هەرێمی كوردستان ریفراندۆمێكی تر دەكات
2018-12-02 14:09:36
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ
هەرێمی كوردستان بەرەو ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی تر هەنگاودەنێت، ریفراندۆمی ئەمجارە بۆ سەربەخۆییو جیابونەوە نییە لە عێراق، بەڵكو بۆ پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی یەكەم دەستورە لە مێژووی هەرێمدا.
لەدوای ساڵی 1992وە كە هەرێمی كوردستان وەكو قەوارەیەكی دانپێدانەنراو دەركەوتووە، خەڵكی هەرێم سێجار ئەزمونی ریفراندۆم یاخود (راپرسی)یان تاقیكردوەتەوە:
ریفراندۆمی یەكەم: راپرسیو دەنگدان لەسەر دەستوری نوێی عێراق لە ساڵی 2005دا.
ریفراندۆمی دووەم: ریفراندۆمێكی نافەرمی بوو، بزوتنەوەی "هەتا كەی؟" لە ساڵی 2005 هاوكات لەگەڵ دەنگدان لەسەر دەستوری عێراق، رێكیخستبوو، تێیدا پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان یاخود مانەوەی لەگەڵ عێراق خرایەبەردەم دەنگدەرانی هەرێمەوە.
ریفراندۆمی سێیەم: ئەو ریفراندۆمە بوو كە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 بۆ سەربەخۆییو جیابونەوەی هەرێم لە عێراق بەڕێوەچوو.
ریفراندۆمی چوارەم
لە كاتێكدا هێشتا خەڵكی هەرێم لە وشەی "ریفراندۆم" دەسڵەمنەوە، بەهۆی ئەو لێكەوتانەی كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول بەسەر هەرێمو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمدا هات، هەرێمی كوردستان بەرەو ریفراندۆمێكی تر هەنگاودەنێت.
لە رۆژانی دوای شكستی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێم، چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو رەخنە لە مەسعود بارزانی، وێنەیەكی بارزانیان بڵاودەكردەوە كە لەسەر نوسرابوو "پێتان چۆنە ریفراندۆمێكی ترتان بۆ بكەم"، ئەگەرچی ئەمە لەڕووی كۆمیدیاوە باسی لێوەدەكرا، بەڵام بارزانی دەیكات بە راستی سەركردایەتی ریفراندۆمێكی تر دەكات لە هەرێمی كوردستان، ریفراندۆم بۆ پەسەندكردنی یەكەمین دەستور لە مێژووی هەرێمدا.
رۆژی 28ی مانگی رابردوو دوای گەڕانەوەی لە گەشتەكەی بۆ بەغدادو وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، مەسعود بارزانی لە دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوس وتی:" نەبوونی دەستوور نەقسێكی گەورەیە، نەقسێكی گەورەش بوو كە لە كاتی خۆی نەخرایە بەردەم خەڵك بۆ ئەوەی رای لەسەر بدرێت، هەڵەیەكی گەورەبوو كرا، ئەوەش بە نیەتێكی پاك بۆ ئەوەی یەكڕیزی كورد بە حیساب بپارێزین، بەدڵنیاییەوە لەو چوار ساڵەی داهاتوو ئینشاڵڵا دەبێت ئەو بابەتە كۆتایی پێبهێندرێتو ببین بە خاوەن دەستوورێكی رێكوپێك".
دەستور چۆن دەنوسرێتەوە؟
بەپێی ئەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی جیهان دەگیرێتەبەر بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە تازە دەبن بە خاوەنی دەستور یان رژێمە سیاسییەكانیان گۆڕانی بەسەردادێت یاخود دەستوریان هەیەو هەمواری دەكەنەوە، پرۆسەی نوسینەوەی دەستور بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت.
قۆناغی یەكەم: دیاریكردن یاخود هەڵبژاردنی لیژیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستور.
قۆناغی دووەم: نوسینەوەی رەشنوسی دەستور لەلایەن لیژنە راسپێردراوەكەوە، دەبێت لیژنەكە لەماوەی (90) رۆژدا رەشنوسەكە ئامادە بكات.
قۆناغی سێیەم: رەوانەكردنو پەسەندكردنی رەشنوسی دەستور لە پەرلەمان بەزۆرینەی (دوو لەسەر سێ)ی دەنگی پەرلەمان.
قۆناغی چوارەم: ئەنجامدانی ریفراندۆمی گشتیو دەنگدانی خەڵك بۆ پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی دەستورەكە.
ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاد لە چەند رەشنوسێكی دەستورە، دواهەمینیان ئەو رەشنوسەیە كە ساڵی 2009 ئامادەكراوە، بەڵام دیارنییە ئەگەر بڕیاردرا لە سەر نوسینەوەی دەستور كار بە هیچ یەكێك لەو رەشنوسانەی پێشتر دەكرێت، یاخود رەشنوێكی نوێ دەنوسرێتەوە.
مێژووی نوسینەوەی دەستور لە هەرێم
لە ساڵی 1992ەوە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چەندین هەوڵ هەبوو بۆئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم بنوسرێتەوە، ئەمەش بەمەبەستی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان (یاسادانان- جێبەجێكردن- دادوەری) لە یەكتریو دیاریكردنی سیستمی سیاسی هەرێم، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر سیستمی سیاسی لەنێوان سیستمی (سەرۆكایەتی یان پەرلەمانی یاخود تێكەڵ)، نەتوانراوە دەستور پەسەند بكرێت.
ساڵی 2009 لە كۆتایی خولی سێیەمی پەرلەماندا، پارتیو یەكێتی پرۆژە دەستورێكیان بۆ هەرێم نوسییەوە، لە كۆتاییەكانی ئەو خولەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراو لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا.
پرۆژەكە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لە 24ی ئابی 2009 لەلایەن خولی سێیەمی پەرلەمانەوە لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبوو (96) دەنگی هێناو پەسەندكرا، هەر ئەوكات بڕیاردرا پرۆژە دەستورەكە بخرێتە راپرسییەوە، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی سێیەم كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەمموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون.
كاتێك ئەو ساڵە بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێكهات (35 كورسی لە كۆی 111 كورسی) دەنگی ناڕەزایی دژی دەستورەكە بەرز بووەوەو رێگەیان نەدا بخرێتە راپرسی جەماوەرییەوە.
17ی ئازاری 2011و یەك مانگ دوای زنجیرە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی هەرێم كە بە خۆپیشاندانەكانی "17 شوباتو رۆژانی دوایی" ناسراوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، كە لە (10) ماددەو (35) خاڵ پێكهاتووە، یەكێك لە بڕیارەكانی بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەو دروستكردنی كۆدەنگی سیاسیو سازانی نیشتمانی لەسەری"، بەڵام دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمانو پرۆژەكە پشتگوێخرا.
دەستورێكی نوێ
لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور پێكهێنرا.
لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكانو جیاكردنەوەیان لە یەكتر، لە 20ی ئابی ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوتو دوای پەكخستنی پەرلەمانیش كاری ئەو لیژنەیە راگیراو نەتوانرا نوسینەوەی دەستورەكە تەواو بكرێت.
ئەندامانی لیژنەی دەستور
ئەندامانی دواین لیژنە بۆ نوسینەوەی دەستور بۆ هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو لەم كەسانە:
فراكسیۆنی پارتی
1- ڤالا فەرید
2- حاكم نەمر كەچۆ
3- فرسەت سۆفی
4- سیروان زەهاوی
5- عوسمان وەیسی
6- عەبدولحەكیم خەسرۆ
7- عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق
فراكسیۆنی گۆڕان
1- بەهار محمود
2- كوێستان محەمەد
3- عەدنان عوسمان
4- شۆرش حاجی
فراكسیۆنی یەكێتی
1- گۆران ئازاد
2- خامۆش عومەر عەبدوڵا
3- چێنەر علی جۆڵا
4- دادوەر ئەركان قادر
فراكسیۆنی یەكگرتوو
1- ئەبوبكر هەڵەدنی
2- خەلیل ئیبراهیم
فراكسیۆنی كۆمەڵ
دانا دارا
كلدانو ئاشوریو ئەرمەنەكان
مونا یوخەنا یاقو
توركمانەكان یەك نوێنەرو چوار پارتی سیاسی (بزوتنەوە ئیسلامی، سۆسیالست، شیوعی، ئاراستەی سێیەم) بەهەمویانەوە یەك نوێنەریان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور پێدرابوو، بەڵام چوار لایەنەكە بایكۆتی لیژنەكەیان كردوو بەشدارییان تێدا نەكرد.
ناكۆكییە گەورەكە!
لە پرۆژەی دەستورەكەی پێشوودا، سیستمی حوكمڕانی هەرێم (سەرۆكایەتی یان پەرلەمان)، خاڵی سەرەكی ناكۆكی بوو لەنێوان لایەنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان داوایدەكرد سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێتو پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت، پارتییەكان بۆ ئەمە زیاتر نمونەی سیستمی حوكمڕانی ئەمریكایان دەهێنایەوە.
لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانیو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی داوای سیستمی پەرلەمانیان دەكرد، واتە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێتو هەر لەناو پەرلەمانیشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەم بەرەیەش زیاتر نمونەی بە سیستمە سیاسییەكانی ئەوروپا دەهێنایەوە.
بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر شێوازی سیستمی حوكمڕانی، پرۆژەی دەستور پەكیكەوت، ئێستا كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی باس لە نوسینەوەو پەسەندكردنی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێم دەكات، بەرپرسانی پارتی لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین لێدوانیان داوەو باس لەوە دەكەنەوە دەبێت سیستمی حوكمڕانی هەرێم "سەرۆكایەتی" بێت، لایەنە ركابەرەكانی پێشووی پارتی كە ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بێدەنگن یاخود نایانەوێت بە دژە لێدوان لەبارەی سیستمو دەستورەوە تەگەرە بخەنە رەوتی دانوستانەكانیان لەگەڵ پارتی بۆ حكومەت.
رەنگە هۆكاری سەرەكی راكێشانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ناو كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن پارتییەوە، سەرباری ناكۆكییەكانی رابردوو، بەپلەی یەكەم پەیوەندیداربێت بە پرسی دەستورەوە، چونكە تێپەڕاندنی رەشنوسی دەستور لە خولی نوێی پەرلەمان پێویستی بە (دوو لەسەر سێ)ی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە، واتە لە كۆی (111) ئەندام پێویستی بە دەنگی (75) پەرلەمانتار هەیەو پارتی تەنیا (45) كورسی لە پەرلەمان هەیە.