تەوافوق لەسەر كۆنگرەیەكی بێ تەوافوق
2019-11-12 12:40:44
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف
تەنیا (25) رۆژ ماوە بۆ وادەی بەڕێوەچوونی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رێككەوتنێك لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتیدا هەیە بۆ ئەوەی پەیكەری حزبەكە لە كۆنگرەدا بگۆڕدرێت، بەگوێرەی گۆڕانكارییەكە، پۆستی سكرتێرو ئەنجومەنی ناوەند نامێننو كۆسرەت رەسوڵ دەبێت بە سەرۆكی (قەوارەی یەكێتی)، بەرهەم ساڵح سەرۆكی (یەكێتی)و بافڵ تاڵەبانیو شاڵاو كۆسرەتیش بۆ جێگرانی سەرۆك.
كۆنگرەی تەوافوق
رۆژی 7ی ئەیلولی رابردوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا لە پاڵ دیاریكردنی رۆژی سازدانی كۆنگرە لە رۆژی 7ی كانونی یەكەم، ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاریدا لەسەر ئەوەی "كۆنگرە بەبێ رێككەوتنو تەوافوقی پێشوەختە بەڕێوەبچێت".
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەندین سەرچاوەی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی دەستیكەوتووە، ئێستا سەركردەو جەمسەرە جیاوازەكانی ئەو حزبە سەرقاڵی نوسینی رێككەوتنو تەوافوقێكی پێشوەختەن بۆ كۆنگرەی چوارەم.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا لە پشتی پەردەوە گفتوگۆ دەكرێت لەسەر ئامادەكردنی پەیكەرێكی نوێ بۆ یەكێتی، بەڵام ناوی كەسو كارەكتەرەكانی ناو پەیكەرە نوێیەكە هێشتا بە تەواوەتی یەكلانەبووەتەوە.
پەیكەری نوێی یەكێتی
هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی یەكێتی بە پەیكەری ئێستایەوە بەڕێوەناچێتو دەبێت پەیكەرێكی نوێی بۆ دروستبكرێت كە گونجاو بێت لەگەڵ حزبێكی سەردەمیانەو چارەسەرێكیش بێت بۆ ناكۆكییە ناوخۆییەكان.
(درەو میدیا) زانیویەتی لەناو یەكێتیدا چەند پرۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ داڕشتنەوەی پەیكەری یەكێتی، بەڵام نوێترینیان ئەوەیە، یەكێتی دابەشبكرێت بەسەر سێ دامەزراوەی سەرەكیدا:
دامەزراوەی یەكەم: سەرۆكی قەوارەی یەكێتی
بەپێی ئەوەی سەرچاوەكان باسی لێوەدەكەن، سەرۆكی قەوارەی یەكێتی بەو كەسە دەوترێت كە دەبێت بە پارێزەری قەوارەی یەكێتیو لەدابەشبوون دەیپارێزێت، ئەم دامەزراوەیە هاوشێوەی (ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی رژێم)ە كە لە ئێران هەیەو دامەزراوەیەكی دەوڵەتییە، بڕیارە كۆسرەت رەسوڵ پۆستی سەرۆكی قەوارەی یەكێتی وەربگرێت، كە هەندێكی تر بە "سەرۆكی ئەنجومەنی پاراستنی قەوارەی یەكێتی" ئەو پۆستە ناودەبەن.
هێشتا بەتەواوەتی دەسەڵاتەكانی ئەم پۆستە بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە، بەڵام باسلەوە دەكرێت سەرۆكی قەوارە راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، بۆیە چەند دەسەڵاتێكی گرنگی دەبێت كە ئەمانەن:
• توانای ڤیتۆكردنی بڕیاری دوو دامەزراوەكەی تر (سەركردایەتیو ئەنجومەنی بەڕێوەبردن)ی دەبێت.
• توانای لابردنی سەرۆكی یەكێتی هەیە.
