Draw Media

وردەكاری گەندەڵی پێدانی ڤیزا لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر

وردەكاری گەندەڵی پێدانی ڤیزا لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر

2018-12-01 15:51:10


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
پرسی گەندەڵی لە وەرگرتنی ڤیزا لە  ئەڵمانیا لە هەولێر مشتومڕی لەناو میدیای ئەڵمانیدا دروستكردووە، چەند فەرمانبەرێكی پرۆگرامی تایبەت بە پەنابەرانی سوریا لەو دۆسیەیە تێوەگلاون و  گەندەڵییان كردووە و لەگەڵ چەند قاچاخییەكدا كاریان كردووە و ڤیزایان بەرامبەر بە هەزاران دۆلار دەركردووە.
" هۆگر ج." گەنجێكی خەڵكی سوریایە، چەند ساڵێكە دەیەوێت لەپێناوی ژیانێكی باشتردا پەنا بۆ ئەڵمانیا بەرێت، بەڵام بەقسەی خۆی كە بۆ سایتی " موهاجر نیوز" كردووە، هەمیشە دوودڵ بووە چونكە بەدوای رێگایەكی سەلامەتدا گەڕاوە بۆئەوەی خۆی و هاوسەرەكەی و منداڵە بچوكەكەی نەخاتە مەترسییەوە.
هۆگر كە لە هەرێمی كوردستان دەژی لە لێدوانیدا بۆ سایتی " موهاجر نیوز" دەڵێت:" هێشتا هەر هەوڵدەدەم، هەرچەندە قاچاخچییەكان لێرە زۆر باسی رێگای سەلامەت دەكەن، وەك گەشتكردن بە فڕۆكە لە هەولێرەوە بۆ ئەڵمانیا ، بەڵام متمانەم پێیان نییە".
دەشڵێت:" ئەگەر ئەو رێگایە هەبوایە، ئەوا نیوەی پەنابەرانی سوریا كە لێرە لە كەمپەكاندا دەژین دەچوون بۆ ئەڵمانیا".
بەڵام " سامان ن." هاوڕا نییە لەگەڵیدا، دوو مانگ لەمەوبەر كاتێك بەدوای رێگایەكدا گەڕاوە بۆئەوەی پەنا بۆ ئەڵمانیا بەرێت، یەكێك لە قاچاخچییە ناوخۆییەكان بەڵێنی پێداوە ڤیزای " یاسایی" لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر بۆ وەربگرێت, لە رێگەی پەیوەندییەوە لەگەڵ فەرمانبەرانی كونسوڵگەرییەكە و قاچاخچییەكە پێشی وتووە كە " هەموو شتێك نرخی خۆی هەیە".


هەزاران دۆلار
سامانی 30 ساڵان كە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەكەیدا لە هەولێر دەژین دەشڵێت:" داوای 13500 دۆلاری لێكردم بۆ هەر كەسێك، و هیچ جیاوازییەكیش لە نێوان كەسانی گەورە و منداڵدا نییە، بەڵام پێشی راگەیاندم كە پارەكە وەرناگرێت هەتا ئێمە نەگەینە ئەڵمانیا".
لەوانەیە ئەو رێگایەی كە سامان لە بارەیەوە قسەدەكات و هۆگر بڕوای بە بوونی نیە، بەراستی هەبێت، گۆڤاری " دێر شپیگڵ"ی ئەڵمانیی لە لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد كە " سەرپێچی" لە پێدانی ڤیزا بە ئاوارە سورییەكان هەیە لە كونسوڵگەریی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر.
بە گوێرەی راپۆرتەكەی " دێر شپیگڵ" ئەو پرسە پەیوەندی بە زیاتر لە 25 حاڵەتی گوماناوییەوە هەیە كە لە ماوەی مانگی ئاب بۆ كانوونی یەكەمی 2017 ئەنجامدراون.
راپۆرتەكەی " دێر شپیگڵ" ئاماژە بۆ بوونی گەندەڵی و دەستكاریكردن دەكات لە پرۆگرامی تایبەت بە ئاوارە سورییەكان، لەلایەن فەرمانبەرە ناوخۆییەكانی كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر و ئاماژەش بۆ بوونی پەیوەندی لە نێوان قاچاخچییەكان و ئەو فەرمانبەرانەدا دەكات.
دێرشپیگڵ لە لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكەیدا، چیرۆكی پەنابەری سوریی " جاسم م." ( 46 ساڵ) دەگێڕێتەوە كە  بە 12 هەزار دۆلار لە قاچاخچییەك ڤیزای لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر دەستكەوتووە , بۆئەوەی بگاتە لای هاوسەر و چوار منداڵەكەی لە ئەڵمانیا، دوای شكستهێنانی هەوڵەكانی تری بۆ گەیشتنەوە بە خێزانەكەی.
بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكە هەندێك لە پەنابەرە سورییەكان بۆ وەرگرتنی ڤیزاو گەشتكردن بۆ ئەڵمانیا بە فڕۆكە لە هەولێرەوە بڕی دوو هەزار بۆ 13 هەزار دۆلاریان بە قاچاخچییەكان داوە.
سامان بە پشت بەستن بە قسەی قاچاخچییەكان جیاوازی " نرخی ڤیزا" دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو رێگایەی كە ڤیزاكەی لێوە بەدەستدەهێنن و دەڵێت:" هەندێكجار دەستكەوتنی ڤیزا بە شێوەیەكی  كەم پشت بە چانس دەبەستێت، ئەوكاتەش نرخەكەی كەمدەبێت، بەڵام كاتێك دەستكەوتنی ڤیزا بە گرەنتی لەسەدا سەد دەبێت، بەهۆی بوونی پەیوەندی  لە نێوان قاچاخیی و فەرمانبەری كونسوڵگەریی, نرخەكەی لە 12 هەزار دۆلار تێپەڕدەكات".


" دیاردەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا"
گۆڤاری دێرشپیگڵ دەڵێت ئەم جۆرە پێشێلكاریی و گەندەڵییانە تەنها لە كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر روویان نەداوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە كونسوڵگەری و باڵیۆزخانەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوە بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا بەردەوام بە شێوەیەكی رێكخراو رووبەڕووی لێكۆڵینەوە دەبنەوە دەربارەی گەندەڵی و قاچاخچێتی لە پێدانی ڤیزادا، دەشڵێت خاڵی لاوازی باڵیۆزخانەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوە بە زۆری فەرمانبەرە ناوخۆییەكانە كە بە بەراورد بە هاوتا ئەڵمانییەكانیان موچەیەكی كەمتر وەردەگرن.
تەنهاش جیاوازی موچە نییە كە پاڵ بەو فەرمانبەرانەوە دەنێت ئەو كارە بكەن،  بەڵكو لێكۆڵەرێكی پسپۆر لە حاڵەتەكانی گەندەڵی لە تیمە دیپلۆماتییەكانی ئەڵمانیا لە دەرەوە, كە قسەی بۆ گۆڤارەكە كردووە ئەو كارە بۆ " جیاوازی رۆشنبیریی" دەگەڕێنێتەوە لە ئاماژەیدا بۆ دیاردەی بەرتیل وەرگرتن كە لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا بەربڵاوە.


چۆن پرۆژەی " ساختەكاری" یەكە دەكرێت ؟
چۆن فەرمانبەرانی تری كونسوڵگەری و باڵیۆزخانەكان ئاگاداری ئەم وردكارییە نابن؟ ، دێر شپیگڵ دەڵێت ئەوانەی كە دەستكاری داواكارییەكانی پێدانی ڤیزا دەكەن، زانیاری هەڵە داخڵی نێو سیستمی پێدانی ڤیزا دەكەن لە كونسوڵگەریی، خاڵە لاوازە زۆرەكانی سیستمی كۆنترۆڵكردن دەقۆزنەوە ، چونكە بوونی ژمارەیەكی زۆری داواكاری ئەركی سەرشانی فەرمانبەرەكان قورس دەكات و لە باشترین حاڵەتدا فەرمانبەرەكان تەنها پشكنینێكی روكەش بۆ داواكارییەكان دەكەن, بەوتەی دێر شپیگڵ.
وەك نمونەیەك لەسەر ئەوە  دێر شپیگڵ ئەو رووداوەی گێڕاوەتەوە كە بەسەر هاوڵاتی سوریی " رەشید م." دا هاتووە كە لە چوارچێوەی پرۆگرامی تایبەت بە ئاوارە سورییەكان داواكاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا پێشكەشكردووە و چەند ویلایەتێكی ئەڵمانیا پێشكەشیدەكەن، یەكێك لە مەرجەكانی قبوڵكردن بوونی كەسێكە لە ئەڵمانیا كە بەڵێنی ئەوە بدات خەرجی ئەو كەسە دابینبكات كە داواكاری پێشكەشكردووە، بەڵام لە حاڵەتەكەی رەشیددا  وەك دێر شپیگڵ ئاشكرایكردووە، لەبری ناوی كەفیل ناوی كۆمپانیایەك نوسراوە كە خزمەتگوزاری پۆستی ئەلیكترۆنیی پێشكەشدەكات، جگە لەوەش رەزامەندی پێشوەخت ساختەكراوە كە پێویستە فەرمانگەی بیانییەكان لە ئەڵمانیا دەریبكات و رەشید ڤیزای بەدەستهێناوە.


هێشتا گومانلێكراوەكان بەردەوامن لە كارەكانیان
سەرەڕای ئەوەی كە بازنەی گومانلێكراوەكان لەو دۆسیەیە زۆر بچوكە، بەڵام وەك گۆڤارە ئەڵمانییەكە ئاماژەیپێداوە هێشتا " هیچ رێوشوێنێكی تۆمەتباركردن " لە دژیان نەگیراوەتەبەر، هەرچەندە نزیكەی ساڵێك بەسەر ئەو پێشێلكارییانەی كونسوڵگەری هەولێری ئەڵمانیا تێپەڕیووە كە كانونی یەكەمی ساڵی  رابردووە.
گۆڤارەكە ئاشكراشیكردووە هێشتا ئەو فەرمانبەرە ناوخۆییانەی كە لەو دۆسیەدا تێوەگلاون بەردەوامن لە كارەكانیان لە كونسوڵگەریی، سەرەڕای ئەوەی كە وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند ماوەی ساڵێكە ئاگاداری ئەو پێشێلكاریانەیە و رێوشوێنی پێویستی سیستماتیكی بۆ رێگەگرتن لەو جۆرە رووداوانە گرتوەتبەر.
هۆگر كە هێشتا بەدوای رێگەیەكدا دەگەڕێت كۆچ بكات بۆ ئەڵمانیا دەڵێت ئەوەی وادەكات كە پەنا بۆ قاچاخچییەكان نەبەم بۆ رۆیشتنم بۆ ئەڵمانیا ئەوەیە كە رێگەی سەلامەتتر هەیە و دەشڵێت:" ئەگەر بزانم رێگای یاسایی و سەلامەت هەیە بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا دوای دوو ساڵی تریش ئەوا ئارام دەگرم و پەنا بۆ قاچاخچییەكان نابەم".
بەڵام سامان بەوتەی خۆی كە ئاماژە بۆ " راستییەكی تاڵ" دەكات دەڵێت:" ئەگەر دۆخەكە هەر وەك خۆی بمێنێتەوە ئەوا پەنابەری تەنها بۆ دەوڵەمەندەكان دەبێت و نەهامەتی هەژارانیش بەردەوام دەبێت".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand