بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەی (تاوكێ)ی كوردستان بەرزبووەتەوە
![بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەی (تاوكێ)ی كوردستان بەرزبووەتەوە بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە كێڵگەی (تاوكێ)ی كوردستان بەرزبووەتەوە](/images/images/2025/5757558.png)
2025-02-06 09:24:29
(درەو):
كۆمپانیای (DNO) كە 70%ی پشكەكانی دووەم گەورەترین كێڵگەی نەوتی كوردستانی هەیە، ساڵی رابردوو بەبێ ئەوەی هیچ بیرێكی نوێ لێ بدات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگەكانی (تاوكێ)و (فیشخاپور) بۆ (78.600) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزكردوەتەوە، بەرزبوونەوەی بەرهەمی ئەم كۆمپانیایە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم ئامادەكاریی دەكات بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
كۆمپانیای (DNO)ی نەرویژی كە لە هەردوو كێڵگەی (تاوكێ)و (فیشخاپور) لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكات، ئاستی داهات و بەرهەمی رۆژانەی نەوتی خۆی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند. كۆمپانیاكە ئاماژە بەوە دەكات، تێكڕای داهاتەكانی لە ساڵی رابردوودا گەیشتوەتە (667 ملیۆن) دۆلار، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی كاری ئەم كۆمپانیایە لە دەریای باكور.
راپۆرتی (DNO) باسلەوە دەكات، لە ساڵی رابردوودا پۆختەی بەرهەمی كۆمپانیاكە بەرێژەی 50% بەرزبووەتەوەو لەسەر ئاستی ساڵانە گەیشتوەتە (77.300) هەزار بەرمیلی رۆژانەی نەوتی هاوتا، لەم رێژەیە بڕی (59.000) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەتەنیا لە هەرێمی كوردستان بووە، ئەوەی كە ماوەتەوە بڕی (15.200) هەزار بەرمیلی نەوتی بەرهەمهێنراوی كۆمپانیاكە بووە لە دەریای باكورو بڕی (3.100) هەزار بەرمیلی تریشی بەرهەمی كۆمپانیاكە بووە لە خۆرئاوای ئەفریقا.
(DNO)ی نەرویجی كە رێژەی 75%ی پشكی كێڵگەی (تاوكێ)ی هەیە لە هەرێمی كوردستان، وەكو خۆی دەڵێ بەراورد بە ساڵی پێشتر، لە 2024دا بەتێكڕا لە كێڵگەكانی (تاوكێ)و (فیشخاپور) ئاستی بەرهەمی بەرێژەی (70%) بەرزكردوەتەوەو گەیشتوەتە (78.600) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بە بۆریی لە 25ی ئازاری 2023وە، كۆمپانیا نەرویجییەكە هاوشێوەی كۆمپانیا نەوتییەكانی تری كوردستان بەرهەمی نەوتی خۆی لە ناوخۆدا بەبڕی (35 دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێك فرۆشتووەو وەكو خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، فرۆشی نەوتی مۆڵەتی كێڵگەی تاوكێ مانگانە دەگاتە بڕی نزیكەی (10 ملیۆن) دۆلار.
كۆمپانیا نەرویجییەكە رایگەیاندووە، لەچوارچێوەی پابەندبوونیدا بە دسیپلینی توندی خەرجكردنی سەرمایە، لە ساڵی 2024دا هیچ بیرەنەوتێكی نوێی لە ناوچەی مۆڵەتی (تاوكێ)دا لێنەداوە، بەڵام سەرباری ئەمەش بەرهەمهێنانی زیادی كردووە، ئەمەش بەهۆی سێ بیر كە پێشتر هەڵكەندراون گەیەندراونەتە قۆناغی بەرهەمهێنان، ئەمەش لەڕێگەی كارەكانی نۆژەنكردنەوەوە.
بەر لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023دا بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریسەوە، لە كێڵگەی (تاوكی) رۆژانە بە تێكڕا (107 هەزار و 102) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرا.
سەرباری ئەوەی هێشتا ئاستی بەرهەمهێنان لەم كێڵگەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ بەر لە راوەستانی هەناردەی نەوت بە بۆریی، بەڵام زیادكردنی بەرهەم لە 2024دا ئاماژەیەكی ئەرێنییە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكە بتوانێت هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتدا بۆ توركیا، ئاستی بەرهەم بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
رۆژی 2ی شوباتی ئەمساڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسەندكرد، تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، هەموارەكە تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی لە كوردستان بۆ 16 دۆلار بەرزكردوەتەوە تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتیی بەرەزامەندی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ خەمڵاندنی بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دەكات.
ئەم هەموارە دەرگای لەسەر ئەوەكردوەتەوە حكومەتی هەرێم بە ڕەزامەندی حكومەتی فیدراڵ سەرلەنوێ دەست بە هەناردەی نەوت بكاتەوە بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.
بەپێی یاسای بودجە، لەمەودوا نەوتی هەناردەكراوی هەرێم كە رۆژانە (300 هەزار) بەرمیل دەبێت، لە بەندەری جەیهان رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" دەكرێت و كۆمپانیاكە بە نرخی جیهانی نەوتەكە دەفرۆشێت، داهاتی نەوتی هەرێم راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و لەبەرامبەر ئەمەدا دەبێت بەغداد پابەند بێت بە ناردنی پشكی هەرێم بە بودجەی گشتیی فیدراڵ.
![](img/22.jpg)