مەلا یاسین: با لێكۆڵینەوە لە پرۆژەكانی گۆڕانیش بكەن
2019-11-16 15:02:30
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوو پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان مەلا یاسین خاوەنی كۆمپانیای (بەڕێز) تۆمەتبار دەكەن بەوەی مۆڵەتی بۆ دروستكردنی پرۆژە وەرگرتووە، بەڵام پرۆژەكەی دروستنەكردووەو مۆڵەتەكەی فرۆشتوەتەوە، مەلا یاسین بە پرۆژەیەكی كۆمپانیای (وشە)ی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامیان دەداتەوەو دەڵێ:" مۆڵەتی چیمەنتۆكە بەناوی كۆمپانیای وشەوە بوو، بۆ كۆمپانیای گاسنو كاك فاروقی مەلا مستەفا تەواوی كردووە ؟".
راپۆرتێك لەناو پەرلەماندا
دوو پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان داوا لە پەرلەمانی كورستان دەكەن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر پرۆژەكانی كۆمپانیای (بەڕێز) دروستبكات، كە كۆمپانیایەكی بواری وەبەرهێنانی خانوبەرەیە لە سلێمانیو (مەلا یاسین) خاوەندارێتی دەكات.
هەردوو پەرلەمانتار (دابان محەمەد)و (عەلی حەمەساڵح) لە نوسراوێكدا كە رۆژی 6ی ئەم مانگە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووەو كۆپییەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لە (14) خاڵدا كۆمپانیای (بەڕێز) تۆمەتباردەكەن بە گەندەڵیو سپیكردنەوەی پارە.
پەرلەمانتارەكان داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، نوسراوەكەیان ئاڕاستەی دەستەی وەبەرهێنان بكات، تاوەكو ئەو دەستەیەك لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بكات.
25 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون
بەپێی ئەوەی لە نوسراوەكەدا باسكراوە، ساڵی 2006 كۆمپانیای (بەڕێز) مۆڵەتی ژمارە (1)ی پێدراوە بۆ دروستكردنی (25) هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ (10) پرۆژە، كە (5) پرۆژەیان لە سلێمانییەو بریتین لە پرۆژەكانی:
• گرین سیتی (لە نوسراوەكەدا بە هەڵە نوسراوە رۆژ سیتی)
• بڕوا سیتی
• لوبنان سیتی
• دیە سیتی
• پرۆژەی پێنجەم لە نوسراوەكەدا ناوی نەهاتووە
لەگەڵ پێنج پرۆژەی نیشتەجێبوون لە (هەڵەبجە، كۆیە، دوكان، رانیە، چەمچەماڵ).
راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، هیچ یەكێك لەو پرۆژانە وەكو ئەوەی مۆڵەتی پێدراوە، تائێستا تەواو نەكراوەو بەشێكی فرۆشراوەتەوە، سەرباری ئەمە، ئەو خانوانەی لە پرۆژەكاندا كراون، زۆرینەیان بە ئاڕاستەیەكی خراپو لە زیانی هاوڵاتیان گۆڕانكارییان تێدا كراوە، دەرگاو كاشیو بلۆكو كارەباو پلیكانە گوڕدراون بە كەرەستەی خراپو تەنانەت ژمارەی سویچ پلاكەكان لە خانوەكاندا كەمكراونەتەوە.
فرۆشتنەوەی پرۆژە
راپۆرتەكە كۆمپانیای (بەڕێز) تۆمەتباردەكات بە فرۆشتنەوەی چەند پرۆژەیەك بەبەهای چەندین ملیۆن دۆلار، لەمەشدا ئاماژە بە فرۆشتنی (دالیا سیتی) دەكات بە كۆمپانیای (نەجمەدین)، كە بەهای فرۆشتنەكە گەیشتووەتە (14 ملیۆن) دۆلار، هەروەها باس لە فرۆشتنەوەی چەند پرۆژەیەكی تر دەكات لەلایەن كۆمپانیای (بەڕێز)ەوە، لەوانە فرۆشتنی پرۆژەی (نۆژەن سیتی) لە دەربەندیخان (دوای 13 ساڵ هێشتا تەواونەكراوە)، پرۆژەی (لوبنان سیتی) لە سلێمانی.
فرۆشتنی زەوی لەناو پرۆژەدا
بەشێكی تری راپۆرتەكە، كۆمپانیای (بەڕێز) تۆمەتباردەكات بە فرۆشتنی زەوی لەناو ئەو پرۆژانەی كە كۆمپانیاكە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون وەریگرتوون، واتە بەر لەوەی یەكەیان لەسەر دروستبكات ئەو زەوییانە فرۆشراون، راپۆرتەكە باسیلەوەكردووە، ئەم بابەتە پێشتر بەبەڵگەوە رەوانەی دەستەی وەبەرهێنان كراوەو لەم رووەشەوە ناوی پرۆژەی (میر سیتی) هێنراوە كە تێیدا كۆمپانیاكە زەوی فرۆشتووە بەر لەوەی خانوی لەسەر دروستبكات.
راپۆرتەكە لە بەشێكی تردا دەڵێ: كۆمپانیای بەڕێز زەوی (روكن)و زەوی (بازرگانی)ی لە زۆربەی پرۆژەكانیدا فرۆشتووە، لەوانە لە پرۆژەی ئاسودە.
هەر لەبارەی فرۆشتنی پرۆژەوە، باسلەوەكراوە، مەلا یاسین خاوەنی كۆمپانیای (بەڕێز) لە ناحیەی رزگاری گەرمیان مۆڵەتی دروستكردنی پرۆژەیەكی وەرگرتووە، بەڵام بەبێ دەستكاریكردن مۆڵەتەكەی فرۆشتوەتەوە بە كەسێكی ترو كەسی دووەمیش بەبێ دەستكاری شوێنی پرۆژەكەی لە ناحیەی رزگارییەوە گۆڕیوە بۆ قەزای كەلار لە باشترین شوێن كە بەهاكەی ملیۆنان دۆلارە.
70 ملیۆن دۆلار خزمەتگوزاریی
پرسی خزمەتگوزاری ناو پرۆژەكان، یەكێكی ترە لەو تەوەرانەی كە راپۆرتەكە ئاماژەی بۆكردووە، لەوبارەیەوە دەڵێ:" دەبوو زیاتر لە 60 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قوتابخانەی سەرەتاییو ناوەندیو دایەنگەو باخچەی ساوایان، مزگەوتو نەخۆشخانە، كتێبخانە، بنكەی پۆلیس، بنكەی ئاگركوژێنەوە، شاری یاری، باخچەو پارك، بەتێچوونی نزیكەی 70 ملیۆن دۆلار دروستبكات، بەڵام بەشی هەرەزۆری ئەم پرۆژانە نەكراوە".
راپۆرتەكە نمونەی بە پرۆژەی (گۆران سیتی) هێناوەتەوەو دەڵێ دەبوو لەم پرۆژەیەدا كۆمپانیای بەڕێز 14 پرۆژەی خزمەتگوزاری دروستبكات، بەڵام هیچی نەكردووەو تەنیا یەك قوتابخانە دروستكراوە، ئەو قوتابخانەیەك لەسەر بودجەی گشتی دروستكراوە.
مەتروكەو یەكەی نیشتەجێبوون
راپۆرتەكە كۆمپانیای بەڕێز تۆمەتبار دەكات بەوەی لە زۆربەی پرۆژەكاندا ناوچەی سەوزایی گۆڕیوە بۆ یەكەی نیشتەجێبوونو ئەوەش دووجار سەرپێچییە، جاری یەكەم دەبوو لەسەر ئەركی كۆمپانیا ئەو ناوچانە سەوز بكات، جاری دووەم سەرپێچی كردووەو ناوچەی سەوزایی فرۆشتووەتەوە.
هەروەها تۆمەتباری دەكەن بەوەی هیچ یەكێك لە پرۆژەكانی لەسەر نەخشەی بنەڕەتی جێبەجێ نەكردووەو دەسكاری نەخشەكانی كردووە، لەمەش زیاتر بەشێكی زۆری زەوی مەتروكەی ناو پرۆژەكانی كردووە بە یەكەی نیشتەجێبوونو فرۆشتویەتی، كە لەڕووی ئەندازیارییەوی نەگونجاونو زیانیان بە بەشداربووان گەیاندووە.
سپیكردنەوەی پارە
راپۆرتی دوو پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان، لە بەشێكی تردا كۆمپانیای بەڕێز تۆمەتبار دەكات بە "سپیكردنەوەی پارە"و دەڵێ:" ئەم وەبەرهێنەرە لەڕێگەی سپیكردنەوەی پارەو بەناوی دروستكردنی (900) خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدان، بڕی (30 هەزار) تەن چیمەنتۆی لە تاسلوجە وەرگرتووە، لەكاتێكدا ئەم چیمەنتۆیە مەدعومەو بۆ هاوڵاتیانە، وەرگرتنی پارەكەش بە چەك، تەواو نایاساییە"، پەرلەمانتارەكان دەپرسن " ئەو 900 خانووەی شەهیدان لە چ پرۆژەیەكدایە ؟".
سەرۆكی حكومەت گەندەڵی كردووە
راپۆرتەكە سەرۆكی حكومەتی پێشووتری هەرێمو چەند بەرپرسێك تۆمەتبار دەكات بەوەی گەندەڵی گەورەیان بۆ كۆمپانیای (بەڕێز) كردووە، بەڵام ناوی سەرۆكی حكومەتی نەهێناوە، لەوەدا كە دەڵێ "سەرۆكی پێشووتری حكومەت"، دەردەكەوێت مەبەستی یەكێك لەو كارەكتەرانەی یەكێتی نیشتمانییە كە لە ماوەیەكدا سەرۆكایەتی حكومەتیان كردووە.
پەرلەمانتارەكان دەڵێن:" لەكاتێكدا 50%ی خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكان ئەركی كۆمپانیای بەڕێز بووە، لەڕێگەی گۆڕینی خزمەتگوزارییە حكومییەكان بۆ كەرتی تایبەتو زەوییە بازرگانییەكانی ناو پرۆژەكانەوە قەرەبووكرایەوە، بەشێكی خزمەتگوزارییەكان كراون بە مۆڵو بینای بازرگانی، لەنمونەی قوتابخانەی (لیدەرسی) ناحكومیو كۆمەڵگای تەلەفزیۆنی (ستێرك) لە دیە سیتی".
وەڵامی مەلا یاسین
(درەو میدیا) بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، پێشوەخت پەیوەندی بە مەلا یاسین خاوەنی كۆمپانیای (بەڕێز) كرد، ئەو ئاگاداری راپۆرتەكە نەبوو، وتی:" نە دەستەی وەبەرهێنەرانو نە هیچ لایەنێك لەوبارەیەوە لەگەڵ ئێمە قسەی نەكردووە".
مەلا یاسین رایگەیاند" ئەوان پەرلەمانتارن، هەقی خۆیانە بەدواداچون بكەن بۆ هەموو پرۆژەكان، هیوادارین بەدواداچون بكەن بۆ هەموو پرۆژەكانی دیكەش بەو پرۆژانەش كە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، مەبەستم ئەوەیە كاك عەلی حەمەساڵحو كاك دابان دەیان ناسین، هەردویكیان پەرلەمانتاری گۆڕانن، هیوادارین بەدواداچون بۆ ئەو كەسانەش بكەن كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانن، پەندێكی كوردی هەیە ئەڵێت" ئەوەی ماڵی لە شوشە بێت هەق نیە بەرد بگرێتە ماڵی خەڵكی".
مەلا یاسین وتی:" ئەوانەی كە نزیكن لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە سلێمانیو دەورەبەری سلێمانی پرۆژەیان هەیە، با بەدواداچون بۆ ئەوانیش بكەن".
تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە
مەلا یاسین دەڵێ:" ئێمە وەك كۆمپانیای بەڕێز، سەرتاپای ئەو 14 خاڵە رەتدەكەینەوە، هەموو دوورە لە راستییەوە، ئێمە گرێبەستمان هەیە لەگەڵ حكومەتدا. مۆڵەتمان هەیە، دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت بەرپرسیارن لە چاودێریكردنو بەدواداچونی ئەم پرۆژانە، ئەمە جاری یەكەم نیە، هەر لەسەر داوای ئەم بەرێزانە بوو لیژنەیەكی باڵا لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانی كابینەی پێشوو پێكهێنرا، نزیكەی 6 مانگی خایاندو بەدواداچونیان كرد بۆ هەموو پرۆژەكانو بە 14 لاپەرە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كرد، وەك وەبەرهێنەر ئێمە پارێزگاری لە مافی خۆمان دەكەین لەچوارچێوەی ئەو گرێبەستو مۆڵەتەی كە هەمانە. هیوادارین دەستەی وەبەرهێنان بەشێوەی دادپەروەرانە لیژنە دروستبكات، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی ورد بكەن بۆ ئەو خاڵانەی كە ئەم بەڕێزانە نوسیویانە".
خاوەنی كۆمپانیای (بەڕێز) باسی لەوەكرد، ئەوان تاكە كۆمپانیان لە هەرێمی كوردستان كە خانوەكانیان بۆ خەڵكی فەقیرو هەژار بووە، چونكە لەهیچ پرۆژەیەكدا ڤێلاو خانوی گرانبەهایان دروست نەكردووە.
لەبارەی زەوی فرۆشتنەوە
لەبارەی فرۆشتنی زەوی لەناو پرۆژەكانی نیشتەجێبووندا بەر لە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لەسەریان، مەلا یاسین وتی:" پێشتر عەلی حەمەساڵح خۆی داوای كرد لێكۆڵینەوە بكرێت لەوەی ئێمە لە دوكان زەویمان فرۆشتووە، دەستەی وەبەرهێنان لیژنەیەكی باڵای پێكهێنا، لیژنەكە لەدوای چەند مانگێك ئەنجامەكەیان بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەهیچ جۆرێك كۆمپانیای بەڕێز زەوی نەفرۆشتووە".
لەبارەی فرۆشتنی مۆڵەتی پرۆژەوە
مەلا یاسین لەبارەی فرۆشتنی مۆڵەتی پرۆژەوە بە كەسێكی تر، نمونەی بە پرۆژەیەك هێنایەوە كە دەوترێت خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان.
مەلا یاسین وتی:" كاك عەلی حەمەساڵح پێویستە خۆی پرسیار بكات، مۆڵەتی چیمەنتۆكە خۆ بەناوی كۆمپانیای وشەوە بوو، بۆ كۆمپانیای گاسنو كاك فاروقی مەلا مستەفا تەواوی كردووە، 15%ی هی خۆیانە، ئەی بۆ خۆیان تەواویان نەكردو 30%ی هی خۆیان بێت، هەرچەندە من ئەوەی ئەوان بە نایاسایی نازانم، چونكە بەپێی یاسا رێكخراوە".
لەم نمونەیەوە مەلا یاسین دەڵێت:" زۆر پرۆژەمان هەیە پێشتر بەناوی وەبەرهێنەرێكەوە دەرچووە، بەڵام وەبەرهێنەرێكی تر تەواوی كردووە".