Draw Media

رێورەسمی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی ئەمریكا چۆن بەڕێوەدەچێت؟

رێورەسمی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی ئەمریكا چۆن بەڕێوەدەچێت؟

2018-12-06 14:36:05


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
لە تەلاری كۆنگرێسی ئەمریكا، تەرمی جۆرج بوشی باوك سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بە ئاڵای ئەمریكا داپۆشرا، بۆئەوەی هاوڵاتیانی ئەمریكا بۆ دواهەمین جار ماڵئاوایی لە سەرۆكەكەیان بكەن، ئەو سەرۆكەی كە ملیۆنان كەس لەو وڵاتەدا رێزو خۆشەویستیان بۆی هەیە.
41 یەكەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە 30 تشرینی دووەم لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، 12 یەمین سەرۆكی  ئەمریكایە كە لە رێوڕەسمی ماڵئاواییكردنی لە ژیان پێشئەوەی بەخاكسپێردرێت، دەبرێتە كۆنگرێس كە بە مەتبەخی دروستكردنی بڕیاری ئەمریكا دادەنرێت.
دوا مانەوەی بۆ سێ‌ رۆژ لە واشنتۆنی پایتەخت، دوێنێ چوارشەممە لە كاتدراییەی نیشتمانی كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هێنراو رەوانەی تەكساس كرا بۆئەوەی لە تەنیشت (باربێرا)ی هاوسەری بنێژرێت، كە نیسانی 2018 كۆچی دواییكرد.
پلانی مەراسیمی ناشتنی سەرۆكەكانی ئەمریكا چۆن دادەنرێت؟
مەراسینی ناشتنی سەرۆكایەتی بۆ سەرۆكە كۆچكردووەكانی ئەمریكا پێشوەخت پلانی بۆ دادەنرێت‌و خانەوادەی سەرۆكە كۆچكردوەتەكە لەلایەن سوپاوە ئاگاداردەكرێتەوە كە هاوكاری دەكرێت بۆ رێكخستنی چەند مەراسیمێكی جیاواز.
لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا، پێنج سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كۆچی دواییانكردووە، كە دواهەمینیان بۆشی باوك بوو، لەوانە جیراڵد فۆرد، رۆناڵد ریگان، لیندن جۆنسۆن‌و بۆشی باوك، ئەمانە مەراسیمی رەسمیان بۆ رێكخراوە، ریچارد نیكسۆن كە بەهۆی سكانداڵی " واتەرگەیتەوە" دەستی لە سەرۆكایەتی كێشایەوە رێوڕەسمی رەسمی بۆ رێكنەخراو لە كتێبخانەیەك لە كالیفۆرنیا مەراسیمی ماڵئاوایی بۆ رێكخراو لەپاڵ هاوسەرەكەیدا نێژرا، ئەوەش بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژویی كۆشكی سپی كە رێكخراوێكەو لەلایەن جاكلین كیندی خانمی یەكەمی پێشووتری ئەمریكاوە دامەزرێنراوە.
خانەوادەی نیكسۆن بەهۆی سكانداڵی واتەرگەیتەوە كە بەهۆیەوە دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی كێشایەوە، ترسیان لەوە هەبوو كە ئەگەر زیارەتكاران رێز لە سەرۆكی كۆچكردوو نەگرن، ئەكە تەرمەكەی ببرێتە كۆنگرێس.
مەراسیمی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی چەندەی پێدەچێت
مەراسیمی سەرۆكایەتی بەخاكسپاردنی سەرۆكەكانی ئەمریكا هەمیشە پێنج رۆژ دەخایەنێت، بەڵام پلاندان بۆی دوای ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی سەرۆك لە پۆستەكەی دەستپێدەكات، ئەوە بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژوویی كۆشكی  سپی.
ئەو كۆمەڵەیە رایدەگەیەنێت ئەو ئەركە " پێشوازییەكی ساردە كە لەبەردەرگای كۆشكی سپی لە سەرۆك دەكرێت"، ئاماژە بەوەدەكات، مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە لە چەند روویەكەوە رێكدەخرێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سەرۆكی وڵاتداو بۆئەوەی ئەو سەرۆكە چ شێوازێكی دەوێت‌و دەخوازێت چۆن یادی بكرێتەوە".
راگەیاندنی رەسمیی مردنی سەرۆك
كاتێك سەرۆكێكی پێشووتری ئەمریكا دەمرێت، سەرۆكی ئێستا راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی دەردەكات‌و رێگە دەدات بە وەزارەتی بەرگری لەبری هەموو وڵات مەراسیمی دەوڵەت بۆ بەخاكسپاردنی رێكبخات، لەگەڵ فیرقەی كاری هاوبەش لە ناوچەی پایتەخت كە لقێكی سەر بە فەرماندەیی باكوری سوپایەو بەشداریدەكات لە رێكخستنی مەراسیمی ئاهەنگەكانی دەستبەكاربوونی سەرۆكەكان‌و مەراسیمی كۆچی دواییان، هەروەها فەرماندەی فیرقەی كاری هاوبەش سەركردایەتی رێكخستنی‌و هەمانگی هەموو ئەو چالاكییانە دەكات كە لە مەراسیمی ماڵئاواییكردن لە سەرۆكی كۆچكردوو بەڕێوەدەچن.
مافی خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردوو
خانەوادەی سەرۆكی كۆچكردووە مافی ئەوەیان هەیە چەند رێزلێنانێكی سەربازی بۆ مەراسیمی بەخاكسپاردن‌و ماڵئاوایی رێكبخەن وەك داپۆشینی تەرمەكەی بە ئاڵای ئەمریكاو نمایشی فڕۆكەی سەربازی‌و تەقاندنی 21 گولە تۆپ یان پاسەوانی شەرەف.
پرسەی یەكەم سەرۆكی ئەمریكا
پرسەو ماتەمینی ئەمریكا بۆ جۆرج واشنتۆنی یەكەمین سەرۆك 69 رۆژی خایاند، ئەوەش بە گوێرەی كتێبخانەی نیشتمانی تایبەت بە توێژینەوەكانی جۆرج، مەراسیمەكە لە بارەگاكەی لە (ماوت ڤێرنن)ی نزیك لە واشنتۆنی پایتەخت بەڕێوەچووە، بەڵام  پرسەی ماتەمینی بوشی باوك كە لە 1989 بۆ 1993 سەرۆكایەتی ئەمریكای كرد، پێنج رۆژ دەخایەنێت.
دوای مردنی بوشی باوك، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە داگرتنی تانیوەی ئاڵای ئەمریكا بۆ ماوەی 30 رۆژو رۆژی چوارشەممەشی وەك رۆژی پرسەی نیشتمانی راگەیاند، لە رۆژەدا فەرمانگە حكومییەكان داخران‌و چالاكی دامەزراوەكان كەمكرایەوەو داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریكا كرا لە شوێنەكانی تایبەت بە نوێژكردن ئامادەبن بۆ رێزلێنان لە سەرۆكی كۆچكردووی وڵات.
یەكەم سەرۆك كە لەماوەی سەرۆكاتیدا مرد
ولیام هاریسۆن، یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە كە مردن لە كۆشكی سپیدا یەخەی پێگرت‌و لەماوەی سەرۆكایەتیدا كۆچی دواییكرد، هاوكات ئەو یەكەمین سەرۆك بوو مەراسیمی بەخسپاردنی دەوڵەتيی بۆ رێكخرا.
هاریسۆن كە نۆیەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە چواری نیسانی 1841 دوای  تەنها 30 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كۆچی دواییكرد.
بە گوێرەی كۆمەڵەی مێژووی كۆشكی سپی، هەردوو بازرگان ئەلسكاندەر هێنتەرو داریۆس كلاگێت، سەرپەرشتی پلاندانانی بەخاكسپاردنی هاریسۆنیان كردووەو ئاوێنەو كەلوپەلەكان بە پەردەی رەش داپۆشران‌و تەرمەكەشی بە عەرەبانەیەك كە چەند ئەسپێكی داپۆشراو بە قوماشی رەش رایانكێشاوە، گوازراوەتەوە.
هاریسۆن سەرەتا بەهۆی بەفربارینەوە بە شێوەیەكی كاتی لە گۆڕستانی كۆنگرێس نێژرا، پاشان دوای توانەوەی بەفرەكە گوازرایەوە بۆ ئۆهایۆ و لەوێ‌ بەخاكسپێدرا، بەوتەی ئەو كۆمەڵەیە مەراسیمی ناشتنەكەی كە 30 رۆژی خایاندووە لە مەراسینی بەخاكسپاردنی پاشاكانەوە وەرگیراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand