"سیستانی بینیی سەدری ڕەتكردۆتەوەو قسەی بە قاسم سولەیمانی وتووە"
2019-11-16 20:17:29
درەو میدیا:
عەلی سیستانی بینیی موقتەدا سەدری ڕەتكردۆتەوەو قسەی بە قاسم سولەیمانیش وتووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق ئاشكرایكردووە، بەم دواییە حكومەتی تاران هەوڵی داوە پەیامی ئەوە بگەیەنێتە مەرجەعییەت كە لەوتارەكەیدا پشتیوانی لە حكومەتی ئێستای عێراق بكات و، داوا لە خۆپیشاندەران بكات لە شەقامەكان بكشێنەوەو، دەرفەتێكی زەمەنی دیاریكراو بدەن بە ئەنجامدانی چاكسازییەكان.
بەوتەی سەرچاوەكە، سیستانی وەڵامی پەیامەكەی ڕەتكردۆتەوەو، تەنانەت ئامادەنەبووە وەریشیبگرێت، لە بەر ئەوەش ڕازینەبووە پێشوازی لە موقتەدا سەدر_یش بكات دوای گەڕانەوەی ڕاستەوخۆی لە ئێران، بۆ ئەوەی شەقام گومانی ئەوە نەكات كە پەیامی لە ئێرانییەكانەوە بۆ هێناوە.
فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەكەوە ئاماژەی بەوەشداوە، مەرجەعییەت قسەی توندی بە شەخسیی بە قاسم سولەیمانی وتووە لە بارەی ڕۆڵی ئێران لە كێشەكانی عێراق، بێئەوەی وردەكاری زیاتر ئاشكرابكات.