نێچیرڤان بارزانی.. 150 رۆژ لە سەرۆكایەتیدا
2019-11-14 19:05:51
راپۆرت:فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
یەكەم ئەزمونی خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تاقیدەكاتەوە، رەخنەكانی ئۆپۆزسیۆنو خۆپیشاندانە زۆرەكانی زەمەنی سەرۆكایەتی حكومەت، مقاوەمەتی ئەوەیان تێدا دروستكردووە زیاتر بەرگە بگرێت، بەڵام ئاڵنگاری گەورەشی لەبەردەمدایە، دەیەوێت كێشەكانی ناوخۆ، بەغدادو دەرەوە سفربكاتەوە، دەستورو یەكخستی پێشمەرگەو دۆسیەی نەوت ئەو بابەتانەن كە لە چوار ساڵی سەرۆكایەتیدا گرەویان لەسەر دەكات.
150 رۆژ لە پۆستی سەرۆكایەتیدا
150 رۆژ تێپەڕێوە بەسەر وادەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا، بەپێی ستانداردی جیهانی ماوەی (100) رۆژ بەسە بە هەڵسەنگاندنی هەر كەسێك لە پۆستێكی حكومیدا، نێچیرڤان بارزانی بە زیادەوە دەرفەتی خۆی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا نە پەرلەمانی كوردستان، نەك هیچ میدیایەك هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەدای كاری ئەو لەدوای دەستبەكاربوونی ئەو نەكردووە.
نێچیرڤان بارزانی رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆیەكەمجار وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو، ئەو دوای (17) ساڵ ئەزمون لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرت، بۆیە باش شارەزای هاوكێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەیو هاوكێشەی دەرەوەی حزبیش بوو.
بارەگا.. یەكەم ئاڵنگاری
یەكەم ئاڵنگاری كە دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم روبەڕووی نێچیرڤان بارزانی بووەوە، بارەگا بوو، سەرۆكایەتی هەرێم كە ساڵی 2005 دروستكرا، لەدوای دروستبوونیەوە بارەگا سەرەكییەكەی لە سەری رەش بوو، مەسعود بارزانی كە ئۆكتۆبەری 2017 دوای 12 ساڵ دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو، بەڵام بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی لە سەری رەش رادەستی نێچیرڤان بارزانی برازای نەكرد، نێچیرڤان لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە یەكەم هەنگاودا بیری لەوەكردەوە بارەگایەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دروستبكات.
نێچیرڤان بارزانی بارەگای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی گۆڕی بۆ بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم، لابردنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، دەرفەتی بە نێچیرڤان بارزانی بەخشی سود لە بینا تەواونەكراوەكەی سامانە سروشتییەكان ببینێتو لە كێشەی بارەگا خۆی رزگار بكات.
بە داگرتنی بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لەسەر چیای رەشو هێنانی بۆ ناو شاری هەولێر، نێچیرڤان بارزانی خزمەتێكی گەورەی بە پرۆسەی دیموكراسی كرد، چونكە لە 12 ساڵی رابردوودا بارەگای سەرۆكایەتی لە سەری رەش ناوچەیەكی قەدەغەكراو بوو، لەو ساڵانەدا هیچ دیمەنێك لە مێژووی كورددا تۆمارنەكرا كە دەریخات خەڵك بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەم دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا كۆبونەتەوە، بەڵام ئێستا لە هەولێر خەڵك دەتوانن لە بەردەم بارەگای سەرۆكایەتیدا خۆپیشاندان بكەنو نیگەرانییەكانی خۆیان بە سەرۆكایەتی هەرێم رابگەیەنن، سەری رەش ئەوكات كە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بوو، ئێستاش كە بارەگای بارزانییە، بەدووری چەندین كیلۆمەتر كەس ناتوانێت لێی نزیك ببێتەوە.
گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ جێگر
ساڵی 2005 كاتێك سەرۆكایەتی هەرێم دروستكراو لە پەرلەمانی كوردستان یاسای بۆ دەركرا، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبوو، بەگوێرەی رێككەوتنی "ستراتیژی" نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرت، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری ئێستای سكرتێری گشتی یەكێتی كە ئەوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی وەرگرت.
12 ساڵ بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو، كۆسرەت رەسوڵیش جێگری سەرۆكی هەرێم بوو، بەڵام هیچ كاتێك كۆسرەت رەسوڵ وەكو جێگری سەرۆكی هەرێم نەبینرا، لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری رەش كۆسرەت رەسوڵ شوێن یاخود ژوری تایبەت بەخۆی نەبوو، هەندێك لە سەرچاوە باڵاكان باسلەوە دەكەن، هەركاتێك كۆسرەت رەسوڵ ویستبێتی سەردانی سەری رەش بكاتو بارزانی ببێنێت، پێشتر داوای لە پرۆتۆكۆڵی سەرۆكایەتی هەرێم كردووە كاتی مۆڵەتو كاتی دیداری لەگەڵ بارزانی بۆ دیاری بكەن، ئەمە لەكاتێكدا بووە ئەو بە فەرمی جێگری سەرۆكی هەرێم بووە، واتە جێگری بارزانی بووە.
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دەستبەكاربووندا لەبری یەك جێگری، دووچاری كێشەی دوو جێگری بووەوە، چونكە بەپێی هەمواری نوێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم دیاریكرا، یەكێكیان لە یەكێتی (جەعفەر شێخ مستەفا)و ئەوی تری لە بزوتنەوەی گۆڕان (مستەفا سەید قادر).
نێچیرڤان بارزانی لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەهۆی نەبوونی بارەگاوە لە ماڵەكەی خۆی دیدارە سیاسییەكانی ئەنجام دەدا، بەڵام دوای تەواوكردنی پرۆسەی نۆژەنكردنەوەو ئامادەكردنی بیناكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ یەكەمجار بینای نوێی سەرۆكایەتی هەرێم بەڕووی سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا كرایەوە، كاتێك سەرۆكی هەرێم بۆ تاوتوێكردنی دۆخی نوێی عێراق، لایەنە سیاسییەكانو سەرۆكایەتییەكانی تری هەرێمی بانگهێشتی بینا نوێیەكە كرد.
لە بینای نوێی سەرۆكایەتی هەرێمدا بەپێچەوانەی سەردەمی سەرۆكایەتی بارزانی مامییەوە، نێچیرڤان بارزانی ژوری تایبەتی بە دوو جێگرەكەی ئامادەكردووەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری ژووری تایبەت، جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم واتە جەعفەر شێخ مستەفاو مستەفا سەید قادر ژمارەیەك كارمەندو راوێژكار بۆ خۆیان دادەمەزرێنن تاوەكو كاروباری ئۆفێسەكانیان راپەڕێنن.
بەبەراورد بە بارزانی مامی، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە، نێچیرڤان بارزانی زیاتر رێزی لە جێگرەكانی گرتووە، ئەو لە سەردانی ئەمدواییەدا بۆ بەغداد جێگرەكانی لەگەڵ خۆی بردبوو، كاتێكیش سەركردەی لایەنە سیاسییەكان سەردانی بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمیان كرد، جێگرەكانی لەبەردەرگا پێشوازییان لە میوانەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرد، تەنانەت ئەمڕۆ مستەفا سەید قادر بەناوی سەرۆكایەتی هەرێمەوە قسەی كرد، ئەمە زەمەنی نێچیرڤان بارزانییە.
نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە پۆشتەو پەرداخەو حەزی لە پرۆتۆكۆڵە بۆ خۆیو ئەو دامەزراوەیەی كە كاری تێدا دەكات، نەیارەكانی بە "دەستبڵاو" ناوی دەبەن، دۆستەكانشی بە "سەخی تەبیعەت"، بەمدواییە هۆشیار زێباری خاڵی باوكی نێچیرڤان بارزانی لە وەسفی سەخاوەتی نێچیرڤاندا وتی:" سفرەی نێچیرڤان بارزانی تایبەتەو لە جیهاندا بەناوبانگە".
پارەو پاوەر
نێچیرڤان بارزانی لە دایكەوە خەڵكی شاری سلێمانییە، شارێك لە دیرۆكەوە خەڵكەكەی بەوەناسراوە، كراوەترن بەڕووی رەخنەدا، شارەزان لە پلاری كۆمەڵایەتیو سیاسیدا، نێچیرڤان هەندێك لە تایبەتمەندییەكانی سلێمانی وەرگرتووە، ئەو تاكە ئەندامی بنەماڵەی بارزانییە كە بە ئاشكراو بێ ترس لە زۆرنی زەردا رەخنەی لێگیراوە، بەڵام لەپای رەخنەدا نە كەس تۆمەتباری دەكات بە كوشتنی رەخنەگرانو نە خودی خۆشی لەسەر رەخنە كەسی داوە بە دادگا، بەڵام كوشتنی رۆژنامەنوسێك (سەردەشت عوسمان) لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا لە پۆستی سەرۆك وەزیران، بووە بە نەنگیی بۆی.
نێچیرڤان لەو سیاسەتمەدارانەیە كە باوەڕی بە هێز "پاوەر"ی پارە هەیە، ئەو قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ:" ئەوەی تائێستا لەگەڵ ئێمە نییە، نرخی خۆیمان پێنەداوە"، واتە ئەو باوەڕی وایە هەركەسێك نرخێكی ئابوری یاخود كۆمەڵایەتی هەیەو لە ئاستێكدا دەتوانێت بە پێدانی ئەو نرخە وای لێبكەین لەگەڵ تۆبێت.
لە (17) ساڵی رابردوودا كە سەرۆكی حكومەت بووە، هەركەسێك لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی كاری كردبێت، دواجار بووە بە دۆستی نزیكی ئەو، نەیارەكانی زۆركەسیان نارد بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی لەدژی رابوەستنەوە، بەڵام دواجار ئیسفەنجەكەی نێچیرڤان بارزانی هەڵیمژین.
نێچیرڤان لەناوەوە
لەناوخۆی هەرێمی كوردستان، لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دووجار سەركردەی هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی (بەوانەشەوە كە ئۆپۆزسیۆنن) لە سەرۆكایەتی هەرێم كۆكردوەتەوە، ئەمە هەوڵێكە كە پێشتر مەسعود بارزانی مامی تێدا سەركەوتوو نەبوو.
بەڵام دوای 150 رۆژ سەرۆكایەتی، نێچیرڤان بارزانی هێشتا مەسعود بارزانی مامی تێنەپەڕاندووە لەوەدا كە سەرۆكایەتییەكەی هێشتا لە سنوری زۆنی زەرددا دەسوڕێتەوەو نەگەیشتوەتە زۆنی پەلكەزێڕینە.
بەر لە دەستبەكاربوونی، كەسە نزیكەكانی باسیان لەوەدەكرد، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ سلێمانیدا ئاشتبكاتەوە، لەوچوارچێوەیەشدا ئۆفێسێكی سەرۆكایەتی هەرێم لە شاری سلێمانی دروستدەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا نەك هەر ئەو ئۆفێسە نەكراوەتەوە، بەڵكو نێچیرڤان بارزانی سەردانی سلێمانیشی نەكردووە.
یەكێكی تر لە بەربەستەكان لەبەردەم سەرۆكایەتییەكەی نێچیرڤان بارزانی، مەسعود بارزانی مامیەتی، بارزانی مام هاوكات لەگەڵ دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، (بارەگای بارزانی) دروستكرد، بارەگایەك كە ئێستا خەریكە دەبێت بە بەدیلی بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمو رۆژانە پێشوازی لە شاندە بیانیو ناوخۆییەكان دەكاتو هاوشێوەی پێشتر وەكو بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم مامەڵە دەكات.
نێچیرڤان بارزانی كە لەدوای ریفراندۆمو رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، پارتیو بنەماڵەی بارزانی لە پەراوێزخستن رزگاركردو جارێكی تر گەڕاندنیەوە بۆسەر گۆڕەپانە سیاسییەكە لە ناوچەكە، لەدوای دەستبەكاربونیشی وەكو سەرۆكی هەرێم دووجار سەردانی بەغدادی كردووە، ئەو نایەوێت دۆسیەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد بەتەواوەتی رادەستی مەسرور بارزانی ئامۆزای بكات، دەیەوێت كلیلەكە هەر لای خۆی بێت.
جگە لە دۆسیەی نەوت، چەند دۆسیەیەتی تر هەن كە لەنێوان دوو ئامۆزاكەدا جێناكۆكن، لەوانە دۆسیەی نەوتو دۆسیەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە بەپێی یاسا دامەزاوەیەكە سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە.
ئێستا دوو ئاڵنگاری گەورە لەبەردەم نێچیرڤان بارزانیدایە كە دەبێت لە چوار ساڵی سەرۆكایەتییەكەیدا بە دەستكەوتێكی زۆرەوە دەربازیان بكات:
یەكەم: پرسی تێپەڕاندنی دەستوری هەرێمی كوردستان، دەستورێك كە لە زەمەنی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانی مامیدا دوچاری گێرمەو كێشە هاتو نەتوانرا بە ریفراندۆمێكی گشتیدا پەسەندبكرێت.
دووەم: یەكخستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاڵنگارییەكی گەورەی بەردەم سەرۆكایەتییەكەی نێچیرڤانە، ئەو ئێستا بە حوكمی پۆستەكەی وەكو سەرۆكی هەرێم، هاوكات فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی هەرێمیشە، هێزێك كە لە 28 ساڵی رابردوودا بەسەر دوو حزبدا دابەشبووەو تائێستا نەتوانراوە لەچوارچێوەی هێزێكی یەكگرتووی نیزامیدا رێكبخرێتەوە.
نێچیرڤان لە دەرەوە
نێچیرڤان بارزانی تەنیا لەناوخۆ بەدوای كۆكردنەوەی دۆستو پشتیواندا ناگەڕێ، ئەو لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا، زۆر دۆستیشی لە دەرەوەی سنور پەیداكردووە، رەنگە نزیكترینیان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بێت، توركەكان رۆڵی گەورەیان بینی لەوەی نێچیرڤان بارزانی لە هاوكێشەی ناوخۆیی پارتیدا بمێنێتەوەو ئاوت نەكرێت.
(درەو میدیا) پێشتر و لە سەروبەندی كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتییەوە لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، توركیا بە فەرمی پارتییان ئاگاداركردووە لەوەی لە دۆسیەی نەوتدا جگە لە نێچیرڤان بارزانی، ئامادەنین لەگەڵ هیچ كەسێكی ترد مامەڵەبكەن.
ئەم پەیوەندییە بەهێزە لەگەڵ ئەردۆغان دەرفەتی بە نێچیرڤان بارزانی بەخشی هاوشێوەی مەسعود بارزانی مامی لەسەر ئاستی ناوچەیی رۆڵ بگێڕێت، بەرپرسێكی باڵای پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا وەكو سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەردۆغانی كردووەو داوای لێكردووە دەستپێشخەرییەكی ئەو بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لەگەڵ كورد قبوڵ بكات، ئەردۆغان دەستپێشخەرییەكەی قبوڵكردووە، نێچیرڤان بارزانی دەستیكردووە بۆ پەیوەندی لەگەڵ سەركردەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە قەندیل، بەڵام رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكار"ەكەی توركیا لە ریستۆرانی "هۆقەباز" لە شاری هەولێر، هەوڵەكەی تێكداوە.
لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، دوو كەسایەتی كاریگەری ناوچەكە بەشداربوون، یەكێكیان مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بوو، ئەوی تر (سامر سبهان) وەزیری دەوڵەتی سعودیە بوو بۆ كاروباری كەنداو، كەسایەتییەك كە هەندێك كەس بە (قاسم سلێمانی) سعودیە لە ناوچەكە وەسفی دەكەن.
سەرباری ئەم پەیوەندییە بەهێزە لەگەڵ ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی كە بوو بە سەرۆكی هەرێم لەبری دروستكردنی خەندەق لەنێوان سنوری باشورو رۆژئاوای كوردستان (وەكو ئەوەی مەسعود بارزانی مامی كردی)، ئەو جارێكی تر پەنای بۆ دیپلۆماسیەت بردەوە، هەرزوو لەڕێگەی سیاسەتی ئیسفەنجەكەوە مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەخۆی نزیككردەوەو لەنێوان رۆژئاوای كوردستانو ئەردۆغانی دۆستیدا سیاسەتی "نە شیش بسوتێو نە كەباب"ی جێبەجێكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای هێرشی سوپای توركیاوە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، نێچیرڤان بارزانی جارێك سەردانی رۆژئاوای كردووەو لەگەڵ بەرپرسانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (پەیەگە) گفتوگۆی كردووە، ئەمە سەرباری پەیوەندییە تەلەفۆنییە بەردەوامەكانی لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوا، هەفتەی رابردووش مەزڵوم كۆبانێ-ی بانگهێشتی هەولێر كردو دەنگۆ هەیە دەیەوێت پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆبكاتەوە لەچوارچێوەی رێككەوتنو ستراتیژیەتێكی نوێدا.
نێچیرڤان بارزانی كێیە ؟
* ناوی تەواوەتی: نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی
* 21ی ئەیلولی ساڵی 1966 لە بارزان لەدایكبووە، دایكی كچی كەسایەتی ناسراوی سلێمانی (حەمەی ئەورەحمان ئاغا)یە
* لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون
* خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران
* لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
* لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
* لە 1999 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی چوارەم)
* 2006 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە)
* لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆك وەزیران
* لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێدرایەوە تاوەكو 2018
* 3-12-2018 كرا بە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
* جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
* لەگەڵ نەبیلە مەسعود بارزانی ئامۆزای هاوسەرگیری كردووەو سێ كوڕو دوو كچی هەیە.
* زمانەكانی كوردی، فارسی، ئینگلیزی بەباشی دەزانێتو دەشتوانێت بە زمانی عەرەبی قسەبكات.