( درەو میدیا): زیاد لەسەرچاوەیەكی سیاسی، باس لە دەستپێشخەرییەكی نوێ دەكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، لەڕێی لێكنزیكردنەوەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و سەركردەكانی بەرەی بەرامبەر بەتایبەتی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر و عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، بە مەبەستی پاڵدانی عامری بە هاوپەیمانێتیەكەیان و پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەراوێزخستنی نوری مالیكی لە دیمەنی سیاسی داهاتوو وەك مەرجێكی سەرەكی سەدر. سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا بە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)ی، وتووە، ئەو دەستپێشخەرییە تازەیە چەند لایەنێك سەرپەرشتی دەكەن بۆ ڕاكێشانی ڕێكخراوی بەدر و چەند پەرلەمانتارێك لە لیستی فەتح بۆ سەربازگەی (سەدر-عەبادی) لەپێناو پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش دوای ئەوەی عامری گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە پێكهێنانی هەر حكومەتێك بەبێ سەدرییەكان ناتوانێت بەرگەبگرێت. لای خۆیەوە، عەبدوڵا زەیدی سەركردە لە كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان)، بونی هەر گفتوگۆیەكی لابەلای لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دوور لە هاوپەیمانێتیەكەیان ڕەتكردوەتەوە و ڕاشیگەیاندووە، هەر گفتوگۆیەك ئەنجامبدرێت لە چوارچێوەی كوتلەی گەورەدایە نەك لە دەرەوەی. زەیدی لە لێدوانێكدا بۆ سۆمەرییە نیوز تەئكیدیكردووە، هەندێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هەواڵی ناڕاست لەبارەی بوونی گفتوگۆی لابەلا لەنێوان سائیرون و فەتح بڵاودەكەنەوە بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، دوور لە كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان) كە بەمدواییە پێكیانهێناوە. ڕاشیگەیاندوە، گفتوگۆی سەركردە سیاسییەكان بەردەوامدەبێ و كوتلەكەشیان كراوەیە بەڕووی هەمواندا لەسەر بنەمای پرۆژەی زۆرینەی نیشتمانی و پێشیانوایە، بونی فەتح لە چوارچێوەی بڕیاری سیاسییدا كارێكی پێویستە بۆ سەقامگیری حكومەت و سەركەوتنی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دابینكردنی داواكارییەكانی جەماوەر. ڕێككەوتنی دوو بەرە شیعییەكەیە تاكە چارەسەرە مەنسور بعێجی، سەركردە لە(ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا) ڕایگەیاندووە، هەوڵی چڕ هەیە بۆ دروستكردنی سازان لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیممانێتی بەرامبەر كە سەدر و نەسر لەخۆدەگرێت، ئەو پەرلەمانتارە باسی لە دەركەوتنی ئاماژەی ئیجابی كردووە و وتوشەیەتی هەوڵەكان بەردەوامن بۆ لێكنزیبوونەوە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە كوردەكان ئیستیغلالی دابەشبونی ناوماڵی شیعە و قەیرانی سیاسیانكردووە و داواكاری زۆریان هەیە و مەرجی زۆر دەسەپێنن. بڕواشی وایە، لە كۆتاییدا حكومەتی پشكێنە پێكدێت، چونكە بەبێ نزیكبونەوە و ڕێككەوتنی هەردوو بەرەكە، حكومەت دروستنابێت و هەر لایەنێكیش پێكیبهێنێت بەرگەی 6 مانگ ناگرێت. یان كۆبیچ لە تارانە و پێكهێنانی حكومەت تاتوێدەكات بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لە كاتێكدایە، یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئێوارەی دوێنێوە بەسەردانێك گەیشوەتە تاران بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران. ئاژانسی "ئیرنا" ی ئێرانی لەبارەی سەردانەكەوە بڵاویكردوەتەوە، (ئەمیر عەبدولئیلاهیان) یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی لە تاران پێشوازی لە یان كۆبیچ كردووە و پێكەوە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوویان تاوتوێكردووە. بڵاوبونەوەی دەنگۆی هەوڵێكی نوێ بۆ لێككنزیكردنەوەی عامری و سەدر لە كاتێكدایە، پێشتر عەلی سنێد ئەندامی ئیئتیلافی نەسر ئاماژەی بەوەكردبوو، ئیئتیلافەكەیان و هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح سەرقاڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین و ئەندامەكانی فەتح ئامادەییان پێشانداوە بچنە پاڵ هاوپەیمانێتییەكەیان. ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی (فەتح)یش، لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: هاوپەیمانێتییەكەیان یەكێك لە توندوتۆڵترین هاوپەیمانێتییەكان و هیچ ئەندامێكیشیان ئامادەیی خۆی پێشیان نەداوە بچێتە كوتلەكەی بەرامبەریان، ئەو هەوڵانەشی ڕەتكردەوە كەباس لە بوونی هەر حاڵەتێكی لەو شێوەیە دەكات.
(درەو میدیا): دەسەڵاتدارتی ئێران گرەو لەسەر ماندووكردن و ترساندنی واشنتۆن دەكەن، بەتایبەت لە مەسەلەی لێكەوتە خراپەكانی تێكچونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق لەسەر بەرژوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەش بەگشتی. ئێرانییەكان پێیانوایە مەسەلەی كات و مانەوەی دۆخی عێراق بەمشێوەیە و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت لە قازانجی ئەوان و زیانی ئەمریكایە، یان لانی كەم مانەوەی دۆخەكەیان وەك ئەوەی ئێستا بەلاوە باشترە لەوەی حكومەتێك پێكبێت كە بەتەواوی لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی تاران دەربچێت و لەبری هاوكاریكردن، ببێتە بەشێك لەو فشارو ئابڵوقەیەی كە ئابوری ئەو وڵاتەی لە لێواری داڕمان نزیككردوەتەوە. بەڕای زۆرێك لە چاودێران، ڕاگرتنی هێزە كوردییەكان لەم نێوەندەدا و پاڵنەدانیان بەلای هیچ یەكێك لە دوو بەرە شیعییە دژبەیەكەكەوە، تەكتیكێكی سیاسی تەواو ئێرانییە و دەسەڵاتدارنی ئەو وڵاتە لەڕێی هێشتنەوەی (یەكێتی و پارتی) بە بێلایەنی لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا توانیویانە بەربەستی جدی بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا دروستبكەن، كە خوازیاری پێكهێنانی حكومەتێكی دڵخوازی خۆیەتی لە عێراق و بۆ ئەوەش زیاد لە جارێك داوای لە كورد كردووە بچنە پاڵ بەرەكەی عەبادی. ئێران جگە لەوەی هەژمونێكی بەهێزی هەیە بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە، كە بە دۆستێكی نزیك و تەقلیدی ئێرانییەكان ناسراوە و كاریگەری دیاریشی هەیە بەسەر بڕیارە سیاسییەكانی ئەو حزبەوە، لەدوای ١٦ی ئۆكتۆبەریشەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش چوەتە قۆناغێكی نوێ. بەوتەی هەندێك سەرچاوەی سیاسی ئاگادار، دوای شكستی ڕیفراندۆم و بێئومێدبوونی پارتی لە ئەمریكا ئەو حزبە بەلای ئێرانییەكاندا بایداوەتەوە، ئەوەش كارتە سیاسییەكانی دەست ئێرانی لە عێراق لەبەرامبەر بە ئەمریكا بەهێزكردووە و لەم قۆناغەدا لەڕێی ئەم دووبەرە جیاوازەوە، بەشێك لە (شیعە و كورد)، توانیویێتی ئاستەنگی گەورە بۆ خواستەكانی واشنتۆن لە عێراق دروستبكات. سولەیمانی پەیامەكەی گەیاندوەتە پارتی و یەكێتی بەپێی زانیارییەكانی "دەرەو میدیا" ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە و، لە شاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبوەتەوە و نیوەڕۆكەشی لە سەری رەش لەگەڵ مەسعود بارزانی نانی نیوەڕۆی خواردووە. سولەیمانی لە سەردانەكەیدا ئەو پەیامەی گەیاندوەتە یەكێتی و پارتی كە "بەهیچ شێوەیەك نەچنە هیچ بەرەیەكی كوتلەكانی شیعەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، چونكە ئەوە ناو ماڵی شیعەیە و رۆژێك هەر دەبێت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ئەوكات ئێوە بچنە هەر بەرەیەكەوە ئەوە دەبنە دوژمنی بەرەكەی تر، بۆیە پێویستە كورد بە بێلایەنی بمێنێتەوە". قاسمی سولەیمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو كە " هەریەك لەو كوتلانەی شیعە زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە ئەگەر كورد بچێتە بەرەیەكەوە لانی كەم ١٠٠ پەرلەمانتار دەبێتە دوژمن و نەیاریان، بۆیە نابێت ببنە بەشێك لەو ململانێیانە". بێلایەنی لە قازانجی كورد و ئێرانییەكان بەڕای بەشێك لە چاودێران، ئەو پەیامەی سولەیمانی لە چەند ڕوویەكەوە هەم لە بەرژوەندی كوردە و هەم ئێرانییەكانیش خۆیان، لەبارێكدا ئێرانییەكان لەڕێی یاریزانی كوردەوە ڕێگە لە ئەمریكییەكان دەگرن حكومەتێكی نزیك لە خۆیان لە عێراق پێكبهێنن، لەم بارەیاندا كورد هەم خۆی ناكات بە دوژمنی بەشێك لە شیعەكان و ئێرانیش پێكەوە، لەبارێكی تردا، كە پشتیوانی بەرەكەی نزیك لە ئێران ناكات، ئەمریكا و بەرەی سەدر- عەبادیش ناكات بە دوژمنی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاوكێشەیەكی سیاسی تر هەیە كە ئێرانییەكان و كوردیش بەباشی خوێندویانەتەوە، ئەویش ئەوەیە، ئەگەر حكومەتی تاران لەڕێی كوردەوە زۆرینەیەكی سیاسی لە عێراق لەبەرەكەی (مالیكی - عامری) دروستبكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوا هەردووكیان پێكەوە خۆیان دەخەنە بەر ڕق و توڕەیی ئەمریكا و ئەو حكومەتەشی پێكدێت، لەژێر ڕەحم و توڕەیی شەقامدا دەبێت كە سەدرییەكان قسەی یەكلاكەرەوەیان هەیە تێیدا.
(درەو میدیا): لەدوای موسڵ، ماوەیەكە ناوی بەسرە كەوتوەتە سەر زاری رۆژنامەكان لە جیهان وەكو ناوچەیەكی پڕ كێشمەكێش، هەندێك زانیاری بە ژمارە لەبارەی پارێزگای بەسرەوە: • لە رۆژی 11ی مانگی تەموزی رابردووەوە شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەم پارێزگایە دەستیپێكردووە. • سەرەتای خۆپشاندانەكان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بوو لەدژی كەمی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا. • مانگی ئابی رابردوو جارێكی تر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی پارێزگا. • ئێستا هەڵمەتێكی نیشتمانی لە زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكردووە بۆ پاڵپشتیكردنی خەڵك بەسرە لەڕێگەی ناردنی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵكی ئەو پارێزگایە. • ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە، (2 ملیۆن و 818 هەزارو 804) كەسە. • بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئاستی هەژاری لەم پارێزگایە گەیشتوەتە رێژەی 50%. • (ملیۆنێك و 500 هەزار) كەس لە كۆی دانیشتوانی پارێزگای بەسرە لەڕووی بژێوییەوە لە ئاستی خوار و هێڵی هەژارییەوەن. • ئەمە لەكاتێكدایە داهاتی مانگانەی پارێزگای بەسرە دەگاتە (7 ملیار دۆلار)ە كە بریتییە لە داهاتی هەناردەی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەندەرەكانەوە. • بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە تائێستا (5) خۆپیشاندەر كوژراون و (41) كەسی تر برینداربوون، لەبەرامبەردا (27) كەس لە هێزە ئەمنییەكان بەهۆی پێكدادان لەگەڵ خۆپیشاندەران برینداربوون. • ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دۆسیەی لێكۆڵینەوەی لەبارەی پەلاماردانی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستپێكردووە. • خۆپیشاندەران پەلاماری بینای پارێزگای بەسرەیان دا و سوتاندیان، بەپێی زانیارییەكان رێژەی 30%ی بینای پارێزگا بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەرانەوە زیانی بەركەوتووە. • دەنگوباس بڵاوبونەتەوە حكومەتی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی بەسرە بەنیازە هێڵی ئینتەرنێت لەو پارێزگایە رابگرێت، بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ئەو دەنگۆیەی رەتكردەوە.
( درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختدەكاتەوە لەسەر خێرا دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەیی خۆشی دەردەبڕێت بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەماندا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بەسرە. نوسینگەی راگەیاندنی عەبادی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت:" سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دكتۆر حەیدەر عەبادی جەختدەكاتەوە لەسەر بایەخی بەپەلە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و پەكنەخستنی و پابەندبوون بە وادە دەستورییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی لەسەرشانییەتی". هەروەها دەشڵێت:" سەرۆك وەزیران ئامادەی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەانی لەگەڵ وەزیرەكان و بەرپرسە پەیوەندیدارەكان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی بەسرە و پێداویستییەكانی پارێزگای بەسرەی خۆشەویست و گرتنبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی خەڵكەكەی و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بۆیان."
(درەو میدیا): موقتەدا سەدر، هەڕەشەی هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە دەكات كە "بەخەیاڵی كەسدا نەهاتبێت" دەشڵێت، كۆشكی گەندەڵكاران دەهەژێنن. سەدر لە وتەیەكیدا بۆ گەلی عێراق كە تایبەتە بەپێشهات و ڕوداوەكانی پارێزگای بەسرە، دەڵێت ئیتر ناتوانێت تەماشكاربێت و سەبری نەما سەبارەت بەو ستەمكاریی و دەستدرێژیانەی دەكرێتە سەر خۆپیشاندەرانی بەسرەو بەناحەق خوێنیان دەڕێژرێت.. موقتەدا سەدر، هەڕەشەی گرتنەبەری هەنگاوێكیش دەكات كە بەخەیاڵی كەسدا نەهاتبێت، دەشڵێت، كۆشكی گەندەڵكاران دەهەژێنن، داواش لەپەرلەمانی عێراق دەكات دەستبەجێ كۆببێتەوەو دەزگا پەیوەندارەكانی حكومەت بەدەم كێشەو گرفتەكانی هاوڵاتیانەوە بچن لەو پارێزگایە. سەدر داوا لە حزبەكان و میلیشیا چەكدارەكان و حەشدی شەعبی دەكات دەستوەردان نەكەن لە بەسرە، داواش لە هاوڵاتیانی عێراق دەكات هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری بۆ پارێزگای بەسرە دەستپێبكەن و ئامادەكاریش بكەن بۆ خۆپیشاندانێكی ئاشتیانە لەو پارێزگایە كە بە مزوانە كاتەكەی دیاردەكەن. دەقی وتەكەی موقتەدا سەدر بۆ گەلی عێراق: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان هیچی تر ناتوانم وەك تەماشاكەرێك بوەستم و سەبر و ئارامیم تەواو بوو.. بەرامبەر ئەوەی لە بەسرە روودەدات لە ستەم و دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران و هەتا كوشتنیان بە ناحەق و خراپی خزمەتگوزارییەكان، نە ئاو هەیە، نە كارەبا، نە كەرامەت ، لە چەند ساڵی دوورودرێژی حكومەتە یەكلەدوای یەكەكان جا لەسەردەمی دیكتاتۆری وێرانكەرەوە یان دوای رووخانی. ئێمە ئەو پشتگوخێستنە دەبینین لەلایەن هەندێك لە سیاسییەكانەوە بەرامبەر ئەوەی لەو پارێزگا كارەستبارە روودەدات، ئەوان سەرقاڵی پێكهێنانی " گەورەترین كوتلە" ن كە هەر وەك حكومەتەكان و هاوپەیمانێتییەكانی پێشوو دەبێت كە بە تایەفەگەری و گەندەڵی و ستەم سیمایان بوو. لە سۆنگەی ئەركی شەرعیی و مرۆیی و نیشتمانی و لەو وتەیەی كە دەڵێت " ئەوەی بایەخ بە كاروباری موسوڵمانان دەدات لەوان نییە"هەروەها وەك پەیڕەوكردنی رێبازی عەلی سەڵامی خوای لێبێت كە نەئەنوست هەتا لە كۆڵانەكانی ویلایەتەكەیدا برسییەك یان ستەملێكراوێك هەبێت لەبەرئەمانە وەك قۆناغی یەكەم ئەم چەند خاڵەتان بۆ دەخەمەڕوو كە تایبەتە بە پارێزگای بەسرەی ستەملێكراوەوە: خاڵی یەكەم: بانگهێشتكردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێ دەستبەجێ بۆ كۆبوونەوەیەكی ئاشكرا و نائایاسیی كە راستەوخۆ لەرێگەی كەناڵە رەسمییەكانەوە بگوازرێتەوە بۆئەوەی گەل ئاگاری سەرچاوەی كاروبارەكان بێت. ئەو كۆبوونەوەیە تا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت بە ئامادەبوونی هەریەك لە: یەكەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دووەم: وەزیری ناوخۆ سێیەم: وەزیری تەندروستی چوارەم: وەزیری سەرچاوەكانی ئاو پێنجەم: وەزیری نیشتەجێكردن و ئاوەدانكردنەوە و شارەوانییەكان شەشەم: وەزیری كارەبا حەوتەم: پارێزگاری بەسرە و یاریدەدەرەكانی هەشتەم : سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بۆ دانانی چارەسەری ریشەیی و خێرا و ئایندەیی.. ئەگەرنا لەسەر هەموان ئەوانەی كە لە سەرەوە ناویان هاتووە، دەستبەرداری پۆستەكانیان بن دەستبەجێ، ئەگەرچی خولەكەیان كۆتایی هاتووە. خاڵی دووەم: هەماهەنگیكردن لە رێگەی وەفدی رەسمییەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ لێكتێگەیشتن لەسەر چەند دۆسییەكی گرنگی خزمەتگوزاریی و زیادكردنی پشكی ئاو و ئەوانی تر بۆ بەسرە و هەموو پارێزگاكانی تر. خاڵی سێیەم: پاراستنی دامەزراوە حكومییەكان لە بەسرە.. بە تایبەتی بەندەر و فڕۆكەخانەكان لە دەستێوەردانی دەرەكی و ناڕەسمی. خاڵی چوارەم: كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بە دەستێوەردانە نارەسمییەكان لە پارێزگای بەسرە دەستەبەجێ ، بە تایبەتی دەستوەردانی حزبەكان و میلیشیاكان و بەڵكو حەشدی شەعبیی موجاهیدیش، ئەوەش بۆ پاراستنی ناوبانگی. ئەگەر دانیشتنەكەی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا كرا و ئەو خاڵانەی سەرەوە بەدیهات، ئەوا سەرتایەكی باشە و خاڵی دەستپێكی نوێی پەرلەمانی نوێ و كوتلەكانییەتی، و دەكرێت هاوكار و هەماهەنگیان لەگەڵد بكرێت... ئەگەرنا ئەوا هەڵوێستێكی توند و یەكلاكەرەوەمان دەبێت كە بە خەیاڵتاندا نەهاتووە و عەرشی گەندەڵكاران و ئەوانەی بەشبەشێنەی تایبەتی دەهێنێتە لەرزە، كە رێز لە خوێنی گەل و پاروی ژیان و كەرامەتیان ناگرن و وڵاتیان گەیاندووەتە هەڵدێر و ئیتر هەرگیز چاوپۆشی ناكەین چاوەڕوان بن.... خاڵی پێنجەم: داوادەكەین لەم ماوەیەدا هەڵمەتی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری لە هەموو پارێزگاكان بكرێت بۆ بەهاناوەچوونی بەسرەی كارەستبار. خاڵی شەشەم: داوادەكەین گردبونەوەیەكی ناڕەزایەتی لەگەڵ خەڵكی پارێزگای بەسرە و خۆپیشاندەرانی و شەهید و بریندارەكانی بكرێت، ئەوەش لەرێگەی خۆپیشاندانێكی " ئاشتیانە"ی توڕە و یەكگرتووەوە لە پارێزگای بەسرە ی موجاهید و لە وادەیەكی دیاریكراودا كە دواتر رادەگەیەنرێت. براتان موقتەدا محەمەد سەدر
( درەو میدیا): دوێنی سێشەممە قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و یاریزانی سەرەكی پرۆسەی سیاسی عێراق، لە هەرێمی كوردستان بوو. بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا " بەیانی سێشەممە سولەیمانی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی كۆبوەتەوە و نیوەڕۆكەشی لە سەری رەش لەگەڵ مەسعود بارزانی نانی نیوەڕۆی خواردووە. قاسمی سولەیمانی پەیامێكی داوەتە یەكێتی و پارتی ئەویش ئەوەبووە " بەهیچ شێوەیەك مەچنە هیچ بەرەیەكی كوتلەكانی شیعەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق ، چونكە ئەوە ناو ماڵی شیعەیە و رۆژێك هەر دەبێت پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و ئەوكات ئێوە بچنە هەر بەرەیەكەوە ئەوە دەبنە دوژمنی بەرەكەی تر، بۆیە پێویستە كورد بە بێلایەنی بمێنێتەوە" قاسمی سولەیمانی ئەوەشی خستوەتەڕوو كە " هەریەك لەو کوتلانەی شیعە زیاتر لە 100 پەرلەمانتاریان هەیە، بۆیە ئەگەر ئێوە بچنە بەرەیەكەوە لانی كەم 100 پەرلەمانتار دەبێتە دوژمن و نەیارتان بۆیە مەبنە بەشێك لەو ململانێیانە". ئەو پەیامەی قاسمی سولەیمانی ئەگەر لەلایەك وا لێكبدرێتەوە لە بەرژەوەندی كوردە لەلایەكیش بۆ ئەوەیە كە كورد نەچێتە بەرەی ئەمریكییەكانەوە و یاریەكە یەكلا نەكاتەوە، چونكە ئێستا كورد بەتایبەتیش یەكێتی و پارتی بچنە هەر بەرەیەكەوە ئەوا ئەو بەرەیە دەتوانێت نیسابی یاسایی تەواوبكات و حكومەت پێكبهێنرێت.
راپۆرتی: درەو میدیا ڤینیسیای خۆرهەڵات لە تینوێتيدا دەخنكێت پارێزگای بەسرە كە نازناوی " ڤینیسیای خۆرهەڵاتی" پێبەخشراوە، زۆرێك بەشادەمار و، هەندێكی تریش بە بۆری هەناسەدانی ئابوری عێراق وەسفیدەكەن، بێكەڵكی دەسەڵاتی سیاسی و بیرۆكراسییەتی دامەزراوە شكستخوارد و بێ چاودێرییەكانی، خەڵكی ئەو پارێزگایە و ملیۆنان هاوڵاتی لەمسەری عێراقەوە بۆ ئەوسەری، غەرقی هەژاری كردووە و ژیانی پڕكردوون لە نەبوونی و نەهامەتی. نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان، لە ئاو و كارەبا و هەلی كار و دابینكردنی لانی كەمی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هاوڵاتیان و لێپرسینەوە لە بەرپرسە ئیدارییە گەندەڵەكان و زۆرێك لە داواكارییە سەرەتاییەكانی تر، كە داواكاریی بنەڕەتی زۆرینەی خەڵكی عێراقیشە لە شار و شارۆچكە جیاوازەكان، هۆكاری تەقینەوەی ڕق و توڕەیی خەڵك و خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵكە لەو پارێزگایە كە وەك دەوترێت بۆ بەدەستهێنانی ئاوی خواردنەوە خوێن دەبەخشن. دەسەڵاتی ناوەندی ستەمیان لێدەكات زۆرێك لە هاوڵاتیانی بەسرە دەڵێن، بەدرێژایی چەندین ساڵانی ڕابردوو خەڵكی بەسرە زیاد لە دەسەڵاتێكی سیاسی مەركەزیان لە بەغدا تاقیكردەوە و سەرجەمیان شكستیانهێناوە لە ئیدارەدانێكی شایستە بەو پارێزگایە، بەقسەی خۆیان، دەمێكە هەست بەوە دەكەن كە حكومەتی ناوەندی عێراق ستەمیان لێدەكات، ئەوەش وایكردووە ئەو بڕوایەیان زیاتر لا تۆخبێتەوە كە چارەسەر تەنها بەدەستهێنان و فراوانكردنی زیاتری دەسەڵاتە ئیداری و ئابورییەكانە بۆئەوەی چیتر بۆ بنیاتنانی پڕۆژەیەكی خزمەتگوزرای پێویستیان بەگەڕانەوە نەبێت بۆ بەغداد، ئەم ناڕەزایەتی و هەستكردنە بە ستەم وایكردوە چەند جارێك ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە هەوڵی دروستبونی هەرێمێكی سەربەخۆ بدات ، بەڵام هەوڵەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە شكستیان پێهێنراوە. پایتەختی ئابوری عێراقی فەرامۆشكراو لەگەڵ ئەوەی بەسرییەكان لە دەوڵەمەنترین شارەكانی جیهاندا دەژین، برسێتی و هەژاری و بێكاری و نەبونی ئاوی خواردنەوە و خراپی خزمەتگوزرای تەندروستی و پەككەوتنی زۆرینەی كەرتەكانی تر، بەپاكوخاوێنی شارەكەشەوە، تەنگی پێهەڵچنیون، بەڵام لە داواكردنی مافەكانیاندا توانیویانە ببنە سەرمەشقی ناڕەزایەتییەكان و بەرجەستەكردنی وێنەی ڕاستەقینەی ئازارەكانی تەواوی خەڵكی عێراق و وێنەی ئازار و داواكارییەكانی خۆشیان لەیەككاتدا، بەڕوای زۆرێك لە چاودێران، ئەو پێگە گرنگەی بەسرە لە نەخشەی ئابوری و سیاسی عێراقدا هەیەتی هۆیەكی گرنگی گەورەیی دەنگدانەوەی ناڕەزایەتیەكانی ئەوشارەیە لەسەر ئاستی عێراق، كە مەترسی نەك هەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی لەبەغداد بگرە بۆ وڵاتانی ئیقلیمیشی دروستكردووە. بەسرە تاكە ڕێڕەوی ئاویی و گەورەترین سەبەتەی خێروبێری عێراقە كە بەپێی هەندێك ئامار سەرچاوەی زیاتر لە 85%ی كۆی داهاتەكەیەتی و بەپێی ئامارێكی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا تەنها لەڕێی ئەو پارێزگایەوە، حكومەتی عێراق بە بەهای 7ملیار و532 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتوە، ئەوەش بەو مانایەی دروستبونی هەر ئاڵۆزییەك تیایدا زیانی ئابوری گەورە بە حكومەتی عێراق دەگەیەنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك زۆرێك لە هاوڵاتیانی بەسرە دەڵێن، تائێستا هەر گوێیان لە بەڵێن بووە و كردار و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان نەبینیوە و ڕۆژانە بە بەرچاویانەوە ملیۆنان دۆلار لە داهاتی نەوت وغاز و گومرگ و داهاتی دامەزراوەكانی تر ڕەوانەی بەغداد دەكرێت و خەڵكەكەشی بۆ بچوكترین پێداویستیەكانی ژیان خۆپیشاندان دەكەن و ڕوبەڕوی توندوتیژی و خوێنڕشتن دەبنەوە. سامانی سروشتی و جوگرافیای بەسرە پارێزگای بەسرە خاوەنی سامانێكی گەورەی نەوتە، كە زیاتر لە نیوەی نەوتی عێراق لەخۆدەگرێت، لە كۆی 15 كێڵگەی نەوت ، 10 كێڵگەیان نەوتی تیادا بەرهەمدێت و5 كێڵگەشیان لە بواری پێشخستندایە. پارێزگای بەسرە دەكەوێتە دواین خاڵی باشوری عێراق، لە باشورییەوە هاوسنوری دەوڵەتی كوەیت و شانشینی عەرەبی سعودییە، لە خۆرهەڵاتیشەوە ئێران، بە سێیەم گەورەترین پارێزگای عێراق دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە كە بە نزیكەی 3 ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت، لە ڕووی ئابورییەوە تاكە ڕێڕەوی ئاویی عێراق و دەرگای سەرەكییەتی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت "هاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاوڵاتیانی شاری بەسرا ڕادەگەیەنین و هیوادارین ڕێز لە مافەكانیان بگیرێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكرێن كە لە ڕاستیدا ئەو داواكارییانە سادەترین مافە كە پێویستە هەر مرۆڤێك هەیبێت" ئەمە قسەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە. بارزانی ئەم قسانەی لە راگەیەندراوێكدا كرد كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە و لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی كاردانەوەی لێكەوتەوەو خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كرا. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەندێك كەس هەڵوێستی بارزانییان سەبارەت بە خۆپیشاندەرانی بەسرە بەراورد كرد بە هەڵوێستی ئەو لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی هەرێمی كوردستان. (درەو میدیا) بەراوردكارییەكی كورتی لەبارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێستای بەسرەو ناڕەزایەتییەكانی دوو ساڵی رابردووی هەرێمی كوردستان كردوەو داواكاریی هەردوولای بەراورد كردووە. بەراوردكارییەكی كورت ئەو شتانە چین كە خۆپیشاندەرانی بەسرە داوای دەكەن و مەسعود بارزانی پشتیوانیان لێدەكات و بە ڕەوایان دەزانێت، لەبەرامبەردا داواكاری خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان چی بوون بارزانی لە دژیان وەستایەوە. داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی بەسرە 1- دابینكردنی ئاوی خواردنەوە 2- دابینكردنی كارەبا 3- دابینكردنی هەلی كارو دامەزراندنی دەرچوانی زانكۆ 4- فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان 5- دادگاییكردنی بەرپرسە گەندەڵەكان 6- دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و دادگاییكردنیان داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی هەرێم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا شەپۆلێك خۆپیشاندان و ناڕەزایی زۆربەی شارەكانی كوردستانی گرتەوە، مەسعود بارزانی نەك پشتیوانی ئەو خۆپیشاندانانەی نەكرد، بەڵكو لە زۆربەی لێدوانەكانیشدا دژایەتی دەكرد، تەنانەت جارێكیان روی دەمی لە خۆپیشاندەران كرد و وتی:" بۆخۆتان هەڵپەڕن"، ئەو قسەیە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا لەم خاڵانەدا كورت دەبنەوە: 1- دابینكردنی موچە 2- چارەسەری كێشەی كارەبا 3- چارەسەری كێشەی ئاو 4- خزمەتگوزارییە گشتییەكان 5- لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حكومی 6- دەستگیركردنی بكوژانی خۆپیشاندانەكان و دادگاییكردنیان "سیاسەتی دووپێوانە" بەراوردكردنی داواكارییەكانی هەردوولا (خۆپیشاندەرانی بەسرە و هەرێمی كوردستان) دەردەكەوێت تاڕادەیەكی زۆر داواكارییەكان هاوشێوەن و پەیوەندییان بە پێداویستییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤەوە هەیە، بەڵام بارزانی لەگەڵ ئەم كەیسەدا بە دوو پێوەر مامەڵە دەكات، یان ئەوەی لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت "دووپێوانەیی" لە هەڵسەنگاندنی روداوەكاندا، رەنگە هەر ئەمەش هۆكارەكە بێت پشتیوانییەكەی بارزانی بۆ خۆپیشاندەرانی بەسرە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی دروستكرد، نەك ئەوەی خەڵكی كوردستان دژی خواستەكانی خەڵكی بەسرە بن، لەكاتێكدا ئەوان خۆیان چەندین ساڵە لەو دۆخەدا دەژین كە ئیستا خەڵكی بەسرە تێیدا دەژین. بارزانی و بەسرە ئەوەی جێگەی سەرنجە بارزانی لە راگەیەندراوەكەیدا پرسی رەوایەتی داخوازییەكانی خەڵكی بەسرەو پشتیوانیكردنی بەستوەتەوە بە روداوێكی مێژووییەوە كە روداوی گەڕانەوەی مەلا مستەفای بارزانیی باوكییەتی لە سۆڤیەتەوە بۆ عێراق لەدوای روخانی رژێمی پاشایەتییەوە، كە لە یەكەم وێستگەی گەڕانەوەیدا لە بەندەری بەسرە دابەزیوەو بەهۆی ئەوەی گەڕانەوەكەی لەسەر خواستنی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بووە، خەڵكی ئەو پارێزگایە پێشوازیان لێكردووە. مەسعود بارزانی لە راگەیەنراوەكەیدا بەمشێوەیە باسی ئەو پەیوەندییە دەكات لەنێوان بنەماڵەكەیان و خەڵكی بەسرەدا و دەڵێ:" ئێمە هەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵكی بەڕێزی شاری بەسرا لەیاد ناكەین كاتێك بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانی نەمر و یاوەرانی كرد كە لەبەر خەباتیان لەدژی ستەم و جیاكاری بۆ ساڵانێكی درێژ پەنایان بۆ یەكێتی سۆڤییەت بردبوو". بارزانی بە خستنەڕووی ئەم تێڕوانینە وا نیشان دەدات پشتیوانی ئەو بۆ خۆپیشاندانەكانی بەسرە هێندەی پەیوەندی بە روداوێكی مێژوویی و دۆستایەتی نێوان خێزانەكەی و خەڵكی ئەو ناوچەیەوە هەیە، هێندە پەیوەندی بە بیروباوەڕێكی بنەڕەتییەوە نیە كە خۆی دەبینێتەوە لە پشتیوانیكردنی داوای هەر مرۆڤێك لە هەر شوێنێكی جیهان كە پەیوەندی بە پێداویستی بنەڕەتی و ژیارییەوە هەبێت. دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەسرە لە چەند رۆژی رابردوودا "دەزگای خێرخوازی بارزانی" هاوكاری خزمەتگوزاری بەتایبەتیش ئاوی خواردنەوەی گەیاندە بەسرە، پێدەچێت ئەم هەنگاوەش لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی بووبێت. كۆمەكەكەی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەهەمان شێوەی پەیامەكەی ئەمڕۆی بارزانی كاردانەوەی دروستكرد، زۆر كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنەیان گرت، بەوپێیەی ئێستا زۆرێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیەو تۆڕەكانی ئاو خراپبوون. ئەمە لەكاتێكدایە بارزانی لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت" بە دڵنیاییەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ هاوڵاتیانی شاری بەسرا درێخی ناكەن". بەسیاسیيكردنی خۆپیشاندانەكان یەكێك لە كێشەكانی دیكەی راگەیەنراوەكەی بارزانی ئەوەیە كە بەم پشتیوانیكردنەی بەرگێكى سیاسی كردە بەری خۆپیشاندانەكانی عێراق، لانی كەم لای لایەنە سیاسییەكانی عێراق، ئەمە هەمان كێشەیە كە لەماوەی چەندین ساڵی رابردودا لە هەرێمی كوردستان روبەرووی بارزانی و دەسەڵاتەكەی بونەتەوەو هەمیشە دەستێكی سیاسی (دەرەكی یان ناوخۆیی) ئەگەر بونیشی نەبوبێت خستوەتە پشتی خۆپیشاندانەكان و ئەمەیان كردوەتە بەهانە بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران. چەندین راپۆرتى رۆژنامەوانیی هەن كە دەیسەلمێنن داواكارییەكانی خەڵكی بەسرە رەوان و دۆخی ژیان لەو ناوچەیە زۆر خراپە، بەڵام هێشتا چەندین راپۆرتی تر هەن كە باس لە دەستوەردانی سیاسی دەكەن لە خۆپیشاندانەكان، كە بەپێی زانیاری ئەو راپۆرتانە هەندێك لایەنی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی خزاونەتە ناو خۆپیشاندانەكان بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كە ئێستا هەنگاوی سەرەتای دەستیپێكردووە. پەیامەكەی بارزانی ئەگەر لای خەڵكی ئاسایی و خۆپیشاندەرانی بەسرە پەیامێكی پشتیوانی مرۆیی بێت، ئەوا بە دڵنیایی لای سیاسەتمەدارانی عێراق مانایەكی تری هەیە، رەنگە هەندێك ئەمە وەكو وەڵامدانەوەیەكی بارزانی تەماشا بكەن بۆ پشتیوانیەكانی پێشووی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان لەكاتی بڕینی موچەدا.
راپۆرتی: درەو میدیا پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێككەوت كۆبوونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان نەخستە دواین كۆبونەوەی لەگەڵ حزبەكان، ئەمە قسەی بەشێكە لە چاودێران، كە كۆمەڵێك خوێندنەوەیان هەیە بۆ ئەم بۆچونەیان، ڕایەكیان دەڵێت، پارتی دەزانێت گۆڕان پارسەنگی ئەو هێزانەیە كە بە ناڕازی ناویان دێت، بۆیە گرنگە بەلایەوە بگاتە ڕێككەوتن لەگەڵی بەتایبەت كە گۆڕان خواستێكی بەهێزی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. خوێندنەوەیەكی تریش پێیوایە، بەوپێیەی پارتی و گۆڕان ماوەیەكە سارد و سڕییە سیاسییەكانی ڕابردوویان تێپەڕاندووە، ئامادەكاریی زۆریان كردووە بۆ ئەم كۆبوونەوەیە تا لەسەر زیاد لە پرسێك، ئەگەر لەسەر كۆی پرسەكان نەبێت، بگەنە جۆرێك لە ڕێکكەوتن و لێكگەیشتن و كۆتاییهێنان بە كێشەكانی ڕابردوویان. بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا " كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ كە لە گردی زەرگەتە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچووە، هەردوولا كۆبوونەوەیان بە ئیجابی وەسفكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەر باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و دۆزینەوەی كەناڵی پەیوەندی جۆراوجۆر لەگەڵ پارتی كردووە بۆ هەماهەنگی و بەردەوامبوون. بە وتەی هەندێ سەرچاوە، ئیجابیبوونی ئەم پێداگرییەی گۆڕان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی، بایەخێكی زۆری بۆ پارتی هەیە، بەوپێیەی ڕزگاری دەبێت لە مامەڵكردنی لەگەڵ تاكە هێزێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) كە وەك بەشێ لە سەركردەكانی پارتی لە چەندین بۆنەی باسیان لەوەكردووە، گیرۆدەی دەستی، نادیاری بڕیاری سیاسی و فرە جەمسەری ئەو حزبە بوون. هەر بەگوێرەی زانیارییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا داوای لەپارتی كردووە بەهەر نرخێك بووە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، وەفدەكەی پارتیش جگە لەوەی ئاسودەییان پێوەدیاربووە كە گۆڕان پێداگری لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان كردووە، ئەم دواكارییەی گۆڕانیان ڕەتنەكردوەتەوە، بەڵام بەهۆی ترسیان لە پێداگریكردنی مەسعود بارزانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵێنی دواخستنی هەڵبژاردنیان نەداوە بە گۆڕان. "درەو میدیا" لەزیاد لە سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی ئەو میكانیزمانەی لە كۆبوونەوەكەدا خراونەتەڕوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و هەنگاوەكانی دوای ئەو كە لە شێوەی ڕێككەوتنێكی سیاسیدا خۆی بەیان دەكات بەم شێوەیەیە. - دواخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە لایەن كۆمسیۆنەوە بۆ ماوەی 6 رۆژ وەك دەستپێكی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلول بەڕێوەبچێت. - لێكتێگەیشتن و جۆرێك لە یەكدەنگی كراوە بەوەی ئاشتەوایی نیشتمانی لەلایەن تەواوی حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە رابگەیەنرێت لە هەولێری پایتەخت. - بزوتنەوەی گۆڕان وەزیرەكانی بگەڕێنێتەوە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان. - تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگ بۆ ساڵێك درێژبكرێتەوە. - هەموو لایەنە سیاسییەكان لە بەغداد پێكەوەبن بۆ گفتوگۆكردن و خستنەڕووی داواكانی كورد لە حكومەتی نوێی عێراقدا. وەك هەنگاوی یەكەم كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبووەوە، بڕیاریدا بە دواخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ماوەی شەش رۆژ، هەنگاوەكانی تریش لە چاوەڕوانی قسەی بارزانیدان، ئەگەر پێداگری بكات لەسەر هەڵبژاردن، ئەوا نزیكبونەوەكەی گۆڕان و پارتی هیچی لێ سەوزنابێت و ڕەنگە بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكات، وەك ئەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكا وتوە، چوار لایەنەكە لە گفتوگۆی دواخستنی هەڵبژاردن یان بایكۆتی بەكۆمەڵن، یان ئەگەر بارزانی ڕازیبێت بەدواخستنی هەڵبژاردن بەوەش كەشێکی سیاسی نوێ لە كوردستان بێتە ئاراوە. "درەو میدیا" ئەوەشی زانیوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی سەردانی عومەری سەید عەلی كردووە و داوایكردووە پێكەوە وەفدێك پێكبهێنن و بچنە لای مەسعود بارزانی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. گۆڕان و پارتی لەكوێدا پچڕان لەوێوە دەستپێدەكەنەوە پێدەچێت پیشاندانی نیازپاكیی بزوتنەوەی گۆڕان لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و پێداگریكردن لەسەر دۆزینەوەی كەناڵی پەیوەندی و كۆتاییهێنان بە كێشەكانی ڕابردوو، لای پارتی دیموكراتی كوردستان گوێیەكی باش بدۆزێتەوە بۆ تەوزیفكردن و خوڵقاندنی قۆناغێكی نوێ لە كاری سیاسی، پارتی ئێستا لەگەڵ ئەو تەمەننایانەدا مامەڵ دەكات كە لە دوای مەرگی نەوشیروان مستەفاوە دەیخواست وداوایدەكرد لە نێوان خۆی و بزوتنەوەی گۆڕاندا بێتە ئاراوە. هەموو ئاماژەكانی دەڵێن، پارتی و گۆڕان پەڕەیەكی سیاسی نوێ لە پەیوەندییەكان هەڵدەدەنەوە، سەرەتای گەرمبونەوەی ئەم پەیوەندییانەش بۆ هاتنە پێشەوە یاخود وروژاندنەوەی پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە لە مانگی ئابی ساڵی 2015داو، دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان كە لە بزوتنەوەی گۆڕان بوو سوربوو لەسەر هەمواركردنەوەی یاساكە، كێشەكانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان تەقینەوە و بە داخستنی پەرلەمانی كوردستان و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان لە كابینەی حكومەت دەستیپێكرد، دوای تەواوبوونی ئەو گەڕە لە ململانێی توند و ناكۆكی سیاسی كە هەرێمی كوردستانی دووچاری قەیرانێكی گەورە كرد، جارێكی تر بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەوێوە دەستیانپێكردەوە. چۆنیەتی دروستبونی پەیوەندییەكان تێكچونی پەیوەندییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕۆڵی دیاری هەبوو لە نزیكبونەوەی گۆڕان و پارتی، بەتایبەت دوای پەلاماردانی گردی زەرگەتە لەلایەن هێزێكی یەكێتی لە شەوی 12ی ئایاری ئەمساڵ و تۆمەتباركردنی یەكێتی لەلایەن گۆڕانەوە بە ساختەكاریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا. بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ئاگادار، لەدوای ئەو ڕووداوانە بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان هەوڵی دروستكردنەوەی پەیوەندییانداوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و ئامادەییان پیشانداوە كە پەڕەیەكی نوێ لە هەماهەنگی و كاری سیاسی لەگەڵ پارتی هەڵبدەنەوە، یەكەم هەنگاوی ئەو پەیوەندییە نوێیەش بە پێشكەشكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن گۆڕانەوە دەستیپێكرد و بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا"ش، بەشێك لە سەركردەكانی گۆڕان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و چەند سەركردەیەكی تری پارتیدا.
راپۆرتی: درەو میدیا سەرۆكی كاتی پەرلەمان، گەیشتە ئەو بڕوایەی ئەو شەڕەی لەسەر كورسییەكانی دەسەڵات دەكرێت لە عێراق و ئەو بەڕێكەوت و بەهۆی زۆری تەمەنییەوە لەسەر یەكێكیان دانیشتوە، چیتر ناتوانێت لەڕێی بەكراوە هێشتنەوەی دانیشتنەكانەوە نیساب پەیدابكات بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە هێزە سیاسییەكان ناكۆكەكان لە دەرەوەی پەرلەمان گەیشتونەتە شەڕی ئێسقان شكاندن لەسەری. ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لە دووەم هەوڵیدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و دوو جێگرەكەی شكستیهێنا، ئەوەش بەڕای زۆربەی ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەكەن، ئەنجامێكی ئاساییە بۆ پەرلەمانێك كە هەموو بڕیارە گرنگ و چارەنوسسازەكانی لە دەرەوە دەدرێن. بەپێی زانیارییەكانی "دەرەو میدیا" لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دوای ئەوەی نیسابی یاسایی تەواونەبووە، ژمارەیەك لە سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان داوایانكردووە لە هۆڵی دەستوریی كۆبوونەوەیەك بكرێت بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە"هۆكاری تەواونەبوونی نیساب و شكستهێنان لە هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان". لە كۆبونەوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە بەردەوامیی دانیشتنەكان بەبێ بوونی نیسابی یاسایی و ڕێكنەكەوتن لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان پەیامێكی نەرێنیە بۆ شەقامی عێراقی و زیانی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی، دواتر پرسی هەڵگرتنی كۆبوونەوەكان هاتوەتە بەرباس لەپێناو پێدانی دەرفەتێكی زیاتر بە كوتلە و هێزە سیاسییەكان و چڕكردنەوەی دیدار وكۆبوونەوەكان و گەیشتن بە چارەسەرێك كە ببێتە هۆی ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەتی نوێ، لەسەر ئەو بنەمایەش دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژی 15ی ئەم هەڵگیرا. ئەیاد عەلاوی داوای وازهێنان لەبیرۆكەی زۆرینەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ بنەمای تەوافوق و بەشداری هەموان دەكات لەحكومەتی ئایندەدا شكستهێنانی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان مەترسیدارە ڕەنگە ڕاشكاوترین قسە، قسەكانی ئەمڕۆی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراقی بێت كە لەبارەی شكستی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراقەوە و مەترسیەكانییەوە كردونی و دەڵێت، وەك چاوەڕواندەكرا بەهۆی ئەو جەمسەربەندییە توندەی هاتوەتە ئاراوە، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی لە یەكەم كۆبوونەوەیدا سەرۆك و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت، ئەوەش وایكردووە ترسیان لە ئایندەی عێراق هەبێت. عەلاوی بە پێچەوانەی هەردوو سەربازگە شیعییە دژ بەیەكەكەوە، كە خۆی پاڵیداوە بە یەكێكیانەوە، پێیوایە دۆخی ئێستای عێراق ڕێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە نادات و پێشیباشە لایەنە ناكۆكەكان، كە مەبەستی لە بەرەكەی (سەدر وعەبادی ) و (مالیكی و عامری) و(پارتی و یەكێتی)یە، گفتوگۆیەكی نیشتمانی بەپەلە دەستپێبكەن و لەسەر بەرنامەی حكومەتی داهاتوو ڕێكبكەون. عەلاوی لەو پەیامەدا، بەڕاشكاوی "داوای وازهێنان لە بیرۆكەی زۆرینەی سیاسی و گەڕانەوە بۆ بنەمای تەوافوق و بەشداری هەموان دەكات لە حكومەتی ئایندەدا". دوو كوتلە هەیە هەریەكەیان خۆی بەگەورەترین كوتلە دەزانێت بەپێی تێگەیشتنی خۆی بۆ دەستور، دادگای فیدڕاڵی دەستنیشانیدەكات كامە گەورەترین كوتلەیە دادگای فیدڕاڵی سەنگی مەحەكە هاوپەیمانێتی (سائیرون و نەسر) و هاوپەیمانێتی (فەتح و دەوڵەتی یاسا) كە دوو ڕكابەری سەرەكی یەكن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، یەكەمیان لیستێكی بەناوی كوتلەی (چاكسازی و بنیاتنان) پێشكەش كردووە و بانگەشەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەكات و، دووەمیشیان لیستێكی بەناوی (بنیاتنان) پێشكەشکردووە و خۆی بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەزانێت. ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی هاوپەیمانی (بنیاتنان) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، دوو كوتلە هەیە هەریەكەیان خۆی بە گەورەترین كوتلە دەزانێت بەپێی تێگەیشتنی خۆی بۆ دەستور، ڕونیشكردوەتەوە، دادگای فیدراڵی دەستنیشانیدەكات كامە گەورەترین كوتلەیە. لای خۆیەوە، حەنین قەدۆ كە ئەویش ئەندامی كوتلەی بنیاتنانە كە كوتلەكەی ئەسەدییە، بۆچونێكی یاسایی پێچەوانەی ئەوی هەیەو پێیوایە، ڕەوانەكردنی پرسی یەكلاكردنەوەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، تەنها لە دەسەڵاتی كوتلە سیاسییەكان و سەرۆكی پەرلەمانی هەڵبژێردراودایە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كاتی پەرلەمانیش تەنها بانگهێشتكردنی پەرلەمانتارانە بۆ سوێندی یاسایی و داواكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوەش لە كاتێكدایە، سەرۆكی كاتی ئیستای پەرلەمانی عێراق لە یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق كە ڕۆژی 3 ئەیلول بەڕێوەچوو، داوایەكی پێشكەش بە دادگای فیدراڵی عێراق كردووە بۆ شرۆڤەكردنی ئەو مادە دەستورییەی كە ئاماژە بەگەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دەكات.
( درەو میدیا): لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان كە لە گردی زەرگەتە بەرێوەچوو، تیایدا لەسەر چەندین پرس رێكکەوتن لەوانە: - دواخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن وەك دەستپێكی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلول بەرێوەبچێت. - لێكتێگەیشتن و جۆرێك لە یەكدەنگی كراوە بەوەی ئاشتەواویی نیشتمانی لەلایەن تەواوی حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە رابگەیەنرێت لە هەولێری پایتەخت. - بزوتنەوەی گۆڕان وەزیرەكانی بگەڕێنێتەوە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان. - تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە شەش مانگ بۆ ساڵێك درێژبكرێتەوە. - هەموو لایەنە سیاسییەكان لە بەغداد پێكەوەبن بۆ گفتوگۆكردن و خستنەرووی داواكانی كورد لە حكومەتی نوێی عێراقدا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت رۆژێكی تەواو تێنەپەڕی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێبەریبوونی خۆی لە راگەیەندراوێك راگەیاند، كە لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بەناوی ئەوەوە بڵاوكرایەوە. هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە رونكردنەوەیەكدا پشتڕاستیكردەوە، ئەوەی بڵاوكراوەتەوە بۆچونی ئەوە، بەڵام بەبێ رەزامەندی خۆی بڵاوكراوەتەوە. راگەیەندراوەكەی دوێنێ كە بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بڵاوكرایەوە، ناوەڕۆكەكەی گوزارشت بوو لە داخستنی دەرگای كاندیدبوونی (بەرهەم ساڵح) و (مەلا بەختیار) بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەسەر پشكی یەكێتی، چونكە راگەیەندراوەكە نوسیبووی "دەبێت سەركردایەتی هەڤاڵێكی بەئەزمون و مولتەزیمی یەكێتی و قاڵبووی خەبات و تێكۆشان و دانەبڕاوی رێبازەكەی مام جەلال بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكات"، دەستەواژەی "دانەبڕاو" لە راگەیەندراوەكەدا وا لێكدرایەوە كە بە تەنیا مەبەست لێی (بەرهەم ساڵح)ە كە ئێستا لە یەكێتی دابڕاوەو حزبێكی نوێی دروستكردووە، ئەوە لەكاتێكدایە ئەم پرسە (مەلا بەختیار)یش دەگرێتەوە كە ساڵانێك لەدوای دروستكردنی "ئاڵای شۆڕش"وە لەلایەن یەكێتییەوە دەستگیركراوە و دوای ئازادبونیشی لە یەكێتی جیابوەتەوە و ماوەیەك دابڕاوە. (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) رۆڵی هەبوو لە بڵاوكردنەوەی ئەو راگەیەندراوە، تەنانەت هەندێك دەڵێن شاناز ئیبراهیم خۆی بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكییەوە راگەیەندراوەكەی نوسیوە. لەپشتی پەردەكەوە چی رویدا ؟ بڵاوبونەوەی راگەیەندراو بەناوی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە دوای ئەوە هات دەنگۆی رێككەوتنێكی نهێنی نێوان بافل تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح لە میدیاكانەوە بڵاوبوەوە، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە بەرهەم ساڵح دەبێت بە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەندازیاری گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی لەڕێگەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری بووە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی هەوڵیداوە بەڕەی رێككەوتنەكە لەژێر پێی لاهور شێخ جەنگی رابكێشێت و بەرلەوەی ئەو رێككەوتنەكە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، بافڵ تاڵەبانی، بەرهەم ساڵحی بردووە بۆ لای مەسعود بارزانی و وەكو تاكە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ناساندویەتی. پێشتر، هەمان ناكۆكی لەنێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرسی داوای لێبوردن لە بزوتنەوەی گۆڕان روویدا، لاهور شێخ جەنگی رێخۆشكەری كرد بۆ داوای لێبوردنەكە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی چووە سەر گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفا و بوو بە خاوەنی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ گۆڕان. كورسییەك و سێ بۆچونی جیاواز لەسەر كوسی سەرۆك كۆمار، بەشێوەیەكی گشتی لەناو یەكێتیدا (3) بۆچوون دروسبووە: بۆچوونی یەكەم: ئەم بۆچونە دەڵێ" ئەو كەسەی دەبێت بە كاندیدی سەرۆك كۆمار لەسەر پشكی یەكێتی، دەبێت یەكێتی بێت"، بەواتای ئەوەی سەركردایەتی یەكێتی متمانەی پێبدات. ئەم بۆچونە باڵێكی بەهێزی ماڵبات نوێنەرایەتی دەكات، بەتایبەتی (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە زۆرجار بەناوی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)ی خوشكییەوە قسە دەكات. بۆچوونی دووەم: ئەم بۆچونە دەڵێ" بەرهەم ساڵح كاندیدی سەرۆك كۆمار بێت لەسەر پشكی یەكێتی، بەڵام بەمەرجێك ئەمە لەبەرامبەر ئاشتەوایكردن و گەڕانەوە بەرهەم ساڵح بێت بۆ ناو یەكێتی و بەهێزكردنەوەی یەكێتی. كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بە توندی پاڵپشتی ئەم بۆچونە دەكات و بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانیشیان راكێشاوە بۆ ناو ئەم رەوتە، بەڵام ئەمە لەبەرامبەر رێككەوتنێكی كۆنكرێتیدا دەبێت بۆ بەهێزكردنی یەكێتی. بۆچونی سێیەم: ئەم بۆچونە داوا دەكات" یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ببێت بۆ لایەنەكانی تر"، بەهانەی ئەم كەسانە بۆ دەستبەردابوون لەو پۆستە ئەوەیە، پارتی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكی خستوەتە بەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمانە داوا دەكەن یەكێتی دەست بە پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بگرێت، بەڵام ئەم بۆچونە لاوازە. بازەكە بەسەر شانی كێوە دەنیشێتەوە ؟ هەرسێ بۆچونەكە لەناو سەركردایەتی یەكێتیدا پشتیوان و لایەنگرییان هەیە، بە تەماشاكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەتوانرێت بەمشێوەیە دابەشكارییان بۆ بكرێت: 1- ئەوانەی خاوەنی بۆچونی یەكەمن، واتا داوا دەكەن كاندیدی سەرۆك كۆمار كەسێكی یەكێتی بێت و سەركردایەتی یەكێتی متمانەی پێبدات، چوار كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە كە ئەمانەن: • عومەر فەتاح • مەلا بەختیار • محەمەد سابیر • لەتیف رەشید 2- ئەوانەی خاوەنی بۆچونی دووەمن، واتا داوای دانانی بەرهەم ساڵح دەكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی هەر یەك كاندیدیان هەیە كە ئەویش بەرهەم ساڵحە و پشتیوانی لێدەكەن. 3- ئەوانەی خاوەنی بۆچونی سێیەم دەكەن هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نییە، چونكە ئەمانە لە بنەڕەتەوە داوا دەكەن یەكێتی دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت و پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت ئێستا بەگشتی یەكێتی (4) كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە، كە هەر چواریان لە دەرەوەی یەكێتی چانسیان بەهێز نییە، مەبەست لە دەرەوەی یەكێتی ئەو لایەنانەن كە رۆڵیان دەبێت لە پەسەندكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار و پێكهاتوون لە (ئەمریكا، بەریتانیا، ئێران، لایەنە ناوخۆییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان). چوار كاندیدەكەی یەكێتی كە بریتین لە (عومەر فەتاح، مەلا بەختیار، محەمەد سابیر، لەتیف رەشید)، دانانی هەریەكەیان كێشەی ناوخۆی یەكێتی قوڵدەكاتەوە و رەنگە هەندێكیشیان بەدانانیان لە دەرەوە كێشە بۆ یەكێتی دروستبكەن. ئەمە وایكردووە چانسی بەرهەم ساڵح وەك تاكە كاندید لە دەرەوەی یەكێتی بەهێز ببێت بۆ گەیشتن بە كورسی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق. ئەوەی چانسی بەرهەم ساڵحی بۆ گەیشتن بە كورسییەكەی تاڵەبانی لە بەغداد بەهێزكردووە، ئەو كۆدەنگییە ناوخۆیی و دەرەكیەیە كە پشتیوانی بەهێزبونەوەی یەكێتی دەكەن، بەپێچەوانەی (4) كاندیدەكەی ناوخۆی یەكێتییەوە كە دانانی هەریەكەیان كێشەكانی ناو یەكێتی قوڵتر دەكاتەوە، پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە بەرهەم ساڵح یەكێتی بەهێز دەكات بەتایبەتی لەكاتێكدا پێدانی ئەو پۆستە لەبەرامبەر گەڕانەوەی بێت بۆ ناو یەكێتی. بەهێزبونەوەی یەكێتی نشتیمانی خواستی كۆمەڵێك لە وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیشە كە چاویان لە راگرتنی سەقامگیری ناوچەیەكە لە دۆخی ئێستادا، بەتایبەت ئێران و بەریتانیاو ئەمریكا، ئەم وڵاتانە بەمدواییە چەندین هەوڵیانداوە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی یەكێتی و لەوچوارچێوەیەشدا هەوڵی گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵحیان داوە بۆ ناو یەكێتی. سەرباری پشتیوانی دەرەكی، لەسەر ئاستی ناوخۆ پارتی پشتیوانی دانانی بەرهەم ساڵح دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هاوكات بەرهەم ساڵح لەلایەن چوار لایەنە ناڕازییەكەوە پشتیوانی دەكرێت كە بریتین لە (بزوتنەوە گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری)، واتە بەشێوەیەكی گشتی بەرهەم ساڵح كۆدەنگی دەرەكی و ناوخۆیی لەسەرە، ئەمەش چانسی ئەوی بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆك كۆمار گەورە كردووە. یارو نەیارە سەرسەختەكانی بەرهەم ساڵح بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لە هەموو كۆڕو كۆبونەوەكانی لەگەڵ وەفدە بیانی و ناوخۆییەكان بەردەوام ناوی بەرهەم ساڵحی بردووە وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار. ئێستا تاكە كێشەی بەردەم گەیشتنی بەرهەم ساڵح بە پۆستی سەرۆك كۆمار بریتییە لە بەشێك لە ئەندامانی ماڵبات بەدیاریكراویش (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) كە (لەتیف رەشید)ی هاوسەری خۆی و (محەمەد سابیر)ی هاوسەری (هەتاو ئیبراهیم ئەحمەد)ی خوشكی كاندیدن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ڤیتۆی ئەم باڵە لەسەر بەرهەم ساڵح لاوازە، چونكە كاندیدەكانی خۆیان لە كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتیدا لاوازن و سەرباری ئەوەش لە كۆمیتەی سەركردایەتیدا دوو ركابەری تریان بۆ دروستبووە كە بریتین لە (عومەر فەتاح) و (مەلا بەختیار). پارتی بۆچی كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار هەیە ؟ پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كەسیان وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادە كردووە كە بریتین لە (هۆشیار زێباری) و (فوئاد حسێن). بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی ئەو دوو كەسەی تەنیا وەكو ئامادەكاری بۆ حاڵەتی سەركەوتنی "بۆچونی سێیەم" لەناو یەكێتی ئامادەكردووە، واتە بۆ حاڵەتی ئەوەی یەكێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار ببێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.
راپۆرتی: درەو میدیا وەك چاوەڕوان دەكرا، لە یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، كە ئەمڕۆ 3ی ئەیلول بەڕێوەچوو، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنەكان و شكستهێنانی هەردوو بەرە شیعییەكە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان، ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق نەیانتوانی دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرن، كە لە سەرۆك ودوو جێگرەكەی پێكدێت و بەپێیی ئەو سیستمی تەوافوقەی ل ەعێراق پیادەدەكرێت، سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی سوننەكانەو جێگری یەكەم پشكی شیعەكانە و جێگری دووەمیش بەر كورد دەكەوێت. لەگەڵ ئەوەی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان كە سەرۆكی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی كرد، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كردەوە، بەڵام بەشێك لە كوتلە سیاسییەكان (فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و فەتح و دەوڵەتی یاسا) دوای ئەوەی سوێندنی یاساییان خوارد، دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆتكرد و بەهۆی نەبوونی نیسابی یاساییشەوە دانیشتنەكە بۆ سبەینێ هەڵگیرا، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا زیاد لە ئەندامێكی پەرلەمان ناوی خۆیان وەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەشكردووە كە ئەمانەن: ( محمەد حەلبوسی، محەمەد تەمیم، ئوسامە نوجێفی، ڕەشید ئەلعەزاوی، ئەحمەد ئەلجبوری، تەڵاڵ زەوبەعی). بەڕای زۆرێك لە چاودێران پێناچێت سبەینێش سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلابكرێتەوە، لانی كەم تا ئەو كاتەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنرێت، یان لایەنە ڕكابەرەكان دەگەنە ڕێككەوتن كە ئەمەیان بەڕای زۆرێك بەدوور دەزانرێت. هاوكێشەی ئیستای هێز و لایەنەكان ئەمڕۆ هاوپەیمانی سەدر و عەبادی پێكهێنانی كوتلەیەكی پەرلەمانیان ڕاگەیاند بەناوی كوتلەی (الاصلاح والاعمار) كە بەوتەی خۆیان 20 هێز و لایەن وكیانی سیاسی لەخۆدەگرێت، بەبێ ئەوەی ژمارەی ئەندامەكانی ئاشكرابكات، ئەوە لە كاتێكدایە لە شەوی ڕابردووەوە زیاد لە لیستێكیان بەناوی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕاگەیاندووە، بەڵام تائێستا شكستیانهێناوە لە بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای كورسییەكانی پەرلەمان (50+1) كە دەكاتە 165 كورسی. بەرەی مالیكی_عامریش كە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو لە ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا كوتلەی (البناو) یان ڕاگەیاند، ئاماژەبەوەدەكەن كە 13 هێز و لایەنی سیاسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكەیاندایە، ئەمڕۆش لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح ناوی 150 پەرلەمانتاری بەئیمزاكانیانەوە ئاشكراكرد كە چونەتە ژێر چەتری هاوپەیمانێتییەكەیان، پێشتریش ئەحمەد ئەسەدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند كە هاوپەیمانییە تازەكەیان خاوەنی 150 كورسی پەرلەمانە. لەنوێترین پێشهاتیشدا،حەسەن عالوقی سەرۆكی ئیئتیلافی سائیرون لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەندامانی كوتلەی (الاصلاح والاعمار) 180 پەرلەمانتاری تێپەڕاندووە و پێویستە بەپێی دەستور سەرۆك كۆمار كوتلەكەیان ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. بە وتەی هەندێك سەرچاوەش، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا حەیدەر عەبادی یاداشتی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی پێشكەشی بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان كردووە كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی كردووە، لایەنەكانی ڕكابەریشی لە ڕێی كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەوە هێز و بازووی سیاسییان نمایشكرد وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، سەرۆكی كاتی پەرلەمانیش دۆسیەكەی ڕەوانەی دادگای فیدراڵی كرد بۆ یەكلاكردنەوە. كورد لە كوێی ئەم هاوكێشەیەدایە؟ تائێستا تەنها جوڵانەوەی نوێ خۆی یەكلاكردوەتەوە كە خاوەنی چواركورسییە و بەڕەسمی چونەتە پاڵ بەرەكەی سەدر-عەبادی، پارتی و یەكێتی كە خاوەنی 45 كورسین و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی كە خاوەنی 11 كورسی پەرلەمانن لەسەر هیچكام لەبەرەكان ساغنەبوونەتەوە. بەپێی زانیارییەكان دانوستانەكانی پارتی و یەكێتی لەگەڵ هێز و لایەنە جیاوازەكانی عێراق بەردەوامە و ئەو چوار هێزەی تریش كە پێشتر بە بەرەی ناڕازی ناسرابوون هیچ جوڵەیەكیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەدیناكرێت، لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێ لەمەوبەر هاوپەیمانێتییەكیان بۆ كاری پێكەوەیی لە بەغداد ڕاگەیاند. بەڕای بەشێك لەچاودێران، زیاد لەشرۆڤەیەك بۆ ئەم بێدەنگییەی هێزە كوردییەكان هەیە بە تایبەتی یەكێتی و پارتی و ساغنەبوونەوەیان لەسەر هیچكام لەم دووبەرەیە، لە كاتێكدا بچنە لای هەركامێك لەم دوو لایەنە دەیكەنە زۆرینەی ڕەها، كە دیارترینیان ئەمانەن: خوێندنەوەی یەكەم: پارتی و یەكێتی لەنێوان ململانێكانی ئێران و ئەمریكادا گیریان خواردووە و پێیانوایە بچنە پاڵ هەریەكێك لەم دوو بەرەیە بەتەواوی لەسەر لایەك ساغدەبنەوە (ئێران یان ئەمریكا) و ئەوی تر دەكەن بەدوژمنی خۆیان كە ڕەنگە باجەكەی زۆر قورس بێت، بۆیە چاوەڕێ دەكەن تادواساتەكان و ڕودانی پێشهاتێكی نوێ. خوێندنەوەی دووەم: پارتی و یەكێتی دڵنیان لەوەی بەبێ ئەوان هیچ كام لەبەرەكان ناتوانن زۆرینەی پەرلەمانیی پێكبهێنن، بۆیە تا دوا ساتەكان هەڵوێستی خۆیان یەكلاناكەنەوە، ئەوەش لەپێناوی بەدیهێنانی داواكارییەكانیان و چنینەوەی زۆرترین دەستكەوتی سیاسی و پۆست و ئیمتیازات. خوێندنەوەی سێیەم: دووبارەبونەوەی سیناریۆی بەشداری كورد لە ساڵی 2014 كە لە دواین ساتەكاندا بوو، پێگەی سیاسی كورد هەم سەنگێكی وای نەمابوو و هەمیش نەیتوانی بچوكترین داواكاریی لە پێكهێنانی كابینەی ئەو كاتەی حكومەتی عێراق جێبكاتەوە.
( درەو میدیا): فراكسیۆنی گۆڕان لە خولی نوێی پەرلەمانی عێراق كە ژمارەیان (5) كەسە، بەشداری یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانیان نەكرد. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، كاوە محەمەد كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێیان راگەیەنراوە بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمان نەكەن. كاوە محەمەد وتی:" بەشدارینەكردنمان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بۆ رێزگرتن بوو لە دەنگدەرانی خۆمان لەبەرامبەر ئەو ساختەكارییانەی كە بەرامبەر بە دەنگدەرانی گۆڕان كرا، لە هەمانكاتدا ئەو رێككەوتن و هاوپەیمانێتییانەی كە كراوە بەبێ ئاگاداری ئێمە بووەو نازانین چۆن كراوەو لەسەر چی كراوە، بۆیە ئێمە تەنها بەشداری یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانمان نەكردووە و سوێندی دەستووری نەخواردووە". دەبێت جڤات بڕیاربدات لەلایەكی ترەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی دەڵێ:" بەشدارینەكردنی نوێنەرەكانیان لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەستە بە بڕیاری سیاسی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە". "پێشتر جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە ئەو ئەنجامانە قبوڵنەكات، بۆیە تا ئەوكاتەی جڤاتی كۆنەبێتەوە و بڕیارنەدات، نوێنەرەكانمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداری هیچ دانیشتنێك ناكەن، چونكە ئێمە تائێستا لەناوخۆی خۆماندا ئەنجامەكەمان پەسەند نەكردووە". هاوپەیمانێتییەكە تەقەی تێكەوت! رۆژی 28ی مانگی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانێتییەكیان لە نێوان فراكسیۆنەكانیان لە بەغداد راگەیاند. لە یەكەم ئەزموندا كە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، هاوپەیمانێتییەكە مشتومڕی تێكەوت، كاندیدە دەرچووەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد، بەڵام سێ لایەنە هاوپەیمانەكەیان (كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی) بەشدارییان كرد. هۆشیار عەبدوڵا كاندیدی دەرچووی پەرلەمانی عێراق لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند" ئەو هاوپەیمانییەی بە حساب لە كۆبوونەوەی لوتكەی چوار لایەنەكە بڕیاری لێدرا، یەك هەنگاو بڕی نەكرد، گۆڕان هەر خۆی بایكۆتی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقی كرد". هۆشیار عەبدوڵا ئاماژە بەوەدەكات، سیاسەت هەڵوێستە جا هەڵوێستی بچوك یا گەورە، باشتر بوو دوای ئەو هەموو ناڕەزایی دەربڕینە دژی ساختەكاری، لانیكەم بۆ موقاتەعەی جەلسەی كردنەوەی خول و سوێندخواردن، هاوڕای گۆڕان بوونایە، ئەی مەگەر بۆچی دونیایان سەرقاڵكرد بەوەی گوایە بۆ هاوڕایی و هاوهەنگاوی ئیئتیلافیان پێكهێناوە". لە بایكۆتەوە بۆ بەشداری ئێوارەی رۆژی 12ی ئایار دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و ئەژماركردنی بەرایی دەنگەكان، بزوتنەوەی گۆڕان وەكو یەكەم لایەن بانگەشەی ساختەكردنی تەواوەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و هاككردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی كرد، دوای گۆڕان ژمارەیەك لایەنی تریش هەمان بانگەشەیان بڵاوكردەوە و گومانەكە لەسەر ئاستی عێراق تەشەنەی كرد. لە هەرێمی كوردستان سەرەتا شەش لایەن، كە ئێستا بوون بە چوار لایەن، دژی ساختەكاری هەوڵی هاوبەشیان دەستپێكرد كە بریتی بوون لە (گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمان)، لەو پێناوەشدا ئەم چوار لایەنە سەرەتا بانگەشەی ئەوەیان كرد رەنگە "لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكشێنەوە"، بەڵام دواجار و دوای ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، سەرباری ئەوەی ژماردنەوەی دەنگەكان هیچ گۆڕانكارییەكی دروستنەكرد، بەڵام ئەو لایەنانە پرۆسەی سیاسییان بایكۆت نەكرد و ئەمڕۆ جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەموو لایەنەكانی تر چونە بەغداد، بەپێی زانیارییەكانیش، بایكۆتەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش تەنیا یەك دانیشتن دەگرێتەوە و لەدانیشتنەكانی تر نوێنەرەكانی گۆڕانیش بەشدار دەبن.
(درەو میدیا): حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق شوێنی فالح فەیازی سەرۆكی دوورخراوەی دەستەی حەشدی شەعبی پڕكردەوە و بوو بە سەرۆكی حەشد. نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بۆ جاری یەكەم ناوی حەیدەر عەبادی وەكو سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هێنا، ئەوەش كاتێك بوو كە ئەمڕۆ عەبادی سەردانی دەستەی حەشدی كرد. بە وتەی قسەی نوسینگەكەی، لەو سەردانەدا، عەبادی ستایشی ئازایەتی حەشدی شەعبی و قوربانیدانەكانی كردوون و جەختیکردوەتەوە لەسەر پێویستی دابینكردنی سەرجەم مافەكانیان ودەستەبەركردنی هەموو پشتیوانیەك بۆیان.