• ژمارەیەك كەس وەكو یاریدەدەر لەگەڵ سەرۆكی قەوارەدا دەبن، لەسەر ژمارەی ئەو یاریدەدەرانە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، دیارنییە سەرۆكی قەوارە (كۆسرەت رەسوڵ) خۆی دیارییان دەكات، یاخود كۆنگرە هەڵیاندەبژێرێت، هەندێك زانیاری هەن باسلەوە دەكەن، ژمارەی یاریدەدەرەكانی سەرۆكی قەوارە لە (10) كەس زیاتر دەبن، بیرۆكەیەك هەیە دەڵێ ئەو یاریدەدەرانە ناویان لێبنرێت ئەنجومەنی پاراستنی قەوارەی یەكێتی.
دامەزراوەی دووەم: سەركردایەتی یەكێتی
بەپێی ئەو پەیكەرە نوێیەی كە ئامادەكراوە بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەنجومەنی ناوەند كە ئێستا رۆڵی پەرلەمانی حزب دەگێڕێت لەناو یەكێتیدا، لادەبرێتو لەبری ئەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی رۆڵی پەرلەمان دەگێڕێت، بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەم دامەزراوەیەوە هەیە، هەندێك داوا دەكەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی ژمارەیان لەنێوان (61 بۆ 80) كەسدا بن، هەندێكی تر داوا دەكەن ژمارەیان لەنێوان (50 بۆ 80) كەس بێت.
سەركردایەتی هاوشێوەی سەرۆكی قەوارە، لەناو كۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، ئەمانە هەندێكیان لە دامەزراوەی سەركردایەتیدا كاردەكەن، هەندێكی تریان هاوشێوەی ئەوەی ئێستا لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە، دەبن بە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، واتە راستەوخۆ لەناو دامەزراوەی سەركردایەتی دەوام ناكەن، لە شارو ناوچە جیاوازەكان دەبن.
دوای ئەوەی لە كۆنگرە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت، سەركردایەتی نوێ لەناوخۆیدا دەستدەكات بە هەڵبژاردنی دامەزراوەی سێیەمی حزب بەپێی پەیكەرە نوێیەكە.
دامەزراوەی سێیەم: ئەنجومەنی جێبەجێكردن
ئەمە دامەرزاوەیە دەبێت بە شوێنگرەوەی مەكتەبی سیاسی ئێستای یەكێتی، واتە دەستەواژەی مەكتەبی سیاسی چیتر لە فەرهەنگی یەكێتیدا نامێنێت.
ئەنجومەنی جێبەجێكردن لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردراوی یەكێتییەوە ئەندامەكانی هەڵدەبژێردرێت، ئەركی جێبەجێكردن بڕیارو راسپاردەكانی سەركردایەتییە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی تائێستا تەوافوقی لەسەر كراوە ئەوەیە، ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە لە (5) كەس پێكدێن، یەكێكیان دەبێت بە سەرۆكی ئەنجومەنەكەو دوو جێگری دەبێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، بەرهەم ساڵح دیاریكراوە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی جێبەجێكردن بكات، ئەم پۆستە وەكو شوێنگرەوەی پۆستی سكرتێری گشتی دیاریكراوە، واتە بەپێی پەیكەرەكە، هاوشێوەی دەستەواژەی (مەكتەبی سیاسی)، دەستەواژەی (سكرتێر)یش لە فەرهەنگی یەكێتیدا لادەبرێت، كە ئەم دەستەواژەیە لە 44 ساڵی رابردوودا هاوڕێی یەكێتی بووە.
بە كورتی بەرهەم ساڵح دەبێت بە سەرۆكی یەكێتیو بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم سەركردایەتیدا، لەبارەی جێگرەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنەوە، ناكۆكی هەیە، (درەو میدیا) زانیویەتی، تائێستا بڕیاروایە دوو جێگرەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن یەكێكیان لە ماڵباتی تاڵەبانی بێتو ئەوی تر لە ماڵباتی كۆسرەت رەسوڵ، لە ماڵباتی تاڵەبانی (بافڵ تاڵەبانی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، ئەمە لاهور شێخ جەنگیی نیگەران كردووە، لەماڵباتی كۆسرەت رەسوڵیش بڕیارە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ پۆستەكە وەربگرێت.
كۆنگرە چۆن بەڕێوەدەچێت ؟
بەپێی پەیڕەوی كارپێكراوی ئێستای یەكێتی، ئەندامانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێك دەبێت لە (هەزار) كەس زیاتر نەبن، هەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن، (800) كەس بەشداری لە كۆنگرەی چواردا دەكەن.
بەپێی ئەوەی پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەسەر داوە، لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی چوار پێكهاتوون لە هەریەكە لە:
• حاكم قادر حەمەجان
• ئەرسەلان بایز
• رزگار عەلی
• رەفعەت عەبدوڵا
• دلێری سەید مەجید
ئەندامانی كۆنگرە پێكدێن لە ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند، سەركردایەتی، ئەندامانی مەكتەبەكان (بۆ هەر مەكتەبێك 5 ئەندام دیاریكراوە، ئەندامانی مەكتەبو دەزگاو ئۆرگانەكانی یەكێتی 268 كەسە، رێژەی 35%ی ئەمانە دەچنە ناو كۆنگرەوە).
سەرباری ئەمانە، (100) كەسایەتی دیاری یەكێتی لەوانە پێشمەرگە سەرەتاییو دێرینەكان دەبن بە ئەندامی كۆنگرە، پڕكردنەوەی ئەم (100) كورسییەی ئەندامانی كۆنگرە، بەرێككەوتن دەبێت لەنێوان جەمسەرەكانی یەكێتی، ئەوەی دەمێنێتەوە لە كۆمیتەو مەڵبەندەكانەوە سەردەكەون، بڕیارە 15ی ئەم مانگە كۆنفرانسی كۆمیتەكان دەستپێبكات.
بەپێی ئامادەكارییەكان، یەكەمین ئەركی ئەندامانی كۆنگرەی چوارەم لە رۆژی 7ی داهاتوو (ئەگەر كۆنگرە لە وادەی دیاریكراودا بەڕێوەچوو)، ئەوەدەبێت سەرەتا بە دەنگدانی زۆرینە، ئەم پەیكەرە نوێیەی حزب پەسەند بكەن، دواتر بە هەر بەدەنگدان سەرۆكی قەوارە (كۆسرەت رەسوڵ) هەڵبژێرن، پاشان ئەندامانی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێن.
سەركردایەتی نوێ دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆنگرەوە، ئەنجومەنی جێبەجێكردنو سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردن (بەرهەم ساڵح) هەڵدەبژێرێت.
ئەو زانیارییانەی لەم راپۆرتەدا باسكراون، پشتئەستورن بە چەندین سەرچاوەی باڵا لەناو یەكێتیو گوزارشت لە دۆخی ئێستا رێككەوتنی نێوان جەمسەرەكان دەكەن لەبارەی پەیكەری حزبەوە بۆ قۆناغی داهاتوو، رەنگە تا ساتی بەستنی كۆنگرەكە چەندین پێشنیازی تر بێنە ئاراوە، (درەو میدیا) هەوڵدەدات خوێنەرانی لە كۆنگرەی چوارەمی دووەم گەورە حزب لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ئاگاداربكاتەوە.
یەكێتیو كۆنگرە
رۆژی (7) مانگی داهاتوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە دەكات، ئەمە كۆنگرەی چوارەمی حزبە، یەكێتی ساڵی 1975 دامەزراوە، لە 44 ساڵ تەمەندا تەنیا (3) كۆنگرەو دوو پلینیۆمی كردووە.
كۆنگرە بەردەوام لەناو یەكێتی نیشتمانیدا سەرچاوەی ترسو دابەشبوونو لێكترازانی نێوان هاوڕێو هاوخەباتەكان بووە، كۆنگرەی ئەمجارەش بەدوو نییە لەو مەترسییانە.
یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە، ئێستا ئەو ئاڕاستە سیاسییانە لەناو یەكێتیدا نەماون، ئاڕاستەی نوێ پەیدابوون كە زیاتر بزنس رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە.
نەخۆشكەوتنو دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكەو كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"و دواتریش ریفراندۆمو تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان.