Draw Media

بەرەی هەڵبژاردنی پێشوەخت فراوانتر دەبێت

بەرەی هەڵبژاردنی پێشوەخت فراوانتر دەبێت

2019-11-16 11:45:54


راپۆرتی: درەو میدیا
بەپێچەوانەی وتاری هەینی هەفتەی ڕابردوو، ئەم هەینیە لەبری حكومەتی عێراق، خۆپیشاندەران پێشوازییان لەبەیاننامەكەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان كردو، لە گۆڕەپانە جیاوازەكانی خۆپیشاندان وەك مژدەی سەركەوتن بەسەر خۆپیشاندەراندا دابەشكرا، بەوپێیەی پەیامی جیاوازتری لەهەینییەكانی پێشوتر تیدابووە لەبەرژوەندی خۆپیشاندەران.
  هەینی پێشتر حكومەتی عێراق بەگەرمی پێشوازی لەوتارەكەی سیستانی كرد، چونكە بە ئاشكرا ئەوەی لێدەخوێنرایەوە كە سیستانی گلۆپی سەوزی بۆ مانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەڵكردووە، هەر ئێوارەی ئەو هەینیەش عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكی پاڵشتیدا بۆ وتارەكەی مەرجەعییەت كۆمەڵێك بڕیاری بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی هەنگاوەكانی بۆ چاكسازی ڕاگەیاند.
بەدوایدا دەنگۆی ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان هێزە شیعییەكان بە سەرپەرشتی ئێران بڵاوبۆوە بۆ مانەوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، دوای ئەوەی ناوی (محەمەد ڕەزا سیستانی) كوڕی عەلی سیستانی وەك یەكێك لەبەشداربوانی ئەوكۆبونەوەیە لە میدیا عێراقییەكان بڵاوبوەوە، مەرجەعیەت بێبەریبونی خۆی لەو مەسەلەیە ڕاگەیاند.
هاتنە سەرخەتی ئەمریكاو داواكردنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت جارێكی تر دیمەنی سیاسی عێراقی ئاڵۆزكرد و بەشێك لە هێزە شیعییەكانی توڕەكرد، بیرۆكەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی لە عێراق وەك پرۆژەیەكی ئەمریكی تۆختركردەوە، بەڵام وتارەكەی ئەم هەینییەی سیستانی، ڕیسەكەی لە سەربازگەی پشتیوانیكردن لەمانەوەی عەبدولمەهدی كردەوە بەخوری و، دەرگای لەكارخستنی سەرلەنوێ‌ بەكراوەیی هێشتەوە.
پەیامی تازە لەوتارەكەی ئەم هەینییەی سیستانی_دا كە لای شەقامی شیعی (خۆپیشاندەران)و حكومەتیش كە هێزە شیعییەكان باڵادەستن تێیدا بایەخی خۆی هەیە، سیستانی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە،  داواكاری خۆپیشاندەران بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دەستگیركردنی گەندەڵكارە گەورەكان جێبەجێنەكراوە، گومانی خۆشی پیشانداوە لەوەی ئەم هێزانە بتوانن داواكاری خۆپیشاندەران جێبەجێبكەن، وێڕای كۆمەڵێك پەیامی تر كە چاودێران ئەوەی لێدەخوێننەوە سیستانی متمانەی بەم حكومەت و نوخبە سیاسیە نەمابێت كە ئێستا جڵەوی دەسەڵاتیان لەدەستدایە بۆ باشكردنی گوزەرانی خەڵك و پاراستنی ئاسایش و ئۆقرەیی وڵات.  
حزی دەعوەی عێراقی، حزبكەی نوری مالكی كە نزیكە لە ئێران و بۆچونی ئێرانیش لەم ڕوەوە ئاشكرایە كە بەتوندی پشتیوانی لەمانەوەی عەبدولمەهدی دەكات، لە بەیاننامەیەكدا ، ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت وەك پشتیوانییەك بۆ بەیاننامەكەی مەرجەعەیەت وەك ئەوەی لە بەیاننامەكەیاندا ئاماژیان پێداوە، ئەمە گۆڕانگارییەكی جەوهەرییە لە هەڵوێستی ئەم دۆستە تەقلیدییەی ئێران، وەك هەندێك دەڵێن ئەگەر بۆ نمایشی بازوی سیایش بێت، ئەوە دەگەیەنێ كە هەڵبژاردنی پێشوەخت لای هێزەكانی نزیك لە ئێران بۆتە ئەگەرێكی نزیك و چاوەڕەنكراو.
سەڵاح عەرباوی بەڕێوەبەری نوسینگەی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حكیمەش لەتوتیتێكدا داوایكردووە"ئێستا نەك سبەینێ‌ پێویستە لەسەر پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، پێویستە لەسەر حكومەتیش دەست لەكاربكێشێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە حكومەتی كاربەڕێكەر".
 عەرباوی داواشی لە هێزە سیاسیەكان كردووە بگەڕێنەوە دواوە بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ هێزی كۆمەڵایەتی نوێ بڕەخسێنن لەڕێی كێبڕكێی دیموكراتی بێگەردەوە.
ئەوە لە كاتێكدایە موقتەدا سەدری ڕابەڕی ڕەوت سەدر كەخاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیە، هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر_یش سەرسەختانە پشتیوانی لەهەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن، بەپێی  زانیارییەكانیش ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراق لەگەڵ كۆمەڵێك هێزو كەسایەتی سیاسی سەرقاڵی پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانی مەدەنیین كە پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پێشوەخت و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەكەن لە عێراق.
ئەو هێزانەی تائێستا بێدەنگن و پێدەچێت تا دوا هەناسەش پشتیوانی لە بۆچونی ئێران و مانەوەی عەبدولمەهدی بكەن، لە شیعەكان هاوپەیمانی (فەتح) بەسەرۆكایەتی هادی عامری و هەندێكهێزی ترن، سونەكانیش دابەشبون و بەشێكیان پشتیوانی مانەوەی دەكەن و بەشێكیشیان لەگەڵ ڕۆیشتنیدان،  كورد لەمەدا ڕەنگە تاكە پێكهاتە بێت كە لەبری جارێك دووجار پشتیوانی مانەوەی عەبدولمەهدی دەكات، جارێك زۆرینە (یەكێتی و پارتی) لەبەرخاتری ئێران و جارێكیش تەواوی كوتلەكان لەبەر ئەوەی عادل عەبدولمەهدی نەرمترین سەرۆك وەزیران بووە لەگەڵ كوردا لەدوای  2003و عێراقی دوای سەدام حسێن.  
    



بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand