Draw Media

حكومەتی هەرێم لە سێبەری دەزگای پاراستندا 

حكومەتی هەرێم لە سێبەری دەزگای پاراستندا 

2018-12-03 15:23:48


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
پارتی چارەنوسی سیاسی مەسرور بارزانی یەكلاكردەوە‌و چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی بە هەڵواسراوی هێشتەوە، بەڵام پرسی گواستنەوەی حوكمی بنەماڵەی لەناو حزبەوە بۆناو حوكمڕانی بردە قۆناغێكی نوێوە.
دواجار مەسعود بارزانی بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێكردو سەری خۆی داناو كۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆی هێنا لەناو دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستاندا، وەك ئەوەی پێشبینی دەكرا، مەسعود بارزانی پێگە سیاسییەكەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لەبەرژەوەندی كوڕەكەی چۆڵكرد.
ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد‌و مەسرور بارزانیش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی هەرێم.

بنەماڵەی بارزانی لەدوای دروستبوونی حكومی خۆبەخۆی كوردییەوە لە هەرێمی كوردستان( 1992)، هەمیشە پێویستیان بە وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا هەبووە لە ناو دامودەزگاباڵاكانی هەرێمدا، پارتی و بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی لەڕێگەی وەرگرتنی ئەو دوو پۆستە باڵایەوە خۆی لە تەقینەوەی كێشە خێزانییەكانی ناو بنەماڵە پاراستووە، پۆستێك بۆ (بارزانی مام- مەسعود بارزانی)و پۆستێك بۆ (بارزانی برازا- نێچیرڤان بارزانی)، بەكشانەوەی بارزانی مام لە شانۆی سیاسی، گۆرانكارییەكی گەورە لە هاوكێشەكەدا روینەداوە، چونكە هێشتا وەكو جاران پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی پێویستیان بە دوو پۆستی باڵا هەیە بۆ راگرتنی هاوسەنگی دەسەڵات لەناو خێزاندا، چونكە مەسعود بارزانی پۆستەكەی لە بەرژەوەندی كوڕەكەی (مەسرور بارزانی) چۆڵكردووە‌و دەستكاری هاوكێشە بنەڕەتییەكەی نەكردووە.
نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان‌و جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە یاداشتەكانی خۆیدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە باس لە ململانێی ناو بنەماڵەی بارزانی دەكات‌و دەڵێ: "ئێمە داوامان كردبوو ئەگەر بارزانی بۆ ماوەی 4 ساڵ ببێتە سەرۆكی هەرێم، جێگری هەبێ‌و، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بدرێ بە یەكێتی. بارزانی وتویەتی ئەوە كێشە ئەخاتە ناو خێزانەكەمانەوە من ئامادە نیم لەسەر لاشەی نێچیروان ببمە سەرۆكی هەرێم".

حكومەت لە سێبەری پاراستندا
بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی خستە ژێر سێبەری دەزگای پاراستنەوە وەكو دەزگایەكی هەواڵگری‌و ئەمنی، چونكە مەسرور بارزانی تاڕادەیەك بەرگی مەدەنیبوون لە حكومەتی داهاتوو دەكاتەوە، بەوپێیەی ئەو روخسارێكی ئەمنی هەیەو لە ساڵی 1998ەوە بەڕێوەبەری گشتی (ئاژانسی پاراستن)ی كوردستانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەو دواجاریش لە ساڵی 2012ەوە بووە بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم.
دیار نیە مەسرور بارزانی لە كابینەی داهاتوودا شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ ئازادی رادەربرین‌و رۆژنامەگەری‌و خۆپیشاندان‌و نارەزاییەتییەكان چۆن دەبێت، ئایا هاوشێوەی سەرۆكایەتییەكەی لە ئاژانسی پاراستن‌و ئەنجومەنی ئاسایش مامەڵە لەگەڵ ئەو بنەما دیموكراسیانەدا دەكات، یاخود بەهاتنی بۆناو حكومەت دەیەوێت ئەزمونێكی نوێ تاقیبكاتەوەو ئەو بەرگە ئەمنییە لەخۆی داماڵی كە لەسەرەتای دەركەوتنییەوە بەسەریدا بڕاوە؟ 

زاوا لەسەر كورسییەكەی خەزور! 
بڕیارەكەی ئەمڕۆی پارتی زامنی پێگەی مەسرور بارزانی كرد بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵام چارەنوسی نێچیرڤان بارزانی بە هەڵواسراوی هێشتەوە، پارتی چارەنووسی سیاسی نێچیرڤان بارزانی بەستوەتەوە بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی (سەرۆكایەتی هەرێم)، دامەزراوەیەك كە لەدوای دروستبوونییەوە مشتومڕی زۆری لەسەر بووە، دیار نیە پارتی بە چی شێوازێك‌و لەماوەی چەندێكدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارا بكاتەوە، لە حاڵەتی كاراكردنەوەشیدا دیارنیە دەسەڵاتەكانی چەندو چۆن دەبن، بەڵام پارتی بەم بڕیارەی بۆ كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان پەیامێكی روونی بەهەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كە بەهەر رێگاو شێوازێك بێت دەبێت لە زووترین كاتدا دامەزراوەی سەرۆكی هەرێم كارا بكرێتەوە، چونكە ئەم دامەراوەیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو چەقی راگرتنی هاوسەنگی دەبێت لەناو بنەماڵەی بارزانیدا، بە دیاریكراوی لەنێوان مەسرور بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانیدا.
بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ئەو زانیاریانەی پشتراستكردەوە كە بۆ چوار ساڵی داهاتوو حوكمڕانی لە هەرێم، پارتی لە سێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) تەنیا یەك پۆست بۆ هەموو لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵێت كە ئەویش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانەوە‌و پارتی فراكسیۆنی زۆرینەیە لەناو پەرلەماندا.
بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتوو، پارتی لای خۆیەوە بەبێ هیچ دانوستانێك لەگەڵ لایەنەكانی تر، نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستانی بەستەوە بە نەخشەی ناكۆكییە خێزانییەكانی ناو بنەماڵەی بارزانییەوە.

چارەنوسی بارزانی باوك!
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن مەسعود بارزانی كە لە نزیكەی سێ دەیەی رابردوودا یەكێك لە روخسارە دیارەكانی سیاسەت بووە لە هەرێمی كوردستان، بەرەو خانەنشینبوون دەڕوات، پێدەچێت رۆڵی داهاتووی بارزانی باوك تەنیا لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و چاودێریكردنی ئاڵوگۆڕەكانی دەسەڵات لەناو ئەندامانی بنەماڵەی بارزانیدا كورتببێتەوە.
بارزانی لە رۆژانی پێش ریفراندۆمی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردوو ئاماژەی بە خانەنشینبوونی سیاسی خۆی كرد كاتێك وتی " ئەگەر ریفراندۆم سەرینەگرت، بڵێن ئەم كابرایە شێت بووە، سواری سەری خۆی بووە، هەمووی خەتای ئەو بووە، ئەو وەختە من حازرم بۆ ئەم مەسەلەیە سەرم لەسەری دابنێم"، لە دوای ریفراندۆمەوە بارزانی سەری جەستەیی دانەنا، بەڵام سەرە سیاسییەكەی كۆتایی هات‌و چیتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و دیپلۆماتكاران‌و بەرپرسانی دەرەكی ئەو مامەڵەیەیان لەگەڵ نەكرد كە رۆژانی پێش ریفراندۆم لەگەڵیان دەكرد، رەنگە ئەمە یەكێك لە هۆكارەكان بێت بۆ خانەنشینبوونی سیاسی ئەو، دەكرێت هۆكارێكی تریش لە پرسی كشانەوەی بارزانی‌و خانەنشینبوونی بخوێندرێتەوە، بەتایبەتی چۆڵبونی گۆڕەپانی سیاسی هەرێم لە هاوتەمەن‌و نەیارو دۆستە سیاسییەكانی بارزانی بەدیاریكراویش (جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا)، پێدەچێت بارزانی چیتر حەوسەڵەی سیاسەتكردنی لەگەڵ نەوەی دووەمی نەیارە سیاسییەكانی دوێنێیدا نەمابێت.

"جمهوریەتی ویراسی"
پارتی بەو هەنگاوەكەی ئەمڕۆی شێوازی "حوكمڕانی بنەماڵەیی" لە ناو حزبەوە (پارتی دیموكراتی كوردستان) گواستەوە بۆ ناو "سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان"، پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن مافی ئەوەی هەیە كێ بۆ پۆستەكان كاندید دەكات، ئەندامانی بنەماڵە یان دەرەوەی بنەماڵە، بەڵام دیمەنی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی هەرێم بەمشێوەیە ناخوێندرێتەوە‌و هەمووان دیمەنی "حوكمی بنەماڵەیی" بە روونی بە روخساری دەسەڵاتەوە دەبینن.
نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێك لە دیدارە رۆژنامەوانییەكاندا لەبارەی حوكمڕانی بنەماڵەییەوە لە كوردستان دەڵێ" ئەگەر لە قەرنی رابردوودا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا یاخود لە نیوەی یەكەمی قەڕنی بیستەمدا، كورد بیویستایە ئەمارەتێك دروست بكات یان مەشیخەتێك دروستبكات، ئەیتوانی، بەڵام لە سی چڵ ساڵی رابردوودا هەم تەجروبەی حزبی پێشڕەو (حزبی تاقانە)، هەم تەجروبەی حزبی عایلە، هەم تەجروبەی ئەو حزبانەی كە جمهوریەی ویراسی دروستدەكەن، هەمووی شكستی خواردووە، بۆ نمونە ئەوە یەكێتی سۆڤیەت بەو عەزەمەتەی خۆیەوە هەرەسی هێنا‌و شتێكی تازەی لێ دروستبووە، هەموو دەوڵەتە ئیستیبدادییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە تونس، میسر، لیبیا، یەمەن، ئەمانە هەموو روخان، ئەمانە هەمووی جمهوریەتی ویراسی بوون، جمهوریەتی ویراسی لەگەڵ ئەمارەتدا فەرقی ئەوەیە ئەمارەت پێویستی بە هەڵبژاردن نییە، ئەمیر لەجێگەی خۆی كوڕەكەی دادەنێت‌و پشتاوپشت دەسەڵات ئەگرنەدەست، لە جمهوریەتی ویراسیدا ئینتیخاباتێكی كارتۆنی ئەكەن بۆ چەواشەكردنی خەڵك، ئەم محاوەلەیە لە كوردستانی عێراقدا، دامەزراندنی جمهوریەتی ویراسی كە تەجروبەی 20 ساڵی رابردوو، هەم تەجروبەی حزبی تاقانە‌و حزبی پێشڕەو و حزبی عایلەو جمهوریەتی ویراسی ئەمانە هەمووی شكستی خواردووە، لە كوردستانیشدا بێگومان شكست دەخوات".
نەوشیروان مستەفا ئەم قسانەی كاتێك كرد كە مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی كوڕی كرد بە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، بەڵام پێناچێت بزوتنەوەكەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا شەڕی گەورەی كردووە لەسەر پرسی سیستمی حوكمڕانی هەرێم، لەدوای مەرگی ئەو چیتر نیگەرانییەكی لەمەڕ بە "بنەماڵەیكردن"ی حوكمڕانی لە هەرێم هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەركردەكانی ئەو بزوتنەوەیە ئێستا لەهەوڵی بەشداریكردندان لە كابینەی نوێی حكومەت، كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand