Draw Media

( درەو میدیا):     كۆمیسیارێكی بزوتنەوەی گۆڕان تەحەدای حزبە ناڕازیيەكان دەكات و دەڵێت، یەك ژمارەیان لەبارەی ناخاوێنێ تۆماری دەنگدرانەوە ڕاست نەبووە، هۆكاری ساختەكاریش دەخاتە ئەستۆی هاوڵاتیان. ڕێزان حەمە ڕەشید، كۆمیسیار لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فەرمانگەی  هەڵبژاردن، كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت، كاتێك حزبەكان ئازایانە نایەنە ژێر باری ئەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكەن، ئیتر ناچار دەبن خەتاكە بدەن بەسەر كەسێكی ترداو بڵێن تۆماری دەنگدەران خاوێن نیە، جەغتیش دەكات ، وەڵامی هەر چوار لایەنەكەیان بەژمارە داوەتەوە‌و "تەحەدا دەكات ئەو لایەنانەی باسی ژمارەی مردوو و ساختەكارییان دەكرد لە تۆماری دنگدەران  یەك ژمارەیان ڕاست دەرچوبێت". ئەو كۆمیسارەی گۆڕان، ئۆباڵی ئەنجامدانی ساختەكاریش لەهەڵبژاردنەكان دەخاتە ئەستۆی خەڵك و دەڵێت"هۆكاری یەكەمی ساختەكاری هەڵبژاردن هاوڵاتیان خۆیانن، با هاوڵاتیان نەچن ساختە بۆ حیزبەكان بكەن كە پێیان وتن ڕەتی بكەنەوە، ئیتر خۆ جنۆكە ناچێت ساختەكاری بكات." لەبەشێَكی تری چاوپێكەوتنەكەدا ڕێزان حەمەڕەشید ڕایدەگەیەنێت، بە ئەمانەتەوە دەیڵێم  تا ئێستا هیچ پێشنیارێكی ئێمە وەك ئەندامانی پشكی ئۆپۆزسیۆن  لە كۆمسیۆن لەسەر خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگدەران یا  ئێمە پێشنیارێكی باشمان كردبێت لەلایەن نوێنەرانی پارتی و یەكێتیەوە ڕەتنەكراوەتەوە".  


راپۆرتی: درەو میدیا  موقتەدا سەدر لە نوێترین تویتدا هەڕەشەی پەناربردن بۆ بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوون دەكات، عەممار حەكیم و عامریش لەسەر كاندیكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕێكدەكەون، عەبادیش خۆزگە دەخوازێت خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید نەكردایەتەوە، یەكێتی سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارە، ئەوە لە كاتێكدایە، تائێستا بەشێك لە سەركردەكانی پارتی لە ڕاگەیاندنەكانی عێراقدا ئاماژەبەوەدەكەن كە پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی پارتییە و سازشی لێناكەن، هاوكات هەواڵی ئەوەش هەیە كە پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی یەكلاكردبێتەوە و یەكێك لە وەزارەتە سیادییەكانی عێراقیش كە پشكی كوردە دیارنیە تائیستا كێ‌ وەریدەگرێت، كە ئەگەر زۆرە لە نێوان وەزارەتەكانی دارایی و دەرەوەدا یەكێكیان بێت، چونكە نەوت و ناوخۆ وەك موڵكی شیعەی لێهاتووە و وەزارەتی بەرگریش موڵكی سوننەكانە، كە هەر پێنج وەزارەت سیادییەكەی عێراقن، ئەوەی دیارنیە تائێستا یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانە كە تائێستا 9 پەرلەمانتاری كوتلە جیاوازەكانی سوننە خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردووە. ڕەنگە ئەمە دیارترین پێشهاتەكانی دیمەنی سیاسی عێراق بێت لەم چەند كاتژمێرەی رابردوودا، كە كەمتر لە 48 كاتژمێری ماوە بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە هەنگاوی یەكەمە و بەدوایدا سەرۆك كۆمار دیاریدەكرێت، سەرۆك كۆماریش كاندیدی گەورەترین كوتلە ڕادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بێگومان بۆ هەر یەكێكیش لەم هەنگاوانە، دەستوری عێراق وادەی زەمنی دیاریكراوە داناوە.  تیرۆر و سزادانی كورد فریای عەبادی نەكەوت عەبادی كە خۆی بە ڕزگاكەری عێراق جارێك لەدەستی تیرۆر و، جارێكیش پاراستنی لە هەڕەشەی پارچەكردن دەزانی، پێیوابوو لەسەر سینیەكی زێڕین پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێشكەشدەكرێتەوە، بەڵام پەرتبونی ناوماڵی پێكهاتەكەی و، پەرتبونی ناوماڵی حزبەكەی ئەم دەرفەتی لەدەستدا و بەجۆرێ بێهیوابوو كە دوای چەند ڕۆژێك لە پەیامەكەی مەرجەعییەت بڵێت، حەزم لەخۆ كاندیكردنەوە نەئەكرد و تموحی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە نەبوو، بەڵام بەرمەبنای ڕێنمایی هەندێك بەوپێیەی سەركەوتنی ئەمنیی و ئابوریمان بەدەستهێناوە داوایانلێكردم خۆم كاندیدبكەمەوە، عەبادی ئەم قسانەی كە لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا كرد، خۆزگەی ئەوەشی خواست كە خۆی بۆ ئەو پۆستەكاندید نەكردایەتەوە و نەكەوتایەتە ناو ئەو ململانێ‌ سیاسییەوە بۆ ئەو پۆستە. سەدر ناز  و فشاری سیاسی دەكات  یەكێك لە پێشهاتە تازەكانی تری دیمەنی سیاسی عێراق تویتێكی موقتەدا سەدرە كە ئێوارەی ئەمڕۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە و هەڕەشەی پەنابردن بۆ بژارەی ئۆپۆزسیۆن دەكات.  سەدر لەو تویتەیدا دەڵێت، لەگەڵ (گەورەكانی عێراق) گەیشتینە سازان بۆ كاندیدكردنی كۆمەڵێك كەسایەتی (تەكنۆكرات_بێلایەن) بۆ (سەرۆكایەتی وەزیران) بەبڕیارێكی عێراقی ڕووت، كە لەسەر ئەو بنەمایەش كاندیدی وەزارەتەكانی هەڵبژێرێن دور لە دابەشكارییە حزبی وتائیفی و ئیتنیەكان، بەڵكو لەسەر بنەمای پێوەرە دروست و پەسەندكراوەكان، بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی و دەستپاكی، بەڵام هەندێك لە سیاسییەكان دەستبەجێ‌ ڕەتیانكردەوە و بیرۆكەی بێلایەنیشیان ڕەتكردەوە، بگرە (تەكنۆكرات)یشان، ڕەتكردەوە، بۆئەوەی عێراق بگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، بۆئەوەی گەندەڵەكان بە بەرگێكی نوێوە بگەڕێنەوە و حزبەكان و دەستە ئابورییەكانی سەربەخۆیان كۆنترۆڵی سامانی گەل و مافەكانی بكەن، ئەگەر بەردەوامبوون لەسەر ئەوە, ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵدەبژێم و دەیكەمە پەیڕە و ڕەفتار.  لەبارەی ئەم تویتە تازەیەی سەدرەوە، سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا لە عێراق بە"درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: ئەم قسانەی سەدر زیاتر نازی سیاسی و چڕكردنەوەی فشارە لەسەر هێزەكان بۆئەوەی بنەمای دانانی كەسایەتیەكی بێلایەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی قبوڵبكەن، وتیشی: سەدر لە هەموو كەس باشتر دەزانێت كە پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ هاوپەیمانی سائیرون مەحاڵە، بۆیە دەیەوێت فشاری زیاتر لەلایەنەكان بكات بۆ ڕازیببن بە مەرجەكانی.   عەبدولمەهدی ناوی دێتەوە پێشەوە هەر لەو چوارچێوەیەدا، پێگەی "غەد پرێس"، لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە ڕەوتی حیكمەوە بڵاویكردوەتەوە، كە عەممار حەكیم و سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح هادی عامری، ڕێككەوتون لەسەر كاندیدكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.   بە وتەی سەرچاوەكە، سەدریش ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر كاندیدكردنی ناوبراو، بەوپێیەی لەدوای جیابونەوەی ڕەوتی حیكمە لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عادل عەبدولمەهدی زیاتر وەك كەسێكی بێلایەن دەركەوتووە، بەڵام تا ئەو كاتەی سەدر بەڕەسمی پشتیوانی دەكات ئەم پشتیوانیە لە چوارچێوەی قسە و پێشبینیدا دەمێنێتەوە. یەكێتی و پارتی پۆستەكانی بەغداد دابەشدەكەن بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵ، بەدرێژایی چەند كاتژمێری ڕابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆبونەوەدا بووە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار و بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگاداریش (محەمەد سابیر و فوئاد مەعسوم ) زۆرترین چانسیان هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ئەوە لە كاتێكدایە، تائێستا بەشێك لە سەركردەكانی پارتی لە لێدوانەكانیاندا بۆ میدیا عێراقییەكان تەئكید دەكەن كە ئەو پۆستە پشكی پارتیە، بە وتەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار ئەم لێدوانانە دەچێتەچوارچێوەی فشار و هۆشداری بۆ یەكێتی كە دەبێت كاندیدەكەی كاندیدی پارتیش بێت، واتە بە هەموو كاندیدێك ڕازینابێت، بەپێی زانییارییەكان پارتی (فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح)ی، بەلاوە پەسەندە، پشتیوانی مەلابەختیاریش دەكات، بەڵام پێناچێت حەزی بە كەسێك بێت لە خانەوادەی تاڵەبانی. هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیشی یەكلاكردوەتەوە (بەشیر حەداد) كە لە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، لەم خولەدا لەسەر لیستی پارتی سەركەوتووە بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەو پۆستە وەردەگرێت. سەبارەی بە پێویستی وەزارەتە سیادییەكانیش ( ناوخۆ و بەگریی و دەرەوە و نەوت و دارایی)ین، شیعە سێ‌ وەزارەت و كورد و سوننەش یەكی وەزارەتێك دەبەن. (ناوخۆ و نەوت) لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەستی شیعەكانەوە بووە، سوننەش وەزارەتی بەگری لابووە، كورد دوو خول وەزارەتی دەرەوە و خولێكیش وەزارەتی دارایی لابووە، بۆیە پێشبینیدەكرێت لە نێوان ئەم دوو وەزارەتەدا یەكێكیان وەربگرێتەوە كە ئەگەرە بەهێزەكە بۆ وەزارەتی داراییە و ئەگەریش زۆرە پارتی وەریبگرێتەوە.   


 (درەو میدیا): پرسی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆماری عێراق و گەڕانەوە یان یەكگرتنەوەی لەگەڵ یەكێتی، مشتومڕی لە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی دروستكرد و كاردانەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیشی لێكەوتەوە. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رازی نییە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەگەرچی بافڵ تاڵەبانی كوڕی عەڕابی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و هەوڵی گەڕاندنەوەیەتی بۆ ناو یەكێتی. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چی وت ؟ بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نشتیمانی كوردستان، لە سەردانێكیدا بۆ كەناڵی (گەلی كوردستان)، لە وەڵامی پرسیارێكی كارمەندانی كەناڵەكەدا دەربارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، وتویەتی " مەگەر من بمرم، بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەرنا رێگەنادەم". شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی رێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی سەبارەت بەو قسەیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك  نوسیویەتی:" دوێنێ ئێوارە لە كاتی سەر‌دانیكردنمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان، ستافی ئەو كەناڵە ئازیزە هەمان پرسیاریان لە ‌دادە كردو دادە وەڵامی دانەوە... هەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی دادەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاو بكردایەتەوە بۆ دڵنیایی كردنی جەماوەری یەكێتی لە نەگۆڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە ڕونكردنەوەیەكی پلان بۆدارێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی". ئەوەی (درەو میدیا) ئاشكرایكرد لەبارەی ناوەڕۆكی قسەكەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارەكەیدا باسی نەكردووە. بەرهەم ساڵح ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دابەشكردووە ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە تایبەت بوو بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار، باسی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح و هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی بۆناو یەكێتی كراوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشداربوانی كۆبونەوەكە چاوەڕوانی دواقسەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بوون لەسەر ئەو پرسە، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نەیتوانیوە ئامادەی كۆبونەوەكە ببێت، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لیژنەیەكی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح پێكهێناوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە چەند ئەندامێكی سەركردایەتی و رەفعەت عەبدوڵا سەرۆكایەتی دەكات. سەركردایەتی و دوو بەیاننامە بەشێوەیەكی گشتی ئەنجومەنی سەركردایەتی لەبارەی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك پشتیوانی و بەرەكەی تر دژایەتی دەكەن. ئەم ناكۆییە وایكرد لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، سەركردایەتی یەكێتی ناوەڕۆكی بەیاننامەی خۆیان گۆڕی. لە بەیاننامەی یەكەمی سەركردایەتی یەكێتیدا لەو پەرەگرافەیدا كە باس لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەكات كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات هاتووە:"بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ ‌و دادپەروەری، لەگەڵ یەكێتی دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە كرد و شاندێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن ‌و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا". بەڵام لە بەیاننامەی دووەمدا گۆڕانكاری لە دەقەكەدا كراوە و بەمشێوەیە داڕێژراوە:" لە بڕوابوونمان بەچەسپاندنی ئارامی ‌و رێكخستنەوەی تواناكانمان، بڕیارماندا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری، بۆ رێككەوتن ‌و ئاڕاستەی یەكخستن". بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا " گۆڕینی بەیاننامەكەی یەكێتی بەهۆی ناڕەزایی زۆری هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵحەوە بووە چونكە ئەو دێڕە كە باس لەوە دەكات "هاوپەیمانی داوای یەكگرتنەوەی كردووە" بەتەواوی هاودیدانی هاوپەیمانی نیگەرانكردووە و داوایانكردووە بەیاننامەیەك دەربكرێت، بەڵام بەهۆی نیگەرانی و توڕەبوونی بەرهەم ساڵح یەكێتی خۆی بەیاننامەكەی گۆڕیوە.    


(درەو میدیا): راپۆرتێكی نێودەوڵەتی پێشبیندەكات لە ئەمساڵدا 18.1 ملیۆن كەس لە جیهاندا توشی شێرپەنجە ببن و بەهۆیەوە 9.6 ملیۆن كەسیش بمرن. راپۆرتەكە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەكانی تایبەت بە شێرپەنجەی سەر بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەو بەرزبوونەوەی لە ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی شێرپەنجە بە بەراورج بە 14.1 ملیۆن توشبوو و مردنی 8.2 ملیۆن حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجەوە لە ساڵی 2012، بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێنێتەوە كە دیارترینیان بریتیە لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی تێكڕای پیریی. راپۆرتەكە ئاماژەبۆئەوەدەكات كە لە هەر پێنج پیاوێك یەكێكیان و لە هەر شەش ژنێك یەكێكیان لە ژیانیاندا دووچاری ئەو نەخۆشییە دەبن و هەروەها لەگەڵ دەوڵەمەندبوونی ژمارەیەك وڵات، خەڵك تووشی شێرپەنجە دەبن زیاتر لە وڵاتێك كە شێوازی ژیانیان هەژارانەیە. ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەكانی شێرپەنجە بەشێوەیەكی دەوریی زانیاری دەربارەی پەرەسەندن و زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە لە جیهاندا بڵاودەكاتەوە لە رێگەی توێژینەوە دەربارەی 36 جۆری شێرپەنجە لە 185 وڵاتدا. توێژەران دەڵێن لە كاتێكدا رێگاكانی پێوانەكردن و كۆكردنەوەی داتا دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە گەشەی كردووە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەڵام دەركەوتووە كە تێكڕای توشبوون بە نەخۆشییەكە و مردن بەهۆیەوە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتربووە. " نەهێشتنی جگەرەکێشان" توێژەران دەڵێت شێرپەنجەی سییەكان هۆكاری سەرەكییە بۆ مردن بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە نێو ژنانی 28 وڵات و ئەو وڵاتانەشی كە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە بەهۆی شێرپەنجەوە بریتین لە ئەمریكا، هەنگاریا، دانمارك، چین و نیوزلەندا. جۆرج پاتروۆرس لە پەیمانگای توێژینەوەكانی شێرپەنجە لە بەریتانیا دەڵێت:" ئێستا زیاتر لە هەموو كاتێك توتن تاكە هۆكارە، لە زیاتربوونی توشبونی ژنان بە شێرپەنجەی سییەكان لە جیهاندا". دەشڵێت:" لە بەریتانیا دیاردەی جگەرەكێشانی ژنان لەمدواییەدا زۆر زیاتربووە، بە بەراورد بە پیاوان، لەبەرئەوە مایەی سەرسوڕمان نیە كە دەبینین تێكڕای توشبوون بە شێرپەنجەی سییەكان ئێستا زیاددەكات". ئەو توێژەرە بەریتانییە دەشڵێت:" جگەرە كێشانی ژنان لە وڵاتانەی كە خاوەنی داهاتێكی نزم یان مامناوەندن زۆر بەرزبووەتەوە، بازاڕی بەهێزی توتن و جگەرەش كاریگەری لەسەر ئەوە هەیە". هەر سەبارەت بە هەمان پرس دكتۆر فریدی پرای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەكانی شێرپەنجە دەڵێت:" ئەنجامەكان جەختدەكەنەوە لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەتە كاراكانی تایبەت بەنەهێشتنی جگەرە كێشان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا". "فرە چەشنیی نائاسایی" بەگشتی راپۆرتەكە پێشبینی ئەوەی كردووە نیوەی حاڵەتەكانی توشبوون بە شێرپەنجە و زۆرینەی حاڵەتەكانی مردن بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە لە ئەمساڵدا لە ئاسیا دەبێت، ئەوەش بۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لەو كیشوەرە و بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە لە شێرپەنجانەی كە زۆر كوشندەن لە و ناوچەیەدا، بۆ نمونەیە تێكڕای بەرزی توشبوون بە شێرپەنجەی جگەر لە چین. جگە لەوەش ئامادەكارانی راپۆرتەكە دەڵێن " فرەچەشنییەكی نائاسایی" لە جۆرەكانی شێرپەنجە و شێوازەكانی نەحۆشییەكە لە جیهاندا دەبێت و بەو هۆیەوە توێژەران دەڵێن وڵاتانی جیهان پێویستیان بەوەیە چاوبخشێننەوە بە سیاسەتەكانیاندا دەربارەی چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەركردنی شێرپەنجە. سەرچاوە: بی بی سی   


