Draw Media

رەنگە تێچووی نەوتی كوردستان بۆ 36 دۆلار بەرزبێتەوە

رەنگە تێچووی نەوتی كوردستان بۆ 36 دۆلار بەرزبێتەوە

2025-02-03 07:37:34


(درەو): 
بەگوێرەی لێكدانەوەی پسپۆڕێكی نەوت لە عێراق، هەمواری یاسای بودجە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان وا دەكات ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوت هەر لەدەستی حكومەتی هەرێمدا بمێنێتەوەو چاوەڕوانی ئەوەش بكرێت تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بۆ نزیكەی (36 دۆلار) بەرزبێتەوە، بەڵام عێراق تێچووی ئەو نەوتەی تر نادات كە هەرێم بۆخۆی بەرهەمی دەهێنێت و دەیفرۆشیت، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە بۆریی، رەنگە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە تانكەر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هەر بەردەوام بێت. 


دەقی نوسینەكەی: 

هەندێك هەڵێنجاندن بۆ هەمواری ماددەی 12
نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری
یەكەم: تێچووی كۆتایی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوتی خاو پشت بەو توێژینەوەیە دەبەستێت، كە لەلایەن ئەو كۆمپانیای راوێژكارییەوە پێشكەش دەكرێت كە گرێبەستی لەگەڵدا دەكرێت، هەروەها بەهۆی سروشتی پێكهاتەی جیۆلۆجی كێڵگەكان و پۆلێنكردنیان لەچوارچێوەی كێڵگە بچوكەكاندا، چاوەڕێ دەكرێت تێچووی هەر بەرمیلێك بۆ نزیكەی 36 دۆلار بەرزببێتەوە.  
دووەم: ئەم تێچووە تەنیا لەو نەوتەدا كورتدەبێتەوە كە رادەستی سۆمۆ دەكرێت، كە لەنێون 250 بۆ 300 هەزار بەرمیلدایە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو بڕە نەوتەی تر كە هەرێم بەرهەمی دەهێنێت، سۆمۆ خەرجییەكەی نادات، چونكە هەرێم خۆی ئەو نەوتە دەفرۆشێت و داهاتەكەی وەردەگرێتەوە. 
سێیەم: بەڕێوەبردنی كێڵگەكان هەر لەدەستی هەرێمدا دەمێنێتەوە كە پابەندە بە گرێبەستی شەراكەت لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان كە ملكەچە بۆ حساباتی ئاڵۆز سەبارەت بە (كرێ)و (نەوتی تێچوون)و (نەوتی قازانج)و (باجەكان)و ئەمیش ملكەچە بۆ وردبینی كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت. 
چوارەم: بە كردەوە ئەستەمە بەشیك لە بەرهەمی نەوت رادەستی سۆمۆ بكرێت بەمەبەستی هەناردەكردنی بۆ دەرەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی تەنیا یەك هێڵی هەناردەكردنەوە، رەنگە پەنا بۆ پاوكتاوكردن (مقاصە) ببرێت، بەو واتایەی هەرێم نەوت دەنێرێت دواتر قەبارەی گشتیی فرۆشی ئەو بڕە حساب دەكرێت كە رێككەوتن كراوە لەسەر رادەستكردنی، ئەمەش دوای لێدەركردنی تێچوو و داشكاندنی لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا. 
پێنجەم: هەمواركردنەوەی ئەم ماددەیە هیچ سەرچاوەیەكی نوێی دارایی زیاد ناكات، چونكە دەستپێكردنەوەی ناردنی نەوت لەرێگەی هێڵی جەیهانی توركییەوە بەواتای كەمكردنەوەی هەمان بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دێت لە باشورو ناوەڕاست كە تێچوویان كەمترە، ئەمەش بارگرانی گشتیی زیاترو كورتهێنانی بودجە گەورەتر دەكات.
شەشەم: دەكرێت ئەم هەموارە داهاتە نەوتییەكانی عێراق زیاتر بكات، ئەمەش لەحاڵێكدا عێراق لە كۆتوبەندە ناچاریی و ئارەزوومەندانەكانی ئۆپێك پڵەس رزگاری ببێت، كە رۆژانە 650 هەزار بەرمیل بۆ بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق زیاد دەكات و بەمەش عێراق دەتوانێت هەناردەی خۆی بۆ (3.3) تاوەكو نزیكەی (3.7 ملیۆن) بەرمیلی رۆژانە بەرزبكاتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand