Draw Media

هەمواری بودجە پەسەندكرا؛ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

هەمواری بودجە پەسەندكرا؛ هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

2025-02-02 13:11:07


(درەو): 
هەمواری بودجە تایبەت بە تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان پەسەندكرا، هەرێم دەبێت دەست بە هەناردەی نەوت بكاتەوە، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی (سۆمۆ) بكات، داهاتی نەوتەكەش ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم. 
دواجارو پاش ماوەیەك مشتومڕو ناڕەزایەتی هەندێك لە پەرلەمانتارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی پەسەندكرد. لەبری (مەحمود مەشهەدانی) سەرۆكی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی كرد، نزیكەی (50) كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دژی هەموارەكە وەستانەوە، بۆیە بەشداری دانیشتنەكەی پەرلەمانیان نەكرد.
ئەوانەی بایكۆتیان كرد، ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی باشورو ناوەڕاست بوون كە داوای ئەوەیان دەكرد لە هەموارەكەدا بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بە هاوبەشی لەگەل حكومەتی فیدراڵ بەڕێوەببرێن، ئەمەش بابەتێكە كە لەم هەموارەدا جێگای نابێتەوەو دەبێت لە یاسای نەوت و غازی عێراقدا یەكلابكرێتەوە كە لە 2007وە تائێستا ناكۆكی لەسەرەو دەرنەچوێندراوە، هەروەها ئەم پەرلەمانتارانە داوای پێداچوونەوە بە گریبەستە نەوتییەكانی هەرێم و هەندێك بابەتی تریان دەكرد تایبەت بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق.  
هەموارەكە تایبەت بوو بە مادەی١٢/دووەم/ج لە یاسای بودجە، بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەدەركرا لەو نرخەی كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بە گشتیی لە عێراق دیاریكردبوو، كە 6 دۆلارە بۆ تێچووی هەر بەرمیلێك. 
هەموارەكە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان بۆ هەر بەرمیلێك بە بڕی 16 دۆلار دیاریكردووە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا لیژنە یاخود كۆمپانیایەكی پسپۆڕی نێودەوڵەتیی بە رەزامەندیی هەردوو حكومەتی بەغدادو هەولێر، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەر كێڵگەیەك بە جیا لە كوردستان دەردەهێنن و دواتر لەسەر بنەمای ئەم راپۆرتە نرخێكی جێگیر بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان دیاری دەكرێت. 
لە 25ی ئازاری 2025وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، لە مانگی ئۆكتۆبەری 2023وە دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بە رەزامەندیی حكومەتی فیدراڵی عێراق. 
لەوكاتەوە تائێستا یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان بەغدادو هەولێر بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بریتییە لە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان.
حكومەتی هەرێم بەو شەش دۆلارە قایل نەبوو كە یاسای بودجە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دیاریكردبوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی یاساكە چیتر داهاتی نەوتی هەرێم لە حاڵی هەناردەكردنیدا ناگەڕێتەوە بۆ هەرێم و دەچێتە ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، كۆمپانیا نەوتییەكانیش بەم نرخە قایل نەبوو. 
ئێستا كە ئیتر نرخێكی نوێ بۆ تێچوو دیاریكراوەو حكومەتی هەرێم پێی قایلە، وەكو نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" لێرە بەدواوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی دەکرێت"، سەرباری ئەمەش نەوتەكە بە نرخی پێشتری كوردستان نافرۆشرێت كە زیاتر لە 10 دۆلار لە خوار نرخی بازاڕی جیهانییەوە بوو، ئێستا ئیتر بە نرخی فەرمی دەفرۆشرێت. 
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، لەدوای بەركاربوونی ئەم هەموارەوە، دەبێت حكومەتی هەرێم رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عیراق "سۆمۆ" بكات.
لەبەرامبەریشدا، وەكو (سیپان شێروانی) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ: پێویستە حکومەتی فیدراڵیش پابەند بێت بە خەرجکردنی هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لە یاسای بودجەدا ئاماژەیان پێ دراوە.
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد رایگەیاند، دوای پەسەندكردنی هەمواری بودجە، یاسا پەسەندكراوەكە دەگەڕیننەوە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت. 

دەقی هەمواری یاسای بودجەی عێراق سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان: 
🔹وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت، کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە وەردەگیرێت، بەپێی بڕگەکانی (ا)و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بەجیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن لایەنێكی راوێژکاریی تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لەماوەی (٦٠) رۆژدا لە بەركاربوونی ئەم یاسایەوە، لە ئەگەری ناکۆکی، لەو ماوەیەی پێشوودا، ئەوا ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی راوێژکارییە دیاری دەکات.
🔹ئەو لایەنە راوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێکراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، حیسابکردنی قەرەبوو كە لە خاڵی (ا)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلە وەرگیراوەكان دەبێت بەپێی بڕگەکانی (ئەلف) و (ب)، لەم بڕگەیە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم.
🔹دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكرێت بەپێی خاڵەكانی (ا) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت، دوای تەواوبونی كاری راوێژكاریی تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە، لەسەر بنەمای (اپر رجعی) لەرێكەوتی دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.
 

دەقی هەموارەكە وەكو خۆی:

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand