Draw Media

خەمەكانی ئەنكەرە لە چارەنوسی ئیدلب نەڕەویوەتەوە

خەمەكانی ئەنكەرە لە چارەنوسی ئیدلب نەڕەویوەتەوە

2018-12-01 18:01:46


ڕاپۆرتی : ئارام مەحمود
(ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزی كۆبونەوەی لوتكەی (جی ٢٠) كە لە (ئەرجەنتین) بەڕێوەدەچێت، داوای لە هاوتا ڕوسییەكەی (ڤلادیمێر پۆتن)كردووە، بە پێویستی بەستنی كۆبونەوەیەكی لوتكەی نوێ بۆ تاتوێكردنی دۆخی پارێزگای ئیدلیب-ی سوریا، وەك ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" بڵاویكردووەتەوە.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی "ئەنادۆڵ"ی توركی بڵاویكردووەتەوە، ئەردۆغان لە دیدارەكەیدا بە پۆتن-ی وتوە:" پێموایە چەندین هەنگاوی جیاواز هەن پێویستە بیانگرینبەر، لەم چوارچێوەشدا وایدەبینم كە زۆر گونجاوە گفتوگۆیەكی تایبەت بە ئیدلیب ئەنجامبدەین ئەگەر كورتیش بێت".
دیدارە داخراوەكەی نێوان ئەردۆغان و پۆتن لە (بۆینس ئاریس)ی پایتەختی (ئەرجەنتین) یەك كاتژمێری خایاندووە، لە لایەنی توركی هەریەك لە (چاوش ئۆغڵۆ-وەزیری دەرەوە، خڵوسی ئاكار-وەزیری بەرگری، بەرات بەیرەك-وەزیری گەنجینەو دارایی، فاتح دونماز-وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتیەكان، ئیراهیم كاڵن-وتەبێژی سەرۆكایەتی، هاكان فیدان-سەرۆكی دەزگای هەواڵگری، فەخری ئاڵتون- سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی توركیا).
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وتەبێژی سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڤلادیمێر پۆتن گفتوگۆیەكی درێژی لەگەڵ ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا سەبارەت بە دۆخی سوریا ئەنجامداوە.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو گەڕی یانزەیەمی گفتوگۆكان لە (ئەستانە)ی پایتەختی (كازاخستان) سەبارەت بەقەیرانی سوریا بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێككەوتنێك سەبارەت بە لیژنەی دەستور كۆتایهات، سەرەڕای ئەوەی دەنگۆی سازانێكی دیاریكراو هەیە لەسەر هەندێك خاڵ.
پێشتریش بەرپرسێكی ڕوسی ڕایگەیاند، مۆسكۆ پارێزگاری لە ڕێككەوتنی ئیدلیب دەكات لەگەڵ توركیا، ئەو لێدوانەش دوای ئەو هۆشدارییانە هات كە لەبارەی ئەگەری شكستهێنانی ڕێككەوتنە دران، لەئاكامی توندبونەوەی پێكدادانە سەربازییەكان لە ناوچەكە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا.
ڕۆژی (١٧)ی ئەیلولی ڕابردو، ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی ڕوسیاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای كۆبونەوەكەیان لە هاوینەهەواری (سۆچی) لە باشوری ڕوسیا، ڕایانگەیاند: لەبارەی ئیدلیب-ەوە گەیشتونەتە ڕێككەوتن و بەوپێیەش ناوچەیەكی داماڵڕاو لەچەك لەنێوان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و سوپای ئەسەد لە (١٥)تشرینی یەكەم دەچێتە بواری جێەجێكردنەوە. 
ئەو ناوچەیە بە قوڵی ١٥-٢٠ كیلۆمەترە، بەدرێژیی هێڵی بەریەككەوتنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەكدارەكان، لە١٥ی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێكردنەوەو تیمە سەربازییەكانی ڕوسیا و توركیاش چاودێری ناوچەكە دەكەن.
دوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتنەكەش، سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزەكانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانەكانی هیچ پرۆسەیەكی سەربازی تازە لە پارێزگای ئیدلیب ئەنجامنادەن.   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand