بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ناكۆكی لە نێوان پەرلەمان و پارتی دروستدەكات
2019-11-12 10:49:24
درەو میدیا:
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بە دەستكەوتی حزبەكەی دەزانێت و یەكێتیش بەدەستكەوتی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ( پارتی)یش بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەدەستكەوتی لیژنەكەیان دەداتە قەڵەم.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند: سوپاسی دادگای فیدراڵی عێراق و بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و دائیرەی یاسایی مەكتەبی سیاسی پارتی دەكەین، كە پێكەوە سیاغەی ئەو سكاڵایە كراوەو پێشكەشی دادگای فیدراڵی كراوە.
خەسرەو گۆران ئەوەشی خستە روو" بەپێی بریارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بریاریدا كار بەو مادانە ناكرێت كە بۆ تۆماری دەنگدەرانی كەركوك دانرابوو، هەروەها ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی كوردستانن دەتوانن لەو شوێنەی لێی نیشتەجێن دەنگ بدەن.
لەبەرامبەردا جوان رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان( پارتی) رایگەیاند " ئەو سێ مادەیەی هەڵوەشاونەتەوە بریتین لە مادەكانی 12 و 16 و 17، كە مادەی 12 باسی فۆرمی خۆراك و ناوی دەنگدەران دەكات، ئەگەر وەك یەك نەبوو ناتوانن دەنگ بدەن. هەروەها مادەی 16 باسی لە ئاوارەكان كردبوو، ئەگەر لەناو پارێزگای خۆیان نەبون، نابێت دەنگ بدەن. مادەی 17ش دەبێت بە ناچاری دەنگ بدرێت، ئەوەش پێچەوانەی دەستورە".
سەرۆكی لیژنەی دادگا باڵای فیدراڵی عیراق دانیشتنی ئەمڕۆی لەسەر تانەكەی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردبوو، ئەنجامیش بردنەوەی تانەكە بو، كە تێیدا دادگا بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی مادەكانی 12 و 16 و 17ی یاساكە، لەكۆی 9 دادوەریش 8 دادوەر لە بەرژەوەندی تانەكە دەنگیان دابو.
جوان رۆژبەیانی ئاماژەی بەوەشدا،" جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بە زیانی ناوچە كوردستانیەكان و بە زیانی كورد دەشكایەوە، چونكە چەند مادە و بڕگەیەكی پێچەوانەی دەستور بون و دەقەكانی دەستور لەگەڵی هاوتەریب نەدەبون، بۆیە تانەیان لێدابو"
بەڵام میدیای فەرمی یەكێتی بڕیارەكەی دادگی فیدراڵی بەدەستكەوتی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەداتە قەڵەم و بڵاوكردۆتەوە كە" د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سكاڵایەكی لەسەر چەند بڕگەیەكی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان لەدادگای فیدراڵی پێشكەشكردو دادگاكەش سكاڵاكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد.