(BP)ی بەریتانی نۆژەنکردنەوە لە چوار کێڵگەی نەوت و غازی کەرکوک دەكات
2025-02-05 07:11:24
درەو:
بەرپرسێکی باڵای نەوتی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە: پێشبینی دەکرێت کۆمپانیای (برتیش پترۆلیۆم)زەبەلاحی نەوتی بەریتانی (25)ملیار دۆلار خەرج بکات لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی چوار کێڵگەی نەوت و غازی کەرکوک.
ئەگەر ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت، کە بەرپرسەکە پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، ئەوا عێراق پێشکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت دوای چەندین ساڵ لە سنوردارکردنی بەرهەمهێنان بەهۆی جەنگ و گەندەڵی و گرژییە تائیفیەكان.
ئەو بەرپرسەی کە ڕاستەوخۆ ئاگاداری بابەتەکەیە، وتی :(BP) (20بۆ 25) ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات، وەک بەشێک لە گرێبەستی دابەشکردنی قازانج کە زیاتر لە 25 ساڵ دەخایەنێت.
کۆمپانیای(BP)ڕەتیکردوەتەوە هیچ لێدوانێک بدات، بەڵام ئاماژەی بە بەیاننامەیەکی مانگی ڕابردوو کرد کە تیایدا وتی: پێشکەوتنی بەرچاوی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەدەستهێناوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ پاڵپشتیکردنی کارپێکەری چەند کێڵگەیەکی نەوتی کەرکوک وەک بەشێک لە پڕۆژەی تەواوكاری سەرلەنوێ پێشختنەوە.
ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە ئەنجام بدرێت، دەبێتە دووەم گرێبەستی گەورە لەنێوان عێراق و کۆمپانیایەکی نەوتی نێودەوڵەتی لە ماوەی دوو ساڵدا، دوای ئەوەی لە بەسرە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی فەڕەنسی بە بڕی (27)ملیار دۆلار ڕێککەوتووە.
ڕێکەوتنی چاوەڕوانكراوی (BP)و پێداویستییەکانی عێراق
ئامانجی رێککەوتنی چاوەڕوانكراو لەگەڵ (BP) نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی چوار کێڵگەی نەوتی و پەرەپێدانی پیشەسازی گازی سروشتیە بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی وزەی عێراقە. ئەو بەرپرسەكە عێراق ئاماژەی بەوەكرد: دانوستانە تەکنیکی و دارایی بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە، رەنگە گرێبەستە کۆتاییەکان لە نیوەی یەکەمی مانگی شوبات یان كۆتایی ئەم هەفتەیە واژو بکرێن.
بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە، کۆمپانیای(BP)توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک بە بڕی (150)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد دەکات، لە ماوەی دوو تا سێ ساڵدا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ لانیکەم (450)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکاتەوە. سێ بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێن توانای ئەو کێڵگانە (300)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەیە.
بەگوێرەی شێوازی دابەشکردنی قازانج کە تاوتوێ دەکرێت، بەرپرسە باڵاكەی نەوتی عێراق رایگەیاندووە: (BP)دەتوانێت خەرجیەکان بگەڕێنێتەوە و دەست بە قازانج بکات کاتێک بەرهەمهێنان لە ئاستی ئێستادا بەرز ببێتەوە، (BP) ئەزموونێکی باشی لە کێڵگەکانی کەرکوکدا هەیە، چونکە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردودا بەشێک بووە لە کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی دۆزینەوەی نەوت لە ناوچەکە و مەزەندە دەکات کە نزیکەی(9)ملیار بەرمیل نەوتی تێدایە.