ئەمساڵ هەڵكەندن و نۆژەنكردنەوە بۆ 194 بیرە نەوت دەكرێت
2025-01-31 13:01:51
(درەو):
كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق پلانی ئەوەیە تەنیا لەمساڵدا، پرۆسەی هەڵكەندن و نۆژەنكردنەوە بۆ (194) بیرە نەوت بكات.
كازم حەبەش خلێف جێگری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق ئاشكرایكرد، لە ساڵی 2024دا كۆمپانیاكەیان (51) بیری نەوتی لێداوەو (137) بیری لە كێڵگە نەوتییە جیاجیاكانی عێراقدا نۆژەنكردوەتەوە، لەوانەش (زوبێر، مەجنون، خۆرئاوای قورنە، بزورگان، خۆرهەڵاتی بەغداد، زیقار، كەركوك). ئەم كارانەی كۆمپانیای هەڵمەندی عێراق لەچوارچێوەی پابەندییەكانیدا بووە بە پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی بەرهەمی نیشتمانی و بەهێزكردنی توانای كاركردن.
كازم حەبەش كە قسەی بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق كردووە، دەڵێ: كۆمپانیاكەمان لە ساڵی 2024دا بەرزترین پۆلێنی لە بواری سەلامەتیدا لە كێڵگەی نەوتی مەجنون بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی جێبەجێكردنی كاریگەرانەی سیستەمی بەڕێوەبردنی یەكگرتوو (IMS)و پابەندبوونی توند بە پێوەرەكانی تەندروستیی و ژینگەیی و سەلامەتییەوە، لەپاڵ جێبەجێكردنی پرۆگرامی چڕی راهێنان و بۆ پەرەپێدانی توانای كارمەندان بەگوێرەی نوێترین تەكنەلۆژیای جیهانیی.
لەچوارچێوەی روانگەی ئایندەدا، جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراق باس لەوە دەكات پلانیان بۆ ئەمساڵ (2025) ئەوەیە (64) بیری نەوت لێبدەن و 130 بیری تر نۆژەن بكەنەوە، ئەمەش لەپێناو بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كەرتی نەوت لە عێراقدا، ئەم پلانەش وەكو خۆی باسی دەكات بەوە بەهێز دەبێت گرێبەستی ستراتیژی نوێ لەگەڵ گەورە كۆمپانیاكانی جیهان لە نمونەی (BP ، ENI، CNOOC، Total) بكرێت، كە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی گەورە بە تواناكانی كۆمپانیاكەو كارایی لە پرۆسە هونەرییەكانیدا.