(درەو میدیا): مامادۆ گاساما، ئەو پەنابەرە مالییەی  مانگی ئایاری رابردوو لە پاریس منداڵێكی لە باڵاخانەیەكی بەرز رزگاركرد، ئەمڕۆ بە رەسمی رەگەزنامەی فەرەنسی و هەلی كاری بەدەستهێنا، ئەوەش دوای ساڵێك لە گەیشتن بە پاریس و داواكردنی مافی پەنابەرێتی. مامادۆ گاساما ی تەمەن 22 ساڵ ئایاری رابردوو بووە مانشتێی هەواڵ  كاتێك سەركێشی كرد و بە باڵاخانەیەكی بەرزدا سەركەوت بۆ رزگاركردنی منداڵێك و رۆژنامەكان نازناوی " سپایدەرمان" یان لێنا. مامادۆ لەدوای ئەو رووداوەوە لەلایەن ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ‌ پێشوازی لێكراو بەهۆی ئەو سەركێشیەیەوە لە كۆچبەرێكی نایاسایی خۆرئاوای ئەفریقاوە كە بەبێ‌ مۆڵەت كاریدەكرد، بووە هاوڵاییەكی فەرەنسیی خاوەن هەموو مافێك و كارێكیشی لە كەرتێكی گرنگی وڵاتانی ئەوروپا دەستكەوت.  


( درەو میدیا) : یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی داوای یەكگرتنەوەی لە یەكێتی كردووە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایدەكات كە ئەمڕۆ نیوەڕۆ (13-9-2018) ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) سەبارەت بە (دۆخی عێراق، هەڵبژاردنی كوردستان ‌و داوای هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی ‌و دادپەروەری بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ یەكێتی) كۆبونەوەی نائاسایی كرد". هەروەها ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی راشیدەگەیەنێت :" بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ و دادپەروەری، لەگەڵ یەكێتی دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ یەكگرتنەوە، سەركردایەتی پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە كرد و، وەفدێكی باڵای بۆ لێكتێگەیشتن ‌و سەرەنجام یەكگرتنەوە، پێكهێنا".  


( درەو میدیا): بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 15ی، ئەیلول پەرلەمانی عێراق  بۆ سێیەمجار  بۆ هەڵبژاردنی  دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكەی) كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەردوو كۆبونەوەی 3 و 4 ئەم مانگە شكستیهێنا لەدەسنیشانكردنی، بەهۆی ڕێككنەكەوتنی لایەنەكان. بەپێی ئەو تەوافوقەی لە ساڵی 2003وە لە عێراق پیادەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پێكهاتەی سوننەكانە، كە لە چوارچێوەی یەك پاكێجدا هەرسێ‌ پێكهاتەی شیعە و كورد و سوننە لەسەری ڕێكدەكەون، سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد دەبێت و سەرۆك وەزیرانیش پشكی شیعەیە.  سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق گەورەترین كوتلە دیاریدەكات، نەك سەرۆكی كاتیی (تەمەن). دیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان (پێكهاتەی سوننە) محەمەد حەلبوسی_ئوسامە نوجێفی _محەمەد تەمیم_تەلال زەوبەعی_ڕەشید عەززاوی_محەمەد خالیدی_ئەحمەد جبوری_خالید عوبێدی-ئەحمەد عەبدوڵا جبوری. كاندیدی سەركەوتوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بە 165 دەنگ هەیە، (نیوە+1)، ژمارەی كورسییەكانی ئەم خولە 329 كورسییە. سەرۆك كۆمار  لە مادەی 68 دەستوری عێراقدا كۆمەڵێك مەرج دیاریكراوە بۆ هەر كەسێك كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی كۆماری عێراق كاندیدبكات: یەكەم: لە عێراق لەدایكبوبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی بێت. دووەم: كەسایەتییەكی پێگەیشتوبێت و چلەمین ساڵی تەمەنی تەواوكردبێت. سێیەم:خاوەنی ناوبانگێكی باش و شارەزایی سیاسی بێت، بە دەستپاكی و ڕاستگۆیی و دادوەری و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان ناسرابێت. چوارەم:سزا نەدرابێت بەتاوانی ناموس. -لە خاڵی یەكەمی مادەی 77یشدا كە باس لە مەرجەكانی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هاتووە، مەرجە سەرۆك وەزیران هاوشێوەی سەرۆك كۆمار هەڵگری بڕوانامەی زانكۆ یان بڕوانامەیەك كە هاوتای زانكۆبێت، واتە مەرجە سەرۆك كۆمار بڕوانامەی زانكۆی هەبێت.  -مادەی70 دەستوری عێراق كە لە دوو بڕگە پێكدێت، باس لەچۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكات لە پەرلەمان: 1-    ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆینەی دوو لەسەرسێی دەنگی ئەندامەكانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات. 2-    ئەگەر هیچكام لە كاندیدەكان دەنگی پێویسیتان نەهێنا، ڕكابەرییەكە دەكەوێتە نێوان ئەو دوو كاندیدەی زۆرترین دەنگیانهێناوە، هەر كامیان لە گەڕی دووەمی دەنگداندا زۆرینەی هێنا، دەبێتە سەرۆك كۆمار. -مادەی 72 لە دەستوری عێراق تەئكید لە بەردەوامی سەرۆك كۆمار دەكات لەسەر كارەكەی، تا دوای تەواوبونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ‌ و كۆبونەوەی، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت. سەرۆك وەزیران لە مادەی 72ی دەستوری عێراقدا هاتووە: یەكەم: سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان ڕادەسپێرێ بۆ پێكهێانی كابینەی نوێی حكومەت، لە ماوەی 15 ڕۆژ و لە كاتی هەڵبژاردنیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. 2-سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدا، لە كاتی ڕاسپاردنیەوە، ئەندامانی كابینەكەی دیاریبكات. 3-لە كاتی شكستهێنانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەو ماوەیەی بۆی دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كابینەكەی، سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژدا كاندیدێكی تر ڕادەسپێرێ بۆ پێكهێانی حكومەت، بە هەمان شێوە كاندیدی دووەم پێویستە لەو وادەیەی لەبڕگەی دووەمی ئەم مادەیەدا بۆی دیاریكراوە كە 30 ڕۆژە، كابینەكەی پێكبهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ متمانە وەرگرتن.  نزیكترین سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت: هاوپەیمانی فەتح (هادی عامری) و هاوپەیمانی سائیرون (موقتەدا سەدر) و كورد (پارتی و یەكێتی) و وەتەنیە (ئەیاد عەلاوی) و ڕەوتی حیكمە(عەممار حەكیم) و ئیرادە و كەفائات و جیابووەكان لە ئیئتیلافی نەسر و میحوەری نیشتمانی (بەشێك لە سوننەكان)، حكومەتی داهاتوو پێكدێنن.  بەپێی ئەم سیناریۆیە بێت دەوڵەتی یاسا بە هەردوو باڵەكەی كە(حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكەن، لەگەڵ كۆمەلێك هێز لەناو كورد و سوننە لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەكرێنە دەرەوە. لەگەڵ ئەوەی هەندێك ئەم سیناریۆیە بە بەهێز و پێشبینیكراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە دەزانن، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، ئەستەمە حزبی دەعوە كە هەردوو باڵەكەی مالیكی و عەبادی لەخۆدەگرێ، بەجارێك لە پرۆسەی سیاسی بكرێتە دەرەوە، بەڕای ئەوان دەعوە پۆستی سەرۆك وەزیران لەدەستدەدات، بەڵام بەشێكی گرنگ دەبێت لە حكومەتی ئایندە.      عەباس موسەوی وتەبێژی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ بە "سۆمەرییە نیوز"ی وتووە، نیمچە ڕێككەوتنێك هەیە لەناو هاوپەیمانی (بنیاتنان) هاوپەیمانییەكەی (مالیكی و عامری)، كە فەتح لەگەڵ سائیرون و، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش لەگەڵ هاوپەیمانی نەسر جۆرێك لەكرانەوە ئەنجامبدەن بۆ پێكهێنانی كوتلەیەكی بەهێز و خۆڕاگر كە توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئاستنەگەكانی داهاتووی هەبێت دور لە كاندیدكردنی هیچ ناوێك. دوای پەیامەكەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەكان و  پشتیوانینەكردنی لە هیچ یەكێك لەو كاندیدانەی دەیانویست پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن و  پێشتر لە دەسەڵات بوون، هەموو ئەو كاندید و لایەنانەی  ڕكابەریی و ململانێی توندی یەكتریان دەكرد  بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بێهیوابوون، بەوەش ناكۆكی یەكەمی ناو ماڵی شیعە كۆتاییهات كە هاوكات بەربەستێكی گەورەی نەگەیشتنی لایەنەكانیش بوو بەڕێكەوتن، لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.   


(درەو میدیا): شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی رێكخستەكانی دەرەوەی یەكێتی لە وتارێكدا بەبێ‌ ئەوەی ناوی بهێنێت هێرشدەكاتە سەر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و دەڵێت لەگەڵ ئەوەدا نییە كەسێكی " بەرژەوەندیخواز و سپڵە" هیچ پۆستێكی یەكێتی وەربگرێت. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە وتارێكیدا بەناونیشانی " پرسیار و وەڵام" دەڵێت هێرۆخان لەمیانی سەردانیدا بۆ كەناڵی گەلی كوردستان  بۆچونی خۆی دەربارەی مەرجەكانی كاندیدی سەرۆك كۆمار راگەیاندووە،  حەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاوبكردایەتەوە بۆ دڵنیاكردنی جەماوەریی یەكێتی لە نەگۆڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە روونكردنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی. لە بەشێكی تری وتارەكەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەربارەی بۆچونی خۆی بەرامبەر كاندیدی سەرۆك كۆمار دەڵێت:" لە وەڵامی ئەوانەشدا چ لەئاستی سەركردایەتی و چ لەئاستی جەماوەر و دڵسۆزانی یەكێتی كە پرسیاری بۆچوونی من ئەكەن بەڕاشكاوی ئەڵێم بە هەموو شێوەیەك پشتیوان و هاوڕای دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەكێتیم و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیم كە كەسێكی (بەرژەوەندیخواز و سپڵە) دەرحەق بە یەكێتی واتە حزبی شەهیدان و ڕێبازەكەی مام كاندیدی هیچ پۆستێك بێت لەلایەن یەكێتیەوە نە لە عیراق و نە لە هەرێمیشدا و بە تایبەتیش كەسێك كە‌ هەوڵی پووچەڵكردنەوەی دەنگی كوردی لە قودسی كوردستان دابێت." دەقی وتارەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پرسیارو وەڵام… زۆر بوون ئەوانەی لە كاتی دەستپێكی بانگەشەی هەلبژاردندا لە دەروازەی ڕاپەڕین پرسیاری ئەوەیان‌ لێ ئەكردم كە ئایا دادە ڕای خۆی گۆڕیوە سەبارەت بە مەرجەكانی كاندیدی پۆستی سەروك كۆماری و ئایا بێدەنگی منیش لەو بارەیەوە لەبەر ئەوەیە كە چوومەتە ژێرباری ئەو پلانەی كە لە لایەن ناوەندی بڕیاڕەوە دارێژراوە؟؟؟ سەرەتا ئەمەوێت هەموو لایەك لەو راستیە ئاگادار بكەمەوە كە نە من و نە هیچ كەسێكیتر نوێنەری دادە نین و كەس مافی ئەوەی نیە كە بە ناوی دادەوە‌ قسە بكات..!!  هەر بۆیەش پێویستە كە وەڵامی ئەو پرسیارە لە زاری خودی دادەوە ببیسترێت و وەك هەمووشتان ئەزانن دەرگای دادە ھەمیشە كراوە و لەسەر پشت بووە و ئێستاش كراوە و لەسەرپشتە بۆ هەموو ئەوانەی كە بیانەوێت رای بزانن.. دوێنێ ئێوارە لە كاتی سەر‌دانی كردنمان بۆ كەناڵی گەلی كوردستان ستافی ئەو كەنالە ئازیزە هەمان پرسیاریان له ‌دادە كردو دادە وەڵامی دانەوە….. هەق وابوو گەلی كوردستان وەڵامەكەی دادەی سەبارەت بەو پرسە وەك خۆی بڵاو بكردایەتەوە بۆ دڵنیایی كردنی جەماوەری یەكێتی لە نەگوڕینی هەڵوێست و ئەو پەیامەی كە بە ڕوونكردنەوەیەكی پلان بۆ دارێژراو بووە هۆی نائومێدی هەموو دڵسۆزانی یەكێتی …!! لە وەڵامی ئەوانەشدا چ لەئاستی سەركردایەتی و چ لەئاستی جەماوەر و دڵسۆزانی یەكێتی كە پرسیاری بۆچوونی من ئەكەن بەڕاشكاوی ئەڵێم بە ھەموو شێوەیەك پشتیوان و ھاوڕای دڵسۆزان و خەمخۆرانی یەكێتیم و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەنیم كە كەسێكی (بەرژەوەندیخواز و سپڵە) دەرحەق بەیەكێتی واتە حزبی شەهیدان و ڕێبازەكەی مام كاندیدی ھیچ پۆستێك بێت لەلایەن یەكێتیەوە نە لە عیراق و نە لە هەرێمیشدا و بە تایبەتیش كەسێك كە‌ هەوڵی پووچەڵ كردنەوەی دەنگی كوردی لە قودسی كوردستان دابێت…. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ١٣-٩-٢٠١٨  


 (درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە بزوتنەوەی گۆڕان ناداتەوە و خۆی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە ئامادە كردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نشتیمانی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بدرێتەوە بە یەكێتی و لەبەرامبەردا پۆستە سیادییەكانی تری بەغداد بۆ پارتی بێت. لەوچوارچێوەیەدا، پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە خولی پێشوو درا بە بزوتنەوەی گۆڕان و ئارام شێخ محەمەد پۆستەكەی پڕكردەوە، ئەمجارە نادرێتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی پۆستەكە پڕدەكاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی (مەلا بەشیر حەداد)ی كاندید كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە یەكێكە لە كاندیدە دەرچووەكانی پارتی لە خولی نوێی پەرلەماندا. ئەمە لەكاتێكدایە تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەیە لە بەغداد و یوسف محەمەد كاندیدی دەرچووی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق چاوی لە وەرگرتنی ئەو پۆستەیە.  


(درەو میدیا): ناوی (4) كەسی نوێ وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كەوتە سەر زاری میدیاكانی عێراق. بەپێی هەواڵێك كە سایتی سۆمەریەنیوز لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، گفتوگۆكان بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بەردەوامن. سەرچاوەكە ئاشكرایكردووە" ژمارەیەك ناوی نوێ هەن كە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیازكراون، ئەو كەسانەش بریتین لە، عادل عەبدولمەهدی، محەمەد سالم غەبان، رائید فەهمی، عەبدولحسێن عەبتان، لەگەڵ دوو ناوی تر لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی". سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە دەكات، یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان كارێكی سەخت دەبێ، بەهۆی ئەوەی هەریەكەیان لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە تێبینییان لەسەرە، ئەمە سەرباری بوونی چەندین كاندیدی تر لە پشتی پەرەوە كە ناوەكانیان پێشنیازكراوە و هەمویان سەربە كوتلەی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەن. باسلەوەدەكات، یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران پێویستی بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی تر هەیە لەوانە، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە بۆ پێكهاتەی شیعەیە و دەدرێت بە رەوتی سەدر و دوو كاندیدی بۆ دانراوە و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت كورد كاندیدی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران یەكلابكاتەوە.  


(درەو میدیا): بەپێی بەڵگەنامەیەك كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات دەستی بە وتوێژكردووە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بە مەبەستی یەكگرتنەوە یاخود ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی. (درەو میدیا) دەقی نوسراوێكی نهێنی دەستەی دامەزرێنەران و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەستكەوتووە، كە تێیدا دان بەوەدا دەنێت هاوپەیمانی لە وتوێژدایە لەگەڵ یەكێتیدا. نوسراوەكە دوێنێ 12/9/2018 دەرچووە و ئاڕاستەی "هاودید"انی هاوپەیمانی كراوە و لەسەری نوسراوە "بۆ بڵاوكردنەوە نیە"، نوسراوەكە بە (6) خاڵ سیاسەتی ئێستا هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح رون دەكاتەوە، (درەو میدیا) دەقی ئەو (6) خاڵە وەكو خۆی بڵاودەكاتەوە: 1-    هاوپەیمانی وەك پێشتر ڕایگەیاندووە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناكەین بەهۆی كەموكورتی و كەلێنی زۆری تۆماری دەنگدەران و ناهاوسەنگی لە پێكهاتەی كۆمسیۆن و كەموكورتی یاسای هەڵبژاردن و كەلێنی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن، كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە دەركراوە، هەرچەندە هەموو ئامادەسازیەكانمان ئەنجامدابوو، بەڵام بەهۆی بەدەمەوەنەهاتنی كۆمسیۆن بۆ پێشنیارو تانە و ڕاپۆرتەكانی هاوپەیمانی، گەیشتینە بڕیاری بەشداری نەكردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨. 2-    ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانی بریتی نیە لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی كوردستان، بەڵكو بەشداری نەكردنە لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨، چونكە هەڵبژاردن بەیەكێك لە میكانیزمەكانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەزانین. 3-    سەبارەت بە ئەركی هاودیدان لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕۆژی دەنگدان، لە نزیكترین كاتدا ڕێنمایی نوێتان پێ ڕادەگەیەنین لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەدا هەڵسوكەوت و جموجۆڵی سیاسی خۆمان دیاریدەكەین 4-    لیژنەی تەشكیلات كۆی دەڤەر و دامەزراوەكانی پێكهێناوە و بەردەوامن لە پێكهێنانی تەواوی ئۆرگانەكانی هاوپەیمانی وەبەردەوام دەبین لە كاری خۆڕێكخستنەوەمان، بۆیە داوا لە هاودیدە بەڕێزەكانیشمان دەكەین بەردەوام بن لە پشتگیری نواندن و بەهێزكردنی ئۆرگانەكان و خەباتی جەماوەری. 5-    هاوپەیمانی وەك دیدگایەكی جێگیر باوەڕمان بە دیالۆگی نیشتمانی هەمەلایەنە هەیە و بەردەوامین لەسەر ئەم پرانسیپە لە گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە پێناو یەكخستنی هێزە كوردیەكان، و لەم بارەیەوە كۆمەڵێ ووتوێژ لەگەڵ یەكیتی نیشتمانی كوردستان لە ئارادایە بە ئاڕاستەی رێكەوتنیكی سیاسی نیوان هاوپەیمانی و یەكیتی.  6-    هیواخوازین پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی سەركەوتوانە ئەنجام بدرێت و هەڵمەتی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی دروستكردنی گرژی و كەلێنی زیاتر لە نێو ڕێزەكانی گەلی كوردستاندا.  


(درەو میدیا):     پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە و ئەو حزبەش سێ‌ كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو بارەیەوە وتی:"یەكێتی و پارتی لە دانوستانەكانیاندا لەسەر پۆستەكانی بەغدا رێككەوتون و بە گوێرەی رێككەوتنەكە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی دەبێت و پارتی چەند پۆستێكی سیادیی لە نێویشیاندا وەزارەت لە حكومەتی نوێی عێراق وەردەگرێت". ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریەنیوز" وتیشی:" ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئێستا تاوتوێی دیاریكردنی كەسێك دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و لە نێو كاندیدەكانیشدا محەمەد سابر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی چانسی زیاتری هەیە و دوای ئەویش فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئێستادێت." سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ چەند پرسێكی وەك ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و چەند پرسێكی تایبەت بە هەرێم تاوتوێدەكات.


(درەو میدیا): چوار حزبە ئۆپۆزسیۆنەكەی هەرێمی كوردستان " گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی" وەفدێكی هاوبەش بۆ بەغداد پێكدەهێنن و لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا ناچنە بەغداد. سەلیم شوشكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" رایگەیاند ئەو چوار حزبە بڕیاریانداوە جیا لە پارتی و یەكێتی وەفدێكی هاوبەش بۆ دانوستان رەوانەی بەغدا بكەن و جەختیشیدەكاتەوە كە جیاوازی ناكەن لە نێوان لایەنەكاندا و كامەیان مافی زیاتی بدات بە گەلی كوردستان بە گوێرەی دەستور پشتیوانی لێدەكەن. شوشكەیی راشیگەیاند یەكێتی و پارتی وەفدێكی تایبەتیان بۆ بەغداد پێكهێناوە و كۆمەڵی ئیسلامیی و یەكگرتووە و بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییش وەفێدی هاوبەشیان بۆ دانوستان دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق پێكهێناوە.


(درەو میدیا): ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستێكی باڵا كۆدەبنەوە، (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردنە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی قسەكردن دەبێت لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار، كە تائێستا یەكلانەكراوەتەوە. و یەكێتی سێ‌ كاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەیە و پارتیش بە مافی خۆی دەزانێت. ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە كە یەكێتی سێ‌ كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە بریتین لە فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری ئێستا و مەلابەختیار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و محەمەد سابیر ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان فشارەكانی لەسەر لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی توندكردوەتەوە و داوادەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە (30) ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، دوابخرێت بۆ كاتێكی تر. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی: ئەمریكییەكان دەڵێن لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بەر لەوەی هەڵبژاردن بكەن، دەبێت بچن بۆ بەغداد و كێشەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق چارەسەربكەن. رۆژی سێشەممە، برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە "داعش" لە هەرێمی كوردستان بوو، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبوەوە، راگەیەندراوی سەرۆكی حكومەت ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەكەدا باسی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە و مەكگۆرك پشتیوانی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەكاتی خۆیدا نیشانداوە". فشارەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە كە ماوەی (3) رۆژە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە. هاوشێوەی ساڵی 2010، پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دووچاری كێشە بووە، لایەنە شیعەكان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا، ئەمریكییەكان دەیانەوێت جارێكی تر كورد رۆڵی رێكخستنەوەی دۆخی سیاسی عێراق بگێڕێت. دواخستنی هەڵبژاردن تەنیا خواستی ئەمریكییەكان نییە، پێشتریش باس لەوەكرا ئێرانییەكانیش خوازیاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانن و هەوڵیانداوە لەڕێگەی یەكێتی نیشتمانییەوە ئەو پەیامە بە هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بگەیەنن. جگە لە لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش خواستێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن هەیە، بزوتنەوەی گۆڕان یەكێكە لەو لایەنانەی بە ئاشكرا خواستنی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن راگەیاند بەپاساوی "نەگونجانی كەشوهەوای هەڵبژاردن"، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان پرۆسەی هەڵبژاردنیان بایكۆت كردووە، باڵێكی یەكێتی نیشتمانیش پشتیوانی دواخستنی هەڵبژاردن دەكات.  دۆخی سیاسی ئێستا هەرێمی كوردستان تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەی رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە كە 25ی ئەیلولی 2017 بەڕێوەچوو، كە دواین ساتەكانی بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی هەبوو بۆ دواخستنی. هاوشێوەی پرۆسەی ریفراندۆم، بڕیاری كۆتایی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەلەبەرچاوگرتنی قسەكانی ئەمدواییەی پێناچێت بارزانی رێگە بە دواخستنی هەڵبژاردن بدات، هەروەك چۆن ریفراندۆمی دوانەخست.


(درەو میدیا): چەند ئەندامێكی كۆماریی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پلاندادەنێن بۆ پەسەندكردنی یاسایەك بە ئامانجی " نەهێشتنی هەژمونی ئێران" لە عێراق، ئەوەش بەوتەی یاریدەرەێكی ئەندامی كۆنگرێس كە بۆ ئاژانسی رۆیتەرز قسەیكردووە. پرۆژە یاساكە كە رۆیتەرز دەڵێت كۆپییەكی بینیوە، سەپاندنی سزا بەسەر ئەو میلیشیا عێراقییانە لەخۆدەگرێت، كە ئێران كۆنترۆڵی كردون، هەروەها داواش لە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کراوە لیستی ناوی ئەو میلیشیایانە بڵاوبكاتەوە كە كۆمەك و هاوكاری لە سوپای پاسدارانی ئێران وەردەگرن. پرۆژە یاساكە ناوی " یاسای سزادانی ئەو كەسانەی كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن" ەو لەلایەن دەیڤید پیردۆ , تێد كروز و ماركۆ رۆبیۆ ئەندامانی كۆماریی ئەنجومەنی پیرانەوە ئیمزاكراوە و هاوكات یاسایەكی هاوشێوەش لە ئەنجومەنی نوێنەران بە پشتیوانی ئەندامی كۆماری تید بۆ پێشكەشكراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێك دەربارەی وادەی تاوتوێكردنی ئەو یاسایە لەلایەن لیژنەكانی كۆنگرێسەوە نەدراوە. رۆژی سێشەمممەش كۆشكی سپی رایگەیانج ویلایەتە یەكگرتووەكان بەتوندی و یەكلاكەرەوە وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە كە لەلایەن هاوپەیمانەكانی ئێرانەوە بكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق. پێنجشەممەی رابردوو، بە هاوەن و موشەك  هێرشكرایە سەر ناوچەی سەوزی شاری بەغداد كە بارەگاكانی حكومەت و باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی بیانی و ئەمریكای تێدایە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand