Draw Media

ژنێكی سۆسیال دیموكرات دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیرانی دانمارك

ژنێكی سۆسیال دیموكرات دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیرانی دانمارك

2019-06-06 14:10:28


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
سوسیال دیموكراتەكانی دانمارك زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان بەدەستهێنا‌و میتی فریدیركسین( 41 ساڵ) سەرۆكی ئەو پارتە دەبێتە گەنجترین سەرۆك وەزیران لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.
لە هەڵبژاردنەكەدا كوتلەی سۆسیال دیموكراتەكان لە كۆی 179 كورسی پەرلەمانی دانمارك 91 كورسییان بەدەستهێنا‌و لاس لوكی راسمۆسن، سەرۆك وەزیرانی لیبراڵی ئێستای دانمارك شكستهێنانی خۆی‌و حزبەكەی راگەیاندو لە لێدوانێكیدا بۆ لایەنگرانی وتی:" هەڵبژاردنێكی نوێمان بینی، بەڵام حكومەت دەگۆڕدرێت".


كەشوهەوا، كۆچ‌و بودجەی تەرخانكراو بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی، لەو پرسانە بوون كە باڵیان كێشابوو بەسەر هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەو وڵاتەدا.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی دانماركدا پارتی گەل كە پارەتێكی راستڕەوی توندڕەوە پشتیوانی جەماوەریی لەدەستدا, لە 20 ساڵی رابردوودا ئەو پارتە پشتیوانی لە حكومەتە یەك بەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتەی كردوە لەبەرامبەر گرتنەبەری سیاسەتی توند دەربارەی كۆچ‌و كۆچبەران.
كەمبونەوەی جەماوەر‌و دەنگی پارتی گەل بۆئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتە گەورەكانی تری دانمارك وەك پارتی سۆسیال دیموكرات پشتیوانی خۆیان بۆ توندتركردنی رێوشوێنەكانی دژ بە كۆچبەران پەیڕوكرد، بەوەش ئاستی جەماوەرێتی پارتی گەل دابەزی.
بەم ئەنجامی هەڵبژاردنە, دانمارك دەبێتە سێیەمین وڵاتی ئەسكەندناڤیا دوای سویدو فینلەندا كە لەماوەی یەك ساڵدا دەنگ بۆ حكومەتێكی چەپڕەو دەدەن.
حزبە گەورەكان
حزبە گەورەكانی دانمارك بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەرەی سور كە هێمایە بۆ چەپەكان‌و بەرەی شین كە هێمایە بۆ راستڕەوەكان.
بەرەی سور لە پێنج حزب پێكدێت كە پارتی سۆسیال دیموكرات سەرۆكایەتی دەكات‌و چوار ساڵی رابردوو ئۆپۆزسیۆن بووەو لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵینیدا بە زیادكردنی خەرجی گشتی‌و زیادكردنی باج لەسەر كۆمپانیا‌و دەوڵەمەندەكان‌و چاكسازیی لە سیستمی موچە‌و خانەنشینیدا بە جۆرێك هەر كەسێك 40 ساڵ كاریكرد بتوانێت بەزوویی خانەنشین بكرێت.
پارتی لیبراڵی دانماركیش لە ساڵی 2015ەوە هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبی گەلی كۆنسێرڤاتیڤ‌و هاوپەیمانی لیبراڵی كردووەو حكومەتی پێكهێناوەو مانگی رابردووش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپادا بووە گەورەترین حزبی دانمارك لەو پەرلەمانەداو لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەڵێنیدا بە تەرخانكردنی بڕە پارەیەكی زیاتر بۆ چاودێری كۆمەڵایەتیو گرتنەبەری رێوشوێنی زۆر توند لە دژی كۆچبەران.

سەرچاوە: بی بی سی 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand