پاریس لەبەردەم توڕەیی "هێلەك زەردەكان"دا
2018-12-08 15:00:36
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
لە نزیك شەقامی شانزەلیزیە لە ناوەڕاستی پاریس جارێكی تر پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خۆپیشاندەرانی بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" رویدا.
خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی فەرەنسا درێژكراوەی نزیكەی چوار هەفتە ناڕەزایەتییە لەدژی گرانبوونی بژێوی ژیان.
بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هەزاران پۆلیسیان لە پاریسی پایتەختو چەند شارێكی تر بڵاوكردەوە، بۆ رێگریكردنیش لە روداوەكانی تاڵانی، تاوەری ئیڤڵو بازاڕو شوێنە گەشتیارییەكان داخران، كورسی سەرشەقامەكانیش لابران بۆ ئەوەی لەحاڵەتی رودانی پێداداندا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەكارنەهێنرێن بۆ روبەڕووبونەوە لەگەڵ پۆلیس.
لەسەرتاسەری فەرەنسا نزیكەی (89 هەزار) پۆلیس لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، تەنیا لە پاریسی پایتەخت (8 هەزار) پۆلیس بڵاوبونەتەوە بەمەبەستی رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی روداوەكانی رۆژی شەممەی رابردوو، كاتێك "هێلەك زەردەكان" ئاگریان لە ئۆتۆمبیل بەرداو كۆگا بازرگانییەكانی شەقامی شانزەلیزەیان تاڵان كردو دیوارەكانی ناوچەكەیان بە نوسینو وێنەكێشان لەدژی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵات رەنگ كرد.
سەرەتای ئاگرەكەی پاریس
ناڕەزایەتییەكان مانگی رابردوو دەستیپێكرد، حكومەت لەناو بودجەی خێزاندا باجی سوتەمەنی زیادكرد، ئەمە سەرەتای شەپۆلێك خۆپیشان بوو كە دواتر سەریكێشا بۆ یاخیبونێكی بەرفراوانو هەندێكجاریش توندوتیژی لەگەڵدا بوو.
ئێستا ئەوەی چارەسەركردنو هێوركردنەوەی بارودۆخەكەی سەخت كردووە، ئەوەیە بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" رێبەرێكی ناسراو و دیاریان نییە كە دەسەڵاتداران بتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دەڵێن" رەوتی راستڕەوی توندڕەو لەگەڵ خەڵكانی ئاژاوەگێڕ سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان بوونو بە ئاڕاستەی توندوتیژی هەنگاو دەنێن"، ئەمەش وەكو ئاڵنگارییەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵاتو هێزە ئەمنییەكان.
بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" ماكرۆنیان ناچاركرد گەورەترین سازش بكات لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا، ئەوەش كاتێك بوو كە ماكرۆن بڕیاریدا باجی سوتەمەنی هەڵگرێت.
ئێستا بەپێی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەریی ماكرۆن لە فەرەنسا پاشەكشێی كردووە.
"هێلەك زەردەكان" هێشتا دەیانەوێت سازشی زیاتر بە سەرۆكی وڵات بكەن، ئەوان سەرەتا تەنیا داوای هەڵگرتنی باجی سوتەمەنییان دەكردو داواكەیان جێبەجێكرا، بەڵام ئێستا لیستێك داواكاری تریان هەیە لەوانە:
• كەمكردنەوەی باجەكان
• زیادكردنی موچە
• كەمكردنەوەی خەرجی وزە
• دەستلەكاركێشانەوەی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی وڵات
هەفتەیەكە ماكرۆن هیچ قسەیەكی بۆ رایگشتی فەرەنسا نەكردووە، بەڵام شەممەی رابردوو لەكاتی بەشداریكردنی لە لوتكەی بیست لە ئەرژەنتین ئیدانەی خۆپیشاندانەكانی كرد، نوسینگەكەی دەڵێ لەم هەفتەیەدا ماكرۆن قسەی نوێی دەبێت.
لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی فەرەنسا بەر لە 18 مانگ، ئەمە گەورەترین قەیرانە كە روبەڕووی ئیمانوێل ماكرۆن دەبێتەوە، ماكرون دەسەڵاتی مامەڵەكردنی لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان بۆ ئیدوارد فلیپی سەرۆك وەزیران جێهێشتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندایەو ناچاردەكرێت قسە بكات.
میدیاكانی فەرەنسا دەڵێن، لەدوای خۆپیشاندانی خوێندكاران لە ساڵی 1968 كە توندوتیژی لێكەوتەوە، ئەمە خراپترین شەپۆلی ناڕەزایەتییە لە فەرەنسا روبدات.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بۆ شەقام!
سەرەتای ناڕەزایەتییەكان لە فەرەنسا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەستیپێكرد، داواكرا نرخی سوتەمەنی كەمبكرێتەوە، لەماوەیەكی كەمدا سەدان هەزار ئیمزا كۆكرایەوەو بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" راگەیەندرا.
رۆژی 17ی مانگی رابردوو، ناڕازییەكان لە تۆڕی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاتنەدەرەوەو بۆیەكەمجار لەسەر شەقام گوزارشتیان لە خۆیانكرد، لە یەكەم رۆژی خۆپیشاندانەكاندا نزیكەی (3 هەزار) كەس بەشداربوون، كە سەربە هیچ پارتو لایەنێكی سیاسی نەبوون.
دوای هەفتەیەك توندوتیژی دەستیپێكرد، سەرباری ئەوەی لە چەند ناوچەیەك خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەڕێوەچوو، بەڵام لە پاریسی پایتەخت هەندێك لە خۆپیشاندەران رێگاكانیان داخستو دەستیانكرد بە روبەڕووبونەوەی لەگەڵ پۆلیس، لە ئەنجامدا دەیان كەس برینداربوونو زیاتر لە (100) كەس دەستگیركران.
رۆژی 27ی مانگی رابردوو ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاند، پێشنیازی میكانیزمێك دەكات بۆ راستكردنەوەی زیادەی باج، هاوكات بەڵێنیدا كاری حكومەت خێرا بكات بۆ كەمكردنەوەی باری سەرشانی خێزانە كاركەرەكانو كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان، بەڵام ئەمە خۆپیشاندەرانی قایل نەكرد، بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" داوای خۆپیشاندانی كرد لە یەكەم رۆژی ئەم مانگەدا، لێرەوە ئیتر دۆخەكە بەرەو خراپتر داخزا، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل لە شەقامی شانزەلیزە سوتێنراو بازاڕەكان تاڵانكران، دیوارەكان پڕكران لە نوسین دژ بە ئیمانوێل ماكرۆن.
ماكرۆن لە وەڵامی خۆپیشاندەراندا لە لوتكەی بیست لە ئەرژەنتین وتی: "ئێمە هەمیشە رێز لە ناڕەزایەتییەكان دەگرین، بەڵام بەهیچ جۆرێك توندوتیژی قبوڵ ناكەین"، دوای گەڕانەوەی بۆ پاریس، ماكرۆن لە كۆشكی ئیلیزێ كۆبونەوەیەكی كرد بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە، دواتر سەردانی ئەو شوێنانەی كرد كە زیانیان بەركەوتبوو، ماكرۆن لەو سەردانەیدا روبەڕووی هوتافی ناڕەزایی خۆپیشاندەران بووەوە.
بۆ كەمكردنەوەی ئاستی توڕەیی شەقام، ئیدوارد فلیپی سەرۆك وەزیران بڕیاریدا زیادكردنی باج لەسەر سوتەمەنی هەڵگرێت، ئەمە سەرباری راگرتنی باجی سەر كارەباو غاز لە وەرزی زستاندا، بەڵام ئەم رێوشوێنانە بەس نەبوون بۆ بێدەنگكردنی "هێلەك زەردەكان" كە بڕیاریاندابوو ئەمڕۆ ناڕەزایەتییەكانیان ببەنە قۆناغێكی نوێوە.
هێلەك زەردەكان كێن؟
بزوتنەوەی "هێلەك زەردەكان" كۆمەڵێك كەسی ناهاوئاهەنگی خۆپیشاندەرن كە تەمەنو كارو ناوچەی جوگرافییان جیاوازە، لەناویاندا گەنجە بێكارەكانو خەڵكانی خانەنیشینو ئەو كەسانە هەن كە كرێیەكی كەمی كاركردن وەردەگرن.
هاوكات لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا چالاكوانانی سەربە رەوتی راستڕەوی توندڕەو و چەپی توندڕەو هەن، بەڵام هەندێك لە خۆپیشاندەران دەیانەوێت هەموو شێوازەكانی توندڕەویی حزبیو توندوتیژی لە جوڵانەوەكە دوربخەنەوە.
هێلەك زەردەكان كێشەیان چییە؟
رێوشوێنەكانی حكومەت بۆ زیادكردنی نرخی سوتەمەنیو دانانی باجی راستتەوخۆ لەسەر گازو كاربۆن، لەناوەندەكانی فەرەنسا توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی لەناو ئەو چینو توێژانەی كە رۆژانە بۆ راپەڕاندنی كاروباری ژیانیان ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیان بەكاردەهێنن، ئەمەش زیاتر ئەو كەسانەی دەگرتەوە كە دورن لە ئامرازەكانی هاتوچۆی گشتیو بە ئۆتۆمبیلی خۆیان دەچین بۆ سەركارەكانیانو دەگەڕێنەوە.
لەبەرامبەر زیادكردنی باج لەسەر چینی كاركەر، ماكرۆن هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ دانانی باج لەسەر سامان، ئەوەی كە لە فەرەنسا هەیە باجی سامان تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە سامانەكەیان زیاتر لە (ملیۆنێكو 300 هەزار) یۆرۆیە، ئەمە وایكرد چینەكانی تر وەكو خزمەتكردنی چینی سەرمایەداری وڵات تەماشای رێوشوێنەكانی ماكرۆن بكەن بۆ چاكسازیكردن لە دۆخی ئابوری وڵات.
جوڵانەوەی "هێلەك زەردەكان" لە چەند هەفتەی رابردوودا پەرەسەندنی گەورەی بەخۆیوە بینیوەو خەریكە ئاستی لۆكاڵی فەرەنسا تێدەپەڕێنێتو وڵاتانی تریش دەگرێتەوە، لە بەسرەی باشوری عێراق كە ماوەیەكە خەڵكەكەی لە ئاستی خزمەتگوزارییەكان ناڕازین، هەندێك لە چالاكوانان هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی فەرەنسا "هێلەكی زەرد"یان لەبەركردو بەمدواییە خۆپیشاندانیان دەستپێكردەوە.