"پەڕەسێلكە".. ژنە سیخوڕەكانی ئیتڵاعاتی ئێران
2019-06-04 19:47:36
(درەو میدیا):
محەمەد عەلی نەجەفی، سەرۆكی پێشووی شارەوانی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێرانو كەسایەتی نزیك لە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، چیتر نەیتوانی لەگەڵ هاوسەری دووەمیدا ( میترا ئیستاد) دا بژیو لە نێو ماڵەكەیاندا پێنج فیشەكی ئاراستەكردو كوشتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێگەی نەداوە نەجەفی پەیوەندی لەگەڵ هاوسەری پێشوویی و منداڵەكانیدا هەبێت.
نەجەفی ( 67) ساڵ، میترای تەمەن 35 ساڵانی لە حەوزی گەرماوەكەی ماڵەكەیاندا خەڵتانی خوێن كردو پاشان روویكردە بنەكەی پۆلیس و دانی بە تاوانەكەیدا نا.
دیمەنی دانپێدانانی ئاشكرای نەجەفی لە بنكەی پۆلیس كە تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویكردەوە زۆر نامۆ بوو، لەبری ئەوەی نەجەفی دەستبەسەربكرێت، زۆر بە ئاسودەیی لەسەر كورسییەك دانیشتبوو چایی دەخواردەوە، دوای سڵاوكردن لە ئەفسەری پۆلیس.
نەجەفی لەبەردەم پۆلیسدا رایگەیاند گومانی لە ژنەكەی هەبووە كە لەناو گروپی " پەرستوها" یان " پەڕەسێلكە"كانی هەواڵگری ئێراندا بێتو سیخوڕی بەسەرەوە كردووەو زانیاری داوەتە دەزگای هەواڵگریی، بەڵام زۆر بەخێرایی دەزگای هەواڵگری ئێران " ئیتڵاعات" ئەو تۆمەتانەی نەجەفی رەتكردەوە.
"پەرەسێلكە" باڵندەیەكی وشكانی بەناوبانگە، بەڵاك لە ئەدەبیاتی سیاسەتی ناوخۆی ئێراندا چەمكێكی تری وەرگرتووەو جارجار لە ناوخۆی ئێراندا باسی لێدەكرێتو دواهەمینیشیان لەسەر زمانی نەجەفییەوە بوو.
" پەڕەسێلكە" ناوێکە ئێرانییەكان بەو ژنانەی دەڵێن كە كار بۆ دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران دەكەنو سیخوڕی بەسەر كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانو كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكانو بگرە دیپلۆماتكارانی دەرەوەش دەكەن، ئەوەش لە رێگەی نزیكبوونەوە لێیانو بەستنی پەیوەندیی لەگەڵیاندا.
لە چەند رۆژی رابردوشدا، محەمەد سەرفراز، سەرۆكی پێشووی دەستەی رادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند رژێمی ئێران لە رابردوودا پەڕسێلكەكەیان بەناوی " م. أ" بۆ رەوانەكردووە، بەڵام دواتر رایگەیاند كە مەبەستی میترا ئیستاد نەبووە.
جگە لە خودی نەجەفی، چەند سیاسەتمەدارێكی باڵی ریفۆرمخوازەكانی ئێران لەسەرو هەموشیانەوە عەلی موتتەهری جێگری سەرۆكی پەرلەمان رایانگەیاند كە هاوسەرە كوژراوەكەی نەجەفی سەر بە پەڕەسێلكەكانی ئیتڵاعات بووە.
موتتەهری لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی تۆمەتباركرد بە ناردنی پەڕەسێلكە بۆ سیاسەتمەدارە ئۆپۆزسیۆنەكان، بۆئەوەی وێنەو گرتەیی ڤیدیۆییان تۆماربكەن بەئامانجی دەمكوتكردن و دوورخستنەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی.
لە بەرامبەر لێدوانەكانی نەجەفیو كەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەكانی باڵی ریفۆرمخوازان ، غوڵام حسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانو برایەكی میترا رەتیانكردەوە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هاوسەرەكەی نەجەفیو دەزگا ئەمنییەكاندا هەبێت.
لێكۆڵینەوە لە كوشتنی میترا زۆر بەخێرایی تەواوبوو بەجۆرێك كە ئیبراهیم ئیبراهیم پەرلەمانتاری تارانی پایتەخت، داوای لە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران كرد پەلە نەكەن لەو كەیسەدا، بەڵام هەرزوو تۆمەتی كوشتنی بەئەنقەستو هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت ئاراستەی نەجەفی كرا.
بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو، چەندین سیاسەتمەدارتی ئێران پەراوێزخراونو لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخراوەنەتەوە، لەوانەش حسێن موسەوی تەورێزی، عەبدولمەجید مەعادی حەوا، عەتائوڵا موهاجرانی، عەلی جەننەتی، ئەوەش دوای ئاشكرابوونی پەیوەندییان لەگەڵ ژناندا كە پێدەچێت سەر بە گروپی پەڕەسێلكەكان بوبن بە گوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی رۆژنامەی " ئینساف نیوز".
محەمەد عەلی نەجەفی لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا لە بنكەی پۆلیس
مێژووی پەڕەسێلكە
ژنە پەڕەسێلكەكان شێوازێكی نوێی خستنەداوو گرتنو دەمكوتكردن نییە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دایهێنابێت، بەڵكو لەسەردەمی رژێمی پاشایەتیدا دەزگای پۆلیسی نهێنی" ساواك"ئەو شێوازەی بەكارهێناوە، وەك مێژونوسی ئێرانی عیرفان قانعی فەرد لە كتێبی" در دامگە حادپە" دا ئاماژەی پێداوە.
قانعی فەرد لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات كە چۆن دەزگای ساواك ژنانی بەكارهێناوە بۆ تێوەگلاندنی پیاوانی ئایینی لەوانەش محەمەد تەقی فەلسەفیی، جەعفەر شجونی، مەحمود قومییو محەمەد سادق لواسانی.
جەعفەر شجونی لە چاوپێكەوتنێكیدا پێش كۆچی دوایی رایگەیاندووە كە چەندین گرتەی ڤیدیۆییو فۆتۆ هەیە كە پەیوەندی نێوان پیاوانی ئاینی ئێرانو ژنان ئاشكرادەكەنو هەندێكیان دزەیان پێكراوەو بڵاوكراونەتەوە.
ساڵی 1979و دوای بەرپابوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا دەزگای نوێی هەواڵگری ئێران" ئیتڵاعات" بەردەوام بو لەسەر هەمان ئەو شێوازی كاركردنەی ساواكو چەندین بەڵگە بڵاوكراونەوە كە ژنان بۆ سیخوڕیكردن بەسەر سیاسەتمەدارانەوە بەكارهێنراون لەوكاتەی كە عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتڵاعات بووە.
رۆژنامەی " ئیسناف نیوز"ی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی ئێران ساڵی رابردوو زنجیرەیەك راپۆرتی بڵاوكردەوە لەسەر بەكارهێنانی ژنان لەمیانی جەنگی ئێران- عێراقدا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بۆ تێوەگلاندنی چەند سیاسییەك لەناوخۆی ئێراندا.
رۆژنامەكە رایگەیاندووە ئەو ژنانە لەلایەن ئیتڵاعاتەوە بە " پەڕەسێلكە" ناودەبرێتو هاوكاتن چەند چاوپێكەوتنێكیشی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵا بڵاوكردەوە كە جەختدەكەنەوە لەوەی بوونەتە قوربانیو بوون بە داوی پەڕەسێلكەكانەوە.
لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەكە عەبدوڵا ناسری پەرلەمانتاری ریفۆرمخواز رایگەیاندووە ناتوانێت بەكارهێنانی ژنان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە رەتبكاتەوەو ئاماژەبەوەشدەدات كە بەشێك لەو ژنانەی ئەو كارەیان لەلایەن ئیتڵاعاتەوە پێ دەسپێردرێت، ئەوانەن كە لە جەنگی ئێران- عێراقدا هاوسەرەكانیان لەدەستداوە.
سەرچاوە: سایتی كەناڵی ئەلحوڕە