە بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
چاودێران پێیانوایە، ئەم بڕیارانەی پارتی لەچوارچێوەی ڕێكخستنی حزبییو بنەماڵەیدایە، ڕێگەخۆشدەكات بۆ نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانییەكان، كە نێچیرڤانو مەسرور بارزانی نوێنەرایەتی دەكەن، سەركردایەتی هەرێم بكەن، دوای مەلا مستەفا بارزانی (باپیریان) كە دامەزرێنەری "پارتی دیموكراتی كوردستان"ەو دوای خۆی كوڕەكانی ئیدریس (لەساڵی 1987 كۆچی كردووە)و مەسعود، شوێنیان گرتوەتەوە.
مەسرور بارزانی، دوای كاندیدكردنی بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن حزبەوە، دەستدەكات بە گفتوگۆ لەگەڵ هێزو پارتە براوەكان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێم كە لەكۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردودا بەڕێوەچوو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، پارتی تەئكیدی كرد ئیئتیلافیی دەبێت، بەڵام بنكەفراوان نابێت وەك كابینەی پێشوو، كە زۆرێك لە قەیرانە سیاسیو ئابورییەكانی پێوەلكاوەو هێشتا ئاسەوار نەرێنییەكان لە بەرچاون لە هەرێم.
ڕاگەیاندنی فەرمی كاندیدكردنەكان، كاردانەوەی جیاوازی لە نێوەندە ئەكادیمیو سیاسیو میللییەكاندا بەدوای خۆیدا هێنا، لەنێوان پێشوازیو گەشبینی بە سبەینێیەكی سیاسی گەشو ڕوونەدانی هیچ پێشكەوتنێك كە شیاوی باسكردن بێت لەسەر هەردوو ئاستی سیاسیو ناوخۆیی، بەتایبەت كە چاوەڕواندەكرێت هەندێك لایەنی سیاسی بەشداری لە حكومەتی داهاتوو بكەنو باقی لایەنەكان ببن بە ئۆپۆزسیۆن.
عەبدولحەكیم خەسرەو، مامۆستای زانستی سیاسی لەزانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، پێیوایە، ئەم گۆڕانكارییە بەڕوونی ئاماژە بە ڕەنگدانەوەی ئەو بەرەوپێشچونە ئەرێنییە دەكات لە سیاسەتی "پارتی دیموكرات" هاتوەتەگۆڕێ، كە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانە، دەشڵێت" بێگومان ئەم گۆڕانكارییە گەورەیە، ئاسەوارێكی ئەرێنی قوڵی لەسەر دۆخی سیاسی جێدەێڵێت، لەسەر ئاستی ناوخۆیی یان عێراقو ناوچەكە، هەروەك ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی چاكسازییە سیاسییەكانی ناخۆی حزبەكەدایەو دەیەوێت بە جەماوەرە پانو بەرینەكەی ڕابگەیەنێت، كە توانانی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە قورسەی هەیە لەسەر شانێتی لە قۆناغی داهاتوو، لەڕووی ئیدارەدانی وڵاتو ڕوبەڕووبونەوەی بەربەستەكانی قۆناغی داهاتوو"، بەڕای خەسرە هەردوو كاندیدەكە" شارەزایی سیاسیو ئیدارییان هەیەو ئەوەش وادەكات ببنە پیاوی قۆناغی داهاتوو، بەتایبەت لە بواری چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدادو داڕشتنی سەردەمێكی تازە لە پەیوەندی دۆستانەو هاوسەنگ لەنێوان هەردوولاو فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكانی هەرێم و جیهانی دەرەوە".
لەبەرامبەردا، مەهدی ئەبوبەكر مامۆستا لە كۆلیژی ڕاگەیاندنو ڕۆژنامەوانی لە زانكۆی سلێمانی پێیوایە، كاندیدكردنی كوڕو زاواكەی بارزانی بۆ بەرزترین دوو پۆستی هەرێم " دەچێتە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییە شاراوەكانی ئەم كەسە نزیكانەی بە ڕێگایەكی دیپلۆماسیو سیاسی دانایانە، بەبێ دروستكردنی كێشە" ڕاشیگەیاندووە"بارزانی باوك بە ڕوئیاو چاوكراوەییەوە مامەڵەی لەگەل پرسەكە كردووە، دوای وازهێنانی ساڵی ڕابردوو، هەموو دەسەڵاتەكانی بۆ سەرۆكی دەسەڵاتی جێبەجێكردن گواستەوە، بۆ ئەوەی دواتر بۆ كوڕەكەی بێت، كە بەمنزیكانە ئەو پۆستە وەردەگرێت، بەو مانایەی بەشێوەیەكی لەسەرخۆ بەڕەكەی لەژێرپێی زاواكەی دەرهێنا، كە پێگەو هەژمونی لەناو حكومەتو حزبدا پتەوكردبوو، ئەو دەسەڵاتانەی دەیبێت وەك سەرۆكی هەرێم، تەشریفاتیو پرۆتۆكۆلی سنوردار دەبێت، بەوەش هەر بەرەوپێشچونیكی ئەرێنی لەسایەی حكومەتی زۆرینە دێتەئارا، بۆ كوڕەی بارزانی دەبێت، بەتایبەت كە "پارتی دیموكرات" هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستوری هەرێم دەدات كە چەند ساڵێكە لە پەرلەمان پەكیخراوە، بەسودوەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی، ئەوەش دوای هەموارو چەسپاندنی دەسەڵاتەكانی هەریەك لە سەرۆكی هەرێمو حكومەت، بۆ ڕازیكردنی جەمسەرەكانی ئۆپۆزسیۆن، كە لەڕابردودا دژی ئەو دەسەڵاتە فراوانە بوو كە درابوو بە سەرۆكی هەرێم".
ئەبوبەكر بەدوریشی زانی چاكسازییەكی سیاسیو ئیداری ئەوتۆ لە هەرێم ڕوبدات، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتەی ڕویداوە، چونكە "پارتی دیموكرات" هەوڵی پاڵپێوەنانی زۆربەی هێزە سیاسییەكان دەدات بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون، بەهۆی دروستبوونی ئەو بڕوایە لەلای، كە ئۆپۆزسیۆنی چالاك لە هەرێم بوونی نەماوە".
مەسرور بارزانی لەساڵی 1969 لەدایكبووە، خوێندنی دواناوەندی لە ئێران تەواوكردووە، بەكالۆریۆسی لەزانستی سیاسی لەزانكۆی واشنتۆن بەدەستهێناوە، لەساڵی 2012وە ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، زمانەكانی عەرەبیو ئینگلیزیو فارسی دەزانێت.
نێچیرڤان باران-یش، لەساڵی 1966 لەدایكبووە، لەساڵی 1996 جێگری سەرۆكی حكومەت بووە، لەساڵی 1999وە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، زمانەكانی ئینگلیزیو عەرەبیو فارسی دەزانێت.