پارتی: یەكێتی ئیلتیزامیان بە رێككەوتنەكەوە نەكرد
2019-06-02 07:56:23
درەو میدیا:
پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی ئەو رێككەوتنەی بڵاوكردەوە كە لە 4/3/2019 لە نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا واژووكراوە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە" بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە هەڵبژارددنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەداو داوای كرد پارتی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێرێتو لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشە لەنێوان هەردوولا دروستبوو"
وتەبێژەكەی پارتی دەڵێت "بۆیە بڕیارماندا دەقی رێككەوتننامە سیاسیەكەی نێوانمان وپاشكۆی ئەو رێككەوتنەش بۆ خەڵكی كوردستان وەكو خۆی بڵاوبكەینەوە و بیانكەین بە حەكەم بۆ بڕیاردان كە كام لایەن لە رێككەوتنەكە لایداوە"
پارتی دەقی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بڵاوكردەوە
(درەو میدیا):
میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەقی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان پارتیو یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، لەگەڵ دەقی رێككەوتنەكەدا، پەیامێكی وتەبێژی پارتیش بڵاوكرایەوە لەبارەی هۆكاری ئاشكراكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بۆ رایگشتی.
بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگی بە هەڵبژارددنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم نەداو داوای كرد پارتی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێرێتو لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كێشە لەنێوان هەردوولا دروستبوو.
دەقی رونكردنەوەكەی وەتەبێژی پارتی:
دوابەدوای ئەو هەڵوێستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە رێكەوتی ٢٨ی ٥ی ٢٠١٩ نواندی سەبارەت بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان و دەنگنەدانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و هێنانەوەی هەندێ بیانووی دور لە راستی سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی ناوەرۆكی رێككەوتنەكان و بەتایبەتیش پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركوك بە دانانی پارێزگاریشەوە، كە بە رێككەوتنێكی واژۆكراو دیاریكراوە كە هەردوو بەڕێزان سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت رەسوڵ ھەردووكیان پێكەوە ئەم ئەركە دەگرنە ئەستۆ بەمەبەستی چارەسەری.
بەڵام مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نە ئیلتزامیان بەو رێككەوتنە كرد كە لەلایەن بەڕێزان هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی و كاك كۆسرەت رەسوڵ لە رێكەوتی ٤ی ٣ی ٢٠١٩ لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ئیمزاكرا و، نە بە كاتەكەیەوە كە هاوتەریبە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی ھەرێم نەك ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم، نە لە دەسەڵات پێدانی هەردوو بەڕێزان بۆ چارەسەری كێشەی پارێزگای كەركوك بە پارێزگاریشەوە و نە ئیلتیزامیشیان بە رێككەوتنی ھەردوو بەڕێزان لەسەر كاك فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی یەكێتی نیشتمانی و ئەندامی دامەزرێنەری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، كرد.
بۆیە بڕیارماندا دەقی رێككەوتننامە سیاسیەكەی نێوانمان وپاشكۆی ئەو رێككەوتنەش بۆ خەڵكی كوردستان وەكو خۆی بڵاوبكەینەوە و بیانكەین بە حەكەم بۆ بڕیاردان كە كام لایەن لە رێككەوتنەكە لایداوە..
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان