Draw Media

ئێران داوای رێككەوتن لە سعودیە دەكات

ئێران داوای رێككەوتن لە سعودیە دەكات

2019-06-02 15:14:09


(درەو میدیا):
بەرهەم ساڵح پەیامێكی ئێران بۆ سعودیە دەگوازێتەوە، ئێرانییەكان لەڕێگەی عێراقەوە دەیانەوێت پەیماننامەیەك لەگەڵ وڵاتانی كەنداو ئیمزا بكەن.
سەعد عەبدولوەهاب جەواد قندیل باڵیۆزی عێراق لە تاران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (خبرگزاری دانشجویان ایران) كە بە "ئیسنا" ناسراوە، ئاشكرایكرد، بڕیارە حكومەتی عێراق پەیامێكی حكومەتی تاران بگوازێتەوە بۆ بەرپرسانی سعودیە‌و ئیمارات‌و بەحرەین.
باڵیۆزەكەی عێراق باسلەوەدەكات، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەسەردانەكەی ئەمدوایەیدا بۆ سعودیە لەوبارەیەوە ئامادەكاری كردووە‌و ناوەڕۆكی نامەكە تایبەتە بە ئیمزاكردنی پەیماننامەیەك لەنێوان وڵاتانی كەنداو كە دەستدرێژی نەكەنەسەر یەكتری.
بەپێی قسەی باڵیۆزەكە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەردانەكەی ئەمدواییەی بۆ عێراق بیرۆكەی ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیەی لەنێوان ئێران‌و وڵاتانی كەنداو خستوەتەڕوو، بەرپرسانی عێراقی پێشوازییان لە بیرۆكەكە كردووە‌و ئامادەیی خۆیان نیشانداوە ئەو پێشنیازە بگەیەننە وڵاتانی كەنداو، بەتایبەتیش سعودیە‌و ئیمارات كە پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا نییە.
دوای گەڕانەوەی لە بەشدایكردن لە كۆبونەوەی لوتكەی وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە دوو كۆبونەوەی جیاوازدا لە بەغداد، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران‌و ئەمریكا كۆبووەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand