دۆخی سوریا وەک پارادیمی سیاسیی ناوچەکە
2025-02-03 10:41:35
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
دۆخی سوریا تەنها دیاردەیەکی ناوەکیی ناو سوریا نییە، ئەوەی لەو وڵاتەدا روویداوە و رووئەدات تەنها تایبەت نییە بەوەی لەناو سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا رووئەدات. دۆخی سوریا دۆخی سەرەکیی بەشی هەرەزۆری ناوچەکەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەشی هەرەزۆری ناوچەکە لەناو دۆخێکی هاوشێوەی دۆخی سوریادا دەژی، بێگومان بە هەندێک جیاوازیی تایبەتەوە. ئەوەی لە سوریادا ڕووئەادت ئەو مۆدێلە باڵادەستەیە کە لە ناوچەکەدا بە پلە و ڕادەی جیاواز هەیە و کاردەکات.
بەر لە هەمووشتێک سوریا لە نزیکەی پازدە ساڵی رابردوودا لە دۆخی ململانێ و پێکدادان و جەنگێکی ناوخۆیی هەمەلایەن و وێرانکەردا بوو. وڵاتەکە پرە لە بکەری سیاسیی و دینیی و تائیفیی جیاواز کە هەریەکەیان خەون و روانین و تەماحی تەواو جیاواز و ناکۆکیان هەلرتوە و هەریەکێکیان وێنەی جیاوازیان بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە، هەیە. تەنانەت دوای کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەدیش شتێکی گشتی، پەیمانێک، خەونێکی هاوبەش لەئارادا نییە ئەم هەموو لایەن و هێزە ناکۆکانە بەیەکەوە کۆبکاتەوە. نەفیکرنی یەکتریی و نەبوونی زمانێکی هاوبەش ئاکاری سەرەکیی ئەو دۆخەیە کە دروستبووە. لە پەیوەندیدا بە دۆخی سوریاوە وەک مۆدێلێک بۆ ناوچەکە دەکرێت لێرەدا پێ لەسەر ئەم خاڵە سەرەکییانە دابگرین:
یەکەم: ئاکاری سەرەکیی حوکمڕانی لە سوریادا و ئەو مۆدێلەی لەو وڵاتەدا کاریکردوە و سەروەربووە، ئەو شێواز و مۆدێلی حوکمڕانییەیە کە لە بەشەکی گەورەی ناوچەکەدا باڵادەستبووە و باڵادەستە. لەوانەش بۆ نموونە، مۆدێلی رژێمی تاک حیزبی، یان حیزبی قائید، کە تیایدا لایەنێک خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە و بەخاوەنی هەموو بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکان زانیوە. ئینجا ئامادەگیی دەسەڵاتێکی خێزانی و بنەماڵەیی لەناو ئەم دەسەڵاتە حیزبییەدا، کە بە کردەوە وڵاتەکەی خستۆتە بەردەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی داخراوەوە. لە سوریادا هیچ سەنتەرێکی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا جگە لە خێزانی ئەسەد، ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕ، بوونی نەبووە. زۆرجار هەم دەسەڵاتە حیزبییەکە و هەم دەسەڵاتە بنەماڵەییەکە، نوێنەر یان بەرگریکەربوون لە دەسەلاتێکی تائیفیی، کە بە کردەوە حوکمی تائیفیەک لە تائیفەکانی، بەسەر سەرجەمی دانیشتوانی وڵاتەکەدا سەپاندوە.
لە بەشەکی گەورەی ناوچەکەدا تێکەڵێک لەو رەگەزانەی باسمانکرد، ئامادەیە و حوکمدەکات.
دووهەم: ئەوەی لەم دۆخەدا غائیبە ئەو دوو پێدراوە سەرەکیەیە کە ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی رێکدەخات و کۆبوونەوە و پێکەوەبوونی دانیشتوانەکان لەناو سنوورێکی نەتەوەیی و نیشتیماندا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. ئەوانیش غیابی دەوڵەتە وەک دەوڵەت، وەک دەرەنجامی رێکەوتن یان گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی کە وابکات دانیشتوانەی وەڵاتەکە دەوڵەت بە موڵکی خۆیان بزانن. دووهەمیش غیابی مەسەلەی هاوڵاتیبوونە. هاوڵاتیبوون وەک ئەو پەیوەندییە سیاسییە هاوبەشەی بەشە جیاواز و کەسە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگایەک وەک بوونەوەری سیاسیی یەکسان بەیەکتری و وەک کەسانی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی یەکسان و هاوبەش بەیەکەوە کۆدەکاتەوە. دەوڵەت لەم ناوچەیەدا دەولەتی ئەم یان خێزان و بنەماڵە و ئایدیۆلۆژیا و مەزهەبی دینیی و سوپا و خەلیفە و هتد...ە
سێهەم: بە دەگمەن نەبێت هیچ مۆدێلێک لە مۆدێلەکانی حوکمرانی لەناوچەکەدا خاوەنی شەرعیەتێکی یاسایی و دیموکراسییانە نین. بەڵام سەرجەمی شێوازە جیاوازەکانی شەرعیەتی نادیموکراسییانە هەن و کاردەکەن. بۆ نموونە، هەندێک حوکمڕان خاوەنی شەرعیەتی ویراسین و دەسەڵاتیان بە ویراسیی بۆ ماوەتەوە. هەندێکی دیکەیان خاوەنی شەرعیەتی کودەتاین و لە ڕێّگای کودەتای سەربازییەوە هاتونەتە سەرحوکم. هەندێکی تریان شەرعیەتی شۆرشگێرانەیان هەیە و لە ڕێگای شۆرش و خەباتی چەکدارییەوە هاتوون و هەر بەو ناوەشەوە حوکمڕانن و ماونەتەوە و ناشڕۆن. زۆربەشیان خاوەنی ئەو جۆرە لە شەرعیەتن کە لە فیکری سیاسیی ئیسلامیدا ناوی «شەرعیەتی بردنەوە» یان «شەرعیەتی خۆسەپاندن»، الغلبە، ی لێنراوە. ئەمەش ئەو جۆرە شەرعیەتەیە کە دەدرێتە هێزێک بەهەرشێوەیەک بە دەسەڵات گەیشتبێت و توانیبێت خۆی بەسەر ئەوانیتردا سەپاندبێت و ناچاریکردبن حوکمڕانییەکەی قبووڵبکەن.
ئەوەی لەناو ئەم جۆرە تایبەتانەی شەرعیەتدا غائیبە، شەرعیەتی دیموکراسییانەیە، کە لە هەڵبژاردنێکی راستەقینەی بێ تەزویر و بێ ترس و بێ زۆر و بێ خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە هاتبێت و دوای هەڵبژاردنیش دەزگا بۆ بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوەی یاسایی و سیاسیی هەبێت.
چوارهەم: هەموو ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمکرد لە ناوچەیەکدا رووئەدات پڕ لە هێز و دەوڵەتی جیاوازە کە خەونی هەیمەنەکردن و بوون بە ئیمپراتۆریەتیان هەیە. ئەمە وادەکات هەر یەکێک لەو دەوڵەتانە بەدوای دروستکردنی هێزی پرۆکسییدا بگەڕێن و کاری سەرەکییان ببێتە قایمکردنی شوێنپێی ئەو دەوڵەتە دەرکییانە لەناو دەوڵەتاکانی خۆیاندا. ئەوەی لە ئێستادا دەیبینین، بۆ نموونە، لاوازبوونی بەرەی ئێران و زیندەبەچاڵکردنی خەونە ئیمپراتۆریەتیەکی ئەو وڵاتەیە لەناوچەکەدا، بەڵام هاوکات بەهێزبوونی تورکیا و ئیسرائیل و گەورەبوونی خەونی هەیمەنەکردنی ئەوان بەسەر ناوچەکدا. ئەمە جگە لە بوونی بەرەی تر کە ئەوانیش بەهەمان ئاراستە و بەهەمان مەبەست کاردەکەن، سعودیە و ئیمارات و قەتەر. ئەوەی لەم دۆخەدا بە تەواوی وێران بووە و وێران دەبێت چەمکی «سەروریی نەتەوەیی» یان «سەروەری نیشتیمانی»یە، کە کۆڵەکەی ژمارە یەکی رێکخستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە دونیای ئەمرۆدا.
پێنجەم: ئامادەگیی دۆخێکی نێودەوڵەتی پر لە ململانێی سیاسیی و سەربازیی و ئابوریی بۆ کۆنترۆڵکردن، یان لانیکەم هەبوونی جێپێیەکی گەورە و کاریگەر لەم ناوچەیەدا. لەوانەش ململانێی نێوان ئەمریکا و چین و روسیا لە ناوچەکەدا. کە هەر یەکێکیان دەستی لایەنێکی ناوچەکە دەگرن و هەوڵی بەهێزکردنی دەدەن. ئەوەی ئەم هێزە جیهانیانە دەجوڵێنێت سود و قازانجی خۆیانە وەک زلهێزی جیهانیی، نەک بەشداریکردن لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و پێشکەوتو و لەم بەشەی جیهاندا.
شەشەم: بوونی چەندان کۆمەڵگا و خەڵک و دانیشتیوانی پڕوکاو بەدەست ئەو دۆخەی لەسەرەوە هەندێک لە هێڵە سەرەکیی و گشتییەکانیمان دەستنیشانکرد. لە دوای کۆتایی جەنگی ساردەوە کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە لەناو زنجیرەیەک جەنگ و پێکدادان و پشێوی سیاسیی و کۆمەڵایەتی گەورە و وێرانکەردا دەژین. ناوچەکە پرە لە چیرۆکی کوشتن و لەناوبردن و سڕینەوە، بێماڵکەوتن و ئاوارەبوون و راکردن و سەرهەڵگرتن. هەندێک بەشی ئەم ناوچەیە بەڕادەیەک وێرانە کۆمەڵگاکانیان پێویستیان بە هەمووشثێکە، لە حەب و دەرمانی سادەوە، بۆ خۆراک و شوێن و ماڵ و قوتابخانە و تەنانەت خێمەش. ئەمە وایکردوە دانیشتوانێکی گەورە لەم ناوچەیەدا دروستببن کە تاقە داواکارییەکیان ئەوەبێت، بژین، تەنها بژین، بەبێ ئەوەی هیچ هەقێکیان بەسەر سیاسەتەوە و بە سەر هێزە سیاسییەکانەوە هەبێت. ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی لە زیاد لە کۆمەڵگایەکدا ترسێکی گەورەیان تەنانەت لە هێزە ئەلتەرناتیڤەکانیش هەیە.
حەوتەم: لە زۆربەی ناوچەکەدا شتێک بە ناوی «متمانەوە» بە هێزە حوکمڕانەکان و بە بەشی هەرەزۆری هێزە ئەلتەرناتیڤەکانیش نەماوە. قەیرانێکی گەورەی متمانە لە ئارادایە. ئەمە جگە لە باڵادەستی کولتوری پیلانگێڕیی و بەڵێنی درۆ و سیاسەتی فێڵ و درۆکردن لە هەموو شوێنێکدا. ئینجا کولتوری نەفیکردن و بەرەنگاربوونەوەی یەکتریی کە زۆربەی جار بە سیاسەتی تۆڵەکردنەوەی خوێناویی و وێرانکەر، کۆتایی دێت.
لە ئێستادا سوریا لە هەمووان زیاتر بەرجەستەکەری ئەو دۆخەی سەرەوەیە کە باسمکرد، بەڵام سوریا بەشێکە لە دیمەنێکی گەورەتر کە لەزۆر سەرەوە هەمان وێنەی دۆخی سوریا بەرجەستەدەکات.